شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە هەندێک ڕووەوە پێشەکی بوو بۆ جەنگی دووەم، لە کاتێکدا جەنگی جیهانی یەکەم کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری ئیسپانیا هەبوو. شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا شەڕێکی “بچووک” بوو بە بەراورد بە دوو جەنگە جیهانییەکەی دیکە. هەرچەندە ئیسپانیا بێلایەن بوو، بەڵام جەنگی جیهانی یەکەم کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئیسپانیا هەبوو لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. زنجیرەیەک لە حکومەتە لاوازەکانی ئیسپانیا لە نێوان جەنگەکاندا نەیانتوانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی وەک ئایینی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پاشایەتی، سەربازی و ناسیۆنالیستی ئیسپانیا بەڕێوەببەن. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٣٠دا دیموکراتەکان و فاشیستەکان و کۆمۆنیستەکان لە ئیسپانیا خەریکی شەڕ بوون بۆ ئەوەی ئیسپانیا نەبێتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو. هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا پێشەکییەک بووە بۆ جەنگی جیهانی دووەم.
“ئەو تەوەرانەی کە ئامەژەیان بۆ شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دەکرد لە جەنگی جیهانی یەکەمدا”
لە کاتێکدا ئیسپانیا لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا بە فەرمی بێلایەن بوو، بەڵام زۆرێک لە کۆمەڵگەی ئیسپانیا لایەنێکیان لە لایەنێکی دیکەوە پێ باشتر بوو. زۆرێک لەوانەی پشتگیریان لە ئەڵمانیا دەکرد، بەرگریکارانی داب و نەریت بوون؛ ئەرستۆکراسی، کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیکی، سووپاو پارتە سیاسییە ڕاستڕەوەکان. ئەوانەی پشتیوانی هاوپەیمانانیان دەکرد: پیشەگەری چینی ناوەڕاست و بۆرژوازی ، گرووپە دژە ئایینییەکان، کۆمارییەکان، لیبراڵەکان، ناسیۆنالیستە کەتەلۆنیەکان و زۆربەی ڕۆشنبیران بوون. لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، پاشا ئەلفۆنسۆی سێزدەهەمی ئیسپانیا زۆر زیاتر لەوەی لە پاشایەتییە دەستوورییەکانی دیکەی ئەوروپادا هەبوو، دەستوەردانی لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆییدا کرد. ئەمەش بەشێکی بەهۆی لاوازی سیمای دەستووری حکومەتی ئیسپانیاوە بوو. هەروەها لە کاتی جەنگدا، ئیسپانیا گەشەیەکی ئابووری لەناکاو و چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە بینی بەهۆی زیاتر خواست لەسەر هەناردەی ئیسپانیا و کەمتربوونی کاڵای بەرهەم هێنراو کە بەردەست بوو بۆ هاوردەکردن. بەڵام ئەم قازانجانە تا ڕادەیەکی زۆر لە دەستی چەند گروپێکی کۆمەڵایەتی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا چڕبووەوە. ناوچە کشتوکاڵییەکان لە ناوەڕاست و باشووردا تووشی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بوون.
لە ساڵی ١٩١٦دا دوو ڕێکخراوی سەرەکی بزووتنەوەی کرێکارانی هێشتا پێنەگەیشتوو لە ئیسپانیا داوای وەڵامێکی سیاسی کارایان کرد بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و کەمی خۆراک بۆ کرێکارێکی ئاسایی ئیسپانی. Unión General de Trabajadores (UGT) سەندیکایەکی کرێکاری سۆسیالیستی بوو، لە کاتێکداConfederación Nacional de Trabajo (CNT) ئەنارکیست-سەندیکالیست بوون. هەردوو ئەم سەندیکایە لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا پشتگیریان لە دۆزی کۆمارییەکان دەکرد.
