كاتێك دیوانى “گوڵستانى سه‌عدى شیرازى” ده‌خوێنیته‌وه، ده‌بینیت “سه‌عدی” له وه‌سفی توانا و شیرینیی وته‌كانى، پایهداریى كار و به‌رهه‌مه‌كانی خۆیدا ده‌ڵێ: “گوڵ بۆ پێنج و شه‌ش ڕۆژێك ده‌ژى، به‌ڵام ئه‌م گوڵستانهى من بۆ هه‌میشه ده‌ژى.” كاتێك به جوانی وه‌سفی خۆی ده‌كات، ده‌گاته ئاستێك كه ده‌ڵێت: سه‌عدی وه‌كوو ده‌روێشێكی په‌ككه‌وته‌ى لاوازه، نابێت كه‌س له‌گه‌ڵ لاوازه‌كان به‌شه‌ڕ بێت. ده‌ست به خۆشكێنی ده‌كات و ده‌ڵێت: من هیچ نیم و ئه‌گه‌ر هه‌رچی بم، به‌هۆی ئه‌م و ئه‌وه، به هۆى فڵان و فیسارهوهیه. كاتێك سه‌یرى لابه‌لای دهستنووسهشیعرهكانی ده‌كه‌یت، ترس به‌دی ده‌كه‌یت. هه‌ست به ترس ده‌كات، ترس له كه‌سانی حه‌سوود و دوژمن و كاربه‌ده‌ستانی زۆردار و بووده‌ڵه و نه‌فسنزم. بۆیه به بڕوای من خۆشكێنى ده‌كات. هۆى سه‌ركه‌وتن و بێ هاوتایی به‌رهه‌مه‌كانى بۆ گه‌وره‌كانی سه‌رده‌می خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕبوونی 700 ساڵ به‌سه‌ر ژیانى ئه‌و شاعیره‌دا، هه‌ندێك ڕه‌فتار و گوفتار، له‌ژێر ناوی “تەوازع ـ خاکەڕایی” ده‌نوێنین، بۆ نموونه له كاتی پێكگهشتن و چاكوچلۆنی و ههواڵپرسیندا، ده‌ڵێین: بچووكتم برای گه‌وره‌یت، موخلیستم، نۆكه‌رتم. ئه‌م خۆشكێنییه له پای چییه؟ نۆكه‌رتم، موخلیستم، بۆ چ مه‌به‌ستێكه؟ بۆ چی هێنده قسە و ڕه‌فتاری خۆشكێنی له خۆمان نیشان ده‌ده‌ین؟ بۆچی تا ئه‌م ڕاده‌یه خۆمان بچووك و هیچ و لاواز نیشان ده‌ده‌ین؟! ده‌ربڕینی ئه‌م هه‌موو خۆشكاندنه له ڕووبه‌ڕوودا، له كاتێكدایه، ئه‌و كه‌سه‌ی وای بۆ ده‌كه‌ین، كه ده‌ڕوات له پاشمله ڕه‌نگه زۆر قسه‌ى ناشیرین و جنێوى پێ بده‌ین و گاڵته‌شی پێ بكه‌ین. بۆچی؟ هه‌موو ئه‌م كارانه ده‌شێت نیشانه‌كانی ترس بن. سه‌عدی ده‌ڵێت: گه‌وره‌بوون وه‌كوو گه‌یشتنه لووتكه‌ی فواره‌ی ئاوه. كاتێك ده‌كه‌ویت، كه بڵند بیت و بگه‌یته لووتكه.
