“پێشه‌کی”
پێش ئه‌وه‌ی له ده‌روازه‌ی ڕۆژی 15ه‌ی ئایاره‌وه باسه‌که‌م ده‌ست پێ بکه‌م، ده‌بێت ئاماژه به‌م خاڵه گرنگه بده‌م که زمان بۆ کورد پێگه و پله‌یه‌کی ده‌بێت هه‌بێت که له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگاکانی دیکه جیاواز بێت به چه‌ند هۆکاری دیار. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئێمه ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆمان نییه تاکوو هه‌موو لایه‌نه کو‌لتووری و ژیاری و مێژووییه‌که‌مان به‌گوێره‌ی پێویست و له ده‌ره‌وه‌ی چه‌واشه‌کاریی مه‌کینه‌ی پشت هاوکێشه‌ی داگیرکا‌ر-داگیرکراو به ئاسانی بکه‌وێته گه‌ڕ و هه‌موو تاکێکی کورد له پانتایی به‌رفراوانی کوردستانی گه‌وره‌دا به‌شێوه‌یه‌ک وشیار و ده‌ره‌وه‌ست بکات که بۆ هه‌ر وشه‌یه‌کی کوردی و بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی ڕێنووس و هه‌ر به‌کارهێنانێکی نه‌شیاوی سێنتاکس و داڕشتن له‌وپه‌ڕی وه‌سواسی و هه‌ڵوێستنواندندا بێت.
بێگومان ئه‌وه‌ی له باشووری کوردستان چ له سه‌رده‌می شاخ و چ پاش ڕاپه‌ڕین کراوه سه‌رمایه‌یه‌کی دره‌وشاوه و مێژووساز بووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێویستی دۆزی کورد و دۆخی زمانه‌که‌ی نه‌بوون و نییه واته به‌گشتی ئێسته ئێمه له قه‌یرانێکی گشتیدا ده‌ژین که هه‌ندێک لایه‌نی ئه‌رێنی له ئه‌کته‌کانی ئێمه‌دا به‌دیهێناوه و هه‌ندێک لایه‌نی نه‌رێنیشی هه‌یه که له ئاستێکی گشتیدا به قووڵی ده‌سته‌ویه‌خه‌ین له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام باشووری کوردستان به هه‌موو ئه‌و دۆخه قه‌یراناوییه‌وه ترۆپکی هیوا و هاوکات دوندی چه‌که‌ره و گه‌شانه‌وه‌ی زمانی کوردی بووه و هه‌یه، ئێمه خه‌سارناسانه چاو له بابه‌ته‌که ده‌که‌ین، چونکه ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئاسۆیه‌کی ڕوون و گه‌شتر بین یان به ده‌ربڕینێکی دیکه ئه‌و ئاسۆیه بنه‌خشێنین. خودی هۆکاری یه‌که‌م واته نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ که بڕیاره‌کانی ته‌نها له باشووری کوردستاندا کورت نه‌بێته‌وه و له‌سه‌ر دۆخی زمانی و پێشخستنی زمان به ئاڕاسته ستاندارد و دواتر یه‌کگرتووه‌که‌یدا کاریگه‌ر بێت، هۆکارانی دیکه‌ش به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. هۆکارێکی دیکه که هۆکاری یه‌که‌م به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنیت و شیاوی ئاماژه‌پێدانه ئه‌مه‌یه که تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی به‌شی زۆر داموده‌زگا میدیایی و ڕاگه‌یاندنه‌کانی باشووری کوردستان له وشه‌ی نامۆ و داڕشتنی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی زمانیی باشوور( سلێمانی و…) و ئیدیۆمه نه‌ناسراوه‌کانی زمانی کوردی له ڕۆژهه‌ڵات له ئه‌زموونی خۆیان جۆرێک سڵه‌مینه‌وه و هه‌مبه‌روه‌ستانه‌وه به‌دیده‌کرا و ئه‌مه‌ش ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ره ستاندارده‌ی که بڕیاره زمان له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نیی درێژخایه‌ندا به‌ره‌و جۆرێک له گه‌شه و یه‌کگرتوویی ببات له فۆرم و ڕووبه‌رێکی بچووک له کوردستان واته باشوور قه‌تیس بکرێته‌وه.