کاتێک لە مانگی ئابی ١٩١٧دا مانگرتنی گشتی شۆڕشگێڕانە ڕوویدا، سوپا بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتی کرد. هەرچەندە هێزە چەکدارەکانی ئیسپانیا کە بەهۆی شکستەکانی جەنگی ئیسپانیا-ئەمریکی ساڵی ١٨٩٨ لاواز بوون، ئەوەندە بەهێز نەبوون کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا هەبێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٠٦دا بەپێی یاسای دەسەڵاتەکانی دادوەری کۆنترۆڵی ئازادی قسەکردن و کۆبوونەوەی ئیسپانیایان بەدەستهێنابوو. (یاسای دەسەڵاتەکانی دادوەری لە ساڵی ١٩٣١ لەگەڵ دروستکردنی کۆماری دووەمی ئیسپانیا کە تەمەنی کورت بوو، هەڵوەشایەوە). کاتێک جەنگی یهكهمی جیهان کۆتایی هات، قۆناغی گەشەی ئابووری ئیسپانیاش کۆتایی هات. ئەم گەشەکردنە ئابوورییە ژێرخانی پیشەسازی ئیسپانیای نەچەسپاند و سوودی بۆ کۆمەڵگا بە گشتی نەگەیاند. قۆناغی دوای جەنگ لە ئیسپانیا بە پاشەکشەی ئابووری تایبەتمەند بوو. هەروەها لەم قۆناغەدا، ئاژاوەی کۆمەڵایەتی لە دژی ئەو ڕژێمە سیاسییە چڕتر بووەوە کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو هۆشیاری و کۆکردنەوەی سیاسییە نوێیەدا نەبوو کە لە کاتی شەڕدا دەستی پێکرد و بەهۆی سەرکەوتنی هاوپەیمانان و سەرکەوتنی بەلشەفییەکان بەهێزتر بووبوو. جەنگی جیهانی یەکەم نایەکسانی ئابووری ئیسپانیا و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە کێشە ناوچەییەکان خراپتر کرد.
“دیکتاتۆرییەت پێش شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا”
لە ساڵی ١٩٢٣ بە پشتیوانی پاشا ئەلفۆنسۆی سێزدەهەم، کاپتن جەنەڕاڵ میگێل پریمۆ دی ڕیڤێرا کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا و حکومەتی پەرلەمانی ڕووخاند. دی ڕیڤێرا خۆی وەک دیکتاتۆری ئیسپانیا جێگیر کرد، بەڵام ئەلفۆنسۆی سێزدەهەم دوای سێ ڕۆژ بە کردنی بە سەرۆک وەزیران شەرعییەتی پێدا. دی ڕیڤێرا لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٠ دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی پشتیوانی پاشا و سووپای لەدەستدا. دوای دی ڕیڤێرا ژەنەراڵێک هاتە ئاراوە کە نەیتوانی ئیسپانیا بگەڕێنێتەوە بۆ نەزمی دەستووری ئاسایی خۆی. پاشان شا ئەلفۆنسۆ لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٣١ ژەنەڕاڵ خوان باتیستا ئەزنار-کابانیاس وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد، ئەزنار داوای کرد هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکرێت بۆ ڕازیکردنی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان و هەروەها گۆڕینی حکومەتە ناوخۆییەکانی دیکتاتۆریەت و دووبارە ناساندنەوەی نۆژەنکردنەوەکە، کە ئیسپانیای وەک دەستووری دامەزراندبوو پاشایەتی لە ساڵی ١٨٧٤. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ١٢ی نیسانی ١٩٣١ بەڕێوەچوو، پارتە پاشایەتییەکان لە ڕاپرسییە گشتییەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام کاندیدەکانی کۆمارییەکان لە ٤١ پایتەختی پارێزگاکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، لەنێویاندا مەدرید و بەرشەلۆنە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣١ وەک ڕاپرسییەک لەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی سەیر دەکرا و ئاژاوەی شەقامەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. بە وەزیرەکانی حکومەت گوترا کە ناتوانرێت پشت بە سووپا ببەسترێت بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی پاشایەتی. شا ئەلفۆنسۆی سێزدەهەم لە وڵاتەکەی هەڵات و لە ١٤ی نیسانی ١٩٣١ کۆماری ئیسپانیای دووەم ڕاگەیەندرا، کۆماری دووەمی ئیسپانیا کەمێک زیاتر لە پێنج ساڵ پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا توانی بەردەوام بێت.