له قۆناغێكی مێژوویی‌دا ئێمه وه‌ها فێركرابووین ئه‌گه‌ر سه‌رمان هه‌ڵبڕیبا، به شمشێر ده‌یان بڕی، ئه‌م ترسه‌ش له‌و سه‌رده‌مه‌دا دروست بووه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئێستا سه‌رده‌مه‌كه گۆڕاوه، ئه‌و ترس و كێشانه‌ی زه‌مانی زوو هه‌بوون، ئێستا ده‌ره‌كى نین، ئه‌گه‌ر هه‌شبن، زۆر كه‌من و گشتگیر نین. بۆ نموونه له ماڵه‌وه كه سه‌رپه‌رشتیكردن و بڕیاردان له ده‌ست پیاواندایه، بۆچى مندڵهكان به‌و جۆره‌ی شایسته‌ن په‌روه‌رده نه‌كرێن و ڕه‌فتاری یه‌كسان و دروستیان له‌گه‌ڵ نه‌كرێت؟ بۆچی به شێوه‌یه‌كى ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كرێت؟ بۆچی ترس فه‌رمانڕه‌وا بكه‌ین به‌سه‌ریاندا، تا ناچاریان بکەین ڕاستییه‌كانمان لێ بشارنه‌وه و خۆیان بچووك بكه‌نه‌وه و بڵێن: بچووكتم، نۆكه‌رتم، موخلیستم، به‌نده‌تم. ئه‌م خۆشكێنییه له پای چییه و بۆچی ئه‌م قسانه ده‌كه‌ین؟ بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ست به مه‌ترسی نه‌كه‌ین، به‌ڵام له ڕاستیدا “تەوازع” ماناى چییه؟ ئێمه له (مه‌كته‌بی كه‌ماڵ) دوو جۆر پێناسه‌مان بۆ “ته‌وازع” هه‌یه، به‌ڵام له ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو پێناسه‌یه‌دا، پێویسته بزانین تەوازع جۆرێك دیدگای هه‌ڵبژێردراوی بنیادنه‌ری ده‌روونییه، له هه‌مبه‌ر خۆمان و ئه‌وانی دیكه و دنیا. واته ڕووداوێكه له هزرماندا ڕوو ده‌دات، به خواستى خۆمانه نه‌ك له‌به‌ر ترس. بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر من وه‌كوو مه‌حموودى موعهزهمى كه‌سێكى سه‌ركه‌وتووم، (كه سوپاس بۆ خوا كه‌سێكى سه‌ركه‌وتووم و له مه‌ڕ سه‌ركه‌وتنه‌كانم سوپاسگوزارم). ده‌بێت له یادم بێت كه زۆر كه‌س هاوكارییان كردووم و هه‌نووكه‌ش یارمه‌تیم ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووبم و به سه‌ركه‌وتوویی بمێنمه‌وه. وەک دایك و باوكم كه منیان به‌دیهێناوه و په‌روه‌رده‌یان كردووم، مامۆستایان، ڕاهێنه‌ران، هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم كه ئه‌شق و خۆشه‌ویستی و ئومێدم پێ ده‌به‌خشن، دۆست و هاوڕێ و ده‌سته‌ی پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، كه كارى هه‌ڵه‌چنى و خاڵبه‌ندی و دیزاین و چاپ و بڵاوكرنه‌وه‌ى ڕێك ده‌خه‌ن. هه‌روه‌ها ئێوه‌ی خوێنه‌ری به‌ڕێز و خۆشه‌ویست. كه ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌بن، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌رتووكه مانایه‌كی نییه.
ده‌بێت له یادمان بێت هه‌موومان ئه‌ندامی یانهیهكین، كه فڵانه به‌شی په‌یوه‌سته به من و له‌وێشدا نه‌ك ته‌نیا ده‌بێت كاره‌كانم ڕاپه‌ڕێنم، به‌ڵكوو پێویسته ڕۆڵی خۆم به چاكترین شێوه ببینم. ده‌بێت له یادم بێت كاتێك گۆڵ ده‌كه‌م، ملیۆنان كه‌س له پشتی منه‌وه بوون و یارمه‌تییان داوم تا تۆپ بگات به من و منیش به‌ره و ده‌روازه‌ی بنێرم. هه‌روه‌ك سه‌عدى شیرازى ده‌ڵێت: (هه‌ور و مانگ و خۆر و فه‌له‌ك له كاردان تا تۆ نانێك به‌ده‌ست بهێنیت و بێ‌ئاگا نه‌یخۆین). یه‌كێك له بێ ئاگاییهكانمان ئه‌وه‌یه ڕۆڵی ئه‌وانی دیكه‌مان بیر ده‌چێت.
