دەسەڵات و خانەدانی موکری لەلایەن بەگ زادەیەک بە ناوی “ئەمیر سەیفەدین بەگ موکری” ( ١٤٤٦ – ١٤٩٦) لە ساڵی ١٤٧٩ی زایینی دا بە یەکخستنی خێڵ و عەشیرەتە کوردەکان و شکستپێهێنانی پاشماوەی تورکەکانی هۆزی ئاق قویونولو لە ناوچەی موکریان و پاشان ناوەندی حوکمڕانییەکەی لە گوندی” دریاس/دریاز” لە نزیک مەهاباد دادەمەزرێنێت.
بە پێی نەریت و سەرچاوە مێژووییەکان، موکرییەکان لە ڕەگەزی ئەیوبین کە لە بنەڕەتدا سەر بە بنەماڵەی ڕەوادی و دواتر سەر بە هەزبانی مەزنن. دوای ئەو دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی سارم بەگ و بابا عومەر “بابا میر” موکری درێژە بە ژیانی سیاسی دەسەڵاتی موکری دەدەن و سارم بەگ دەبێتە دوای میرسەیفەدین دەبێتە حاکم. دوای ساڵانێک لە شەڕ و پێکدادان دژی هۆزە بەکرێگیراوە تورکەکان کە لەلایەن دەسەڵاتی سەفەوی ئاراسته دەکران و شکستیان بەدەستی “سارم بەگ موکری” لە کۆتایی دا “سارم بەگ” بەهۆی برین و نەخۆشییەوە لە ساڵی ١٥٢٠ی زایینی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و وەسیەت دەکات گۆڕەکەی لەسەر ڕێگای دوژمنان بنێژن تا دوای مردنیش نەوێرن هێرش بکەنەوه سەر کوردانی موکری. بەم پێیە لە تەپکی بەگزادان لە مەهاباد دەنێژرێت. گێڕانەوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە قزلباشە دڕندەکان لە ڕق و کینەی “سارم بەگ” کاتێک کوڕ و برای سارم بە دیل دەگرن دوای ئەوەیکە کوڕەکەی سارم دەکوژن لەناو ئاگردا دەیبرژێنن و بەسەر سەربازەکانیاندا دابەشی دەکەن و دەیخۆن، دواتر براکەی سارمیش لەناو مەنجەڵێکی ئاودا دەکوڵێنن وەکوو کەمتیار ئەویش دەخۆن. دوای ئەوان حکومەت لە نێوان سێ نەوەکەی “بابا میرد”ا دابەش دەبێت کە منداڵی ڕۆستەم تاقە کوڕی بابا میر بوون بە ناوەکانی حەیدەر بەگ، میر نەزەر و میر خزر.
درەختی بنەماڵەی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بەم شێوەیەیە: ١. میر سەیفەدین بەگ مەکری (دامەزرێنەری بنەماڵەی موکری) 2. بابا عومەر (بابا میر) 3. ڕۆستەم بەگ 4. شێخ حەیدەر 5. حوسێن بەگ 6. میر بەگی دووهەم (میری میران) 7. شێخ حەیدەر میر بەگ 8. شێر سوڵتان بەگ (شێرە سوار) 9. شیر بەگ (ئەمیر خانی یەک دەست ناسراو بە خانی لەپ زێڕین) 10. بوداغ سوڵتان(دامەزرێنەری شاری مەهاباد) 11. موسا سوڵتان 12. عەبدوڵڵا بەگ 13. سەلمان بەگ 14. حاج باقر ئاغا 15. حاج حەسەن ئاغا ١٦. حاج محەمەد ئاغا قاسملوو (ناسراو بە وسوق الدیوان باوکی دوکتور قاسملوو) 17. دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو
بە عەرەبی: عەبدالرحمان قاسملو بن الحاج محمد ئاغا وثوق الدیوان بن حاج حسن آغا مکری بن حاج باقر اغا بن سلمان بگ بن عبدللە بگ بن موسی سلطان بن بداق سلطان بن شیر بگ بن شیر سلطان مکری بن شیخ حیدر میر بگ بن میر بگ الثانی بن حسین بگ بن شیخ حیدر بن رستم بگ بن بابا میر بن میر سیف الدین مُکری وكان مؤسس حكومة مُكري الكردية في مقاطعة أورميا في مدينة مهاباد الحالية.
ناوی هۆزەکانی موکری بەم شێوەیەن؛ کە زیاتر لە پێنج سەدە حوکمڕانیی ناوچەی پارێزگای ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونە. تەنانەت هێندێک جار لە گاودۆڵ و خەلخال لە ئەردەبێڵی ئێستای ئێرانەوه تا شاری مەراغە و تەواوی پارێزگای ورمێ، تا شارەکانی سۆران، ڕواندوز، پشدەر، بێتوین، قەڵادزی و سلێمانی تا سنووری هەولێر لە باشووری کوردستان دەسەڵات و هەژمۆنیان هەبووە. ئەو هۆزە موکریانە ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستان پەرش و بڵاو و نیشتەجێ بوونە. ئێستاش بەگشتی ڕووبەرێکی بەرفراوان لە پارێزگای ورمێ بە ناوچەی موکریان ناسراوە، کە شارەکانی سەردەشت، نەغەدە، سایین قەڵا، تیکاب، میاندواو، شنۆ، بۆکان، پیرانشار و مەهاباد و بەشێک لە ناوچەکانی هاوشار و سەقز لەخۆ دەگرێت.