“سەرەتای دەستپێکی کۆماری دووەمی بەدبەختی ئیسپانیا”
نیسیتۆ ئەلکالا-زامۆرا ی تۆرێس سەرەتا وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا و دواتر وەک سەرۆکی ئیسپانیا لە سەردەمی کۆماری دووەمی ئیسپانیادا خزمەتی کرد. لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣١ لە دەرەوەی یانەیەکی پاشایەتی شۆفێرێکی تاکسی هێرشی کرایە سەر، ڕووداوەکە بووە هۆی ئاژاوە و شەڕانگێزی دژی ئاینییەکان لە سەرانسەری مەدرید و باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا. وەڵامدانەوەی خاوی حکومەت وایکرد ئەوانەی لەلای ڕاست بوون باوەڕیان بەوە هەبێت کە حکومەتی نوێ ئامادەیە کەنیسە سزا بدات. لە مانگی حوزەیران و تەمموزدا، سەندیکای CNT بانگهێشتی چەندین مانگرتنی کرد، کە بووە هۆی سەرکوتکردنی بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن پاسەوانی مەدەنی و سوپا لە دژی CNT لە سێڤییا. زۆرێک لە کرێکاران پێیان وابوو کۆماری دووەمی ئیسپانیا بە هەمان شێوەی دەسەڵاتی پاشایەتی ستەمکارە و CNT نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ ڕووخاندنی حکومەتی نوێ لە شۆڕشێکدا. سۆسیالیست و کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣١دا دەنگێکی باشیان بەدەستهێنا.
ئیسپانیا وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکە بەدەست کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری گەوەرەی ١٩٢٩وە دەیناڵاند. حکوومەتی نوێ چاکسازی ئابووری هێنایە ئاراوە، بەڵام ئەمانە ئەنجامێکی تێکەڵاویان لێکەوتەوە. خاوەن زەویەکان ڕوویان کردە ڕێکخراوە دژە شۆڕشەکان و ئۆلیگارشی ناوخۆیی. مانگرتن، سووتاندن، دزی، دزینی شوێنی کار و دەستدرێژیکردنە سەر دوکان و مانگرتن شکێن و خاوەنکار و ئامێرەکان زیاتر بوو. چاکسازییەکانی حکومەتی کۆماری-سۆسیالیستی زامۆرا، چەند کەسی ڕازی کرد لەخۆی، ئەوەندەشی ناڕازی ناکرد لە هەمان کاتدا. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٣١ مانوێل ئازانیا دیاز بوو بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتێکی کەمینە. (زامۆرا لە مانگی ئۆکتۆبەر دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کێشایەوە و لە مانگی کانوونی دووەمیشدا بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا). فاشیزم وەک هەڕەشەیەک مایەوە و چاکسازییە سەربازییە مشتومڕاوییەکان ئەم مەترسییەیان بە زیندووی هێشتەوە. لە مانگی کانوونی دووەمدا دەستوورێکی نوێی لیبڕاڵ و دیموکراسی و ڕیفۆرمخواز ڕاگەیەندرا. زۆرێک لە کاسۆلیکە میانڕەوەکان دژی عەلمانیکردنی وڵاتەکەیان وەستانەوە، کە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانە کاسۆلیکییەکان و ڕێکخراوە خێرخوازیەکان.
کاتێک دەستووری نوێ پەسەند کرا، دەبوو ئەنجومەنی دامەزرێنەر هەڵبژاردنی ئاسایی پەرلەمانی ڕێکبخات و خۆی دوابخات. بەڵکو لەبەرئەوەی ترسی لە دژایەتی جەماوەری هەبوو، هەڵبژاردنی ئاسایی بۆ دوو ساڵ دواخست. لە هەوڵی حکومەتدا بۆ مۆدێرنکردنی ئیسپانیا، لە ساڵی ١٩٣٢دا، ئەو جێزوێتیانەی کە باشترین قوتابخانەکانی وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبرد، سزادران و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیرا. سوپا کەم کرایەوە. وە هەروەها خاوەن زەویەکانیش دەست گیرا بەسەر موڵک و ماڵیاندا. کەتەلۆنیا دەسەڵاتی ناوخۆی پێدرا کە پەرلەمانێکی ناوخۆیی و سەرۆکی خۆیی لەخۆگرتبوو. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٣ پاپا لە نامەیەکی گشتیدا ئیدانە لە سزادان و تاڵانکردنی کەنیسەی کاسۆلیکی لە ئیسپانیا دەکات.
