“(GPS) چیە و چۆن کار دەکات؟”
سیستەمی دەست نیشانکردنی جیهانی، سیستەمێکی مانگی دەستکردی گەڕیدەیی جیهانییە بۆ زانینی شوێن، خێرایی و ڕێکخستنی کات. ئەم سیستەمە لە هەموو جێگایەک کاری پێدەکرێت، دەتوانرێت لە ناو ئۆتۆمبێل، مۆبایل یان کاتژمێری زیرەک بەکاربهێنرێت. هەروەها ئەم سیستەمە مانگی دەستکرد، وەرگر، ئەلگۆریثم بەکار دەهێنێت بۆ هاوتاکردنی داتاکانی شوێن، کات، خێرایی لە ناوەندی هەوا، ئاو هەروەها وشکانیدا. سیستەمی مانگە دەستکردەکە پێکهاتووە لە هەسارەیەک کە لە (٢٤) مانگی دەستکرد پێکهاتووە و لە شەش ئاستی خولگەیی بەدەوری زەویدا، کە هەر ئاستێکیان (٤) مانگی دەستکردی تێدایە لە بەرزی (١٣) میل یاخود (٢٠،٠٠٠) کیلۆمەتر لە سەرەوەی زەویەوە، بە خێرایی (١٤،٠٠٠)کم/س دەخولێتەوە. لە کاتێکدا تەنها (٣) مانگی دەستکرد پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنێک لەسەر ڕوی زەوی، مانگی چوارەم بۆ پشتڕاستکردنەوە و دڵنیایی زانیارییەکانی سێ مانگەکەی تر بەکار دێت.
“سێ بەشە سەرەکیەکەی (GPS)چیە؟”
(GPS) لە سێ بەشی بنچینەیی جیاواز پێکدێت کە پێیان دەوترێت (segments-بەش) کە پێکەوە کار دەکەن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری لەسەر شوێنێک. سێ بەشە سەرەکیەکەی (GPS) بریتین لەمانەی خوارەوە:-
مانگە دەستکردەکانی بۆشایی:- ئەم مانگە دەستکردانە بە دەوری زەویدا دەخولێنەوە، سیگناڵ بۆ بەکارهێنەران دەگوازنەوە لە هەر کات و شوێنێک بێت.
کۆنترۆڵی زەمینی(بەشی کۆنترۆڵ):- پێکهاتووە لە چەند وێستگەیەکی چاودێری زەمینی، وێستگەکانی کۆنترۆڵی باڵا و ئانتێنی زەمینی. چالاکییەکانی بەشی کۆنترۆڵ پێکهاتووە لە بەدواداچون و کارپێکردنی مانگە دەستکردەکانی بۆشایی هەروەها چاودێریکردنی چالاکی و گواستنەوەی زانیارییەکان. بە نزیکەیی لە هەموو کیشوەرەکانی زەوی بنکەی چاودێریکردن هەیە کە پێکهاتووە لە باکوور و باشووری کیشوەری ئەمریکا، ئەفریقا، ئەوروپا، ئاسیا و ئوسترالیا.
شمەکی بەکارهێنەر:- وەرگر و نێرەری (GPS) پێکهاتوە لە پێداویستی وەک کاتژمێری زیرەک، مۆبایلی زیرەک هەروەها ئامێرەکانی دووری پێو.
