هەمووان دەتوانین بگەین بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەواڵ لەڕێگەی سوشیاڵ میدیاوە بێگوومان سەرچاوەکان زۆرن ئێمەی خوێنەر، بیسەر و بینەر چۆن سەرچاوەیەکی درووست بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بە راستی و درووستی هەواڵ؟
چۆن ئامانجی کۆمەڵێک دامەزراوەی میدیا بزانین؟
چۆن بزانین ئەم هەواڵە بەهای هەیە یان نا؟
چۆن تێبگەین کام دامەزراوەی میدیایی بەدوای راستییەوەیە بۆئەوەی بیگەیەنێتە خوێنەرانی؟
هەواڵ بووە بە هەناسە و خۆراکمان منیش ماندووم بۆئەوەی چۆن میدیای دڵخوازی خۆم بدۆزمەوە و هەواڵی لێ هەڵهێنجم. لەوە دەچێت وەڵامدانەوەی ئەم چەند پرسیارە ئاسان نەبێت.
هەواڵ وەك یەكێك لە ژانرە هەرە گرنگ، بنەڕەت و سەرەكییەكانی میدیا و بواری رۆژنامەنووسییە پێویستە هەواڵ ئەمانەت و راستگۆیی تێدا بێت رەچاوی بابەتی بوون بکرێت، پێناسەی زۆر بۆ هەواڵ کراوە لێرەدا نامەوێت باسی بکەم و زیاتر روونی بکەمەوە، دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە.
“بەشێک لە کێشەکانی میدیایی کوردی”
هەڵەچن و خاڵبەندی: پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەبێت ئەوە بزانین هەندێک لەو میدیایانە کە ئێستا لە سۆشیاڵ میدیادا هەواڵ بڵاودەکەنەوە خۆیان وەک میدیا و دامەزراوەی هەواڵی دەناسێنن بەشێکی زۆریان زانیارییەکانیان کرچوکاڵن لەڕووی داڕشتن، زمانەوایی و خاڵبەندییەوە هێشتا لە سەرەتادا نین ئەلف و بێی بابەتەکە نازانن، کوردەواری پێیان دەڵێن فەریک.
کردنەوە لینک و وەرە کۆمێنت: هەندێکی دیکەیان بە خوێندنەوەی سیجییەکەیان تووشی دڵەڕاوکی دەبیت بە زۆری زۆرداری رادەکێشێت بۆ کردنەوەی وێبسایت، کردنەوەی لینک و گرێدان بە تێلیگرامەوە یاخود راتدەکیشن بۆ کۆمێنت و لەلایەکی دیکەوە داوا دەکەن چەند کۆمێنتێک بنووسیت بۆئەوەی زانیارییەکت پێبگات، بەڕاستی ئەمانە ژینگەی میدیایان پیس کردووە، دەبێت خوێنەر سزایان بدات و ئەنلایکیان بکەن.
کۆکردنەوەی لایک: بەشێکی دیکە لەو بەناو میدیایانە کە خۆیان سەیر ئەرشیفی رۆژەکە دەکەنەوە تەنها سەیری ئەوە دەکەن چەند بینەری هەبووە یان چەند لایک و کۆمێنتی بۆ هاتووە ئەوە بەگرنگ وەردەگرن نەک هاواڵێکی تەندرووست و پڕاو پڕ لە راستی، واتە ئەوەندی بەدوای کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتن هیچ مەبەست و ئامانجێکی دیکەیان نییە و بەتەواوەتی خۆیان لە ئەسڵی بابەتەکە و پیشەبوونی خۆیان دوورخستووتەوە.
جیاوازیی ناو و ناوەڕۆک: کێشیەکی دیکە کە خوێنەریان تووشی دڵەڕاوکێ کردووە جیاوازیی ناونیشان و ناوەڕۆکە، زانیارییەکان پێچەوانەن و ناونیشانی ساختە دادەنێن و وشەی زەبەلاح. یاخود لە لیدەكەدا پوختەی گرنگی بابەتەکە بڵاونابێتەوە، وەرگر ماندوو و توڕەدەكەن.