“سەرکەوتنی ڕاستەکان لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ١٩٣٣”
پارتە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنی گشتیی تشرینی دووەمی ١٩٣٣دا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ناڕەزایی لە سیاسەتەکانی چاکسازیی زەوی و زاری حکومەت و ڕووداوی کاساس ڤیخاس و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ڕاستڕەو (کۆنفیدراسیۆنی گرووپە ڕاستڕەوەکانی ئیسپانیا [CEDA]) بەشدارییان کرد لە ئەم سەرکەوتنەی هەڵبژاردن. هەروەها پێدانی مافی دەنگدانی ژنان ژمارەی ئەو دەنگانەی زیاد کرد کە دەچوونە لای ڕاستی ناوەڕاست. ڕووداوەکانی دوای هەڵبژاردنی گشتی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣، ئەگەری شەڕی ناوخۆی زیاتر کرد. سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی ڕادیکاڵ (RRP) حکومەتێکی پێکهێنا کە زۆرێک لەو گۆڕانکاریانەی کە حکومەتی پێشوو کردبووی، پێچەوانە کردەوە. هەندێک لە پاشایەتی خوازەکان پەیوەندییان بە ڕێکخراوی فاشیست-ناسیۆنالیستی Falange Española کرد. تووندوتیژی ئاشکرا و چەکداری لە شەقامەکانی شارەکانی ئیسپانیا زیادی کرد. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٣دا نزیکەی ١٠٠ کەس لە یاخیبوونێکی بچووکدا لەلایەن ئەنارکیستەکانەوە لە وەڵامی سەرکەوتنی CEDAدا گیانیان لەدەستدا.
ساڵی دواتر کاتێک CEDA توانی بە زۆر قبوڵکردنی سێ وەزارەتی حکومەت بکات، سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان بە یاخیبوونێک وەڵامیان دایەوە کە نۆ مانگ بوو ئامادەکارییان دەکرد. یاخیبوونەکە گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی خوێناوی دژ بەیاسای بەرپاکراو. شۆڕشگێڕە چەکدارەکان لە کاتی کوشتنی ئەفسەرانی پۆلیس و پیاوانی ئایینی و خەڵکی مەدەنیدا تەواوی پارێزگای ئەستوریاسیان گرتە دەست. هەروەها بینا ئاینییەکان و بەشێک لە زانکۆکەیان لە ئۆڤیدۆ وێران کرد. هێزی دەریایی ئیسپانیا و سوپای کۆمارییەکانی ئیسپانیا پێویستیان بە دوو هەفتە بوو بۆ لەناوبردنی یاخیبوونەکە. سۆسیالیستە نائەنارکیستەکان هاوشێوەی ئەنارکیستەکان، نەزمی سیاسیی هەبوویان بە ناشەرعی ئیدانە کرد. پێچەوانەبوونەوە بۆ چاکسازی لە زەویدا، گۆڕانکاری لە بارودۆخی کارکردن لە لادێکانی ناوەڕاست و باشوور و تووندوتیژی دژی کرێکارانی کێڵگە و سۆسیالیستەکان کە لە ئەنجامدا مردنی لێکەوتەوە، دوژمنایەتی نێوان خاوەن زەوی و کرێکارانی ڕەقتر کرد. کرێکارانی چەپدەر دەرکران و چەکدارانی سەندیکا و سۆسیالیستی زیندانی کران و کرێی چینی کرێکاریش کەمکرایەوە.
“سەرکەوتنی چەپەکان لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ١٩٣٦”
سەرۆک زامۆرا دوژمنایەتی حکومەتی RRP بوو و لە شوباتی ساڵی ١٩٣٦دا بانگهێشتی هەڵبژاردنێکی گشتی دیکەی کرد. ئەمجارە بەرەی جەماوەری کە هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردنی ڕێکخراوە سیاسییە چەپەکانی جۆراوجۆر بوو، سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بەرەی جەماوەری سۆسیالیست و کۆمۆنیست و کۆماریخواز و ناسیۆنالیستی گالیسی و کەتەلۆنی و سەندیکاگەرەکانی لەخۆگرتبوو. لە ڕۆژ و نیوێکدا دوای هەڵبژاردنەکە، زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئاژاوەگێڕییەکان کوژران و زیاتر لە سەد کڵێسا و ناوەندە سیاسییە پارێزگارەکان هێرشیان کرایە سەر. جارێکی تر بانگەوازی مانوێل ئازانیا دیاز کرا بۆ پێکهێنانی حکومەت (دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣١ تا ١٩٣٣ سەرۆک وەزیران بوو). لە مانگی نیساندا، ئازانا بەهۆی کەلێنێکی دەستوورییەوە لەلایەن کۆنگرەی نوێنەرانەوە بە سەرۆکی ئیسپانیا هەڵبژێردرا. ئەوانەی لەلای ڕاستەوە بوون، قەناعەتیان پێگەیشت کە نەیارە سیاسییە چەپەکانیان، چیتر ئامادە نین پەیڕەوی سەروەری یاسا بکەن. ئەوان وازیان لە بژاردەی پەرلەمانی هێنا و دەستیان کرد بە پلاندانان بۆ ڕووخاندنی کۆمار.