به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه به ڕۆشنگه‌ریی زیاتر و دانوستانی هه‌میشه‌یی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و له‌وه‌ش گرینگتر بوونی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌کوو ڕایه‌ڵه‌یه‌کی پته‌و و مه‌عنه‌ویی نێوان کوردی هه‌ردوو دیوه‌که ئه‌م تێڕوانین و هه‌ڵوێسته ته‌واو شل و شۆڵ بووه و ده‌توانین بڵیین ڕه‌ویوه‌ته‌وه و ئێسته زۆربه‌ی داموده‌زگاکانی ئه‌وێ به ڕوانگه‌یه‌کی کراوه چاو له توانایی و پوتانسییه‌له‌کانی زمان له‌و دیو سنووره ده‌سکرده‌کان ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش گرێدراوێتی نێوان شوناسی باشوور و ڕؤژهه‌ڵاتی له ڕێگه‌ی هه‌ودای پته‌وه و نه‌پساوه‌ی زمانه‌وه زیاتر شه‌ته‌ک داوه و ئاسۆی ڕوونمان بۆ ده‌نه‌خشێنێت. هۆکاره‌کانی له‌قه‌یراندابوونی دۆخی ئێمه و زمانه‌که‌مان له‌وه زیاتره لێره ته‌نانه‌ت وه‌کوو تایتڵ و سه‌ردێڕیش باسی بکه‌م و ته‌نها تیشکێکم وه‌کوو پێشه‌کی خستووه سه‌ر دۆخه گشتییه‌که تاکوو به‌م ئه‌نجامه بگه‌م که به سه‌رنجدان به ئاوه‌ها دۆخێک ئێمه له یه‌ک ڕؤژی دیاریکراوی فه‌رمیدا ده‌توانین زمانی کوردی یاد بکه‌ینه‌وه و پیرۆزی که‌ین به‌ڵام به شێوه‌ی نافه‌رمی و ڕه‌مزی و مه‌عنه‌وی ده‌بێت به‌رده‌وام له بیرمان بێت که هه‌ر ڕۆژ ڕؤژی زمانی کوردییه، ڕۆژی چێز و ئازاره‌کانمانه به زمانی کوردی، شه‌وی پڕ خه‌ون و خه‌یاڵمانه به تیشکی تیرێژی زمانی کوردی.
“ڕۆژی زمانی کوردی و پێویستییه په‌روه‌رده‌ییه‌کان”
“ڕۆژی زمانی کوردی به‌رامبه‌ر به 15ی ئایار واته 25ی گوڵان دیاری کراوه. له‌م ڕۆژه‌دا و له ساڵی 1932 یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری “هاوار” له ژێر دستی “جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان” له شاری دیمه‌شقی وڵاتی سووریا هاتووه‌ته وه‌شاندن. هه‌روه‌ها له ساڵی 1954 یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری “هه‌تاو” له شاری هه‌ولێر له‌م ڕۆژه‌دا ده‌رکرا و بڵاو کرایه‌وه. و هه‌ر له‌م ڕۆژه و له ساڵی 1963یش گۆڤاری “ڕۆژا نوێ” له شاری ئه‌سته‌مبووڵ یه‌که‌مین ژماره‌ی خۆی ده‌رکرد”. له ڕۆژی زمانی کوردی‌دا ئێمه به ئاسانی ده‌توانین ئه‌م ڕووداوه گرنگه مێژوویی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌وانییانه بهێنینه‌وه بیر خۆمان و له سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵوێسته بکه‌ین که ڕه‌وتی ڕۆشنبیری و پیتۆڵان و دڵسۆزانی ئێمه چ خه‌م و په‌رۆشییه‌کیان بۆ زمانی کوردی هه‌بووه و زێده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بڵێین له سه‌ره‌تادا یه‌که‌مین هه‌وڵه‌کان بۆ ده‌رکردنی ڕؤژنامه و بڵاڤۆک و گۆڤاره‌کان به شێوه‌ی په‌رته‌وازه و نیوه‌چڵ له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای کوردستان بووه، چون خودی کوردستان به‌ڕاده‌یه‌ک له لایه‌ن داگیرکه‌ران و هاوکێشه‌ی پاش جه‌نگی جیهانی و نه‌زمی نوێوه زه‌خت و خنکان و تۆقانی به‌سه‌ردا سه‌پابوو که ئیش‌کردن له‌و بواره‌دا به‌شێوه‌ی ئازاد له‌بار و ته‌یار نه‌بووه.
ئه‌گه‌رچی له باشوری کوردستان له پاش شۆڕشی ئه‌یلوول و ململانێ و دانوستانی به‌غدا و کوردستان جۆره ئازادییه‌کی ڕێژه‌یی و سیاسه‌تته‌وه‌رانه و کاتی بۆ زمانی کوردی و نووسینی کوردی له لایه‌ن به‌غداوه هاته ئاراوه، به‌ڵام ئه‌مانه هیچ له‌وه ناگۆڕن که کوردستان وه‌کوو لانکه‌ی بوون و زمانی کوردی تا ساڵی 91 و ڕزگاربوونی به‌شێک له‌و پارچه‌یه‌ی نیشتمان ڕێگه‌ی پێ نه‌درا به زمانی خۆی بژێت و کاروباری ڕۆژانه و ئیداری و په‌روه‌رده‌یی ڕاپه‌ڕێنێت. زمانی کوردی له گوتاری شۆڤییانه‌ی عه‌ره‌بی-ئیسلامیی به‌عسییه‌کاندا ته‌نها ئامراز و ئامێرێک بووه و هیچ کات وه‌کوو ماف و حه‌قێکی خواپێ‌داو و زاتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی غه‌یری عه‌ره‌ب دانی پێدانه‌نراوه و ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێک بووه که له ئێرانی سه‌رده‌می پاشایه‌تی(په‌هله‌وی دووهه‌م) و سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامیش پێڕه‌و کراوه و ئێسته‌ش ئه‌مه هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه ده‌بێت له‌مه تێبگه‌ین که هیچ کام له‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسییانه دانیان به زمانی کوردی‌دا نه‌ناوه. هه‌ر ئێسته‌ش دوای چل ساڵ زیاتر له ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای سه‌ده‌یه‌ک زیاتر له ڕه‌وتی مه‌شرووتیه‌ت و به‌ناو ڕۆشنگه‌ریی ئێرانی به زمانی کوردی ده‌ڵێن له‌هجه و گویش “زار و بنزار” و به نه‌ته‌وه‌ی کورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دانیشتووی ئێران ده‌ڵێن “قه‌وم” که له ڕاستیدا جگه له سووکایه‌تیکردن و نزمنیشاندانی ئه‌م نه‌ته‌وه و زمانانه هیچ واتایه‌کی دیکه‌ی نییه.
خودی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان له‌هه‌مبه‌ر زمانی کوردی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که به‌باشی درکیان به ڕۆڵی زمان له بنیاتنان و گه‌شه‌پێدان و کامڵکردنی شوناس “هه‌م به مانا مرۆییه‌که‌ی و هه‌م به مانا نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی” کردووه، و و هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه بووه له زمان که به‌خته‌وه‌رانه به‌شێکی زۆر له ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی گه‌له‌که‌ی ئێمه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه درکیان به ڕۆڵی شوناسبه‌خشانه و کو‌لتوورسازانه‌ی زمان کردووه و تا ئێسته‌س گوتاری “زمان، شوناسمانه” هه‌ر زاڵه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م گوتاره به هه‌موو دره‌وشاوه‌ییه‌کانییه‌وه له قۆناغی پاش شاخ و دامه‌زراندنی حکوومه‌تی کوردستان و ژیانی شارییانه‌ی کورد و زمانی کوردی به شێوه‌ی ئازاد له باشوور هێشتا به باشی پراکتیزه نه‌کراوه، یان با بڵێین هێشتا زۆری به به‌ره‌وه ماوه، ئێمه کاتێک ده‌ڵیین زمانی ئێمه کوردییه واته زمان له هه‌موو ئاسته‌کانی ژیان و بوون؛ چێژ و ئازار و تووڕه‌یی و خه‌ون و خه‌م و هه‌موو ئه‌و شته‌ی بوونی مرۆڤ و شوناسی تاکی کورد شکڵ پی ده‌به‌خشێت، به‌کار بهێنین، ڕۆحی زمان وشه‌ی ڕه‌سه‌نی ئه‌و زمانه‌یه، کاتێک ئێمه له باشووری کوردستان به چێشتخانه بڵێین مه‌تعه‌م و له ئێران بڵێین ڕێستوران (که خۆی ئینگلیزییه!) ئیتر چۆن ده‌توانین له ناو زماندا و بۆ زمان بژین؟ ئیتر کوا ده‌توانین په‌یوه‌ندی نه‌پساوه و توند و تۆڵی زمان و شوناس بپارێزین؟ بۆچی ده‌بێت به تووڕه‌بوون بڵێین عه‌سه‌بی، له کاتێکدا هاوتایه‌کی ڕه‌سه‌ن و ئاماده و باو و له‌مێژینه‌ت بۆ ئه‌و وشه‌ی عه‌ره‌بییه(عه‌سه‌بی) هه‌یه؟
