چوارچێوەی شیعە پێداگرن لە 18ی ئەم مانگە (كانوونی دووەم) بە هەر نرخ و جۆرێك بووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو ئێراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) ئەنجام بدرێت؛ لە بەرامبەریشدا سەدرییەكان بەردەوامن لەسەر بایكۆتكردن و هەوڵی پەكخستنی پرۆسەكەش دەدەن. لەسەر ئاستی هێزە سوننەكانیش، لادانی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و هەوڵی یاساغكردنی حزبەكەی (تقدم)، ململانێیەكی سەختی بۆ داڕشتنەوەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەی سوننە دروست كردووە. ئەم شرۆڤەیە لەسەر ڕەوشی گشتیی هەڵبژاردن و لێكەوتە و ئەگەرەكانی لەسەر هەردوو ئاستی پێكهاتەكانی شیعە و سوننە هەڵوێستە دەكات، كە لە مەودای ناوەڕاست و دووردا لێكەوتەیان دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانییە گشتگیرەكان و ناوەندی بڕیار لە بەغدا.
“بایەخی هەڵبژاردنی كۆتاییی 2023”
هەڵبژاردنی كۆتاییی ئەمساڵ (2023)، یەكەم ئەزموونی دەنگدانە پاش 10 ساڵ گوزەركردن بەسەر دوا هەڵبژاردنی لۆكاڵی كە 2013 بەڕێوە چوو. لە دوا هەڵبژاردنەدا كە سێیەم ئەزموونی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بوو لە ئێراق، پاش هەڵبژاردنەكانی 2005 و 2009، لیستەكەی نووری مالیكی (دەوڵەتی یاسا) زۆرینەی بەدەست هێنا؛ بەمەیش لە پەنا سەرۆكایەتیی حكوومەتدا، دەستی بەسەر جومگە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی پارێزگاكانیشدا گرت، بەڵام هێرشی داعش بۆ ئێراق و گرتنی سێیەكی خاكەكەی (حوزەیرانی 2014)، وڵاتی خستە جەنگێكی خوێناوی و نەیهێشت لە 2017 ئەنجومەنەكان نوێ ببنەوە و هەڵبژاردنی نوێ بكرێت. دواتریش خۆپیشاندانی تشرین (2019)ی بەسەردا هات؛ ناڕەزاییی خۆپیشاندەرانیش ئەنجومەنی پارێزگاكانی بە هەڵوەشاندنەوە دا، چونكە ئەنجومەنەكان تۆمەتبار كران بە بارگرانی لەسەر بوودجە و هۆكارێك بۆ قووڵبوونەوەی گەندەڵی و ماشینەوەی زیاتری سەرچاوەكانی داهات[1].
لە ڕووی سیاسی و دەستوورییەوە هەڵبژاردنەكەی 18ی ئەم مانگە، تەواوكردنی جومگەیەكی گرنگی پەیكەری دەسەڵاتە لە ئێراق؛ ئەنجومەنە خۆجێیەكانیش چاودێر دەبن بەسەر پارێزگارەكان و پرۆژەكانیان؛ هەروەها میكانیزمێكیشن بۆ وردكردنەوە و دابەشكردنی زیاتری دەسەڵاتەكان. لە دەستووری ئێراقیشدا (ماددەی 122)[2]، دەسەڵاتی كارگێڕی و داراییی بەفراوان دراوە بە ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان؛ بە جۆرێك بەپێی پڕەنسیپی ناسێنتراڵی، خۆیان بەڕێوە دەبەن. هەروەها ئەو ئەنجومەنانە ملكەچ نین بۆ دەسەڵات و سەرپەرشتیی وەزارەتەكان؛ لەمەیش گرنگتر، خاوەن بوودجە و داراییی سەربەخۆی خۆیانن. دەسەڵاتەكانیشیان هاوشێوەی پەرلەمانێكی بچووكە لە پارێزگاكانیان؛ دەسەڵاتی دانانی پارێزگار و لادان و چاودێریكردنیان هەیە. هەموو ئەمەیش لە پێناو شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دووركەوتنەوەیە لە سیستەمی ناوەندگەرایی كە لە مێژووی 100 ساڵدا لێكەوتەی خراپی هەبووە لە ئێراق.