ئەندامانی چەپی پارتی سۆسیالیستی (PSOE) پلانەکانیان بۆ گۆڕینی ئیسپانیا بۆ “کۆمارێکی سۆسیالیستی بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت” بڵاوکردەوە و هۆشدارییان دا لەوەی کە “پرۆلیتاریای ڕێکخراو” ڕەنگە دەستکەوتەکانی گەوەرتر بن وەک لەوەی چاواڕێیان لێدەکرێت. بەڵام ئیسپانیا لەبری کۆمۆنیزم یان سۆسیالیزم، دابەزی بۆ ناو گێرەشێوێنی. لە نێوان مانگی شوبات و تەمموزی ساڵی ١٩٣٦ زیاتر لە ٢٠٠ تیرۆرکردنی سیاسی لە ئیسپانیا ڕوویدا. شەپۆلی لێدانی بەرفراوان و هەندێکجار تووندوتیژی و وێرانکەر ڕوویدا، زەوییە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لە باشووری ئیسپانیا دەستیان بەسەردا گیرا، قوتابخانە کاسۆلیکییەکان بە هەڕەمەکیانە دادەخران، سووتاندن و لەناوبردنی موڵک و ماڵ ڕوویاندا، سانسۆر بەربڵاو بوو، دەست بەسەر کڵێسا و موڵک و ماڵی کاسۆلیکیدا گیرا، هەزاران کەس بەهەڕەمەکیانە دەستگیرکران و هێزە ئەمنییەکان دەسەڵاتیان لێ وەرگیرایەوە، چالاکییە نایاسایی و تاونکەرییەکان لەلایەن ئەندامانی پارتی بەرەی جەماوەری بەبێ سزا پشتگوێدەخران، سیستەمی دادوەری دەستکاری کرا و بە سیاسی کرا، و ڕێکخراوە ڕاستڕەوەکان هەڵدەوەشێنرانەوە. ئیسپانیا هێندە جەمسەرگیر بوو کە منداڵانی ئیسپانیا لەبری ئەوەی ڕۆڵی “ دز و پۆلیس” بگێڕن، یاری “بەرەی چەپ و ڕاست”یان دەکرد.
سانتیاگۆ کاسارێس کیرۆگا، جێگرەوەی سەرۆکوەزیران ئازانیا، هۆشدارییەکانی سەبارەت بە پیلانێکی سەربازی کە چەند ژەنەراڵێکی تێدا بەشداربوو، پشتگوێ خست. ژەنەڕاڵەکان بڕیاریان دابوو کە پێویستە حکومەت بگۆڕدرێت، ئەگەرنا ڕەنگە شایەتحاڵی هەڵوەشاندنەوەی ئیسپانیا بن.
