پێشانگای ساڵانەی کتێب یەکێکە لەهەرە گەورەترین ڕوداوە ڕۆشنبیرییەکانی هەر شار و ڵاتێک و هیچ ڕوداوێکی ئەدەبی و هونەریی و کولتووری ناگاتە ئاستی، لانیکەم حزووری خەڵک لە پێشانگای کتێبدا. لەدواییدا بەشێکی زۆر لە ڕوداو و چالاکییە هونەرییەکانی تر بە سروشتی خۆیان نوخبەویین، یان لایەنێکی تایبەت دەگرنەوە، بەڵام پێشانگای کتێب هەرە فراوان و شمولییەکەیانە. پێشانگای کتێب هەر بەتەنها بۆنەیەکی کتێب فرۆشتن نیە، بەڵکو هەر خۆی بۆنەیەکی بەیەکگەیشتنی کەلتوور و ڕۆشنبیرە ناسراو و گەورەکانی نەتەوە و وڵاتە جیاجیاکانە، هەربۆیە دیبەیت و کۆڕەکانی پێشانگاکان هەر خۆیان دەبنەوە بە خوڵقێنەری دیالۆگ و روداوی دیکە.
پێشانگای کتێبی سلێمانی کە ساڵانە لە تاسڵوجە دەکرێتەوە، و بڕیارە پێنج شەممەی داهاتوو خولی ئەمساڵی بکرێتەوە، هیچی ئەوانەی سەرەوەی تێدا نیە. جگە لەوەش ساڵانە گلەییەکی زۆری لێ دەکرێت. پارادۆکسی سەیر ئەوەیە کە وەک خۆی بەدەوڵەمەندیی کار و چالاکیی و دیبەیتەکانی کپ و بێدەنگ تێدەپەڕێت، کەچی تاکە ڕوداوێک کە دروستی دەکات، زۆریی گلەیی و ڕەخنەکانی سەریەتی.
وێبسایتی هەر پێشانگایەک لە پێداویستییە هەر گرنگەکانیەتی، لەوێشەوە خەڵکی دەتوانن لەم چالاکییە و ئاستەکەی تێبگەن. وێبسایتی پێشانگاکانی تری جیهان، کە خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ بەڕێوەی دەبەن. پڕن لە زانیاری جۆراوجۆر، لەوانەش:
نەخشەی دابەشبوونی ناشرەکان، ناوی وڵاتانی بەشداربوو، ناوی ناشرە بەشداربوەکان، هەندێکیان تەنانەت خوێنەر دەتوانێت لە دوورەوە کتێبی دڵخوازی خۆی دابین بکات، چونکە پلاتفۆرمی فرۆشتنی کتێب لە وێبسایتەکە دانروە، زۆر زانیاریی دیکەش. تەنانەت خوێنەر دەتوانێت پێش پێشانگا لەوە دڵنیا ببێتەوە کە ئەو کتێبەی ئەو پێویستی پێیەتی بەردەست دەبێت یان نا.
وێبسایتی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی. کە دواتر باسی ئەم ناوەش دەکەم کە شایستەی نیە. نەک هەر هیچ لەو زانیارییانەی تێدا نیە، بگرە کە دەتەوێ بزانی ئەو ١٧ وڵاتە بەشدارە کامانەن، لینکەکە ناکرێتەوە، هەروەها لینکی ١٧٥ کۆمپانیای بەشداریش ناکرێتەوە. ئەم لایەنەشی زۆر لەوە ترسناکترە کە تەنها لینکێکە و ناکرێتەوە، بەڵکو جیا لە پێشانگاکانی جیهان لەجیاتی ئەوەی بنووسن (ناشرە، یان دەزگا، یان دامەزراوە) نووسیویانە “کۆمپانیا”.
