کورد لەمێژە گوتوویەتی (دۆست گۆشتیشت بخوات ئێسقانت ناشکێنێ)! هەستی ئینتیما بۆ خاک و وڵات و ژینگەی لەدایکبوون هەستێکی دەروونی و ڕۆحیی تایبەتە لای مرۆڤ، بەجۆرێک، کە بە هیچ خۆشییەکی دونیا پێوانە ناکرێت. خەڵک هەیە گەشت دەکات بۆ ئەوپەڕی دونیا و دەچێتە جوانترین وڵاتەکان، هەم بۆ ژیان، هەم بۆ گەشتیاری، بەڵام بۆشاییەکی دەروونیی لە هەستیدا هەر دەمێنێ، کە خۆشەویستیی وڵاتە و وای لێ دەکات بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی.
حەزی خۆماڵیبوون بۆ ژیان حەزێکی خۆڕسکی ڕۆحی و دەروونییە، کە وا لە تاک دەکات وڵاتەکەی لە هەموو شتێکی دونیا لا پیرۆزتر بێت، ئەوە نییە شاعیر پڕ بە گەرووی دەبێژێ (زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بە قەسری قەیسەری، جۆگەلە و کانی وەکوو کەوسەر، هەوای وەک جەننەتە).
بۆیە لەو سۆنگەیەوە، ناکرێ مێرخاسێکی کورد، کە بە ئاو و هەوای لادێکانی کوردستان و بە جلی کوردی و زمانی کوردی گۆش کرابێ، بتوانێ بێتە سەر دینی بێگانە و بە ئاوازی ئەو بخوێنێ، ئەمە پێچەوانەی گوزارشتی خودبوون و ئارامیی ڕۆحی و هەستە ناوەکییەکانی مرۆڤە، ئاخر دەکرێ هەڵپەڕکێی کوردی و ئاهەنگی نەورۆز و حەیران و بەستە و لاوک و قەتار و ئەڵاوەیسی، کە ڕەمزی بەرخودانی کوردن، بگۆڕینەوە بە عەنتابە و عەگال و جلداشە؟ دەکرێ هەستە دەروونییەکانی خواردنی گوێزی هەورامان و هەناری هەڵەبجە و هیران و هەنگوینی باڵەکایەتی و ماستی مەڕی دەشتی هەولێر بگۆڕینەوە بە خورما و ڕوتاب و قەسپ؟!
ئاخر دەکرێ هەستێک پڕ بێت لە سۆز و ستاتیکای ژیان، بە شیعرەکانی نالی و گۆران و مەحوی و بێخود و زیوەر و حاجی قادر، بیگۆڕیتەوە بە بەدر شاکر سەییاب و جەواهیری و فڵان و فڵان؟
کوردبوون شکۆمەندی و ناسنامە و شانازییە، هەستی نەتەوەیی و قوربانیدانە بۆ ژیان، لەوەتەی کورد هەیە شەڕی مانەوەی کردووە بۆ ژیان، دژی بێگانە شەڕی خۆبەڕێوەبەری و خۆماڵیبوونی کردووە، شۆڕشەکانی دوێنێی کورد شاهێدیی ئەم ڕاستییەن.
دەروونی مرۆڤی کورد ئەگەر خۆشەویستیی خاک و سروشت و لادێ و جلی کوردی و زمانی لێ دەربێنی، چی دەمێنێتەوە، کە پێی هەست بە بوونی خۆی بکات، یان بە بڕوابەخۆبوونەوە بڵێ منیش هەم؟
هەموو شۆڕش و هەوڵەکانی کورد بۆ گوزارشتکردن بوون لە خودێکی دەستەمۆنەکراوی خۆماڵی، ئەمەش لە ئاستی سیاسەت و کولتوور و ئەدەب و هونەردا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە!
بۆیە ناکرێ و ناشێ میللەتێک ئەم هەموو قوربانییەی بۆ ویستی خۆبەڕێوەبەری و خۆماڵیبوون دابێ، ئێستا باوەش بۆ بێگانە بکاتەوە، بێگانەیەک، لەوەتەی هەیە ڕاسیستانە هەوڵی سڕینەوەت دەدات و هەڵوەدای ئەوەیە لە جامی مەزهەبگەرادا، لەسەر مێزی شەهوەت شەرابی ئازارەکانی کورد بنۆشێ.
ئاخر چۆن دەکرێ هیوا لەسەر بێگانەیەکی وا هەڵبچنرێ، کە وەکوو مرۆڤ نەتخوێنێتەوە و یاریی بە هەستەکانت بکات، یان هەر ڕۆژە و بە ئاوازێک بۆت بخوێنێ؟!
بۆیە کوردبوون هەم چێژە و هەم ئازار، چێژە لەبەر ئەوەی گوزاشتە لە دەریایەک خوێن و قوربانیدان و هێزی بەرەنگاری و مانەوە و پێ داکوتان لە ژیان، ئازارە لەبەر ئەوەی، کە بێگانەکان دەیانەوێ چێژی خۆماڵی بوونمان لێ بسەنن و چیتر بەئیرادەوە شەڕی ژیان نەکەین.