“پلاندانان بۆ کودەتای سەربازی کە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیای دەستپێکرد”
ئەفسەرە سەربازییە جیاوازەکان هەر زوو دوای سەرکەوتنی بەرەی جەماوەری لە هەڵبژاردنە گشتییەکان لە ساڵی ١٩٣٦ دەستیان کرد بە تاوتوێی کودەتا. حکومەتی کۆمارییەکان هەوڵی دابوو جەنەڕاڵە گومانلێکراوەکان لە پۆستە کاریگەرەکان دووربخاتەوە. ژەنەڕاڵ ئیمیلیۆ مۆلا لە سەرۆکی سوپای ئەفریقاوە گواسترایەوە بۆ فەرماندەی سەربازی پامپلۆنا. ئەمەش تەنیا وای لێکرد کە ڕاپەڕینەکە لە ئیسپانیا خۆیەوە ئاراستە بکات. ژەنەڕاڵ فرانچێسکۆ فرانکۆ لە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی گشتی گواسترایەوە بۆ فەرماندەی سەربازی دوورگەکانی کەناری. ڕاپەڕینی ژەنەڕاڵەکان پابەند نەبوو بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی تایبەتەوە. ئامانجی کۆتاییهێنان بوو بە پشێوی گێرەشێوێن لە ئیسپانیا. پلانی مۆلا بۆ ڕژێمی نوێ بە “دیکتاتۆری کۆماری” وەسف کرا نەک دیکتاتۆرییەکی فاشیستی بێسنوور. ژەنەڕاڵ خۆسێ سانخورخۆ سەرۆکایەتی ئەم ڕژێمە نوێیەی دەکرد و “دەوڵەتێکی بەهێز و گوێڕایەڵ”ی دروست دەکرد. بڕیار بوو دەستووری ساڵی ١٩٣١ هەڵپەسێردرێت، بەڵام هەندێک لە توخمە لیبڕاڵەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
لە 23ی حوزەیرانی ساڵی 1936، ژەنەڕاڵ فرانکۆ نامەیەکی بۆ کاسارێس، سەرۆکوەزیران نووسی و ئاماژەی بەوەدا کە سووپا پلانی یاخی بوون دەدا، بەڵام ئەگەر فرانکۆ بکرێت بە بەڕێوبەر، دەتوانێت سوپاکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵێتەوە. کاسارێس نەیتوانی زوو مامەڵە بکات. پلاندانانی مۆلا بۆ کودەتاکە تادێت ئاڵۆزتر دەبوو و کاسارێس پێی وا نەبوو ئەو سەربازانەی کە بنکەکانیان لە ئیسپانیا بوو بەس بن بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە. لە مانگی تەمموزدا فرانکۆ کە ڕێزێکی زۆری لێدەگیرا لە سوپای ئەفریقادا، لە دوورگەکانی کەنارییەوە بە فڕۆکە ڕەوانەی مەغریبی ئیسپانیا کرا. فرانکۆ هەمیشە پێی وابوو کە یەکەکانی نوخبەی باکووری ئەفریقا لە کودەتاکەدا پێویست و گرنگن. لە 12ی تەمموزدا، فالەنگستە ڕاستڕەوەکان ئەفسەرێکی پۆلیسی سۆسیالیستیان کوشت. ڕۆژی دواتر پاشایەتی خوازێکی پێشەنگی ئیسپانیا و پارێزگاری پەرلەمان بە ناوی خۆسێ کالڤۆ سۆتێلۆ لە لەلایەن ئەندامێکی پۆلیسی وڵاتەوە تیرۆرکرا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک. لە کاتێکدا ساڵانێک بوو توندوتیژی سیاسی لە ئیسپانیادا بڵاوبووەوە، بەڵام ئەم تیرۆرە ئەو هاندەرە بوو کە بووە هۆی ئەوەی ژەنەڕاڵەکان پلانەکەیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێش تیرۆرکردنی سۆتێلۆ، مۆلا مەزەندەی کردبوو کە تەنها نزیکەی 12%ی ئەفسەرانی ئیسپانیا پشتگیری لە کودەتاکە دەکەن. ئێستا ناڕەزایییەکی زۆری گشتی لەسەر حکومەتێک هەبوو کە تەنانەت ڕێوشوێنی لە دژی بکوژەکانی سۆتێلۆ نەگرتەبەر. هەندێکی تریش بڕیاریان دا بەشداری یاخیبوونەکە بکەن، چونکە پێیان وابوو دەوڵەت نیشانی داوە کە ناتوانێت بێلایەن بێت. هاوکات سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان پێش دەستبەسەرداگرتنی سەربازی دەستیان کرد بە داوای دابەشکردنی چەک بەسەر خەڵکی گشتیدا. جارێکی دیکە سەرۆکوەزیران کاسارێس بێهەڵویست بوو.