کۆپیی هەواڵ: کۆپیی پەیستی هەواڵ و زانیاری، ئەگەر کەمێک سەرنج بدەین هەواڵێک لە چەند میدیایەک بەهەمان داڕشتەوە بڵاودەکرێتەوە، هەواڵسازەکە وای لێهاتووە بووەتە مشەخۆر و گوازەرەوە، هەرگیز ناچێت بەدوای راستی و درووستی بابەتەکە بکەوێت کۆپی دەکات وەک خۆی دایدەنێتەوە بەبێ ماندووبوون ئەمە کاری بەشێکی زۆر لە میدیاکانن، لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە لە چەند شوێنێک وەک خۆی، بەدبەختی و نائومێدیا دەمێنێتەوە رۆژانە ناخمان تیرۆر دەکەن.
سیاسەتی نووسین: نووسینی یەک وشە لە یەک هەواڵدا بەدوو شێواز دەنووسرێت بە نموونە ئەوەندەی من سەرنجمدا وەک وشەی کۆمسیۆن لە بەشێکی دیکەدا بە کۆمیسۆن نووسراوە رۆژانە هەزاران وشە بەم شێوازە دووبارە دەبێتەوە، بەشێک لەو میدیایانە سیاسەتی نووسینیان نییە هەر رۆژە و بەئاراستە و شێوەیەک دەنووسن و هیچ رەگەزێکی هەواڵ نابینرێت لەم جۆرە میدیایانە.
نەبوونی ئامانج: گۆڕینی ئامانج هەندێک میدیا بەئاشکرا پێوەیانەوە دیارە هەر رۆژە و روو لەلایەکن و بەئاراستەیەک کار دەکەن هەندێک کاری و سیاسەتی ئەمڕۆیان پێچەوانەی دوێنێیە، رۆژێک ئەم کۆمپانیایە و رۆژێک لەو حزبەن واتە کێ و چ لایەنێک پارەیان تێبکەن بەو ئاراستەیە ئیش دەکەن بەناوی ریکلام و دەیان بیانووی دیکەوە وەریدەگرن کە لە ئەسڵدا وانییە بۆ ئاراستەی دیکەیە.
هەواڵسازی بیئەزموون: نەبوونی رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ، كێشەی پیشەیی، یاسایی و چەندین کێشەی دیکە درووستدەكات. چۆن دەكرێت رووداوەكە بەشێوەیەكی بابەتیانە رووماڵ بكات کە ناتوانێت بیکات، لە غیابی رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵدا و پشتبەستن بە رۆژنامەنووسی پێنەگەیشتوو ئەو هەواڵەی دەینووسێت بەها و نرخی نییە و خوێنەر تێرناکات و ژینگەکەش پیس دەکات، ئەویش بەهۆی خێرایی و كەمی تێچوون بە ئارەزووی خۆی هەواڵێک ئامادە دەکات هەرچۆن بییەوێت ئەوە دەکات.
رکابەری نادرووست: رکابەری نادرووست و مونافەسەی ناشەریفانە و تێپەڕاندنی میدیا هاوشنەکانیان ئەوەندەی ئەوەیان مەبەستە هیچی دیکەیان مەبەست نییە، دەیەوێت بزانێت چەند لایک زیاتری هەیە لە میدیا بەرانبەری کە خۆی بە رکابەری دەزانێت.
وێنە و رووخساری جوان: هەڵبژاردنی وێنەی کەم بەها، ئەوەش نەخۆشییەکی دیکەیە بەرۆکی میدیا ئێمەی گرتووتەوە کە بێ گونجاندن لەگەڵ ناوەڕۆک و جیاوازی ناونیشاندا وینە دادەنێت، لە هەندێک میدیاوە گرنگیدان بە رووخساری جوان بەتایبەت لە رەگەزی مێ کە ئەویش میدیاکە بۆ تەرویجدانی هەواڵەکەیەتێ، بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی دیکە و دەیهێنێتە سەر شاشە و یاخود مایکێکی دەداتە دەست بە ئارەزووی خۆی لایڤ دەکاتەوە.
ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆئەوەی بتوانین تێبگەین کام زانیارییە درووستە و کام سەرچاوەیە بۆ وەرگرتنی هەواڵ گوونجاوە.