لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەر موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە(مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرموچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرزکردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی موچەکان و سەرموچەی ساڵانە هاتووە .
سەرموچەی ساڵانە:
لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرموچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە ۹ی ئەم یاسایە.
هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە:
یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرموچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین ڕادەی موچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرموچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی.
دووەم: فەرمانبەری پایە 11ی پلە یەکی وەزیفی سەرموچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین ڕادەی پلە باڵاکان (ب)
پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر.
لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە:
یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی.
سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە:
ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی.
ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١)
ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە.
د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا.
لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرزکردنەوە).
لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە:
یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ بینینی داواکارییەکانی پلە بەرزکردنەوە لە ماوەی ٦٠ رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە ٦ی ئەم یاسایە.
دووەم: فەرمانی پلە بەرزکردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرزکردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرزکردنەوەکەی.
مادەی هەشتەم:
یەکەم: ئەگەر موچەی فەرمانبەری پلە بەرزکراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ موچەکەی هاوتا بێت.
دووەم: ئەگەر موچەی فەرمانبەری پلە بەرزکراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا موچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.