“تێڕوانینی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا”
شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە ١٧ی تەمموزی ١٩٣٦ دەستی پێکرد، ڕۆژی دواتر سەرۆکوەزیران پێشنیاری یارمەتی لەلایەن CNT و UGT ڕەتکردەوە بۆ ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی کە گرووپەکانی یەکێتی بتوانن ئامادەبن بۆ شەڕ.لە سەرەتادا ژەنەڕاڵە یاخیبووەکان نەیانتوانی هیچ شارێکی گەورە بگرن جگە لە سێڤییا کە بووە خاڵی نیشتنەوە بۆ سەربازە ئەفریقییەکانی فرانکۆ. کاتێک سەربازەکان لە ئەفریقاوە گەیشتن، شاری کادیزیشیان گرت. ناوچە پارێزگارەکان و کاسۆلیکییەکانی پارێزگاکانی کاستیلی کۆن و لیۆن بە شێوەیەکی سەرەکی کەوتنە دەست یاخیبووانی سەربازی. جێگرتنەوەی کاسارێس وەک سەرۆکوەزیران فەرمانی دابەشکردنی چەک بەسەر خەڵکی مەدەنیدا دەرکرد. یاخیبووانی سوپا لە شارەکانی وەک مەدرید و بەرشەلۆنە و ڤالێنسیا شکستیان هێنا. ئەنارکیستەکان توانیان لەگەڵ بەشێکی گەورەی ئەراگۆن و کەتەلۆنیا دەست بەسەر بەرشەلۆنەدا بگرن. یاخیبووە سەربازییەکان خۆیان بە Nacionales ناودەبرد، هەرچەندە ماناکە لە “ئیسپانییە ڕاستەقینەکان” نزیکتر بوو وەک لە ناسیۆنالیستەکان. لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا ئەوانەی پشتگیریان لە حکومەتی هەڵبژێردراو دەکرد بە کۆمارییەکان ناسراون. ناسیۆنالیستەکان خۆیان وەک بەرگریکار لە شارستانیەتی مەسیحی لە بەرامبەر کۆمۆنیست و ئەنارکیستەکاندا دەڕوانی. کۆمارییەکان شەڕەکەیان بە کێبڕکێی نێوان ستەم و ئازادی دەڕوانی.
پشتیوانی لە لایەنی کۆمارەوە لە ناوەندگەرانەوە دەستی پێکرد کە پشتگیریان لە دیموکراسییەکی لیبراڵ سەرمایەداری مامناوەند دەکرد تا ئەنارکیستە شۆڕشگێڕەکان کە دژی کۆمار بوون بەڵام بەهێزتر دژی هێزەکانی کودەتای سەربازی بوون. کرێکارانی شار و کرێکارانی کشتوکاڵی و بەشێک لە چینی ناوەڕاست ڕیزەکانی کۆمارییان پڕکردەوە. پارێزگاران بەهێزی کاسۆلیکی لە وڵاتی باسک و بەشێکی زۆری گالیسیای کاسۆلیکی و کەتەلۆنیا کە زیاتر مەیلی چەپ بوو، هەموویان پشتگیرییان لە کۆمارییەکان دەکرد، چونکە دەرفەتی خۆبەڕێوەبەرییان پێشکەش بە هەرێمەکان دەکرد. لە لایەن ناسیۆنالیستەکانەوە پاشایەتیخوازەکان، ناسیۆنالیستە ئیسپانییەکان، ڕێکخراوی فاشیستی فالانج، زۆربەی پارێزگارانی سیاسی، لیبڕاڵە پاشایەتییەکان، بەشێکی زۆری سەربازی، خاوەن زەویەکان، بازرگانان و زۆربەی کاسۆلیکەکانی دەرەوەی ناوچەی باسک. تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٧ کەنیسەی کاسۆلیکی نیعمەتی فەرمی خۆی بە ڕژێمی فرانکۆ بەخشی. فرانکۆ لە یەکەمی تشرینی یەکەمی ١٩٣٦دا وەک فارماندەی گشتی سوپای نیشتمانی و سەرۆکی دەوڵەت دەستنیشانکرا.
