چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا برادەرێكی خۆشەویستم پەیامێكی بۆ ناردبووم و پرسیاری كردبوو: “چییە ئەوە؟ لای تۆ هێشتا كوردستان یان نەمان و كوردایەتی هەیە؟ هەر ماوە؟؟” دیارە بەهۆی هەندێ نووسین و هەڵوێستم ئەو پەیامەی ناردبوو و دواتر تێگەیشتم كە بە جۆرێك لە سوعبەت ئەو پرسیارەی كردووە، ئەگینا خۆیشی تا بڵێی كەسێكی نیشتیمانپەروەر و پەرۆشە.
جیا لەو پرسیارەی برادەرەكەم، بەڵێ بەداخەوە لەناو خودی كوردستاندا تەنانەت لەلایەن هەندێ خەڵكی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئاكادیمی و میدیاكاریشەوە ئەو گوتارە خەریكی برەودانە كە ئیدی نیشتیمان و ئەو مەفاهیمانەی پەیوەستن بە خاك و كوردبوون بەسەرچوو هەژمار بكرێن و تەنانەت باسكردنیشی بچێتە چوارچێوەی شەرم و عەیبەش. ڕەنگە بوونی كێماسیی ناوخۆیی و ململانێی سیاسیی لایەنەكان و بەهێزبوونەوەی خۆسەپاندن و تایفەگەریی و ناوەندگەرایەتیی لەلایەن دەستەڵاتدارانی ئێراقەوە جۆرێك لە نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستان دروست كردبێت، هەتا ڕادەیەك كە هەندێ كورد ڕەوایەتی بدەنە زێدڕۆییەكانی دەستەڵاتدارانی ئێراقی، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا ئەو پاساوانە ئەرزشی ئەوەی هەیە تۆ ڕێگە بەخۆت بدەی پشت لە چەمكە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانت بكەی؟
ئایا بوونی گرفت و كێشە لەناو خێزان و دامەزراوە و وڵات و هەر یەكەیەكی تری كۆمەڵایەتی، دەبێ هانمان بدات كۆی پڕۆسەكە بە هەڵە بزانین و گاڵتەی پێ بكەین؟ ئایا ئەگەر نەیارە مێژووییەكانمان بەهێز و دڕ و ناتەبیعی بن و یاسا نێودەوڵەتییەكان دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان قەدیان گرتبێت، كەواتە دەبێ دەستبەرداری ئەو مەفاهیم و پێناسانە بین كە پەیوەستن بە بوونمانەوە؟
خۆ ئەمە بابەتێكی تازە نییە، لە زۆر وێستگەی مێژووییتریش كورد تووشی گرفتی خۆبەكەمزانین و مەیلی خۆبەدەستەودان بووەتەوە. پرسیار ئەوەیە بۆچی بەردەوام ئێمە بە كەم سەیری خۆمان دەكەین و ئەوی تر لەخۆمان باشتر و ڕەواتر و لەسەر حەقتر دەبینین؟
وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەرییانە دەبێ خەڵكی شارەزا و مێژووزان و دەروونناس بدەنەوە و لە تاقەتی ئەو نووسینەدا نییە، بەڵام حەقیقەتێكی ڕەها هەیە كە دەبێ لەژێر هەر بارودۆخ و دڕدۆنگی و نالەباری و ناكامییەكدا تاك تاكی كوردستانیان بڕوایان پێی هەبێ و بەردەوام لەگەڵ خۆیاندا بیڵێنەوە.
ئەو دەرفەتەی بۆ ژیان لەسەر گۆی زەوی دراوەتە ئینسانەكان، دەرفەتێكی یەكسانە. گەلی كوردستان بەشێكە لە مرۆڤایەتی و دەبێ پارێزگاری لە بوونی خۆی بكات و بمێنێتەوە. هەروەكچۆن نەتەوە و گەلەكانی تر مافی سەروەری و خۆپێگەیاندن و پێشكەوتنیان هەیە، گەلی كوردستانیش ئەو مافەی هەیە. جگە لەوەش گەلی كوردستان سەروەری و سنوور و پەرژینی نییە هەتا بپارێزرێ و بەردەوام لەژێر هەڕەشە و پیلانگێڕی و نكۆڵیكاریدایە. ئێمە گەلێكی زوڵملێكراو و دابەشكراوین و هەڕەشەی وجوودیمان لەسەرە بۆیە زیاتر لەهەر نەتەوەیەكی تر ناسنامە و خاك و كەرامەت بۆ ئێمە مانای ژیان و مانەوە دەدات. دەبێ هەموومان پرسیار بكەین:
ئەگەر خاك و ناسنامە گرنگ نین ئەدی بۆچی داگیركاران ئەوەندە هەستیارن بە خاك و ناسنامەیان؟ بۆچی ژووری عەمەلیات و ناوەندی لێكۆلینەوەی ستراتیژی و ئەمنی قەمییان هەیە؟ بۆچی خاك و سنوور و كەرامەت و وجوود بۆ ئەوان بەسەرچوو نیە، بەڵام بۆ كورد بەسەرچووە؟ بۆچی هەموو نەتەوەكان ئاڵا و مەراسیم و سروودیان هەیە و بە شانازییەوە ڕێزی لێ دەگرن، بەڵام بۆ ئێمە دەبێ بە شەرمەوە باسی بكەین؟ ئێراقییەكان كە نەیانتوانیوە دەوڵەتێكی سەردەمیانە و گونجاو بۆ ژیان بنیاتبنێن و یەكەمی وڵاتە گەندەڵ و هەژارەكانە كەچی ڕێزی ئاڵا و مەفاهیمەكانیان دەگرن.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی كە زۆر دژی كۆماری ئیسلامین، بەڵام سەیریان بكەن لە بابەتی خاك و سنوور و دژایەتیكردنی مافی گەلی كورد و كەمینەكانی ئێران زۆر لە كۆماری ئیسلامی توندترن، هیچ شەرمیش ناكەن و بە عەیبەی نازانن. ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی سەرباری ئەوەی كێشەی زۆر قووڵیان لەگەڵ حكوومەتەكەی نەتانیاهۆدا هەیە، بەڵام لە دۆخی شەڕ و مان و نەماندا پشتی حكوومەتەكەی ئیسرائیلی دەگرن. ئەمە و دەیان و سەدان نموونەی تر هەن كە پێمان دەڵێن بۆ خەڵكی سەرانسەری جیهان بابەتی بوون و خاك و كەرامەت ئەولەویەتی شتەكانە. بۆ گەلی كوردستان كە بوونی لەژێر هەڕەشە و پرسیارە دەبێ زیاتر لە خەڵكی تر پێداگر بین لەسەر ئەو بەهایانەی مانای بوون و مانەوەمان دەدات.
خۆزگە لەناو كورددا لەپاش ئەو هەموو زوڵم و ئەنفال و ناحەقیە كە لەبەرانبەریدا كراوە، كەس پێی شەرم نەبا باسی شانازییەكان و وڵاتەكەی بكات. یانیش خۆزگە لە جیهاندا یەكسانی و عەدالەت هەبا، و دەوڵەت و سنوور و نەتەوە و پاسپۆرت و شەڕ و چەوسانەوە بوونیان نەبا، ئەو كات ڕاستە، شەرم بوو كورد باسی كوردستان بكات.