“ڕەخنەكان لە ئەنجومەنەكانی پارێزگا”
لە دەرەوەی لایەنە باشە تیۆرییەكان و لە ڕووی پراكتیكییەوە، كۆمەڵێك ڕەخنە و تانە لەسەر ئەزموونی 15 ساڵەی ئەنجومەنەكانی پارێزگا هەن. ئەم ڕەخنانەیش بەردەوام ڕووبەڕووی هەوڵەكانی زیندووكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێنەوە، گرنگترینیشیان بریتین لەمانە[3]: سەرچاوەی دارایی و پارەداركردنی حزبەكانن لە ڕێگهی گەندەڵیی پرۆژەكان و هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگە ئابوورییەكانی حزبەكان، لە ساڵانی كاركردنیان بەرهەمیان بێهیواكەر بووە و بوودجەی زۆری وڵاتیان بەفیڕۆ داوە، زۆر پرۆژەی ستراتیژییان لەبەر بەرژەوەندیی حزبە باڵادەستەكان پەك خستووە و، هۆكارێكن بۆ قووڵكردنەوەی ململانێی سیاسی و دابەزاندنی لە ئاستی سەرەوە بۆ خوارەوە.
جیا لەم ڕەخنانەیش كە پەیوەندیی بە ئەزموونەوە هەیە، هەن دەپرسن پاش ئەوەی ئیرادەی خەڵك لە تشرینی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە و پەرلەمانیش بە بڕیار ئەو ئیرادەی هەڵوەشاندنەوەی پەسەند كرد[4]، چۆن دەكرێت جارێكی تر بگەڕێنرێنەوە سەركار؟ ئایا ئەمە دژایەتیی ئەو خواستە گشتییەی خەڵكانی چالاك و هەڵسوڕاوی ئێراق نییە؟ ئەم بۆچوونە پێی وایە بەفیدراڵیكردنی وڵات لە دروستكردنی هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكاندایە، نەك لە زۆركردنی ئەنجومەنەكان كە بە ئەڵقەیەكی زیاد و ناپێویست تەماشا دەكرێن. جگە لەوەیش ئەزموونی كاركردنی پارێزگارەكان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەتەنیا، باشتر و سەركەوتووتر بووە لە ئەزموونی پێشوو[5].
هەرچەندە خواستێكی گشتی هەیە، لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەی كۆتاییی 2023 گۆڕانكاری دروست ببێت و نموونەیەكی جیاواز پێشكەش بكرێت، بەڵام لە ڕووی كردارییەوە بەدیهاتنی ئەمە بەئەستەم دەبینرێت، ئەویش بەهۆی شەڕی ژمارەیەكی زۆر لە حزب و هێزی سیاسیی ڕكابەر لەسەر كورسییەكان كە (296) حزب و (50) هاوپەیمانین لەگەڵ چەندان بەربژێری تاك لە چوارچێوەی لیستە سەربەخۆكان[6]. هەموو ئەمەیش كێبەركێ دەكەن لەسەر (285) كورسی لە (15) پارێزگا كە (10) لەوانە هی كۆتای پێكهاتەكانن[7]. لەگەڵ ئەمەیشدا باوەڕێكی زاڵ هەیە كە بڕیاری سیاسی ئەوەیە كۆنترۆڵی ڕەوشەكە لەدەست هێزە سیاسییە گەورەكان دەرنەچێت؛ ڕێگەیش نەدرێت هێزە نوێیەكان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و ڕۆڵی سەرەكییان لە نوێكردنەوە و گۆڕینی شێوازی كاری ئەو ئەنجومەنانە هەبێت[8]. ئەمەیش بە مانای مانەوەی شێوازەكانی كاری پێشووە وەك خۆیان.
“كێشمەكێشی چوارچێوەی شیعی و سەدرییەكان”
یەكێكی تر لە تەنگژەكانی بەردەم هەڵبژاردنی نوێ، كێشەی سەدرییەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەی هاوپەیمان و شوێنكەوتەی “تاران”ن. سەدرییەكان لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر لە ناوەڕاستی 2022 لە پەرلەمان كشانەوە[9]؛ سەرباری هەوڵی زۆریش بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا، بەردەوامن لە درێژەدان بە بایكۆت و بەشداریی سیاسی لە سایەی باڵادەستیی چوارچێوەی شیعەدا. نەك هەر ئەوە، موقتەدا سەدر هانی لایەنگرەكانی دەدات تا دەتوانن بایكۆتی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكەن بۆ ئەوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لاواز ببێت[10]. ئەمەیش دەكرێت جۆرێك لە هاندانی پشتپەردە بێت بۆ تێكدانی پرۆسەكە كە دواتر هەندێك لە سەدرییەكان بە دڕاندنی پۆستەری كاندیدە شیعەكان لە پارێزگاكان پراكتیكیان كرد[11]؛ لە هەندێ جێگهیش گرژیی سەدرییەكان و ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم لەسەر هەڵبژاردن، سووتاندنی بارەگای بە دوای خۆیدا هێنا[12]. ئەو دۆخەیشی لە نێوان لایەنگرانی بایكۆت و لایەنگرانی بەشداریدا هەیە، دیسانەوە بارگرژیی گێڕاوەتەوە بۆ شەقامی شیعی. ئەم دۆخەیش گەڕانەوەیە بۆ ڕەوشی شەڕ و كوشتاری نێوخۆییی كۆتایییەكانی ئابی ساڵی پار (2022) كە بەهۆیەوە سەدر كۆتاییی بە پێداگرییەكانی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە هێنا؛ بڕیاری كشانەوەیشی لە پرۆسەی سیاسی دا[13]. چوارچێوەی شیعی لە ئاست بایكۆت و هەوڵەكانی سەدر بۆ تێكدانی هەڵبژاردن، دوو لێكەوتەی خراپ دەبینن:
یەكەم: خۆسەپێنیی سەدر بەسەر بڕیار و پێداگریی چوارچێوەی شیعی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتێكدا ئەو ئێستا كەمینەیە.
دووەم: بایكۆتی سەدرییەكان كە ڕەوتێكی جەماوەریی شیعەن، دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەنگ و پێگە و ئامادەییی پێكهاتەی شیعە لە هاوكێشەی هەڵبژاردن، بەتایبەت لەو پارێزگایانەی تێكەڵن لەگەڵ سووننەكان لە چەشنی بەغدا و دیالە. لەم نێوهیشدا باوەرێكی بڵاو هەیە كە بایكۆتی سەدرییەكان- كە هاوكاتە لەگەڵ بێهیواییی زۆری شەقام لە ئەنجومەنەكانی پارێزگا- ببێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی بەشداریی شیعەكان لە هەڵبژاردن بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی پرۆسەی سیاسی، بەتایبەت لە پارێزگای بەغدا؛ ڕەشبینییەكەیش بە جۆرێكە باس لە ڕێژەی بەشداریی 5_10%ی دەنگدەران دەكرێت لە هەندێك ناوچەی شیعەنشین لە باشترین حاڵەتدا. ئەمەیش پەڵە و لەكەی زۆر لەسەر پرۆسەكە دروست دەكات و دەبێتە پاساویش بۆ سەدرییەكان كە زیاتر تانە لە پرۆسەكە بدەن؛
جگە لەوەیش چانسی هێزە سوننەكانی ڕكابەر بەهێزتر دەكات[14]. چوارچێوەی شیعە ترسی ئەوەیشیان هەیە سەدر و حزبەكەی حەلبووسی ڕێك كەوتبن لەسەر ئەوەی جەماوەری ڕەوتی سەدر لە ناوچە تێكەڵەكان دەنگ بە لیستەكەی حەلبووسی بدەن[15]. ناوبەناویش پێچەوانەی ئەمە دەڵێن و باس لەوە دەكەن سەدر هەڕەشە دەكات بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا نزمترین ئاست كەم بكاتەوە و پرۆسەكە لەكەدار بكات[16].
ئەوەیشی مەترسییەكانی چوارچێوەی شیعی زیاتر دەكات لە بایكۆتی دەنگدان، بێبەشمانەوەی هەشت ملیۆن دەنگدەرە لە كۆی (20) ملیۆن لە كارتی بایۆمەتریی دەنگدان. پێشبینیی نەچوونی ژمارەیەكی هاوشێوەیش هەیە بۆ دەنگدان كە كۆی گشتی دەكاتە (16) ملیۆن كەس، بەتایبەت كە سەدرییەكان خۆیان یەك ملیۆن دەنگدەرن؛ لە ناوچەكانی بڵاوبوونەوەیشیان كاریگەرییان لەسەر دەوروبەری (10) ملیۆن كەس هەیە[17]. ئەمەیش لە كاتێكدایە نزمبوونەوەی بەردەوامی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردن، قۆناغ بە قۆناغ وەك تارمایی بەسەر پرۆسەكانی هەڵبژاردنەوە سێبەری كردووە و بووەتە كێشەیەكی بەردەوامی داخورانی شەرعییەتی جەماوەریی پرۆسەی سیاسیی ئێراق. بە گەڕانەوەیش بۆ تۆمار و پێشینەكان ڕێژەكان لەسەر ئاستی فەرمی بەم جۆرەی خوارەوە دابەزیون: لە هەڵبژاردنی كۆتاییی 2005 ڕێژەی بەشداریكردن (76%) بوو، لە هەڵبژاردنی 2010 دابەزی بۆ (62%)، لە هەڵبژاردنی 2014 كەم بووەوە بۆ (61%)، لە هەڵبژاردنی 2018 دیسان دابەزی بۆ (44%) و لە كۆتا هەڵبژاردنیش (2021) بەفەرمی لە (43%) وەستایەوە[18]. گومان و ئاماژەنمای زۆریش هەن كە هێشتا ئەو ژمارانە ورد نین و ڕێژەكانی بەشداری بەكردەیی و ڕاستی كەمتریش بوون لەوانە؛ ئەگەر بایكۆتی ئەو خەڵكانە لەبەرچاو بگیرێت كە مافی دەنگدانیان هەبووە و لە بنەڕەتەوە تۆماری خۆیان نوێ نەكردووەتەوە یان لە لیست و تۆماری كۆمیسیۆندا نەبوون.
هەندێك لەو خەمڵاندنە سەرەتایییانەیشی كراون، باس لەوە دەكەن پێداگریی بەشێك لە شیعە لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن، بە گوێرەی سیستهمی “سانت لیگۆ”ی هەمواركراوی 1.7، لە بەغدای پایتەخت بە نموونە كە (49) كورسیی هەیە، بەم جۆرە دەبێت: کورسییەکانی شیعە لە ئەنجومەنی پێشوو (37) بووە كە دەكاتە (76%)، هی لیستە سوننەكان (12) بووە كە دەكاتە (24%)، بەڵام لە حاڵەتی بەشدارینەكردنی سەدرییەكان، ئەگەر هەیە كورسیی هێزە شیعەكان دابەزن بۆ (30) كورسی و هی هێزە سوننەكان هەڵكشێن بۆ (19)؛ ئەمەیش هاوكێشەكە دەكات بە (61%) بەرامبەر (39%) لەم خولە نوێیە[19].
“لیستە شیعەكان و هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سێكوچكەی دەسەڵات”
لەم هەڵبژاردنە، پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە فرەلیستن، جگە لە كەركووك و نەینەوا. دیارترین ئەو لیستە شیعانەیشی لە هەناوی چوارچێوەی حوكمڕانەوە هاتوونەتە دەرەوە و لە پرۆسەكەدا ڕكابەری دەكەن بریتین لە:
– لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و هاوپەیمانەكانی لە فەزیلە و هەندێك گرووپی چەكدار[20].
– هاوپەیمانیی “نبني” كە چەتری كۆكەرەوەی لیستە سیاسی و چەكدارەكانی بەدری هادی عامری و “إرادة”ی حەنان فەتلاوی و “الصفوة”ی عەسائیبی قەیس خەزعەلی و كۆمەڵێك گرووپی تری چەكداری شیعەیە[21].
– لیستی “نصحح”ی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی[22].
– لیستی “قوی الدولة الوطنية”ی هاوبەشی حیكمەی عەممار حەكیم و حەیدەر عەبادی[23].
هەرچەندە لە پارێزگا شیعەنشینەكاندا لیستەكانی شیعە بەتوندی ڕكابەریی یەكتر دەكەن، بەڵام لە كەركووك و نەینەوا، كە ڕكابەری كورد و سوننەیان پێكەوە هەیە، یەكگرتوون و وەكوو چوارچێوەی شیعی بەشداری دەكەن. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سەرنجی لیست و هێزەكانی چوارچێوەی شیعی چووەتە سەر پارێزگا سوننەنشین و تێكەڵەكان و، بەشی زۆریان چاویان لەوەیە بپەڕنەوە بۆ پارێزگا سوننەكان بە كەڵكوەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی باڵە چەكدارەكانیان. ئەمەیش پێشهاتێكە ئەگەرچی لەگەڵ یاسا و دەستوور ناكۆك نییە و هەمووان مافی بەشدارییان لە پارێزگا جیاوازەكان هەیە، بەڵام لەگەڵ ڕێسا باوەكانی پرۆسەی سیاسیی ئێراق نایەتەوە، كە لەسەر سێكوچكەی پێكهاتەكانی شیعە و سوننە و كورد بنەڕەت بووە لە پاش ئەزموونەكانی هەڵبژاردنی 2005.
خاڵێكی تر كە زۆر جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڵام گوتاری هەڵمەتەكە زیاتر تائیفی، مەزهەبی، نەتەوەیییە و كەمترین باسی پرۆژە و بەرنامەی كاری تێدایە؛ ئەمەیش زیاتر چاودێران دەخاتە سەر باوەڕی ئەوەی هێزە شیعەكان هەڵبژاردنی پارێزگاكانیان بۆ تەواوكردنی سێكوچكەی هەژموون بێت؛ بەو واتایەی پاش ئەوەی كۆنترۆڵی پەرلەمان و حكوومەتیان كرد (2022)، هەوڵی ئەوەیش بدەن لە كۆتاییی (2023) دەست بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بگرن و بەمەیش بەتەواوی كۆنترۆڵی جومگەكانی دەوڵەت بكەن و هەوڵی دروستكردنی قۆناغێكی نوێ بدەن لە سایەی چوارچێوەی شیعە، ئەگەر نا بارودۆخ لە ئێستادا لەبار نییە بۆ سازكردنی ئەو هەڵبژاردنە[24].