زۆر كه‌س كار ده‌كه‌ن تا من و تۆ سه‌ركه‌وین، زۆر سیفه‌تێكى مرۆیى و جوانه كه پێزانبین و نرخ و ڕۆڵی ئه‌وانی تر له سهركهوتنهكانماندا دەرك بكه‌ین و له ئاستیاندا سوپاسگوزار بین. كه وابوو یه‌كه‌مین پێناسه‌ى ئێمه له (مه‌كته‌بی كه‌ماڵ) بۆ ته‌وازع بریتییه لە: “دەركی ڕۆڵی ئه‌وانی تر له سه‌ركه‌وتنه‌كانمان” ئه‌گه‌ر من یاریزانی تۆپی پێ بم، ده‌بێت بزانم زۆرێك پاسیان پێ داوم تا بتوانم هێرش ببه‌م و گۆڵ تۆمار بكه‌م، له‌وانه‌ش گۆڵچی و تیپی به‌رانبه‌ر. ده‌بێت بزانم بینه‌ران و هانده‌ران، ڕاهێنه‌ران، پسپۆڕانی به‌شی خۆراك و پزیشك و… تاد. هه‌مووان یارمه‌تیده‌رم بوون تا له كاره‌كه‌مدا براوه و سه‌ركه‌وتوو بم. نابێت له یادیان بكه‌م. یان بۆ نموونه ئه‌گه‌ر من گۆرانیبێژێكى به‌ناوبانگ و سه‌ركه‌وتوو و دره‌وشاوه‌م له بواره‌كه‌مدا، به‌هۆی ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاره‌كان و شاعیر و هونهرمهندهكانهوهیه كه له پشتى كاره‌كانى منه‌وه‌ن. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێت زۆر به‌باشى ئاماده بكرێن، تا گۆرانییه‌كی باش و به‌رهه‌مێكى باش پێشكه‌ش بكه‌م. كاتێك ئه‌لبوومێك پێشكه‌ش ده‌كه‌م، ده‌بێت هه‌موو ئه‌مانه‌م له یاد بێت و ڕۆڵیان به‌رز بنرخێنم. هه‌ر كات پێزانینێكى هه‌رچه‌ند بچووك له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تردا نیشان بده‌یت، هه‌زار به‌رانبه‌ر وه‌رده‌گریته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه زۆربه‌ی مرۆڤه سه‌ركه‌وتووه‌كان كه‌سانێكن ئه‌م گرنگیپێدانه له دڵیان‌دا ناهێڵنه‌وه و خێرا سوپاسگوزاریى خۆیان ده‌ره‌بڕن و ده‌ڵێن: ده‌ستان خۆش كه یارمه‌تیی ئێمه‌تان دا. ته‌وازع و پێ‌زانین له‌هه‌ر یانه‌و گرووپێكدا بێت، گڕ و تین و هێز و تواناكان چه‌ندین به‌رانبه‌ر زیاد ده‌كات. ئه‌وانه‌ى كه له‌گه‌ڵمان ده‌ژین، ئه‌گه‌ر بزانن له سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كانمان سوودمه‌ند ده‌بن، بۆ سه‌ركه‌وتنی زیاتر یارمه‌تیده‌ر و هانده‌رمان ده‌بن.
پێناسه‌ی دووه‌م له (مه‌كته‌بی كه‌ماڵ) ئه‌وه‌یه، فێر ببین گه‌ر توانا و ده‌سه‌ڵاتێك، یاخود ئه‌گه‌ر ناوبانگ و پله و پۆستێكى گرنگمان هه‌یه، نه‌ك هه‌ر نه‌هێڵین ببێته هۆی بچووكی و هه‌ستكردن به بێڕێزی بۆ به‌رانبه‌ره‌كانمان، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت هۆكارێك بێت بۆ دروستكردنی ڕێز و خۆشه‌ویستیی زیاتر بۆ ئه‌وانی دیكه. بۆ نموونه: وا دابنێن كه‌سێك هونه‌رمه‌ندێكى سه‌ركه‌وتووه، زۆر به‌چاكی ڕۆڵی خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات، بینه‌ران خۆشحاڵن، پێیان خۆشه سوپاسی بكه‌ن، گه‌ر ئه‌م ئه‌كته‌ره به قسه، یان به ڕه‌فتاری بڵێت: “من به‌توانام و ئێوه لاوازن”، به‌ها و گرنگیی خۆی بكات به ئامڕازێک بۆ سووك و ڕسواكردن و بچووك نرخاندنی ئه‌وانی دیكه، به تایبه‌ت هاوڕێ و دۆست و هانده‌ره‌كانی، ده‌ستبه‌جێ پله و پایه و خۆشهوستییهكهی ده‌دۆڕینێت. چیدی جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی به هونه‌ر و توانست و سه‌ركه‌وتنه‌كانى خۆشحاڵ نابن. بۆچی؟ چونكه توانست و چالاكییه‌كانی ئه‌و، له به‌رانبه‌ر بێ هونه‌ری و لاوازییه‌كانى خۆیاندا ده‌بینن. ئه‌گه‌ر پاره و سه‌روه‌ت و سه‌رمایه‌یه‌كی زۆرت به‌ده‌سته‌وه‌یه و خوانه‌خواست ده‌یكه‌یت به ئامرازێك بۆ فهخركردن و به‌خۆنازین به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڵێی: من خاوه‌نی سهیارم خاوه‌نى تهلهفزیونم، من قژم هه‌یه و تۆ نیته، من خاوه‌نى جوانی و له‌شێكی ڕێكوپێكم، تۆ هیچت نییه، من بڕوانامه و پله‌ی به‌رزم هه‌یه و تۆ هیچت نییه… به مانایه‌كی دیكه، به‌هره و توانا و گرنگییهكانت ده‌كه‌یت به (پیك) بۆ ئه‌وه‌ى بیكێشى به سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا، له به‌رانبه‌ردا خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى داڕمانت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م توانا و بههایانهت ببێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه هه‌ست بكه‌ن مرۆڤێكی به‌هێزتر و به‌نرخترن بۆ نموونه هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوویت و بینه‌ران و هانده‌رانت زیاتر هانت ده‌ده‌ن، تۆش ئاگاداری توانا و هونهرهكهتی و بڕوات به خۆته، به هه‌وادارانت ده‌ڵێت: “هاندانی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه وا ده‌كات جوانتر ڕۆڵ بگێڕم و به‌م هۆیه‌شه‌وه زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.” پێزانینێكی شیاوه، نه درۆیه و نه ڕیا، خۆبچووككردنهوهش نییه. تەوازع ئه‌وه نییه خۆمان ڕووته‌ڵ و سووك نیشان بده‌ین، “تەوازع تێگه‌یشتنه له ڕۆڵی ئه‌وانی دیكه”. تەوازع، واته ئه‌وه‌ى به‌هۆى ئه‌و شتانه‌ى كه من هه‌مە، خه‌ڵك هه‌ست به بچووكی و ڕووته‌ڵی نه‌كه‌ن. به واتایه‌كی باشتر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه له كاتی به یهكگهیشتنهكانماندا زیاتر هه‌ست به ئارامی بكه‌ن، دوو ڕێگه‌مان له به‌رده‌مه، ده‌توانین خۆمان بچووك بكه‌ینه‌وه، یان ڕاستگۆیانه گه‌وره‌یان بكه‌ین، به‌ها و چاكه‌كانیان نیشان بده‌ین، ڕاستگۆیانه ڕۆڵیان له سهركهوتنهكانماندا به‌یان بكه‌ین و سوپاسیان بكه‌ین.
بۆ نموونه: ئێوه ده‌وڵه‌مه‌ندن، ئه‌گه‌ر سه‌روه‌تی ئێوه به‌شێكی له خزمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت، خه‌ڵك خواخوایانه هه‌موو ڕۆژێك ده‌وڵه‌مه‌ندتر بن. چونكه دهوڵمهندیی ئێوه سوودیان پێ ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ نموونه: دروستكردنى نه‌خۆشخانه، قوتابخانه، هه‌تیوخانه، مزگه‌وت و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه به‌نرخ و پایه‌داره‌كان، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندیی تۆ و ئه‌و ئارامی و خۆشگوزه‌رانییه‌ی ده‌سته‌به‌رى ده‌كه‌ن، به په‌یوه‌ندییه‌كی به‌نرخ و دۆستانه بزانن كه به‌هۆیه‌وه کەلێنێکیان بۆ پڕ دەکاتەوە، یان خۆشگوزەرانییەکیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات. یان ئه‌گه‌ر زانا و ڕۆشنبیرێكیت و خه‌ڵك فێرى په‌روه‌رده و زانست ده‌كه‌یت، به زانستی خۆت یارمه‌تییان ده‌ده‌یت تا ژیانیان باشتر بێت، ئه‌وانیش حه‌ز ده‌كه‌ن زانا و ڕۆشنبیر تر بیت.
