هەموان دەزانن بزوتنەوەی حەماس مقاشی دەستی ئێران و سوریایە هەركات ئەو دوو دەوڵەتە بیانەوێت ئازاری ئیسرائیل بدەن ئەوا حەماس قورمیش ئەكەن و ئاراستەی دەكەن، حەماسیش بێ بیركردنەوە لە گەلی فەلەستین بەگشتی و خەڵكی غەززە بەتایبەتی و ئەنجامەكارەساتبارەكان پەلاماری هەندێك ناوچەی ئیسرائیل دەدات و گورزێك دەوەشێنێت دواتر وەك ئەوەی دێوێك هار بكات لە دەرئەنجامی كارەكەی ماڵوێرانی و كوشتارێكی زۆر ڕووبەڕوی خەڵكە سڤیل و بێ تاوانەكەی خۆی دەكاتەوە.
پێشتر هەمیشە هێرشەكانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی بۆسەر ئیسرائیل لە ئاستێكی بەرتەسك و دیاریكراودا چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام ئەوەی ئەمجارە حەماس ئەنجامیدا لە مێژووی شەڕە دورودرێژەكەی نێوان حەماس و ئیسرائیل و فەلەستینی و ئیسرائیلیەكان دا بێ وێنەو چاوەڕوان نەكراو بوو تەنانەت بۆ ئیسرائیلیەكانیش، بەجۆرێك ئەو كارە چاوەڕوان نەكراو بوو كە جیهان شۆك بون و ئیسرائیلیەكانیش لەهەمووان زیاتر شۆك بوون، بەڵام شۆك بونی ئیسرائیلیەكان كاتێكی كەمی خایاند و سەركەوتنی حەماسیەكان كورت خایەن بوو كردارو ڕەفتاری چەكدارەكانی حەماسیش هێندە وەحشیگەریانە بوو كە جیهانی كردە هاوسۆزی ئیسرائیلیەكان و حەماسیەكانیشی گەیاندە ڕیزی داعش، هەر ئەم شێوازی پەلامارەی چەكدارانی حەماس وڵاتانی ڕۆژئاوای هێنایە سەرخەت بۆ پشتیوانی ئیسرائیل بەمەش مەیدانێكی گەورەی جەنگێكی درێژ خایەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوەو دۆزەخیشی بەسەر غەزەدا كردەوە.