“گۆڕانی گریمانكراوی نەخشەی هێزە سوننەكان”
گەورەترین پێشهاتی گۆڕەپانی سیاسیی سوننە، لادانی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی حزبی “تقدم”ە لە سەرۆكی پەرلەمان؛ بە دوای ئەوەیشدا هەوڵی بلۆككردنی حزبەكەیەتی لە ڕێگهی كۆمیسیۆن و دەستەی دادوەریی ناو كۆمیسیۆنەكەوە. ڕكابەرەكانی حەلبووسی بەوە تۆمەتباریان كردووە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیی هاوبەش لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی ئیسرائیلی[25] كردووه. ئەم پێشهاتەیش لە شەقامی سوننەدا كتوپڕ بوو، هەروەها جموجۆڵی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە چونكە وەها باوە لایەنی زاڵی سوننە هەمیشە ئەوە دەبێت كە لە بەغدا نوێنەرایەتیی پێكهاتەكەی بەدەستە؛ مەرجەعی باڵای ئەم پێكهاتەیەیش زیاتر پۆستەكانی ناو دەوڵەتە. هەر بەم هۆیەیشەوە بوو لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا (2021) حزبەكەی حەلبووسی (تقدم) بەتەنیا (14/ 15) له كورسییەكانی پارێزگای ئەنباری بەدەست هێنا؛ هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵكشا بۆ پارێزگا سوننەنشینەكانی دیکە تا نەینەوا؛ كۆی كورسییەكانیشی گەیشتنە (37) كورسی لە كۆی (71) كورسیی هێزەكانی سەر بە پێكهاتەی سوننە[26].
حەلبووسی بەرگرییەكی سەرسەختانە دەكات؛ لەم نێوهندهیشدا پەنای بۆ دوو میكانیزم بردووە: یەكەمیانئاشكراكردنی مامەڵەی (286) لایەن و كەسایەتیی ئێراقییە لەگەڵ كۆمپانیاكانی لۆبیكردن لە ئەمریكا، هەندێك لەوانەیش لەگەڵ BGR مامەڵەیان هەیە كە لەسەر ئەم كراوەتە كێشە؛ بەو پێیەی دەوترێت یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی ئیهوود باراكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلە و هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تەل ئەبیب دەدات[27]. دووەمیشیان، هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیە ئەمنی و گەندەڵییەكانی ڕكابەرەكانییەتی لە شەقامی سوننە كە بەشێكیان لە ڕاستیدا حوكم و بڕیاری ئیدانەكردنیان لەسەرە؛ نموونەی ئەوانەیش جەمال كەربۆلی، حەیدەر موڵڵا، سوهەیب ئەلڕاوی و زۆرێكی ترن. هەروەها حەلبووسی هەڕەشەی ئەوەیشی كرد ئەگەر سكاڵا و دادگه سوودیان نەبێ، ئەوە پەنا بۆ دار و كوتەك دەبات[28]؛ ئەمەیش كۆمەڵێك پەرچەكداری توند و جنێوی هاوشێوەی لە هێزە سوننە ڕكابەرەكانییەوە بەرامبەر ئەو بەدوادا هات، لەوانەیش هەڕەشەی هەواڵەكردنی بۆ زیندان[29]؛ دۆخێكی وەهایشی هێناوەتە كایەوە لە گرژی و گۆڕینەوەی جنێو و ناو و ناتۆرە كە لە شەقامی سوننەدا دەشێت بێپێشینە بێت.
لە شەقامی سیاسیی سوننە و شوێنەكانی نیشتەجێبوونی ئەم پێكهاتەیەدا (13) هاوپەیمانێتیی جۆراوجۆر بە بەشداریی (50) حزب ڕكابەری لەسەر كورسییەكانی پارێزگا سوننەنشینەكان دەكەن؛ لەو ژمارەیەیش سیانیان هاوپەیمان یان سەر بە حەلبووسین و (8)ی تریان ڕكابەری دەكەن و هەوڵی جێگەگرتنەوەی دەدەن؛ دیارترین ئەوانەیش بە سەرۆكایەتیی موسەننا سامەڕایی و جەمال كەربۆلی و ئوسامە نوجێفین[30]. بەپێی ئەو ئاماژانەیشی تا ئێستا بەردەستن، پێ ناچێت حەلبووسی بەتەواوەتی بكرێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، بەڵام هەندێك لە چالاكیی هێزە سوننەكانی ئەنبار ئاماژەی ئەوەیان تێدایە ڕكابەرەكانی حەلبووسی ڕەنگە بتوانن قەبارەی بچووك بكەنەوە[31]. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەگەرێك هەیە بەهۆی هاوسۆزی و دەركەوتنییەوە وەك ستەملێكراو، چانسی زیاتر ببێت و ئەمەیش تا ڕۆژی هەڵبژاردن یەكلایی نابێتەوە.