لە ئێستادا ناسناو و ناوبانگی سەرەکی ئەو هۆزانە بریتین لە: قاسملوو، زەرزا، دێبوکری، گەورک، مامەش، مەنگوڕ، پیران، شێربەگی، باریکی، فەیزوڵڵا بەگی، مەردان بەگی، سوڵتان بەگی، محەممەد بەگی، ئەمیر بەگی، بەگزادەکانی ئیسماعیل ئاغای سمکۆ ، بەگزادەکانی عەبدوڵڵا بەگی، بەگزادەکانی یاڵاوە، خان زادەکانی موسا سوڵتان، سەردارەکانی مەکری “موراد بەگی”، حەیدەری، پاشا زادەکانی بابان، میر عەوداڵی/ابدالی، گەردی، برادۆستی، حەسەن خانی، بەگزادەکانی بەرە سۆر، بەگزادەکانی عەباسی لە تەڕگەوەڕی ورمێ و هتد… هەریەک لەم تایفەو هۆزانە چەندین لق و پۆپی تریان لێ دەبێتەوە. هەروەها چوار لقی کوردانی موکری لە کاتە جیاوازەکاندا بە هۆکاری سیاسی و شەڕ و جەنگ کۆچیان کردووە بۆ شوێنی دوور و جیاواز لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان بۆ نموونە: موکرییەکانی دینەوەری کرماشان، موکری خۆراسانی باکور، موکرییەکانی وان لە باکوری کوردستان و هەروەها موکرییەکانی وڵاتی ئەفغانستان.
“سەر قەڵەمێک لەمەڕ ڕوانین و خوێندنەوەی قاسملوو بۆ کوردستانی مەزن”
قاسملوو لە دوو کتێبی خۆیدا بە ناوەکانی “کوردستان و کورد” و “کوردستانی ئێران”دا بە شێوەیەکی زانستی باسی تۆپوگڕافی کوردستان دەکات و دەنووسێت: کوردستان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی چیای ئاگرییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ئیلام و پشتکۆو لوڕستان و باشوری زاگرۆس و لەوێوە بە خەتێکی ڕاست دەچێتە کەرکوک و موسڵ و لەوێشەوە بە خەتێکی ڕاست دەچێتەوە ئەسکەندەرون و لەوێشەوە تا دەگاتە ئەرزەڕوم و لەوێشەوە بە خەتێک دەچێتەوە باکووری ڕۆژئاوای چیای ئاگری. واتا کوردستان لە دیدی قاسملوو ئەو کوردستانە گەورەیە کە ئیمڕۆ کورد خۆی باوەڕی پێ نییەو زۆر پێداگرە لەسەر هاو نەژاد بوونی لوڕ لەگەڵ کوردەکانی تر. ئەو باوەڕی وابوو لە ئێستادا دەبێ حەول بدەین هەر بەشەی بە یارمەتی یەکتری بگەن بە دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەرێک لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا، چۆن کەس بە یەکجار یارمەتیمان نادات چوار پێنج سنوور تێک بدەین بەڵام بۆ ئەوەی بە خۆبەڕێوەبەری و فیدڕالییەک بگەین دەتوانین دۆست و پشتیوان بۆ خۆمان پەیدا بکەین.
واتا ئەو پێی وابوو سیاسەت هونەری مومکینەو دەبێ ئەوەندەی دەتوانی و بۆت هەڵدەگیرێت دەستی بدەیەی نەک دروشمی گەورەو بریقەدار بدەی و هیچیش پێ نەکرێت. بەواتایەکی تر ئەو پێی وایە سیاسەت واقعیەتە نەک خەیاڵات. کوردستانیش بە خەیاڵات ڕزگار نابێت. واتا پێی وابوو ئێمە دەبێ هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچین. ئەو پێی وابوو ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان بیانهەوێت یەک بگرن و سەربەخۆ بن ئەوەی دابەشکردنی هیچ وڵاتێک نییە بەڵکوو یەکگرتنەوەی وڵات میللەتێکە کە بە بێ ویستی خۆی دابەش کراوە.
سەرچاوەکان:
- 1. شەڕەفنامە- شەرەفخان بەدلیسی
2.مێژووی کورد و کوردستان- ایت اللە مەردوخ کوردستانی
- زوبدەی تاریخی کورد و کوردستان- محەممەد ئەمین زەکی بەگ
- تاریخی ویلایەتی موکریان- کامەران سنە
- شیکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی سارم بەگی موکری لەگەڵ شا ئیسماعیلی سەفەوی، پۆرتاڵی گشتی علومی سیاسی ئێران
- زانستنامەی ئێرانیکا
7.گەشتنامەی هێنری ڕاولینسۆن
- عالەم ئارای عەباسی، ئەسکەندەر بەگی تورکمان
- مێژووی شاری مەهاباد – سەید محەمەد سەمەدی
10.دکتۆر سەعید خزری پرۆفیسۆری یاریدەدەری لە بەشی جوگڕافیای سروشتی زانکۆی کوردستان لە سنە
- باسێک دەربارەی داری بنەماڵە و ڕەگی بنەماڵەی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو
- کوردستان و کورد – دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو
- کورستانی ئێران – دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو