“ناساندنێكی گشتی”
“عیرفان-Mysticism”
شێواز یان ڕێگه‌یه‌كه بۆ گه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت، به پشتبه‌ستن به ئه‌زموونی ناوه‌كی. به مانایه‌كی دیكه؛ عیرفان ناسێنێكی نهێنێ ئامێز و په‌نهانه، كه عارف له ڕێی ئه‌زموونێكی ناوه‌كی كه (كه‌شف و شهود)ـی پێ ده‌وترێ ده‌گاته حه‌قیقه‌ت.ڕێگه‌ی عیرفان له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه ئه‌قڵ و پێنج هه‌سته‌كه به هۆی هه‌ڵه‌كردن و كه‌مووكوڕییه‌وه شیاوی پشت پێ به‌ستن نین و ناتوانن بمانگه‌یه‌ننه هه‌قیقه‌ت، بۆیه عارف له ڕێی (تێڕامانی ناوه‌كی و پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس و سه‌ماوه)ـه‌وه ده‌گاته هه‌قیقه‌ت. كه‌واته:
ئه‌زمونی عیرفانیی یان شهودی عیرفانی یان بۆ ده‌ركه‌وتنی عیرفانیی/به مانای (بینین)یان (ئاشكرا بوون)دێ و، بریتییه له ده‌ركی ڕاسته‌وخۆی بابه‌تێك به شێوه‌یه‌كی كتووپڕ له ده‌رونه‌وه به بێ سودوه‌رگرتن له ئه‌قڵ و هه‌سته‌كان. ئه‌زمونی عیرفانیی پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی لۆجیكییه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵ و به‌ڵگه‌كارییه. پاش ئه‌زمونی عیرفانیی، عارف بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه په‌یوه‌ست بووه‌ته‌وه به هه‌قیقه‌تی ڕه‌هاوه و خۆی و خودای ناسیوه. رێگای عیرفان لای هیندۆسه‌كان، بووداییه‌كان، میتراییه‌كان، ڕه‌واقییه‌كان له یۆنان و ڕۆم، ئه‌فلاتونه نوێیه‌كان، موسڵمانه‌كان و سورپێسته‌كانی ئه‌مریكا ده‌بینرێته‌وه.
بۆ-ده‌ركه‌وتنی عیرفانی، له كولتووره جیاوازه‌كاندا به ناوی جیاواز ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت. له كولتووری یه‌هودیی-مه‌سیحییدا به (جه‌زبه،شهوود و وه‌حی) دێت.واته: (extacy,intuition,revelation) له كولتووری ئیسلامیشدا به (حاڵ، كه‌شف و شهود، وه‌حده‌ت، هه‌قیقه‌ت، فه‌نابوون) ئاماژه‌ی پێكراوه.له نه‌ریت و ئایینه هیندییه‌كانیشدا به (یه‌كگرتنی ئاتمه‌ن-براهمه‌ن،نێرڤانا، سامادهی، بودهی و موكشه)ناوی هاتووه.له عیرفانی زێنی بوداییشدا به (ساتوریی)ئاماژه‌ی پێده‌كرێ. ئه‌زمونه عیرفانییه‌كان چوار تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كییان هه‌یه:-
1- كاتییبوون:- جگه له هه‌ندێ دۆخی تایبه‌ت نه‌بێ،ئه‌م ئه‌زمونانه ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بن. ئه‌زمونی عیرفانی یه‌ك تا دوو كاتژمێر ده‌خایه‌نێت، له حاڵه‌تی به‌كارهێنانی(دی ئێم تی و گژوگیا ده‌روون بزووێنه‌كان)یشدا ماوه‌ی چوار كاتژمێر ده‌خایه‌نێت.
2-هه‌ڵچوونی له‌ناكاو/ كاتێ عارف ئه‌زمونی عیرفانیی ده‌كات، هه‌ست ده‌كات به‌ته‌واویی ئیراده‌ی لێ سه‌نراوه‌ته‌وه و چووه‌ته خزمه‌ت ئیراده‌ی هێز یان زاتێكی باڵاتر له خۆی.
3-ئه‌زمونه‌كه ناخرێته چوارچێوه‌ی زمانه‌وه:- چونكه ئه‌زمونی عیرفانی سه‌ر به لایه‌نی هه‌ست و سۆزی مرۆڤه، بۆیه زمان له وه‌سفكردنیدا بێتوانایه. تا ئه‌زموونه‌كه كه هه‌ڵگری هه‌ست و سۆزه، قووڵتر بێ باسكردنی دژوارتر ده‌بێ.
4-عارفه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ڕاسته ئه‌زمونی عیرفانی زیاتر ئه‌زمونێكی سۆزدارییه،به‌و مانایه‌ی زیاتر سه‌رووكاری له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆز و جه‌زبه‌یه‌كی كتوپڕدایه،به‌ڵام هه‌ندێ(بینین و مه‌عریفه‌ت)ـیش ده‌به‌خشێ كه به ئه‌قڵ ده‌رك ناكرێن.
“هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كێك له بانگه‌شه‌كان”
یه‌كێك له بانگه‌شه‌كانی عارفان و ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به ڕه‌وتی بیركردنه‌وه‌ی عیرفانین، ئه‌وه‌یه كه ئه‌زمونه عیرفانییه‌كانی عارفه‌كان له هه‌موو كولتووره‌كاندا یه‌ك شته، بۆیه ده‌كرێ بگه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌موویان ئاماژه به تاكه هه‌قیقه‌تێكی ڕه‌ها ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ ئه‌زمونی شه‌خسیی، ڕێگایه‌كی دڵنیاكه‌ره بۆ گه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت. به‌ڵام ئایا ئه‌م بانگه‌شه‌یه تا چ ڕاده‌یه‌ك دروسته؟ بانگه‌شه‌ی یه‌ك شتبوون و هاوشێوه‌بوونی ئه‌زمونی عارفه‌كان، ته‌نها به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی ڕاسته و ناكرێ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ ڕاست و دروستی ئه‌زمونه‌كه ببینرێ.بۆ نمونه (شێخ محی ا‌لدین ئیبن عه‌ره‌بیی و گوهاتما بودا) كه دوو عارفی دیارن و یه‌كه‌میان سه‌ر به كولتوزری ئایینە ئیبراهیمییەكان و دووه‌میش سه‌ر به كولتوری بوودیزمە، ئه‌زمونی عیرفانییان هه‌بووه، به‌ڵام شێوه و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌زمونه‌كه به ته‌واویی جیان له یه‌ك. بۆچی؟ چونكه هه‌ریه‌كه له ئه‌زمونی ئه‌و دووانه، كاریگه‌ره به “جۆری كولتووری ئایینیی، ژینگه، جیهانبینی”.
بوودا به هۆی جۆری كولتوری ئایینی و ژینگه‌كه‌ی بڕوای به (ڕۆحگۆڕكێ)هه‌بووه،به‌ڵام بڕوابوون به ڕۆحگۆڕكێ له كولتووری ئایینه ئیبراهیمییه‌كاندا گه‌ر ئاماژه‌شی پێكرا بێ، هه‌رگیز هێنده‌ی كولتووری بوودیزم و هیندۆیزم ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه و ته‌نانه‌ت زۆرجار بڕوابوون به ڕۆحگۆڕكێ له‌م ئایینانه‌دا به ته‌واویی ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه. بوودا سه‌رنجی له‌سه‌ر (نه‌خۆشی و پیریی و مه‌رگ)بوو، بۆیه ئه‌زمونه عیرفانییه‌كه‌شی له چوارده‌وری ئه‌م بابه‌تانه‌دا ده‌سوڕایه‌وه. پاش به‌جێ هێشتنی كۆشك و ڕووكردنه ناو سروشت و ئه‌نجامدانی مێدیته‌یش و بیركردنه‌وه، ڕۆشنبووه‌وه. ڕۆشنبوونه‌وه‌كه‌ی زیاتر باسكردنه له چۆنییه‌تی ڕزگار بوون له ئازار. به‌و پێیه‌ی لای بوودا خودی بوون ئازاره و سه‌رچاوه‌ی ئازاره‌كانیش هۆگربوونه به شته‌كان و كه‌سه‌كانه‌وه، بۆیه مرۆڤ پاش ئه‌وه‌ی له‌مه تێگه‌یشت، ده‌توانێ له ڕێی خۆنه‌به‌ستنه‌وه به هیچ شت و كه‌سێكه‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی مێدیته‌یشن، خۆی له ئازار ڕزگار بكات و ڕۆشن بێته‌وه. ده‌بینین لێره‌دا ئه‌زمونه عیرفانییه‌كه‌ی بوودا، به ته‌واویی ئه‌زمونێكی به‌شه‌رییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك میتافیزیكیی نییه.بیركۆیی ده‌خاته سه‌ر خودی مرۆڤ،نه‌ك بینین و گه‌یشتن به هێزێكی ده‌ره-به‌شه‌ریی. به‌ڵام: ئه‌زمونه عیرفانییه‌كه‌ی ئیبن عه‌ره‌بی به ته‌واویی ئه‌زمونێكی میتافیزكییه و زیاتر هه‌ستكردنه به په‌یوه‌ستبوون به زاتێكی له‌خۆی باڵاتر. ئه‌م جۆره ئه‌زمونه سێ قۆناغه:-
یه‌كه‌م /ترسان.
دووه‌م/ خۆشه‌ویستی و شه‌وق و زه‌وق.
سێیه‌م/ هه‌ستی په‌یوه‌ستبوونی ڕه‌ها.
ئیبن عه‌ره‌بی له شه‌رحی ئه‌زموونه عیرفانییه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات ئه‌و كاته‌ی ئه‌زموونی عیرفانی هه‌بووه (به بینینی ناوه‌كی) به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ ئاسمان بۆ سه‌ر عه‌رش و له‌وێ به دیداری په‌یامبه‌ری ئیسلام شادبووه! هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌بوبه‌كری سدیق و عومه‌ری كوری خه‌تابیی بینیوه كه لای ڕاست و چه‌پی په‌یامبه‌ره‌وه ڕاستاون. ئاشكرایه جۆری ئه‌م ئه‌زمونه‌ی ئیبن عه‌ره‌بیی به هۆی ئه‌وه‌وه بووه كه ناوبراو عارفێكی موسڵمانی سوننه مه‌زهه‌ب بووه.گه‌ر شیعه مه‌زهه‌ب بووایه، ئه‌زمونه‌كه به شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌بوو.ئه‌وه گه‌ر سه‌ر به كولتوور و ژینگه‌یه‌كی دیكه بوایه، ئه‌زمونه‌كه شتێكی جیاواز ده‌بوو. نمونه‌یه‌كی دیكه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ئه‌زمونی هه‌موو عارفه‌كان له هه‌موو كولتوو ره‌كاندا یه‌ك شته،”ئه‌زمونی نزیك به مه‌رگ”ـه.واته:- near death experience، به‌و پێیه‌ی ئه‌زموونی نزیك به مه‌رگ دواجار ئه‌زمونێكی عیرفانییه، بۆیه ده‌كرێ وه‌ك نمونه به‌هێنرێته‌وه. ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م ئه‌زمونه‌یان هه‌بووه، سه‌ره‌ڕای بوونی خاڵی هاوبه‌ش، به‌ڵام جیاوازی و لێكدژیی بنه‌ڕه‌تیش له نێوانیان هه‌یه. هۆكاری ئه‌م جیاوازیی و لێكدژییانه‌ش دیسانه‌وه جۆری كولتووری ئایینیی و ژینگه‌كه‌یانه.بۆ نمونه/ خاتوو(بێتی جین) كه باوه‌ڕدارێكی مه‌سیحییه و ئه‌زمونی نزیك به‌مه‌رگی هه‌بووه،به هیچ شێوه‌یه‌ك باس له (ڕۆحگۆڕكێ) ناكات و ته‌نانه‌ت ڕه‌تی ده‌كاته‌وه.له كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ:” له‌دایك بوون یه‌كجاره و مردنیش یه‌ك جاره. مرۆڤ كه مرد ده‌گه‌رێته‌وه بۆ لای خودا “.
بێتی جین باسی ئه‌زمونه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت:” پاش ئه‌وه‌ی به‌ناو تونێلێكی سپییدا تێپه‌ڕیم، له‌وسه‌ر عیسای مه‌سیح به ئامێزی كراوه و زه‌رده‌خه‌نه‌وه پێشوازی لێكردم” دیاره ئه‌و موسوڵمانه‌نش كه بانگه‌شه‌ی ئه‌زمونی نزیك به مه‌رگیان كردووه،ده‌ڵێن په‌یامبه‌ری ئیسلام پێشوازی لێكردوون. ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به كولتووری ئایینی یه‌هودیی-مه‌سیحیی-ئیسلامین، باس له ڕۆحگۆڕكێ ناكه‌ن،به‌ڵام له ئه‌زموونی نزیك به مه‌رگی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به كولتووری هیندۆیزم و بودیزمن،جه‌ختی لێده‌كرێته‌وه. پاش ئه‌زمونی نزیك به مه‌رگ، موسوڵمانه‌كان زیاتر جه‌خت له پابه‌ندبوون به ئه‌نجامدانی سروت و په‌رستشه‌كان ده‌كه‌نه‌وه، چونكه ئه‌م پابه‌ندبوونه لای ئه‌مان زۆر گرنگه.به‌ڵام لای مه‌سیحییه‌كان و هه‌ندێ كولتووری دیكه، زیاتر جه‌خت له كرۆكی خوداناسیی و فیداكاریی و هاوسۆزیی و پابه‌ندبوون به ئه‌خلاق ده‌كرێته‌وه و گرنگییه‌كی ئه‌وتۆ به سرووت و په‌رستشه‌كان نادرێت. لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه؛ گه‌ر هه‌موو ئه‌زمونه عیرفانییه‌كان یه‌ك شتن و ئاماژه به یه‌ك هه‌قیقه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌ی ئه‌م جیاوازی و لێكدژیانه چۆن دروست ده‌بن و كامیان ڕاسته و كامیان هه‌ڵه؟ كامیان ئاماژه به هه‌قیقه‌ت ده‌كه‌ن و كامیان ده‌ره‌نجامی وه‌همن؟ فه‌یله‌سوفی ئه‌زمونگه‌را “ده‌یڤید هیوم”به پشت به‌ستن به بنه‌مای “كۆنه‌بوونه‌وه‌ی دوو شتی لێكدژ له ناو خۆیدا” ده‌یوت: هه‌موو ئه‌زموونه عیرفانییه‌كان به هۆی بوونی جیاوازیی و لێكدژی له ناو خۆیاندا و هه‌روه‌ها به هۆی به‌رزی ئه‌گه‌ری به‌هه‌ڵه‌داچوونی مرۆڤ و به‌ڕاست دانانی وه‌هم له بری حه‌قیقه‌ت، یه‌كدی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ناكرێ زۆر پشتیان پێ ببه‌سترێ.
ته‌نانه‌ت بوونی ئه‌م جیاوازیی و لێكدژییانه له ئه‌زمونه عیرفانییه‌كاندا وای له عارفه مه‌سیحییه‌كانی وه‌ك (شلایماخه‌ر،جۆن هیك، پۆڵ تیلیش) كرد بگه‌نه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه (پلورالیزیمی دینیی) گه‌یشتووه به ئه‌زمونه عیرفانییه‌كانیش. بۆیه ده‌كرێ بڵێین هه‌قیقه‌ت لایه‌ن و جیلوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه و ئه‌زمونه عیرفانییه‌كانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕاستن، به‌ڵام خاڵیی نین له ڕۆڵ و كاریگه‌ریی فیكریی-ژینگه‌یی-كولتوری! ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی عارفه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ندێ جار(زات)ـێكی جیایه له‌گه‌ردوون،هه‌ندێ جار ئاگاییه‌كی گشتیی نا-كه‌سییه،هه‌ندێ جاریش وزه‌یه‌كی ناكۆتایه كه زینده‌وه‌ران له ناو كاتدا دروست ده‌كات و ده‌یان مرێنێت، هه‌ندێ جاریش ئه‌و هه‌قیقه‌ته،ئاسوده‌ییه‌كی ده‌روونی و هاوسه‌نگییه‌كی زه‌ینییه. عارف و مه‌ولاناناس و ڕیفۆرمخوازیی ئایینی “عه‌بدولكه‌ریم سرووش” ده‌ڵێ:- زۆرینه‌ی ئه‌زموونه عیرفانییه‌كان له باوه‌ڕه ئایینییه‌كانه‌وه هاتوون! سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی كه چۆن بڕوا به ئه‌زموونی عیرفانیی عارفه‌كان بكه‌ین، سرووش ده‌ڵێت: سه‌ره‌ڕای بوونی جیاوازیی و لێكدژی له نێوان ئه‌زمونه عیرفانییه‌كان،به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای دوو شت بڕوایان پێده‌كه‌ین،
یه‌كه‌م: له‌سه‌ر بنه‌مای هاوشێوه‌بوونی ئه‌زموونه‌كان.
دووه‌م: له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه.
پێشتر باسمان له گرفتی هاوشێوه‌نه‌بوونی ئه‌زموونه‌كان كرد.ئێستا بنه‌مای دووه‌م كه متمانه‌یه هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. گرفتی پشتبه‌ستن به متمانه به نمونه‌یه‌ك ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه؛ هه‌موو وێنه‌كێشه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا تا ئه‌م دوایانه‌ش هاوڕابوون كه تابلۆی “ئێواره‌یه‌كی غه‌میگن” هی وێنه‌كێشی به‌ناوبانگ “ڤان كوخه”،واته هی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه.به‌ڵام پاش به‌دواداچوون و پشكنینی تابلۆكه به ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی زانستیی، ده‌ركه‌وت تابلۆكه نه هی ڤان كوخه و نه هی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو سه‌ده پێشتر،واته سه‌ده‌ی پانزه و وێنه‌كێشه‌كه‌ش نه‌ناسراوه. كه‌واته سه‌ره‌ڕای هاوڕابوونی وێنه‌كێشه‌كان له‌سه‌ر مێژووی تابلۆكه، به‌ڵام ئایا كام ڕێگا سه‌ركه‌وتوو بوو له ده‌رخستنی مێژووی تابلۆكه و خاوه‌نه‌كه‌ی؟ بۆچونی كه‌سیی زیاتر جێی متمانه‌یه یان تاقیكردنه‌وه و پشكنینی زانستیی؟ گومانی تێدا نییه بۆچونی كه‌سه‌كان ده‌كرێ هه‌ڵه بێ. مێشك ده‌توانێ بۆشایی و كه‌لێنه‌كان به هه‌ر زانیارییه‌ك پر بكاته‌وه و له ژێر كاریگه‌ریی یادگه و لایه‌نگیریی و مه‌یله‌كاندا،تێگه‌یشتنی نادروست به‌رهه‌م بهێنێ. سرووش ده‌ڵێت: “ڕاسته ئه‌زموونه عیرفانییه‌كان ئه‌زمونێكی ناوه‌كین و هیچ ئاماژه یان به‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ره‌كیی نییه كه ئاماژه بێ بۆیان، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه نییه ئێمه‌ش بوونی وجوودمان بێ به‌ڵگه قبوڵ كردووه؟
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: گه‌ر ئێمه بوونی وجوودمان بێ به‌ڵگه قبوڵ كردووه، ئه‌وا به ناچاری ئه‌وه‌مان كردووه و ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت هه‌موو شتێكی دیكه‌ش بێ به‌ڵگه قبوڵ بكه‌ین. سه‌باره‌ت به وجوود، ئێمه لایه‌نی كه‌می ئه‌وه‌ی ڕێی تێده‌چێ دروست بێ، قبوڵ كردووه. ئایا ده‌كرێ هۆكاری ئه‌وه‌ی عارفه‌كان ئه‌زمونی هاوشێوه و یه‌كسانیان هه‌بووه، بزانین؟ به‌ڵێ، ده‌كرێ به زیادكردنی رێژه‌ی دۆپامین له مێشكدا، ده‌ره‌نجامی یه‌كسان و هاوشێوه دروست بكرێ، با مرۆڤه‌كه سه‌ر به هه‌ر كولتوور و ئاینێكیش بێ. بۆ نمونه ده‌كرێ به دروستكردنی بارودۆخێكی ده‌ستكرد و له ڕێی ئامێری تایبه‌ته‌وه، كه‌سه‌كان ئه‌زموونی نزیك به مه‌رگ بكه‌ن، واته له ڕێی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئۆكسجینی ڕۆیشتوو بۆ مێشك، ئه‌و دۆخه دروست بكرێ و به‌مه‌ش كه‌سه‌كان تووشی “وه‌همی بینینه‌كی” ده‌بن. بۆیه كاتێ عارفه‌كان باس له ئه‌زموونكردنی هه‌قیقه‌تێكی هاوشێوه ده‌كه‌ن، ئه‌وه به هۆی كاریگه‌ری ئه‌نجامدانی تێڕامان یان خواردنی گژووگیا ده‌رون بزوێنه‌كانه، چونكه له‌م كاته‌دا دۆپامینی مێشك به‌رز ده‌بێته‌وه و لێكه‌وته‌ی هاوشێوه لای كه‌سه‌كان دروست ده‌كات.
ئایا ئه‌م هاوشێوه‌بوون و یه‌كسانبوونه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌همه بینینه‌كییانه‌ی كه‌سه‌كه ده‌یبینێ دروسته؟ له ڕێگای عیرفاندا ده‌وترێ جیهان وه‌همه و به په‌رده‌یه‌ك له وه‌هم داپۆشراوه و ئه‌م وه‌همه‌ش، زه‌ینی مرۆڤ دروستی ده‌كات. كه‌واته گه‌ر هه‌موو جیهان وه‌هم بێ ئه‌ی بۆچی ئه‌زموونی عیرفانی عارفه‌كانیش كه به‌شێكه له جیهان وه‌هم نه‌بێ؟ له ڕاستییدا له‌وانه‌یه دروستتر بێ بڵێین؛ گه‌ر جیهان وه‌هم بێ، كه‌واته هه‌موو وه‌همه‌كه له ناو كاسه‌ی سه‌ردا ڕووده‌دات، نه‌ك ئه‌وه‌ی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌مووی وه‌همه. ئه‌ی كه‌واته بۆچی ئه‌زمونی عیرفانییش كه هه‌ر له ناو كاسه‌ی سه‌ر یان جه‌سته‌ی مرۆڤدا ڕووده‌دات، وه‌هم نه‌بێ؟ لە لێکۆڵینەوەیەکدا كه له ساڵی 2016 لە زانکۆی “ئۆتاه”ی ئەمەریکی بەشی زانستی تەندروستی ئه‌نجامدرا، دەرکەوتووە کە ئەزمونی ئایینی و رۆحانی، هەمان بەشی مێشک چالاک دەکات کە بەرپرسیارە لە (پرۆسەی چێژ بەخشین)، هەمان بەشی مێشک کە لە کاتی سێکس یاخود چێژوه‌رگرتن لە قومار یاخود مۆسیقا دروستی دەکات. بۆ ئەو مەبەستە، زاناکان لە رێگەی ئامێری fMRI scan هەڵسان بە پشكنینی 19 کەسی تەمەن گەورە، کە زۆر دیندار بوون .لەو کاتانەدا کە ئەو کەسانە ئەزمونی ئاستێکی بەرزی رۆحانییان دەکرد، سەرنج درا بەشێکی مێشک کە ناسراوە بە nucleus accumbens کە زۆر گرنگە بۆ پرۆسەکردنی (بەخشیش پێدان)ی مێشکی، چالاک دەبێت. سەرنجیش درا کە لە ماوەی 1 بۆ 3 چرکە، ئەو هەست و سۆزە، دەگەیشتە لوتکە.
ئەم ئەزمونە چەند جارێک دوبارە کراوەتەوە و هەمان ئەنجامی به‌ده‌سته‌وه داوه. ئه‌زمونی نزیك به مه‌رگ/ ئه‌زمونێكی كه‌سییه كاتێ كه‌سێك تا سه‌ر لێواری مه‌رگ ده‌ڕوات، به‌ڵام نامرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ستكردنه به چوونه ده‌ره‌وه له جه‌سته، هه‌ستی مه‌له‌كردن له هه‌وادا، بێده‌نگییه‌كی ته‌واوه‌تی، بینینی تونێل و ڕوناكیی، بینینی كه‌سانی مردوو. ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له بواری زانستی ده‌مارناسییدا ئه‌نجامدراون،باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م ئه‌زمونه له ڕاستیدا وه‌همییه و به هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاری فیزیۆلۆجیی و ده‌رونییه‌وه ڕووده‌دات كه گرنگیترینیان كه‌می گه‌یشتنی ڕێژه‌ی ئۆكسجینه به مێشك و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌سه‌كه تووشی(وه‌همی بینینه‌كیی) بێت.
سودم له‌م سه‌رچاوه وه‌رگرتووه؛
*فلسفه و عرفان /والتەر ستیس،مترجم/ بهاءدین خرمشهاهی،انتشارات سروش.
نووسین و ئامادەكردنی/ دانا موحەمەد