هه‌موومان ئاشناین له‌گه‌ڵ نه‌ریتی قوربانیكردن. قوربانیكردن چییه؟ قوربانىكردن واته: ئه‌گه‌ر من ئۆتۆمبێلێكم كڕیوه، ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ى من سوودێكی بۆ ئێوه‌ش هه‌یه، چونكه قوربانییه‌كى بۆ ده‌كه‌م و بڕێك گۆشت بۆ خۆمان و هه‌ندێكی بۆ ئێوه و ئه‌وانى دیكه ده‌نێرم، ئه‌مه‌ش واتای دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانهكانمانه له سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانی دیكه. واته سامانی من نه‌ك ته‌نیا نابێته هۆی ڕووتهڵیى خه‌ڵكی، به‌ڵكوو دەبێتە هۆی سوود و قازانج بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش. گه‌ر ده‌مانه‌وێت، كه بێگومان ده‌مانه‌وێت، ئاسووده و دڵنیا و سه‌ركه‌وتوو بین له‌و ڕێگه‌یه‌ی كه ده‌یبڕین، ئه‌وانی دیكه نه‌ك نه‌بنه له‌مپه‌ڕ، به‌ڵكوو هاوكاریشمان بن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانمان، ده‌بێت مته‌وازع بین. هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێ دا، ته‌وازوع جۆرێك دیدگای هه‌ڵبژێردراوی ده‌روونییه له‌مه‌ڕ خۆمان و ئه‌وانی تر و دنیا. نه‌ك به مانای بچووككردنه‌وه‌ى خۆمان و له به‌رچاو نه‌گرتنی نرخ و به‌هاكانی خۆمان، به‌ڵكوو به‌م دوو مانایه دێت:-
یه‌كه‌م:- ده‌بێت له یادم بێت هه‌ر چیم به ده‌ست هێناوه، هه‌ور و مانگ و خۆر و گه‌ردوون له كاردا بوون تا به ده‌ستم گه‌یشتوون. هه‌ڵبه‌ت تواناكانی خۆیشم به‌شدار بوون و نابێت له‌م ڕووه‌وه ڕۆڵی خۆمان نادیده. بگرین.
دووه‌م:- ئه‌و ئامرازانه‌ی ئێستا له به‌رده‌ستمدان، پێویسته هۆكارێك بن هه‌م بۆ خۆشیی خۆم، هه‌م بۆ خۆشى و ئاسایشی ئه‌وانی دیكه. له‌وه‌ی خاوه‌نی توانست و ئیمكانیاتێكم، نه‌ك هه‌ر نه‌بێته هۆی لاوازیى ئه‌وانی دیكه، به‌ڵكوو هانده‌رێك بێت بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدانی بڕوا به‌خۆبوونى ئه‌وانی دیكه. به كه‌م سه‌یركردنى ئه‌وانى دیكه، كارێكی نه‌شیاوه و ده‌بێته هۆی به‌دبه‌ختى و سه‌ختیی ژیان بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى. به‌ڵام وه‌ی به حاڵمان له‌و ڕۆژه‌ی كه شایستهییمان نه‌بێت، هه‌مان ئیمكانیات و توانست، ته‌ختی زه‌ویمان ده‌كه‌ن. هه‌ر كات توانا و ئامرازه‌كانت كرده هۆیه‌ك بۆ شكاندن و بچووككردنه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه و بێڕێزیكردن و كه‌مبایه‌خكردنی كاره‌كانیان، ئه‌و كات خوا توڕه ده‌بێت كه بۆچی دروستكراوه‌كانى سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت، بۆ زیاتر تێگه‌شتن له‌م بابه‌ته، با نموونه‌یه‌كتان بۆ بهێنمه‌وه: وا دابنێن من مرۆڤێكی به‌ڕێز و به ئه‌ده‌بم، ڕێزی خۆتان و خێزانه‌كانتان ده‌گرم و خۆشم ده‌وێن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، خوانه‌خواست ئه‌گه‌ر كهمئاوهز و بێئه‌ده‌ب بم، ڕقم لێتان بێت و ئازارتان بده‌م، ئێوه هه‌ست به چی ده‌كه‌ن؟ له حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا ئێوه‌ش منتان خۆش ده‌وێت و ڕێزم ده‌گرن، به‌ڵام له حاڵه‌تی دووه‌مدا هه‌ست به مه‌ترسی ده‌كه‌ن و خۆشتان ناوێم. خوا و سروشت و بوونه‌وه‌ر له پێوه‌رێكی باڵاتردا من و ئێوه‌ش ده‌بینێت. ته‌وازع، به واتای خۆشویستنی خۆمان و ئه‌وانی دیكه و بچووك نه‌بینینى خۆمان و ئه‌وانى دیكه‌یه. ئه‌م جۆره باوه‌ڕه ئێمه نزیكتر ده‌كاته‌وه له خوا و خوایش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێز له دروستكراوه‌كانى ده‌گرین، زیاتر خۆشی ده‌وێین. ئه‌گه‌ر ته‌وازع ده‌نوێنین با ته‌نیا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی كاتی و به هۆی ترس و هه‌ستكردن به مه‌ترسی له كه‌سی به‌رانبه‌رمان نه‌بێت، به‌ڵكوو به هۆی بڕوا و بۆچوونهكانمانهوه و له كانگای دڵه‌وه بێت. به‌ڕاستی دڵنیابه ئه‌گه‌ر موته‌وازع بیت، ده‌بیته مرۆڤێكی به‌هێزتر و باشتر. بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت و دڵنیابیت چ كات تهوازعهكانت ڕاستن و چ وه‌ختێك درۆیه، سه‌یری (حاڵ و هه‌ستی) خۆت بكه، ئه‌گه‌ر موته‌وازع بیت، ڕێزی به‌رانبه‌ره‌كانت ده‌گریت، خۆشت ده‌وێن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه حاڵی خۆشت باشتر بێت. ئه‌مه‌ش تهوازعی ڕاستی و هه‌قیقییه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌وازع دەنوێنیت و له پاشمله قسه‌ى خراپ ده‌كه‌یت، له خۆت بپرسه ئایا لەپێناو مادە تەوازعم نواند؟ ئایا نه‌ترساوم؟ ئایا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كاتی خۆمم بچووك نه‌كردووه‌ته‌وه؟ ئه‌گه‌ر بێت و كه‌سێك بچووك و ڕه‌زیل بكه‌ین، ئافهریدهكهی ناڕه‌حه‌ت و توڕه ده‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر كه‌سێك منداڵه‌كانتان ئازار بدات، ناڕه‌حه‌ت ده‌بن. له بیرتان بێت: یه‌كێك له‌و دروستكراوانهى خوا كه هه‌ر گیز نابێت به بچووكی لێى بڕوانن و ئازاری بده‌ن، خۆتانن. ده‌بێت له‌گه‌ڵ خۆت تهوازعت هه‌بێت، نابێت هیچ كات خۆت به بچووك بزانیت و لۆمه‌ی خۆت بكه‌یت، به هۆی به‌ژن و باڵات، قژت، ڕووخسار و شێوه‌ت، ڕه‌نگی پێست یان پله‌ی خوێندنەوه. چونكه تۆ ئه‌ڵقه‌یه‌كی گرنگ و به‌نرخیت له پێكهاته‌ی زنجیره‌ی ئه‌م گه‌ردوون و بوونه‌وه‌ره، ئه‌گه‌ر تۆ نه‌بیت، له غیابی تۆدا كاری دنیا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌نگ ده‌بێت، پێویسته بڕوای ته‌واوت به‌م خاڵه گرنگه هه‌بێت. كه‌وابوو هه‌ر كات سه‌یری خۆتانتان كرد، موته‌وازع بن، به چاوی ڕێزه‌وه له خۆتان بڕوانن. له بیرتان بێت ئێوه‌ش به‌شێكی به‌نرخ و گرنگن له ژیان و بوونه‌وه‌ر. پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌م ڕسته‌یه بنووسن و با هه‌میشه له پێش چاوتاندا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له نهستتاندا بچه‌سپێت و جێگیر بێت، ته‌وازع واته: “دركی ڕۆڵی ئه‌وانی تر”. هه‌روه‌ها كاتێك ئێمه‌ى پیاو له‌سه‌ر ئیش و كاره‌كان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ماڵ، ده‌ستبه‌جێ نه‌ڵێین: “من له به‌یانییه‌وه تا شه‌و ئیشم كردووه، ژنه‌كه خێرا شتێك بێنه با بیخۆین، چونكه زۆر ماندووم.” هاوسهرهكانیشمان وه‌كوو ئێمه كاریان كردووه، (چ له