بازاڕەکانی کوردستان شپرزە و ناهەوسەنگن. هەندێ لە خزمەتگوزارییەکانی بازاڕکاری و بازرگانی، لە شوێنێک قەتیس بوونەتەوە. زۆربەی بازاڕی خواردەمەنی و جلوبەرگ، لە چەقی بازاڕی شاردا، کۆبوونەتەوە. چەقی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، چەقی بەدەستهێنانی قازانجی زیاترن و ناوەندی کار و فرمانەکانی هەژار و دەوڵەمەندانن. بازاڕی دراو، بەو هەستیارییەی کە هەیەتی، بەو قەڵەباڵخییەی کە دروستی دەکات، لە چەقی بازاڕدایە. ناوەڕاستی شار و بازاڕەکانیش، زۆر تەسک و یەک ئاراستە و نەشیاون. شەقامە تەسکەکانی ناو شار و ناو بازاڕ، بەرگەی ئەو جەنجاڵییەی ناوبازاڕ ناگرن کە بەهۆی بێ پلانیی حکومەت و پارێزگارەکان و شارەوانییەکان و کاربەدەستانی شار و شارۆچکەکان دروست بوون.
جەنجاڵییەکان هاوسەنگ نین لەگەڵ شەقامە باریکەکاندا، لەکاتێکدا حکومەت و کاربەدەستانی شار و شارۆچکەکانیش، پلانێکیان نییە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵییەکان و هێشتا ڕێگا بە ئۆتۆمبێلیش دەدرێ بەناو ناوەندی شار و بازاڕەکاندا، هاتوچۆ بکەن. بازرگان و خاوەن کارەکانیش سەرنجیان زیاتر لەسەر چەقی شارەکانە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر و پێیان وایە ئەگەر شوێنی کار و بازاڕی کاڵاکانیان لە چەقی بازاڕدا بونیات نەنێن، زیانیان پێدەگات و درەنگ شوێنی کارەکەیان دەناسرێت و درەنگتر دەتوانن بگەن بەو قازانجەی کە مەبەستیانە.
یەکێک لە سیاسەتەکانی فراوانکردنی خێرای پانتایی شارەکان، جگە لە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و شەقامەکان، دروستکردنی بازاڕە سەردەمییەکانە بۆ دەرەوەی بازنەی تەسکی شارەکان. هەرچەندە خزمەتگوزارییە میرییەکانیش بگەنە زەویی و گەڕەکەکانی دەرەوەی بازنە تەسکەکەی شار، هێشتا ناتوانن ببنە هۆکاری بەرفراوانبوونی خێرای شارەکان، تاوەکو بازاڕی سەردەمییانە و هاوسەنگ لە بواری کاڵاکان نەگەینرێنە ئەو شوێنانە. جگە لەوەی کە حکومەت پێویستە لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، پلانی ڕێکخستنەوەی بازاڕ دابڕێژن و جێبەجێی بکەن، هەروەها پێویستە هانی سەرمایەدارەکان و خاوەن پیشەکان و بازرگانەکان و تەنانەت خاوەن موڵکە بازرگانییەکانیش بدرێت کە بە زوترین کات باڵاخانە بازرگانییەکانیان بە دیزانینی گونجاو دروست بکەن و چاوەڕێی ئاوەدانبوونەوەی گەڕەکە دوورەکان نەکەن و هۆشیار بکرێنەوە کە کاریگەری ئەوان لەڕووی بازاڕکارییەوە کاریگەرترە بۆ خێرایی ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکە دوورەکان.
دەبێ هۆشیار بن کە بازاڕ و خزمەتگوزاری کاڵا جۆراوجۆرەکان کاریگەرترن بۆ ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکەکان و فراوانبوونی شارەکان. بەڵام ئێمە زۆر لە زەوییە بازرگانییەکان دەبینین کە باڵاخانەیان لەسەر دروست نەکراوە و خاوەن موڵکەکان بەنیازی ئاوەدانبوونەوەی زیاتری گەڕەکەکەن، یان لەوانەیە بیانەوێ لەکاتی ئاوەدانبوونەوە نرخی زەوییەکەیان بەرز ببێتەوە و بە قازانجێکی زۆر بیفرۆشن کە ئەوەش جۆرێکە لە ڕاگرتن و قۆرخکاری بازاڕ. ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو ڕاستییەی دەرخست کە چڕبوونەوەی بازاڕکاریی و بازرگانیکردن تەنیا لە چەقی ناو شاردا، هەمیشە سوودی بۆ بازرگان و سەرمایەدارەکان و خاوەن کارەکان نییە، بەڵکو زیانیشی زیاترە بۆیان، چونکە لە بارودۆخێکی وەکو سەردەمی کۆرۆنا، دوایین شوێن کە قەدەغەی هاتوچۆی لەسەر هەڵدەگیرێ، چەقی شارەکانە، بەهۆی ئەو بازاڕە چروپڕەی کە تێیدایە، بۆ ئەوەی بەرکەوتنی زیاتر ڕوو نەدات، چونکە زۆرترین بەرکەوتنی خەڵک، لە چەقی بازاڕەکاندا ڕوو دەدات.
بازاڕەکانی چەقی شار، تەنانەت لەکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانیشدا وەکو خۆپیشاندانەکان، مەترسی زیاترە لەسەر ئابووری خاوەن کارەکان و تەنانەت حکومەتیش، چونکە ئەو تێگەیشتنە لای خەڵک دروست دەکات کە حاڵەتە نائاساییەکان لە سەرتاسەری شارەکان یانیش تەواوی کوردستان، هەیە و بەردەوامە. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستکردنی قەڵەباڵخی لە بازاڕەکان لەوکاتانەی کە خەڵک هەست بە مەترسی خۆراک و کەلوپەل دەکات، بەهۆی ئەو تێگەیشتنەوە بێت کە خەڵک وادەزانیت خواردن و کاڵا لە چەقی شارەکانەوە بەرهەم دێن و هەڵدەقوڵێن و پێیان وابێ ئەگەر بازاڕی ناوشار دابخرێت، ئیتر هیچیان دەستناکەوێت، بێ ئاگا لەوەی کە کۆگای خۆراک و کاڵاکان، لە دەرەوەی شارەکاندان.
هەولێری پایتەخت وەک نمونەی شارە پێشکەوتووەکانی کوردستان لەڕووی فراوانبوونی بەو خێراییە، هۆکارەکەی تەنیا ئەوە نییە کە پایتەختە و سروشتی پایتەختیش وایە کە خێراتر فراوان دەبێت، بەڵکو بەشێکی بۆ ئەو پلانە دەگەڕێتەوە کە حکومەت و سەرمایەدارەکان جێبەجێیان کردووە بۆ شارەکە. نمونەیەک لەو پلانانە، گواستنەوەی بازاڕی لەنگەی چەقی شار بوو بۆ نێوان شەقامی چل مەتری و سەد مەتری شاری هەولێر. سەرەڕای ناڕەزایی زۆر، بەڵام حکومەت پلانەکەی جێبەجێ کرد. لەدوای دروستکردنی بازاڕی لەنگە، گەڕەکەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شەقامی سەد مەتری، بەخێرایی و بەشێوەیەکی بەرچاو، فراوان بوو و ئاوەدان بوویەوە. پێویستە لەدوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی تەندروستی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە، بازاڕی شارەکانی کوردستان ڕێک بخرێنەوە. بۆ ئەوەی ناو بازاڕێش ڕێکبخڕێتەوە، پێویستە لەسەر بنەمای نەهێشتنی قەڵەباڵخی زیاتری چەقی شارەکان و فراوانکردنی شارەکان بەشێوەی جوان و گونجاو، هەروەها بەشێوەی هاوسەنگیی بێت لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکانی خۆراک و کاڵا و وەرشەی چاککردنەوەکانی باڵاخانە و ئۆتۆمبێل بێت.
بۆ نەهێشتنی قەڵەباڵخی بازاڕی ناوشاریش، بەپێی دوورییەکی دیاریکراو، پێویستە نەهێڵدرێت ئۆتۆمبێلی پێدا تێپەڕ ببێت. دەکرێ بیر لە میترۆ بکەنەوە بۆ ناو بازاڕ. ناو بازاڕی چەقی شارەکان لە زۆربەی وڵاتاندا، تەنیا بۆ هاتوچۆی پیادەیە کە گەشتیارانیش تێیدا ئاسوودەن و سیمایەکی جوانیش دەبەخشێت بە بازاڕ. بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەش، سەرەستا پێویستە نەخۆشخانە و کلینیکەکان لەناو بازاڕ نەمێنن و بیگوازنەوە شوێنی دوورتر. لەناو چەقی بازاڕ. چونکە هەتا کلینیکەکان لەناو بازاڕدا بمێنن، ناتوانرێت بازاڕێکی پیادەڕۆی ئاسان و گونجاو بۆ خەڵک دابین بکەن. بۆ هاوسەنکگردنی دەستەبەرکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانیش بۆ خەڵکی گەڕەکەکان، پێویستە لەکاتی پێدانی مۆڵەت، ڕێگا بەو شوێنە بازرگانییانە نەدرێت کە دووبارەن. پێویستە پلانێکی هاوسەنگ بەپێی ئەو ژمارەیەی کە لایەنی پەیوەندیدار دیاری دەکات، هەبێت بۆ بازاڕی گەڕەکەکان، بەجۆرێک کە بەخێرایی، زۆربەی کاڵا و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان، بگەنە گەڕەکەکان. فراوانبوونی شارەکان و دوورخستنەوەی بازاڕەکان لە چەقی شارەکانەوە بۆ گەڕەکەکانی شارەکان، نەک تەنیا شارەکان جوانتر دەکات، بەڵکو بۆ جوڵەی ئابووریش سوودی زۆرە و هەلی کاریش زیاتر دەکات.