“تەکنۆلۆجیای (GPS) چۆن کار دەکات؟”
(GPS)بە هۆی تەکنیکێکەوە کار دەکات کە پێی دەوترێت تەکنیکی سیانەیی، کە بەکاردێت بۆ لێکدانەوەی داتاکانی خێرایی و شوێن، ئەم تەکنیکە سیگناڵی مانگە دەستکردەکان کۆدەکاتەوە بۆ دەستکەوتنی داتاکانی شوێنێکی دیاریکراو. مانگە دەستکردەکان بەدەوری زەویدا دەخولێنەوە و سیگناڵ دەنێرن تاکو لەلایەن ئامێرەکانی (GPS)ەوە کە کەوتونەتە سەر یاخود نزیک ڕوی زەوی، تاکو بخوێنرێتەوە و لێکدانەوەی بۆ بکرێت.ئامێرەکانی (GPS) پێویستە بتوانن لانیکەم سیگناڵی (٤) مانگی دەستکرد بخوێننەوە. هەر مانگێکی دەستکرد لەم تۆڕەدا پێویستە لە ڕۆژێکدا دوو جار بە دەوری زەویدا بخولێتەوە، هەروەها هەر مانگێکی دەستکرد سیگناڵێکی تایبەت دەنێرێت. لە هەر کاتێکدا بێت ئامێری (GPS) دەتوانێت سیگناڵ لە (٦) مانگی دەستکرد یان زیاترەوە بخوێنێتەوە. هەر مانگێکی دەستکرد سیگناڵی شەپۆلی کورت پەخش دەکات کە لە لایەن ئامێری (GPS) وەردەگیرێت کە بە کاردێت بۆ لێکدانەوەی دوری نێوان ئامێری (GPS)ەکە و مانگە دەستکردەکە.چونکە ئامێری (GPS) تەنها زانیاری دەربارەی دووری مانگە دەستکردەکە دەدات، هەروەها تەنها مانگێکی دەستکرد ناتوانێت زانیاری زۆر بدات لەسەر شوێنێک. مانگە دەستکردەکان ناتوانن زانیاری بدەن لەسەر گۆشەکان، بۆیە دەکرێت ئامێرێکی (GPS) لەهەر شوێنێکی سەر گۆی زەویدا دابنرێت. کاتێک مانگە دەستکردەکە سیگناڵێک دەنێرێت بازنەیەک بە دەوری ئامانجەکە (شوێنەکە)دا دروست دەکات کە نیوەتیرەکەی بریتیە لە دوری نێوان ئامێری (GPS)ەکە و مانگە دەستکردەکە. کاتێک مانگی دەستکردی دووەم زیاد دەکەین بازنەی دووەم زیاد دەبێت، بەمەش ئامانجەکە(شوێنەکە)لە دوو خاڵەوە بەرتەسک دەبێتەوە بۆ یەک خاڵ،لەو شوێنەی کە دوو بازنەکە یەکتر دەبڕن. بە دانانی مانگە دەستکردی سێیەم،دەتوانرێت بە تەواوی بڕیار بدرێت لەسەر شوێنی ئامێری (GPS)ەکە، کاتێک هەر سێ بازنەکە یەکتر دەبڕن.
دەوترێت ئێمە لە جیهانێکی سێ دووریدا دەژین، ئەمەش واتا هەر مانگێکی دەستکرد نیوەگۆیەک دروست دەکات نەک بازنەیەکی تەواو.یەکتربڕینی هەر سێ نیوەگۆکە بە شێوەی ستونی، دوو خاڵی یەکتربڕین بەرهەم دەهێنێت،بەمەش ئەو خاڵەی کە لە زەوییەوە نزیکە هەڵدەبژێردرێت. وەک ئەم وێنەیەی لای خوارەوە:-
کاتێک ئامێری (GPS) دەجوڵێت، نیوە تیرەکەش(دوری نێوان ئامێری (GPS) و مانگە دەستکردەکە) دەگۆڕێت، کاتێک نیوەتیرەكەش گۆڕا، نیوە گۆی نوێ بەرهەم دێت،بەمەش شوێنی نوێمان بۆ دەستنیشان دەکات.دەتوانین ئەو داتا و کاتەی کە لە مانگە دەستکردەکەوە وەریدەگرین، بەکار بهێنین بۆ دیاریکردنی خێرایی و هەروەها لێکدانەوەی دوری ئامانجەکەمان و تێکڕای کاتی خەمڵێنراو بۆ گەیشتن پێی.
“سوود و بەکارهێنانەکانی (GPS) چیە؟”
(GPS) ئامرازێکی بەهێز و پشت پێبەستراوە بۆ بزنس و ڕێکخراوەکان لە زۆر بوار و پیشەسازی جیاوازدا. زەوی پێوەران، زانایان، فرۆکەوانان، کاپتنی کەشتی، کرێکاری کانەکان و بواری کشتوکاڵ بەشێکن لەو کەسانەی کە (GPS) بەکار دەهێنن لە کاری ڕۆژانەیاندا. ئەمانە زانیاریەکانی (GPS) بەکار ئەهێنن بۆ ئامادە کردنی پێوانەی زەوی و دانانی نەخشە بە شێوەیەکی دروست، پێوان و دیاریکردنی کات بە وردی، هەروەها دیاریکردنی شوێن و شوێنکەوتنی ئامانجێک. (GPS) لە هەموو کاتێک و هەموو کەشوهەوایەکدا کار دەکات.
پێنج بەکارهێنانی سەرەکی (GPS):-
- شوێن:- دیاریکردنی شوێنێک یان خاڵێک.
- شوێنکەوتن:- شوێنکەوتنی ئامانجێک لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر.
- چاودێریکردن:- چاودێریکردنی ئامانجێک یاخوود جووڵەی کەسێک.
- نەخشەدانان:- دانانی نەخشەی جیهان.
- کات:- دیاریکردن و پێوانی کات بە شێوەیەکی ورد.
چەند بەکارهێنانێکی تری ئامێری (GPS):-
وەڵامدانەوەی حاڵەتی لە ناکاو:- لە کاتی حاڵەتی لە ناکاو یان کارەساتی سرووشتیدا، ئەو کەسەی وەڵام ئەداتەوە (GPS) بەکار دەهێنێت بۆ زانینی نەخشەی شوێنەکە و کەش و هەوا.
کات بەسەربردن:- (GPS) دەتوانێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی و یاری ڤیدیۆیی وەک پۆکیمۆن.
تەندروستی و لەش ڕێکی:- کاتژمێری زیرەک یان هەر جۆرە تەکنۆلۆجیایەکی لەبەرکراو، دەتوانێت چاودێری تەندروستی بکات(وەک ماوەی ڕێکردن بە پێ).
گواستنەوە:- کۆمپانیاکانی بواری لۆجستی،سیستەمی دوری پێو بەکار دەهێنن بۆ پێشخستنی سەلامەتی و بەرهەمداری شۆفێرەکان. ئەو پیشەسازیانەی تر کە (GPS) بەکار دەهێنن بریتین لە کشتوکاڵ، ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر، فرۆشتن و خزمەتگوزاری، سەربازی، پەیوەندی مۆبایل، ئاسایش و هەروەها ڕاوەماسی.
“ڕادەی دروستی (GPS) چەندە؟”
ڕادەی دروستی ئامێری (GPS) پشت دەبەستێ بە کۆمەڵێک گۆڕاو، وەک ژمارە، ئەو مانگە دەستکردانەی کە بەردەستن،بەرگی ئایۆنی زەوی، ژینگەی شارستانی و …هتد. هەندێک هۆکار کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم دروستی داتاکانی (GPS)دا:-
ڕێگری فیزیکی:- پێوانەکانی کات ڕەنگە کاری تێ بکرێت لە لایەن تەنێکی زەبەلاحەوە وەک چیاکان، باڵەخانەکان و دارو درەختەوە.
کاریگەری بەرگەهەوایی:- دواکەوتن بەهۆی بەرگی ئایۆنی، زریانی بەهێز و شەپۆلی گەرمی دەتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر ئامێری (GPS).
ئیفێمەری:- ئەو مۆدێلە خولگەییەی کە لە ناو مانگە دەستکردەکاندا هەیە، دەکرێت دروست نەبێت یان نوێ نەکرابێتەوە، هەرچەندە ئەمە شتێکی دەگمەنە.
هەڵە لێکدانەوەی ژمارەیی:- ڕەنگە ئەمە کاتێک هۆکار بێت کە هاردوێری ئامێرەکە مۆدێلی بەرز نەبێت.
دەستێوەردانی دەستکرد:- بریتیە لە جام بونی ئامێری (GPS)ەکە یاخود هەوڵی هاککردن.
“مێژوویەکی کورت لەسەر (GPS)“
مرۆڤ بە درێژایی هەزاران ساڵ لە گەڕاندا بوە بۆ شوێن کەوتنی ئامانج و دیاریکردنی شوێنەکەی، بە بەکارهێنانی خۆر، مانگ، ئەستێرەکان دواتریش لە ڕێگەی ئامێری(sextant -ئامێرێکە لە ناو کەشتیدا بۆ پێوانی گۆشەکان بەکار دێت).(GPS)پێشکەوتنێکی سەدەی(٢٠)بوو کە وایکرد تەکنەلۆجیای سەردەمی بۆشایی بێتە کایەوە. تەکنۆلۆجیای (GPS) بە شێوەیەکی جیهانی بە درێژایی مێژوو بەکار هاتووە. هەڵدانی مانگە دەستکردی (Sputnik I) لە لایەن ڕووسیاوە لە ساڵی (١٩٥٧)دا، ڕێنیشاندەرێکی باش بوو، هەر لە دوای ئەو ڕوداوەش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەستیکرد بە بەکارهێنانی ئەو مانگە دەستکردە بۆ گەڕانی ژێرئاوی. لە ساڵی (١٩٨٣)دا، حکومەتی ئەمریکا (GPS)ی بۆ هەمووان بەردەست خست. بەڵام تا ئەو کاتە کۆنترۆڵی داتا بەردەستەکانی دەکرد. تاکو ساڵی (٢٠٠٠) کە کۆمپانیاکان و خەڵک بە گشتی مافی دەست گەیشتنی تەواویان بە ئامێری (GPS) بە دەست هێنا. لە کۆتایشدا ئەمە ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ پێشکەوتنی زیاتری تەکنۆلۆجیای (GPS).
سهرچاوه؛ geotab
وهرگێڕان: لاولاو مستهفا