بۆچی له هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵێک وشه‌ی جوانی کوردی که خه‌ڵک به‌کاری دێنێت و باوه و جوانه و له یاده‌وه‌ریی زمانی ئێمه‌دا ڕه‌گی داکوتاوه بێین وشه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی دابنێین؟ ئایا ئێمه وه‌رگێڕی پێچه‌وانه‌ین و دژ به زمان و شوناسی خۆمان؟ یان ئه‌مه هه‌یمه‌نه و باڵاده‌ستییه‌کی کو‌لتووری و پلانێکی سیاسیی داگیرکه‌رانه که ئێمه به‌هۆی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه که‌وتووینه‌ته ناوییه‌وه و به شانازییه‌وه!، تێیدا به ڕووت و قووتی باڵه‌مه‌له ده‌که‌ین؟ تۆی هاوزمانی باشووری و ڕۆژهه‌ڵاتی کاتێک دوو شیعری مه‌حوی و شیعرێکی مه‌لای جه‌زیریت له‌به‌ر نییه چۆن دێی به حه‌ماسه و په‌رۆشییه‌وه گوێ له شه‌جه‌ریان ده‌گریت و وه‌ریده‌گێڕیت بۆ سه‌ر زمانی کوردی و ده‌ڵێی هونه‌ر شتێکی جیهانییه؟ بۆچی له باتی پێم سه‌یره یان پێی سه‌رسامم بڵێین پێی موعجیبیم؟ و ده‌یان باس و خواسی دیکه‌ی له‌م چه‌شنه، ئه‌م داکه‌وتن و پاشه‌کشێیه له شوناس و زمانمان له هه‌ندێ ئاستدا و له ناو هه‌ندێ چین و توێژدا پێش هه‌ر شتێک له خێزانه‌کانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و به پله‌ی یه‌که‌میش ژنان (واته دایکان و هاوسه‌ران و…) له‌م ئاست و که‌ناڵه‌دا لێی به‌رپرسیارن،”هه‌م له گه‌شه‌کردنی زمان و هه‌میش له داکه‌وتن و لاوازبوونی”، و له که‌ناڵ و ڕێره‌وی دیکه‌ی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه به دڵنیاییه‌وه هه‌موو دامه‌زراوه حکوومی و ناحکوومییه‌کان ده‌بێ هه‌م به باشی له‌م ڕاستییه‌ی په‌یوه‌ندی شوناس و زمان و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و دره‌وشانه‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌کان له‌و چوارچێوه‌یه تێ بگه‌ن و هه‌میش ئه‌م تێگه‌یشته مه‌عریفییه بڵاو بکه‌نه‌وه و له ناو کۆمه‌ڵگادا و له زه‌ینی تاک و کۆمه‌ڵدا ڕه‌گئاژۆی بکه‌ن.
ڕۆژی زمانی کوردی ده‌بێت یادکرنه‌وه‌ی ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌کانمان بێت له ئاست مرۆڤبوون و کوردبوونی خۆمان، ڕۆژی قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر له ڕۆڵی زمان له تێگه‌یشتن له شوناسی خۆمانه هه‌م وه‌کوو مرۆڤ و هه‌م وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک به کۆمه‌ڵێک به‌های کو‌لتووری و فیکری و مه‌عریفی جیاواز له‌وانی دیکه‌وه، هاوکات که تێگه‌یشتنه له‌م ڕاستییه‌ی که زمانی کورد دره‌ختێکی به‌ساڵاچوی پڕ لق و پۆیه و له زۆر سه‌رده‌مدا برینیان خستووه سه‌ری و زامداریان کردووه و ئێمه ده‌بێت هه‌ر ساڵه و هه‌ر ڕۆژ هه‌توان و مه‌ڵهه‌مێک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و برین و زامانه و به تیماری وشه و ڕسته و زانست بیهه‌نوین و ساڕێژی که‌ین تاکوو ئه‌م دره‌خته مه‌زن و پڕ هه‌یبه‌ته زیاتر و زۆرتر باڵا بکات و جیهانی مرۆڤا‌یه‌تی پێی زه‌نگین و ڕه‌نگین بێت.