ماڵ یان له ده‌ره‌وه.” منى پیاو ئه‌گه‌ر توانیومه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ئه‌ركه‌كانم ڕاپه‌ڕێنم و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌م، به‌هۆى ئه‌وه بووه كه هاوسه‌رێكی متمانه‌پێكراو و به‌خشنده‌م هه‌یه. ئه‌گه‌ر من له به‌یانییه‌وه تا شه‌و ڕامكردووه و هه‌زار و یه‌ك كێشه‌م چاره‌سه‌ر كردووه، بۆ ئه‌وه بووه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵه‌وه، هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم به شادومانی ببینم، خۆراكیان بۆ دابین بكه‌م و پۆشاك بهێنمه‌وه و ئاسایش و ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بكه‌م. ئه‌مه‌ش به‌ها و نرخى من و هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌گه‌یه‌نێت. نابێت ڕۆڵی دراوسێ و هاوشاری و تەنانەت ئاژه‌ڵان و ڕووهكهكانیشمان له بیر بچێت، چونكه هه‌ر ئێمه خاوه‌نی ئه‌م دنیایه نین، به‌ڵكوو ئێمه‌یش به‌شێكین له‌م دنیایه. كاتێك موته‌وازع بین، تێده‌گه‌ین ته‌نانه‌ت ئه‌و دره‌خته‌ی له به‌رده‌مى ماڵهكهماندایه، به‌شێكه له هه‌ور و مانگ و خۆر و با و گه‌ردوون، سه‌عدی شیرازى ده‌ڵێت: دره‌ختیش كار ده‌كات، ئۆكسجینمان بۆ دروست ده‌كات، میوه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، خۆراكمان پێ ده‌به‌خشێت. ده‌بێت زۆر زیاتر له‌وه‌ی كه هه‌ین موته‌وازع بین. ته‌وازوع ته‌نانه‌ت ده‌نگ و ئاوازی مرۆڤه‌كانیش ده‌گۆڕێت. كه موته‌وازع بووین هه‌ست ده‌كه‌ین زیاتر له‌وه‌ی كه بیری لێ بكه‌ینه‌وه و هه‌ستى پێ ده‌كه‌ین، قه‌رزاری خوا، ژیان، بوونه‌وه‌ر، مرۆڤه‌كان و سروشتی به‌خشنده، باشتره بڵێن هه‌موو كه‌س و هه‌موو شتێكین.
پێویسته وه‌ك مرۆڤێكى باڵق و به‌رپرسار و شه‌ریف بپرسین: چۆن بتوانین ئه‌م قه‌رزانه له‌سه‌ر شانی خۆمان سووك بكه‌ین؟ “چۆن بتوانین شتێك بۆ ئه‌م ژیانه زیاد بكه‌ین؟ چیمان له ده‌ست دێت بۆ مرۆڤه‌كان و سرووشتى ئه‌نجام بده‌ین؟”. هه‌روه‌ك “سه‌عدى شیرازى” له مه‌ڕ سوپاسگوزاریی نیعمه‌ته‌كانی خواى میهره‌بانه‌وه ده‌فه‌رموێت: “هه‌رچی له ده‌ست و زمانت دێته ده‌ر با به هۆى سوپاسگوزارییه‌وه بێت”. ئه‌گه‌ر خۆمان شایسته بین، ده‌بێت بزانین بۆ سه‌ركه‌وتن هیچ به‌ربه‌ستێك بوونی نییه. ئه‌م جیهانه وه‌كوو زه‌ریا وایه، ئاماده‌یه بۆ به‌خشین. ئه‌ندازه‌ی دهفرهكهت ده‌ستنیشانكه‌ری میزانی سهركهوتنهكانته. ته‌وازع به‌واتای فراوانكردنی دهفرهكانمانه، هه‌رچه‌ند مرۆڤ موتهوازعتر بێت، گۆزه‌ی وجودی فراوانتره. کەسی مته‌وازع گۆزه‌ى وجودى شه‌رابێكی لێ ده‌چۆڕیت کە ئینسانەکان سه‌رمه‌ست ده‌كات. بابه‌ته‌كه‌مان به‌وته‌كانی مامۆستاى وتهوان “سه‌عدى شیرازى” ده‌ستپێكرد و هه‌ر به‌وته‌كانی ئه‌ویش كۆتایی پێ ده‌هێنین: ته‌وازع هه‌ر له مرۆڤه باڵاكان جوانه، سواڵكه‌ر گه‌ر ته‌وازع بنوێنێت، نه‌ریتی خۆیه‌تى. كاتێك كه زۆر به‌هێز بووین، له بیرمان بێت كه ته‌وازع بنوێنین. ئه‌مه‌ش باشترین ڕێگه‌یه بۆ سه‌لماندى تواناكانمان و ده‌سته‌به‌ركردنى هێزی زیاتر.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف