“بازرگانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان”
یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە ئێستادا باشترین بازاڕی جیهانی هەیە و ساڵانە دەیان ملیار دۆلار قازانج دەداتە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی یارییە جۆراو جۆرەکان، یارییە ئەلكترۆنییەكان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لە حەز و خولیاوە بە ئاڕاستەی بازرگانیی و یاریی بەخت (قومار) هەنگاو دەنێت، بەشێكی ژیانی گەنجانی كوردستان و جیهانی داگیر کردووە، لە ئێستادا گەنجە ئالودەبووەکان ڕۆژانە هەزاران دۆلار لە یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا بە هەدەردەن، گەنجێک لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: تائێستا ١٠ هەزار دۆلارم لە یارییەکەدا خەرج کردووە.
لە ئێستادا بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێك ئالودەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بوون کە جگە لەوەی كاتێكی زۆری ژیانیان بۆ ئەم جۆرە یارییانە تەرخان دەكەن، کۆمپانیاکان و سەرمایەداران یارییەکەیان لە حەز و خولیاوە کردووەتە کاری بازرگانی و بەجۆرێک لە ڕێگەی خستنە بازاڕی ڤیزا کارتەکانەوە، پارەیەكی زۆری بەشێکی زۆر لە گەنجان و بەکارهێنەران بە هەدەر دەدەن و بەشێکی کەمیش لەو گەنجانە کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت، لە ڕێگەی زۆر بەکارهێنانەوە بوونەتە (گەیمەر) و بڕێک پارە بەدەست دەهێنن، بەو هۆیەوە بەشێک لەو گەنجانە بەبێ ئەوەی ئاگاداربن کەوتوونەتە ناو یاریی بەخت و ئالوودەبوون کە ئەوەش بەیەکێک لە نە خۆشییە دەروونییەکان دادەنرێت.
“یارییە ئەلکترۆنییەکان چین؟”
یارییە ئەلکترۆنییەکان بەسەر چەند جۆرێکدا دابەشبوون بەشێکیان لە ڕێگای مۆبایلەوە ئەنجام دەدرێت، بەشێکی دیکەیان بە کۆمپیوتەر ئەنجام دەدرێت، بەشێکی دیکەشیان لە ڕێگای ئامێری تایبەت ئەنجام دەدرێت وەک ps4 , Xbox کە بە پلەی چوار ناسراوە. ئەوەی لە کوردستان ئێستا بە زۆری ئەنجام دەدەرێت بە پلەی یەکەم کۆمپیوتەر و مۆبایلە. ئەو یاریانەش کە لە کوردستان ئێستا زیاتر باون بریتین لە (پەبجی، فۆرتنایت، کال ئۆف دیۆتی و رەینبۆ).
“مێژووی سەرهەڵدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان”
مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتیک هەندێک لە زانایانی کۆمپیوتەر و ئەکادیمییەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی یاریی سادە وەک بەشێک لە توێژینەوەکانیان، لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پەرەپێدەرە ئەکادیمییەکان و قوتابیان هەندێک یاری سادەیان دروستکرد وەک tic-tac-toe 3D و Moon landing، کە ئەم یارییانە لەسەر کۆمپیوتەرە کۆنەکانی وەک IBM 1560 بەکار دەهێنران، یارییە ڤیدیۆییەکان نەبوونە خاوەنی ناوبانگێکی زۆر هەتا هاتنی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک ئامێرەکانی کۆنترۆڵکردن وەک داری کۆنترۆڵکردن و دوگمەکان لە پاڵ یارییەکانی کۆمپیوتەری تایبەتی نیشان دەدران و دەفرۆشران بۆ خەڵک، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە یارییە ئەلیکترۆنییەکان بوونە شێوەیەکی بەربڵاو لە شێوە و ڕێگاکانی خۆشی و گەمەکردن و بەشێک لە کولتووری گەلان لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا.
لە سەرەتای نەوەدەکان شۆڕشیکی بەخۆوە بینی لە مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا؛ بە جۆرێک گۆڕان ڕوویدا لە یارییە دوو دوورییەکانەوە بۆ یارییە سێ دوورییەکان و یاریی پلاتفۆرمە گەڕۆکەکان، هەروەها کوالێتی یارییەکان بە شێوەیەکی گەورە پێشکەوتنی بەخۆوە بینی، دواتر دوو گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانى جیهان بۆ به‌رهه‌مهێنانى ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان، هەردوو کۆمپانیای (مایكرۆسۆفت و سۆنى)ن، سۆنى خاوه‌نى ئامێرى پلهیستهیشنە و له ساڵى 1994 بۆ یەکەمین جار لە میژووی خۆیدا ده‌ستى به بەرهەمهێنانی ئامێرى یاریى ئه‌لیكترۆنى كرد. دوو ساڵ دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى پله‌یسته‌یشن، کۆمپانیای مایكرۆسۆفت ئامێری یاریی ئەلیکترۆنیی ئێكسبۆكسى به‌رهه‌م هێنا و له ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەریكا سه‌ركه‌وتنێكى گەورەی به‌ده‌ست هێنا، بەدوای ئەودا له ساڵى 2000 كۆمپانیاى سۆنى (پله‌یسته‌یشن 2)ى به‌رهه‌م هێنا، هه‌روه‌ها له ساڵى 2005 ئێكسبۆكس 360 له‌لایه‌ن مایكرۆسۆفت بڵاو كرایه‌وه. ئنجا سۆنیى یابانی، له ساڵى 2006دا (پله‌یسته‌یشن 3)ی بڵاو كرده‌وه و له ساڵى 2013 مایكرۆسۆفتى ئه‌مەریكى (ئێكسبۆكس وه‌ن)ى به‌رهه‌م هێنا، له هه‌مان ساڵدا (پله‌یسته‌یشن 4) بڵاو كرایه‌وه، كه له 24 سه‌عاتى یه‌كه‌مدا توانى یه‌ك ملیۆنى لێ بفرۆشێت. شایەنی باسە، هەر لەگەڵ کەوتنە بازاڕی ئەو بەرهەمانە لە بازاڕەکانی جیهاندا، بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، هەمان ئەو بەرهەمانە کەوتنە بازاڕەکانی کوردستانەوە و تا ئێستاش ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، بۆیە رۆژ بەڕۆژ ژمارەی گەیمەرەکان لە کوردستانیش زیاد دەکەن.
“چەند نموونەیەک لەسەر یارییەکە”
لێرەدا نموونه‌ى چه‌ند یارییەك باس دەکەین کە بەشێکن لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و گەنجان و مناڵ و هەرزەکاران پێوەی سەرقاڵن:
- جى تى ئه‌ى 5 (GTA V)؛ یه‌كێكه له‌و یارییانه‌ى بۆ ته‌مه‌ن خوار 18 ساڵ نابێت، به‌هۆى بوونى هه‌ندێك دیمەنی سێكسى و كوشتن و بوون به تیرۆریست.
- گاد ئۆف وار (GOD OF WAR)؛ یه‌كێكه له سه‌ركه‌وتووترین یارییه‌كانى جیهان كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاى سۆنى دروست ده‌كرێت و له كوردستانیش یاریزانانى زۆره، به‌ڵام بۆ ته‌مه‌نى خوار 18 به‌رهه‌م نه‌هێنراوه، هه‌روه‌ها له زۆر وڵات قه‌ده‌غه كراوه، به‌هۆى ئه‌و ڕووداوه نه‌شیاوانه‌ى كه تیایدایه.
“پلەی ستەیشن”
پلەیستەیشن یەكێكە لەو یارییە ئەلەلیكترۆنییانەی لەم ڕۆژگارەدا منداڵان و ھەرزەكارانی تووشی جۆرێك لە خووگیری (الادمان) كردووە، چونكە زۆر سەرنج ڕاكێشە بۆ دنیای ئەوان، بەجۆرێك منداڵ یان ھەرزەكار ئەگەر چەندین كاژێر خەریكی ئەم یارییە ئەلیكترۆنییە بێت لای ئەو تەنھا خولەكێكە. ئێوە بڕوانن تەنانەت منداڵ و ھەرزەكار گوێ بە ڕەوشی دانیشتن و پاڵكەوتنیشیان نادەن كاتێك ئەم یاریانە دەكەن ناپرسن كە ئایا دانیشتنێكی تەندروستە یان نا؟ بە داخەوە زۆر جار كاریگەری خراپی دەبێت بۆ كۆئەندامەكانی لەش بەتایبەتی پشت، ھەروەھا زۆر دانیشتن بەدیار پلەی ستەیشنەوە كاریگەری بۆ چاو دەبێت و چاو لاواز دەكات، ھەروەھا منداڵ و ھەرزەكار تووشی گۆشەگیری دەكات و دایدەبڕێت لە ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی.
جگە لەوەی ئەو سی دییانەی زۆرترین بەكارھێنەری ھەیە لەوانەن كە تووندوتیژیان تێدا نمایش دەكرێت، ئەم توندوتیژییانە كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر شەڕەنگێزبوونی منداڵان و ھەرزەكاران. بەداخەوە زۆرجار دەبینین خێزان خۆیان ھانی منداڵەكانیان ئەدەن بۆ ئەوەی دابنیشن بەدیار پلەی ستەیشنەوە و گیرۆدەیان دەكەن بە بیانووی ئەوەی با منداڵ یان ھەرزەكار نەچێتە دەرەوە و تێكەڵی منداڵ و ھاوڕێكانی نەبێت و ئارام بێت لەماڵەوە، یاخود بۆ ئەوەی دایك و باوك دانەبڕێن لە تەماشاكردنی تیڤی كە خۆیان حەز بە تەماشاكردنی دەكەن، بۆیە گەورەكان دێن تیڤییەكی بچووك و پلەی ستەیشنێك دەكڕن بۆ منداڵ و ھەرزەكارەكانیان و ژورێكیان بۆ جیادەكەنەوە، منداڵ یان ھەرزەكارەكە ھەتا شەكەت دەبن و خەو دەچێتە چاویان بە تەنیا و گۆشەگیر یاری دەكەن ئەوجا دەخەون، بێئەوەی خێزان ئەم ڕەوشە نادروستە بەھەند وەربگرن. دەبینرێت منداڵان و ھەرزەكاران لە كاتی خوێندنیشدا ھەر سەرگەرمی ئەم یاریانەن لە ماڵەوە، ڕەنگە یەك كاژێر كۆشش بكات و بخوێنێت بەڵام چوار یان پێنج كاژێر بەدیار پلەی ستەیشنەوە دادەنیشێت، ئەمەش لەڕووی پەروەردەی و خوێندن و لایەنی كۆمەڵایەتی و دەرونیەوە مەترسی زۆری دەبێت.
“جه‌نگى دوو به‌ناوبانگترین یاریى جیهان”
جه‌نگى نێوان بلوهۆڵ و ئێپێك گه‌یمس، واتا جه‌نگى نێوان فۆرتنایت (FORTNITE) و پی ی‌و بى جى (PUBG)(PLAYER UNKNOWN’S BATTLEGROUNDS)، ئه‌م دوو یارییه ئۆنلاینه هه‌موو جیهانیان هه‌ژاندووه، مێشكى هه‌موو گهیمهرهكانى داگیر كردووه، هه‌روه‌ها گفتوگۆیان زۆر له‌سه‌ر كراوه، ئایا كامیان خۆشتره؟
“پی ی‌و بى جى”
ئه‌م یارییه له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌ك به‌رهه‌م هێنراوه به‌ناوى بلوهۆڵ له كۆریا، بیرۆكه‌ى یارییه‌كه، تێكه‌ڵكردنى یاریى پله‌یه‌ر ئهنناون (PLAYER UNKNOWN)ى پێشوو له‌گه‌ڵ، فیلمى جه‌نگى ڕۆیاڵ (BATTLE ROYALE)ى یابانى.
یارییه‌كه به خۆفڕێدان له فڕۆكه‌یه‌كى جهنگییەوە و نیشتنەوە له شوێنێك ده‌ست پێ ده‌كات، دواتر به‌دواى كه‌لوپه‌ل و چه‌كدا ده‌گه‌ڕێیت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانیت خۆت بپارێزیت، بردنه‌وه له‌م یارییه‌دا مانه‌وه هه‌تا كۆتایى و ببیت به تاكه‌كه‌س (تیم) له‌ناو یارییه‌كه‌دا. ئه‌م یارییه تایبه‌ته به كۆمپانیاى مایكرۆسۆفت، له مانگى 12ى 2017 بڵاو كرایه‌وه و ئێستا زیاتر له 3 ملیۆن گه‌یمه‌ر یاریى پێ ده‌كەن.
“فۆرتنایت”
له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ئیپیك گه‌یمس به‌رهه‌م هێنراوه، له ساڵى 2017 بڵاو كراوه‌ته‌وه، فۆرتنایت ده‌توانى به دوو شێوه یاریى پێ بكه‌یت، یه‌كه‌میان ته‌نیا 4 كه‌س به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ زۆمبى، دووه‌میان هۆكارى به‌ناوبانگبوونى فۆرتنایته، جه‌نگى ڕۆیاڵ.
فۆرتنایت جه‌نگى ڕۆیاڵ، یارییه‌كه بەوە ده‌ست پێ ده‌كات كاتێك له پاسێك له ئاسمانەوە خۆت فڕێ ده‌ده‌یته خواره‌وه، ئه‌و كاته‌ى ده‌گه‌یته سه‌ر زه‌وى، ئه‌وكاته ده‌بێت ده‌ست به كۆكردنه‌وه‌ى چه‌ك ده‌كه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانیت كه‌سانى (تیم)ی به‌رامبه‌رت له‌ناو ببه‌یت و خۆشت بپارێزیت، بۆ ئه‌وه‌ى ببیته كۆتا كه‌س (تیم) له‌ناو یارییه‌كه.
فۆرتنایت له مانگى یه‌كه‌مى بڵاوكردنه‌وه‌یدا نزیكه‌ى 2.5 ملیۆن گهیمهرى هه‌بوو، له مانگى دووه‌مدا گه‌یشته زیاتر له 3.4 ملیۆن گه‌یمه‌ر.
“ئەو نیشانانەی کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ ئالوودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنیەکانەوە”
بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ماڵپەڕی Cleveland Clinic چەند نیشانەیەکی ئالوودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنیەکان دەخاتە ڕوو:-
١- سەرقاڵبوون بە یارییەکان و بەردەوام بیرکردنەوە لێیان تەنانەت کاتێک یاریش ناکەیت.
٢- نەتوانینی وازهێنان لە یاریکردن یان کەمکردنەوەی ئەو کاتەی کە بۆ یارییەکان تەرخانکراوە.
٣- هەستکردن بە توڕەیی، سترێس، یان خەمۆکی کاتێک نا‌توانیت یاری بکەیت.
٤- بەکارهێنانی یارییەکان وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون و مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری دەروونی.
٥- لەدەستدانی ئارەزوو لە ئەنجامدانی چالاکییەکان کە پێشتر چێژبەخش بوون.
٦- پشتگوێخستنی ئەرکەکانی قوتابخانە، پیشەیی، یان ماڵەوە بەهۆی یاریکردنەوە.
٧- هەستکردن بە ماندوێتی بەردەوام بەهۆی بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە یاریکردن لە شەودا.
٨- کەمخەوی یان تێکچوونی خەو کە لە ئەنجامی یاریکردن بۆ ماوەیەکی زۆر دروست دەبێت.
٩- کێشەی بینین، ئازاری پشت یان مل، و ئازاری دەست یان مەچەک بەهۆی بەردەوامی یاریکردن.
١٠- کەمی وەرزشکردن یان چالاکیی جەستەیی بەهۆی ئەو ماوەیە زۆرەی کە بۆ یارییەکان تەرخان دەکرێت.
“فرۆشی کۆمپانیا بازرگانییەکان لە یاری ئەلیکترۆنی”
کۆمپانیا بازرگانییەکانی بەکارهێنەرانی ئەم یارییانەیان ناچار کردووە کە لە چەند ڕێگایەکەوە پارە بە هەدەربدەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو یارییانە ئەنجام بدەن، پارە خەرجکردنەکەش بە دوو شێوازە:-
یەکەم:- بریتییە لە کڕینی ئامێری یاریکردنەکە کە پێکدێت لە کۆمپیوتەر و پارچەکانی ئەوەش بە پێی جۆر دەگۆڕێت کە بەهایان لە ٢٠٠٠ ھەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات.
دووەم:– لەناو یارییەکەدا کۆمەڵێک بژاردە دەداتە بەکارهێنەرەکان و ناچاریان دەکات مانگانە ئەو بژاردانە بە بڕێک پارە بکڕن، بۆ ئەوەی ئەو ئەکاونتەی یارییەکەی پێ دەکات سەرنج ڕاکێش بێت، هەروەها ڤیزا کارت بۆ هەمان مەبەست هەیە کە نرخەکانیان لە نێوان ١٤ دۆلار تا ٧٠٠٠ دۆلارە و بەکارهێنەران دەیکڕن بۆ ئەوەی یارییەکانیان لە کەسانی ئاسایی جیاواز تر بێت.