“فاكتەرە یەكلاكەرەوەكان”
بەپێی هەندێك لەو پێوەرە باو و بەدواداچوونانەی لەبەردەستدان[32]، نەخشەی جەمسەرگیری و هۆكارەكانی ئاراستەكردن و کۆکردنەوەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنە، بریتی دەبن لە كۆمەڵێك هۆكار لەوانەیش:
– جەمسەرگیریی خێڵەکییانەی ناوچە لۆكاڵییە داخراوەكان. ئەمەیش یەکێکە لە باوترین شێوازەکانی دەنگدان لە ئێراقدا. لەمەیشدا سەرۆكهۆزەكان ڕۆڵیان هەیە لە ئاراستەكردنی دەنگدەران بە كاندید و لیستەكان.
– جەمسەرگیریی تائیفهگەری کە تێیدا دەنگدەر بە پشتبەستن بە هەڵوێستی مەزهەبیی لیست و کاندید دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان. لەمەیشدا ڕەوتە ئایینی و مەزهەبییەكان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هەڵمەتەكان.
– لە ناوچە جێناکۆکەکان بەزۆری دەنگدەران بە هاندەری نەتەوەیی دەچنە سەر سندووقەكان، بەتایبەتی لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین.
– جەمسەرگیریی پراگماتیکی ڕاستەوخۆ: کە بریتییە لە چوونی دەنگدەر بۆ سندووقی دەنگدان بە پشتبەستن بەو خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆانەی پێشكەشی كراوە، وەک: قیڕتاوکردنی شەقامەکان، دابینکردنی هەلی کار، گرێبەستی مەدەنی و سەربازی بۆ بێكاران، جگە لە کڕینی ڕاستەوخۆی دەنگەکان لەلایەن هەندێك لیست و پاڵێوڕاوەوە.
– دەنگدانی تۆڵەكاری: لەمەیاندا دەنگدەر دەچێت دەنگ بە دژی نوێنەرێک یان لایەنێک دەدات کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا سەرکەوتوو بووە، بەڵام بەڵێنەکانی بەرامبەر دەنگدەران جێبەجێ نەکردووە.
“سیناریۆ و ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان”
سەرباری ئامادەكارییە چڕەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023، هەندێك پێشهات و ئەگەر لە ئاسۆدا هەن، كە ناكرێت نادیدە بگیرێن و دەشێت سیان لەوانە زەقترین بن:
– پێداگری و هەڵپەی چوارچێوەی شیعەیش بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕەوشەكە، ڕەنگە بەبێ پەرچەكرداری سەدرییەكان تێپەڕ نەبێت كە دەوترێت ئێستا لە قۆناغی خۆسازدانە و تا كۆتایی بێدەنگ نابێت و هەروا بە تەماشاكەری نامێنێتەوە[33]. هەندێك كەسی نزیك لەم ڕەوتەیش باس لەوە دەكەن پرۆژەی هەیە؛ ناوەڕۆكەكەیشی خستنی هێزە شیعەكانە بە هەڵبژاردن بێت یان بژاردەی تر[34]. سەدرییەكان لێیان ڕوونە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ ئەوان، هەنگاوێكە بۆ پەراوێزخستنی زیاتریان. بەم هۆیەیشەوە گرژیی چەكدارانە لە شەقامی شیعی زۆرە و مهترسیی ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی لە چەند لایەنێكەوە هەیە[35].
