بەهۆى ئەو قەیرانە سیاسیى و ئابووریانەى بەرۆکى حکومەتى ئەڵمانیاى گرتبوو لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوو بەتایبەت دواى جەنگى ئۆکراینا، بۆ جارى شەشەم لە مێژووى ئەڵمانیادا (ئۆلاف شۆلترز) ڕاوێژکارى ئێستاى ئەڵمانیا، داوای لە پەرلەمانى فیدراڵیی ئەڵمانیا کرد پرسى متمانەى حکومەت بخاتە دەنگدانەوە، سەرەنجام لە 16 ى کانوونى یەکەمى (2024) پەڕلەمان بڕیارى دا بە لێسەندنەوەى متمانە لە حکومەت، بۆیە ڕاویژکارى ئەڵمانیا بڕیارى دا بە ئەنجامدا هەڵبژاردنى پێشوەختە لە 23 ى شوباتى 2025، بەمجۆرە نزیکەى 7 مانگ بەر لە وادەى یاسایی خۆى هەڵبژاردنى پەرلەمانى فیدراڵیی ئەڵمانیا ئەنجام دەدەرێت.
پەرلەمانى فیدراڵى ئەڵمانیا بە ( Bundestagwahl) (البوندستاغ) ناسراوە، بارەگاى سەرەکى لە شارى بەرلینى پاتیەختى ئەڵمانیایە، لە ساڵى 1949 لە دواى جەنگى دووەمى جیهانى دامەزراوە، ژمارەى کورسییەکانى لە هەلبژاردنى 26 ى سیپتەمبەرى ساڵى 2021 بریتیى بووە لە 736 کورسى، بۆ هەلبژاردنى ئەمجارەش پێدەچێت ژمارەى کورسییەکان لە نێوان 730 بۆ 735 کورسى بێت، ئەمەش ئاستى بەشدارى دەنگدەران ئەم ژمارەیە یەکلایی دەکاتەوە.
بەپێى ڕاگەیەنراوى دامەزراوە فەرمییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارە لەسەرانسەرى ئەڵمانیادا (59, 200,000) پەنجا و نۆملیۆن و دووسەد هەزار کەس مافى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، لە کاتێکدا لە هەلبژاردنى پێشوو ئەم ژمارەیە زیاتر بوو، بەڵام بەهۆى هەندێک گۆڕانکارى دیمۆگرافى ئەمجارە ژمارەى دەنگدەران کەمبۆتەوە، ئەڵمانیا بەسەر (299) بازنەى هەلبژارندا دابەشکراوە، کە لە هەر بازنەیەکى هەڵبژاردن بەربژێرێک سەردەکەوێت، بەربژێرەکانى تریش لە ویلایەتە جیاوازەکانەوە سەردەکەون، دەنگدەران بەسەر (60000) شەست هەزار وێستگەى دەنگداندا دابەشکراون.
بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارە (4506) بەربژێر لە سەرانسەرى وڵاتدا کێبرکێ دەکەن بۆ چوونە ناو بۆندستاغ، کە (442) بەربژێر ئافرەتن، ژمارەیەکى کەم لە بەربژێرەکانیش کوردن لە ناو پارتە جیا جیاکانى ئەڵمانیا خۆیان بەربژێر کردووە. بەهۆى پیادەکردنى سیستەمى فیدڕاڵى لە وڵاتى ئەڵمانیا، ژمارەیەکى زۆر پارتى ڕامیارى لە وڵاتدا بوونى هەیە، بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارەش ژمارەیەکى زۆر لە پارتەکان بەشدارى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى فیدراڵیی دەکەن، بەڵام بەهۆى بەربەستى (5%) ئەستەمە هەموو پارتەکان بتوانن بەشدارى لە پەرلەمان بکەن. بەرەبەیانى یەک شەممە23ى شوبات لە کاتژمێر 8 ى سەر لەبەیانى دەرگاى ناوەندەکانى دەنگدان بەڕووى ئەڵمانییەکاندا دەکرێتەوە، کە لە ئێستادا لەناو میدیاى ئەڵمانیادا بە یەک شەممەى یەکلا کەرەوە ناسراوە.
مژارى گەرمى هەڵبژاردن:
بەشێوەیەکى گشتى چەندین پرسى گرنگ هەن لە سەرانسەرى ئەڵمانیادا کە بوونەتە مایەى مشتومڕ و ناکۆکى نێوان هێزە سیاسییەکان، بەڵام لە هەڵبژاردنى ئەمجارە پرسى گرنگ بریتیین لەم پرسانە:
1- پرسى کۆچبەران.
2- باج.
3- یاساى کار و ئاڵنگارییەکانى بەردەم کرێکاران.