کۆمپانیاکان بەشێکیان دەرخستەی قازانجی ساڵانەیان دەردەخەن لەو یاریە ئەلیکترۆنیانەدا:- کۆمپانیای “تینسنت” کە گرووپێکی کۆمپانیای چینیە کۆی قازانجی ساڵی (٢٠٢١)ی لە فرۆشی یاریە ئەلیکترۆنییەکان ئاشکرا کرد کە بریتی بوو لە (٧٣) ملیار دۆلار. کۆمپانیای “سۆنی”یش بە تەنها لە ساڵی ٢٠٢١ دا کۆی داهاتی لە فرۆشی یاریە ئەلیکترۆنیەکان بە (١٥) ملیار دۆلار ئاشکرا کرد. کە هەریەک لەم بڕە پارانە پارە و قازانجی زۆر زۆرن کە گرنگی وەبەرهێنان لەم بوارەی بازرگانیدا بەدەردەخەن. لە وڵاتی ئێراقیشدا بە هەرێمی کوردستانەوە دەزگای “بلومبیرگ” لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی (٢٠٢٣) دەڵێت:- ئێراق ئاستی سێهەمی گرتووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب بە خەرجکردنی بڕی (٩٠) ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا لە یاریە ئەلیکترۆنیەکاندا.
“ئایا یارییە ئەلیکترۆنییەکان سوودیان هەیە؟”
ئایا یاریى ئه‌لیكترۆنى هیچ سوودێکی هه‌یه بۆ بەکارهێنەرانی؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە، کە دەکرێ بە سوودوەرگرتن لە چەند سەرچاوەیەکی زانستیی باوەڕپێکراو، وەڵاممان دەست کەوێت، هه‌میشه گوتراوه یاریى ئه‌لیكترۆنى سوودى نییه و ته‌نیا كات كووشتنه، به‌ڵام له راستیدا دەکرێ بڵێین یاریى ئه‌لیكترۆنى سوودیشى هه‌یه، ئه‌مه‌ش بە چه‌ند خاڵێك دەخەینە ڕوو:
- شارەزابوون لە مێژوو؛ زۆر له یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان كه‌سایه‌تى و چیرۆكى مێژوویى به‌كار دێنن، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌یمه‌ره‌كان زیاتر تام و چێژى لێ ببینن، له‌گه‌ڵ ئه‌و تام و چێژهشدا، مێژووهكهش وه‌رده‌گرێت.
- شارەزابوون لە جوگرافیا؛ زۆر لەو یارییە ئەلیکترۆنییانە، لە چەند وڵات و شار و ناوچەیەکی دیار و ناودار ئەنجام دەدرێن، واتە ئەو لۆکەیشن و رووبەر و جوگرافیایەی لە یارییەکەدا هەیە، هەمان ئەو شوێنە لە راستیدا هەیە، بۆیە بەکارهێنەر شارەزاییەکی باش لە جوگرافیا و تەنانەت کەشوهەوای زۆر شوێنیش پەیدا دەکات.
- ته‌ندروستیی منداڵ؛ لەم چەند ساڵی دواییدا، كۆمه‌ڵه یارییه‌كى وه‌رزشیى ئەلیکترۆنی به‌رهه‌مهێنراون، كه به ته‌كنه‌لۆژیاى VR یاخود به كۆنێكت ده‌كرێت، زۆر یاریى وه‌كوو تێنس و به‌یسبۆل …هتد، به كۆنترۆڵ یارى پێ ناكرێت، به‌ڵكوو ده‌بێت جه‌سته‌ت به‌كار بهێنیت، ئه‌و جووڵهیهى به‌هۆى ئه‌و یارییه ئه‌نجامى ده‌دات، هیچ جیاوازییه‌كى نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و جووڵهیهى كه له‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵەوە ده‌یكات. شایەنی باسە ئەم یارییانە دوای ئەو داهێنرا کە زۆر ناوەندی پزیشکی هۆشداریی ئەوەیان دا کە ئەو یارییانەی بە کۆنترۆڵ دەکڕین و وا لە بەکارهێنەر دەکەن، تەنیا دابنیشێت، زیانی زۆری تەندروستی لە بڕبڕەی پشتی بەکارهێنەر دەدات و نەخۆشیی قەڵەوییش دێنێتە ئاراوە.
- پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؛ به‌هۆى بوونى یاریى ئۆنلاین و تواناى په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانێكى زۆر لێته‌وه دوور، ناسینى كه‌سانى نوێ و قسه‌كردن له‌گه‌ڵیان، له ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هاوكاریت ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به شێوه‌یه‌كى باشتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رتدا بكه‌یت، هه‌روه‌ها زمان و وشه‌ى نوێ فێر ده‌بیت. بەڵام دەبێ منداڵان و هەرزەکاران، ئاگاداری ئەوە بن، خەڵکانی خراپ و ئەندامانی تۆڕی مافیایی و تیرۆریست، لەو ڕێگەیەوە پەیوەندیییان لەگەڵ دروست نەکەن، گرنگە جاربەجار دایک و باوک لەبارەی ئەو کەسانەوە بپرسن لە منداڵەکانیان کە بە ئۆنلاین یاریی ئەلیکترۆنییان لەگەڵ دەکەن.
- سه‌رنج و سه‌لیقه خێراتر و وردتر دەکات؛ به‌پێى قسەی ئه‌و پسپۆڕانهى كاریان له‌سه‌ر خێرایى وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ پرسیار و خوێندنه‌وه‌ى وێنه‌كان کردووە، ئه‌و كه‌سانه‌ى گه‌یمه‌رن واتە بەکارهێنەری لێهاتووی یارییە ئەلیکترۆنییەکانن، سه‌رنج و سه‌لیقه‌یان خێراتره له كه‌سانى ئاسایى، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رنجه‌ى كه بەردەوام یاریزانه‌كه ده‌یدات له یارییه‌كه.
- دڵه‌ڕاوكێ كه‌م ده‌كات؛ ئه‌و كاته‌ى تۆ یاریى ئه‌لیكترۆنى ده‌كه‌یت و خۆتى پێوه سه‌رقاڵ ده‌كه‌یت، دووری لە کیشە و گرفتەکانی ژیان، مێشکت دوور دەخاتەوە له‌و شتانه‌ى كه تووشى سترێست ده‌كات.
“زیانەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان”
- زیانی بۆ تەندروستی؛ ئەم یارییانە چەندین زیانی تەندروستیان هەیە وەک “قەڵەوی، تەمەڵی، لاوازی، نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان” هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی جەستەیی و ژیریی کەبەهۆی زۆر بەکارهێنانەوە سەرهەڵدەدەن. لەوانەیە ببنە هۆی ئازاری جومگەکانی ئەو کەسەی یاریەکە دەکات بەهۆی ئەو کاتە زۆرەی کە بەسەری دەبات لەیاری کردندا بەبێ پشوودان، ئەم ئازارانە لە جومگەکانی مل و دەست و مەچەک و قۆڵ دەبن.
- کاریگەری لەسەر ڕەفتاری منداڵ؛ لێکۆڵینەوەیەک کراوە لەسەر کۆمەڵێ منداڵ کەتەمەنیان لەنێوان ٨-١٧ ساڵیدایە بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یاریە ئەلیکترۆنییە تووندوتیژییەکان ڕەفتاری دوژمنکارانە لەمنداڵدا دروستەکات بەهۆی زۆر بینینی تووندوتیژیەوە لەیاریەکاندا، د.دۆگڵاس جێنتڵ (Douglas A. Gentile) شارەزا لەبواری توندوتیژی لەیاریەکاندا و خاوەنی دکتۆرا لە دەرونناسی گەشەدا لە ویلایەتی ئایوە دەڵێت (یاریە ئەلیکترۆنیەکان کاریگەری لەسەر هەمووان دادەنێ ئەگەر کەسەکان بەسروشتی خۆیان خاوەنی ڕەفتاری دوژمنکارانەبن یاخوود نا، هەروەها کاریگەری لەسەر ڕەگەزی مێینەش هەیە نەک تەنها ڕەگەزی نێر).