تاکە دوو وڵات کە بە ئاشکرا پشتیوانی کۆماریان کرد، یەکێتی سۆڤیەت و مەکسیک بوون. دەیان وڵاتی دیکە بێلایەن مانەوە، هەرچەندە زۆرێکیان وەک فەرەنسا هاوسۆزی کۆمارییەکان بوون. ژمارەیەکی زۆر هاوسۆزی کۆمارییەکان لە بەریتانیا و ئەمریکا بوون. ئەوانەی بە ئاشکرا لایەنگری ناسیۆنالیستەکان بوون، بێنیتۆ مۆسۆلینی ئیتاڵی و ئەدۆلف هیتلەری ئەڵمانی، هەردووکیان چەک و سەرباز و فڕۆکەیان بۆ ناسیۆنالیستەکان دابین دەکرد. شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٩ کۆتایی هات، لە ٢٦ی ئازاردا ناسیۆنالیستەکان دەستیان بە هێرشێکی گشتی کرد و دوای دوو ڕۆژ، مەدریدیان داگیرکرد. تا کۆتا ڕۆژی مانگەکە ناسیۆنالیستەکان هەموو خاکی ئیسپانیایان کۆنترۆڵ کرد. فرانکۆ لە ١ی نیسانی ١٩٣٩ لە ڕادیۆ سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند، کاتێک دوا هێزی کۆمارییەکان خۆیان ڕادەست کردبوو.
“شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا: پێشەکیەک بۆ جەنگی جیهانی دووەم؟”
چەندین مێژوونووس شەڕی ناوخۆی ئیسپانیایان وەک پێشەکییەک بۆ جەنگی جیهانی دووەم سەیر کردووە. وەک لە جەنگی جیهانی دووەمدا، شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، لایەنێک لە پێشبینی هاوپەیمانییەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا دژی فاشیستەکان شەڕی کرد. بە تایبەتی سوپای هیتلەر ئەزموونێکی بێئەندازەی بەدەستهێنا بە تاقیکردنەوەی ئەو چەکانەی کە دواتر لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەکاری دەهێنا و دەرفەتی بە چەکدارانی هێزی ئاسمانی ناتزیەکاندا دا بۆ داڕشتنی تاکتیکی شەڕی ئاسمانی کوشندە. لە کاتێکدا شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا بۆچوونی نێودەوڵەتی لە دژی پەرەسەندنی هەڕەشەی فاشیستەکان هاندا، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا نەیانتوانی پشتگیری لە حکومەتی ئیسپانیا بکەن کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرابوو. ئەوە چەپی جیهانی بوو، کەمتر دیموکرات و لیبراڵەکان لە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان، کە لایەنگری کۆمارییەکانی ئیسپانیا بوون. نزیکەی ٤٠ هەزار هاووڵاتی بیانی لە نزیکەی ٥٠ وڵاتەوە لەگەڵ لیواکانی نێودەوڵەتی شەڕیان دەکرد، کە یەکە سەربازییەکان لەلایەن نێودەوڵەتی کۆمۆنیستەوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی بەرەی جەماوەری لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا دامەزرابوون.
هیتلەر لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هەوڵیدا ئیسپانیای فرانکۆ ڕازی بکات کە لە پاڵیدا شەڕبکات، بەڵام فرانکۆ ڕەتیکردەوە. هەندێک لەو تەوەرانەی کە هۆکاری بەشداربووی بەرچاو بوون لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، وەک بەرگریکردن لە ئایینی ڕۆمانی کاسۆلیکی، لایەنگرانی پاشایەتی و دوورکەوتنەوە لە گێرەشێوێنی، هۆکاری کاریگەر نەبوون لە جەنگی جیهانی دووەمدا. پرسەکانی دیکە، وەک بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو وەک هۆکاری پاڵنەر بۆ شەڕڤانان لە هەردوو شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا و جەنگی جیهانی دووەمدا دەرکەوتن. هەرچەندە ئیسپانیا نەچووە ناو جەنگی جیهانی یەکەمەوە، بەڵام هێشتا لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بوو. دوای نەوەیەک ئیسپانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا بێلایەن مایەوە، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا کاریگەری لەسەر بڕیاردەرانی هەندێک لەو وڵاتانە بووبێت کە لایەنگری دیموکراسی بوون، هەبووبێت کە چوونە ناو جەنگی جیهانی دووەمەوە بە نیشاندانی ئەوەی کە بێلایەنی ئاکامەکەی چی دەبێت.
https://www.thecollector.com/spanish-civil-war/
وهرگێڕانی؛ ئهحمهد ڕێبوار