ئاخر ئازیزان، ئاساییە پێشانگای جۆراوجۆری بازرگانیی، گەشتوگوزار، پیشەسازیی… هتد، بکەنەوە و ناوی کۆمپانیا لە بەشداربوەکان بنێن. بەڵام داخۆ بە چ ڕویەکەوە بۆ ناشر و دامەزراوەی زانست و بڵاوکردنەوە، دەستەواژەی کۆمپانیا بەکار بێنن. ئەی لەبیرتان چوو کە لەم پێشانگایەدا کتێبی پیرۆزی ئاسمانیی و بەهەزاران ناونیشانی ئاینیی دەخەنەڕوو؟ بۆ ئەو کتێبانە چ جۆرە کاڵایەکن، تا دامەزراوەکانیان بە کۆمپانیا بزانن؟ لەڕاستیدا ئەمە خۆی سووکایەتییەکی گەورەی بەهەست ئەو هەموو خەڵکە ئیماندارەی ساڵانە پێشانگاکەتان پڕ دەکەن. لەمانەش هەر هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە و دەبێ مایەی شۆکی هەموومان بێت، ئەم پێشانگایە لە بنەڕەتدا وێبسایتی سەربەخوی تایبەت بەخۆی نیە، بەڵکو بەشێکە لە وێبسایتی پێشانگاکانی تر، دەتوانن بۆ ڕاستی و دروستیی ئەو سەرنجانەمان، لەم لینکەوە وێبسایتەکە بکەنەوە.
https://www.sulyexpo.com/exhibition/detail/133
من هەقم بەسەر ئەوەوە نیە کە کێ موقاویلی سازدانی پێشانگاکەیە، بەڵام ئەوە دەزانم کە پێشانگای لەمجۆرە بدرێتە دەست ٣ گەنجی لێهاتوی ئەم وڵاتە زۆر لەوە باشتری بەڕێوەدەبەن. قسەم لەسەر بەڕێوەبردنەکەیە، کە دەبێ دابڕاو بێت لە ئینتیمای ئایدیۆلۆژیی و تەنانەت حیساباتە غەیرە ڕۆشنبیرییەکانی موقاویلەکە. ئیدارەکەی لێهاتوو بەکەسانی شارەزا و پسپۆڕی بواری کتێب و ڕۆشنبیری، بەسەربەخۆیی و دەسەڵاتی تەواوەوە، دەتوانێت هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکات.
لەدواییدا نامەوێ لەوە زیاتر باسی گرفت و کەموکوڕییەکانی ئەم پێشانگایە بکەم، بەڵام زۆر بەکورتی دەڵێم:
پێشانگای کتێبی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەبێت ڕوداوێکی گەورەی ئاستی ئیراق و کوردستانیش بێت، شایستەی نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیری بێت. ئەگینا بەڕاستی ئەمە گەورەترین غەدرە لەم شارە دەکرێت چونکە هەڵگری ئەو نازناوەیە، هیچ بیانویەکیش نیە بۆ چارەسەر نەکردنی ئەم غەدرە، چونکە ئاسانە و لەدەست خۆتانە.
ئازیزان
یان ئەم پێشانگایە دابخەن و ڕایگرن، کە هەڵبەتە ئەمەم زۆر پێ خراپە، و جگە لەوەش چارەسەرکردنی گرفتەکان هێندە قورس و سەخت نیە.
یان چاکی بکەنەوە.
یان ناوەکەی بگۆڕن، بۆ نموونە دەکرێ ناوی بنێین پێشانگای ساڵانەی کتێبی تاسڵوجە. هەڵبەتە تەنها لەبەر ئەوە دەڵێم تاسڵوجە لەبەر ئەوەی لەوێ ساز دەکرێت، ئەگینا بەوپەڕی ڕێز و شانازیی و تەقدیرەوە لە تاسڵوجە و خەڵکە سەربەرزەکەی دەڕوانم کە ساڵانە بەهۆی ئەم پیشانگایەوە ئەرک و قەرەباڵخیی زۆرمان تەحەمول دەکەن.
دوا وتەم: بەتوندی دژی داخستنی ئەم پێشانگایەم، لەبەرامبەردا پێشنیار دەکەم تەنانەت بکرێتە گەورەترین پێشانگای ئاستی هەموو ئیراق، بۆ ئەمەش سوورم لەسەر پێشنیاری چاککردنی، بەڵام توشەرەفتان، ئەگەر ئەم بڕیارەتان دا، کە هیوادارم ڕەخنە و پێشنیارەکانم دۆستانە و دڵسۆزانە وەربگرن و ئەو بڕیارەش بدەن. ئەوا لەپێشدا دیراسەیەکی باش بکرێت، و بەکەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی پێشانگا گەورە و بەناوبانگەکانی جیهان، چارەسەر و ڕێوشوێنەکانی دیاری بکرێن.