- کاریگەری لەسەر نووستن؛ لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبنە هۆی قەلەقی جەستەیی، بەرزی پەستانی خوێن و گۆڕانی ژمارەی لێدانەکانی دڵ. یارییە ئەلیکترۆنییەکان ئەگەرچی تووندوتیژیش نەبن دەبنە هۆی لاوازی بینین و نزمی ئاستی زانستی کە وادەکات مێشک و جەستە بکەونە باری ناجێگیری و قەلەقی و سەرهەڵدانی کێشەی نووستن. شیاوی ئاماژە پێکردنە خەوتنی منداڵ بۆماوەی ٨-١٠ کاتژمێر مانای ئەوە نیە ناڕێکی خەوتنی نیە بەڵکو یاری ئەلیکترۆنی کاریگەری دادەنێ لەسەر ناوچە سەرەتاییەکانی مێشک، ناردنی هێماکان وا لە جەستەدەکات نائارام بێ تەنانەت لەکاتی نووستنیش و ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر خەوی منداڵ هەیە.
- کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی؛ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵێک قوتابی لە پۆلەکانی سێیەم، چوارەم، حەوتەم هەشتەم کرا لە سەنگافورە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەبوو کە ئەو قوتابیانەی ئالودەی یاریە ئەلیکترۆنیەکانن تووشی کێشەی دەروونی بوون وەک (خەمۆکی، نیگەرانی، هەڵهاتنی کۆمەڵایەتی) کەدەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی ئەو قوتابیانە.
- کاریگەری لەسەر کات؛ یارییە جیاوازە ئەلیکترۆنییەکان دەبنە هۆی بەفیڕۆدانی کاتی ئەوانەی یارییەکان دەکەن کە دەکرێ لەبری ئەمە کاتەکان لەچالاکیەکی جەستەیی بەسوود بەسەر ببەن وەک(زیادکردنی کاتی کۆمەڵایەتی وەک بەسەربردنی کاتی زیاتر لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێ یان بەسەربردنی کات لە چالاکی جۆراوجۆریتر وەک تۆپی پێ و ئەنجامدانی ئەرکەکانی خوێندن و کار، هەروەها دەشتوانن ئەوکاتە لە پەرەپێدانی توانای کەسیدا بەسەربەرن.
“بەشێک لە بەکارهێنەران بۆچی واز لە یارییەکە دەهێنن؟”
بەشێک لەو گەنجانەی ئەو جۆرە یارییانە دەکەن، دوای ئەوەی دەزانن یارییەکە تەنها زیانیان لێدەدات و گیرفانیان دادەتەکینێت، بڕیاری دوورکەوتنەوە لە یارییەکە دەدەن، یەکێک لەو گەنجانەی وازی لە یارییەکان هێناوە و بەمشێوەیە باسی لە چیرۆکی خۆی کرد؛ یارییە ئەلكترۆنییەكان زیاتر كاتی دەبردم هەستم دەكرد دەورو بەرەكەم لێم دووردەكەوتنەوە، ئینجا كاتێكی زۆر لەكارەكەمی دەگرت، هەر كاتێك یاریم كردبێت زیانی بە لایەنی داراییم گەیاندووە، دوای ئەوەی لە یارییە ئەلیكترۆنییەكان دوركەوتمەوە، ئێستا لایەنە داراییەكەشم بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە وازمهێنا چونكە سودی نیە و كاتێكی زۆرم لێدەبات
“پوختە”
بازرگانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بووەتە بازرگانیەکی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان لە ئێستادا گەورە کۆمپانیاکانی جیهان کێبڕکی دەکەن لەسەر بەرهەمهێنانی یاری نوێ و زوو خستنە ناو بازاڕەوە لە پشت هەموو ئەمانەشەوە دەزگا سیخوڕیەکان و کلتوریەکان ئامانجی ئابووریی و داگیرکردنی فکری وڵاتانیان پشت گوێ نەخستووە. لە زنجیرەی داهاتوودا پشت بە خوا باسی بازرگانی “خوێندنی ئەلیکترۆنی” دەکەین کە لە ئێستادا یەکێکە لە بازرگانیە زۆر بە برەوو پڕ داهاتەکان.
سەرچاوەکانی ئەم باسە؛
١– ماڵپه‌رى (مێنتاڵفلۆس)
٢- پێگەی (الموضوع)
٣- النقود والبنوك والتجارة الدولية سامي السيد
٤- التسويق الالكتروني د. يوسف حجيم سلطان الطائي و هاشم فوزي دباس العبادي
٥- بازرگانی لە سەدەی بیست ویەک و. شاباز حامد قادر