4- ئاسایشى ئەڵمانیا و ئەوروپا بە تایبەت دواى جەنگى ئۆکراینا.
گەرمترین پرسى هەلبژاردنەکانى ئەمجارەش بریتییە لە ناکۆکى نیوان هێزە ڕامیارییەکان لەسەر پرسى کۆچبەران کە مەبەستى سەرەکى نووسینەى ئێمەشە بە تایبەت کۆچى نایاسایی، لە ئیستادا کۆچبەران نزیکەى ( 11% بۆ 12%) دەنگدەران پێکبهێنن، بۆیە کاریگەریان بەسەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانەوە دەبێت، هەروەها بەشێوەیەکى گشتى (30%) دانیشتوانى ئەڵمانیا پێشینەى کۆچبەریان هەیە، لە ئیستادا نزیکەى (3000000) سێ ملیۆن کۆچبەر لەم وڵاتە بوونیان هەیە، کە بەشى هەرە زۆرى ئەوانە هاووڵاتى ئۆکراینان کە لەدواى جەنگى بەرانبەر بە ڕووسیا ڕوویان لەم وڵاتە کردووە، ئەوانى تریش زیاتر هاووڵاتى سوورى و ئەفغانین، بەگشتى سەبارەت بە پرسى کۆچبەران پارتەکان بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشبوون، ئاڕاستەى یەکەم ئەو پارتانەن کە دژایەتى هاتنى کۆچبەران دەکەن، کە دیارترین پارتى ئەم ئاڕاستەیە بریتییە لە پارتى ( AFD- پارتى جێگرەوە – حزب البدیل) ئەو پارتە دژایەتى سەرسەختى کۆچبەران دەکات و تاڕاددەیەک توانیویەتى کەسبى دەنگدەران بکات لەسەر ئەم پرسە، لایەنگرانى ئەم ئاڕاستەیە پێ یاوان وایە هاتنى بە لێشاوى کۆچبەران بە تایبەت موسڵمانان بۆ وڵاتى ئەڵمانیا شیرازەى کۆمەڵگەى ئەڵمانى تیکداوە و ئاسایشى کۆمەڵایەتى ئەو وڵاتەیان خستۆتە مەترسییەوە بە تایبەت دواى ئەو هێرشانەى لە چەند مانگى ڕابردوو لەلایەن هەندێک کۆچبەرەوە کرایە سەر هاووڵاتیانى ئەڵمانى و ژمارەیەک قوربانى لێکەوتەوە، هەروەها ئەوە دەخەنەڕوو ئەم ژمارە زۆرەى کۆچبەر ئابوورى ئەڵمانیاى خستۆتە ژێربارى خەرجییەکى زۆرەوە بە تایبەت لە دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک قوتابخانە، تەندرووستى، شارەوانییەکان و چەندین خزمەتگوزارى تر، بۆیە دەڵین پێویستە سنوورەکان توند بکرێن بەرانبەر بە کۆچبەران و چیتر ئەڵمانیا کۆچبەرى وڵاتان وەرنەگرێت. ئاڕاستەى دووەم کە پێچەوانەى ئاڕاستەى یەکەم کاردەکەن بە تایبەت هەریەک لە پارتەکانى (سۆسیاڵ دیموکرات، پارتى سەوز، پارتى چەپ) پێ یاوان وایە دەبێت ئەم پرسە لە ڕوانگەى مرۆییەوە سەیر بکرێت و ناکرێت تەواوى دەرگاکانى بە ڕووى کۆچبەراندا دابخرێت، بە تایبەت ئەو کۆچبەرانەى بە شێوەی یاسایی دێنە وڵاتانى ئەوروپا و داوادەکەن کە بە یاسا ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە و پرسى پاراستنى مرۆڤ و پەنابەرانى تێدا ڕەچاو بکرێت، بەجۆڕێکیش بێت کاریگەى لەسەر دەرفەتى کار و لە وڵاتى ئەڵمانیا دروست بکات بە تایبەت ئەمە هەڵوێستە زیاتر لە لایەن پارتە مەسیحییەکانى ئەم ولاتەوە بانگەشەى بۆ دەکرێت.
بۆیە ئەنجامەکانى ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندى هەر ئاڕاستەیەک بێت، دەبێتە هۆى پیادەکردنى سیاسەتێکى نوێ بەرانبەر بە کۆچبەران لە وڵاتى ئەڵمانیادا و کاریگەرى گەورەى دەبێت تەنانەت لەسەر سیاسەتى یەکێتى ئەوروپا، بەهۆى ئەو پێگە بەهێزى سیاسی و پیشەسازى و ئابوورییەى ئەڵمانیا هەیەتى لەناو یەکێتى ئەوروپا.