– دواخستنی هەڵبژاردن تا دوا چركە هەر بە ئەگەر دەمێنێتەوە؛ لە لایەك بەهۆی گرژی و ناڕەزاییی سەدرییەكان، لە لایەكی تر بەهۆی بەرزكردنەوەی داوایەك دژی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆن لە پەرلەمان لەلایەن بزووتنەوەی “امتداد”ەوە بۆ دادگهی فیدراڵی. ئەم بزووتنەوەیە باسی لەوە كردووە درێژكردنەوەكە نادەستوورییە؛ لە كاتێكیشدا كراوە، سەرۆكی پەرلەمان لا براوە، بەم هۆیەیشەوە تانەی لە دانیشتنە نائاسایییەكانی خولی پێنجەم داوە، کە لە ڕۆژانی 18 و 22ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوە چووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩[36]. ئەگەر ئەم تانەیەیش سەر بگرێت، كۆمیسیۆن ناتوانێت ئەركی خۆی لە هەڵبژاردن جێبەجێ بكات.
– لە ڕێگهی دادگهی فیدراڵییەوە هەوڵ هەیە هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووك دوا بخرێت. لەم نێوهیشدا كاندیدێكی هاوپەیمانیی “القیادە”ی سوننە (حەلبووسی و خەنجەر) لە دادگهی باڵای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێراق تۆمار كردووە، داوا دەكات كۆمیسیۆن پابەند بكرێت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركووك تا ئەو كاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەكرێت. دزەپێكراوە سیاسییەكانیش باس لەوە دەكەن هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن جددین. گوشارەكانیش گەیشتوونەتە كۆمیسیۆن و حكوومەت و تەنانەت چوارچێوەی هاوئاههنگیی شیعەیش پاش ئەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بە 50+1ی دەنگ بڕیاری دا داوای دواخستن ڕەت بكاتەوە[37]. ئەگەر ئەم گوشارانەیش سەر بگرن، ئەگەری ئەوە هەیە كەركووك بەبێ هەڵبژاردن بمێنێتەوە.
سەرچاوە و پەراوێزەكان:
[1] https://2u.pw/jL0LSvc
[2] https://2u.pw/R9F9Q
[3] https://2u.pw/E2bYKzq
[4] https://2u.pw/n3PYRiJ
[5] https://2u.pw/d21GNIA
[6] https://2u.pw/sjXgZTI
[7] https://2u.pw/NDVmfNb
[8] https://bit.ly/3TbU3lS
[9] https://2u.pw/WiYRA1d
[10] https://2u.pw/brkfV32
[11] https://2u.pw/IxcVLAj
[12] https://2u.pw/mAEN8HA
[13] https://2u.pw/mOvRikA
[14] https://2u.pw/d21GNIA
[15] https://2u.pw/5OLxywL
[16] https://2u.pw/FcUmto8
[17] https://2u.pw/5OLxywL
[18] https://2u.pw/g08fOmf
[19] https://2u.pw/yiJCg6r
[20] https://2u.pw/ueZl2E4
[21] https://2u.pw/WqEv40w
[22] https://2u.pw/mz4KsYU
[23] https://2u.pw/O5H3Zh7
[24] https://2u.pw/zTj5fSK
[25] https://2u.pw/rCeT6ji
[26] https://2u.pw/bb6nZGw
[27] https://2u.pw/Q3eTRPs
[28] https://2u.pw/vMSpE3T
[29] https://2u.pw/vMSpE3T
[30] https://2u.pw/SQwOtts
[31] https://2u.pw/Ze2y25A
[32] https://2u.pw/JimzQ9B
[33] https://2u.pw/r1TaM8u
[34] https://2u.pw/TA5cJZK
[35] https://2u.pw/AkBFZr0
[36] https://2u.pw/1deuLaG
[37] https://2u.pw/E3jr7b3