موبەلیغ و نوسەرو سیاسی دەوڵەتی کۆنی ڕۆمانی، مارکۆس شیشرۆن دەڵێت چەک و توندوتیژیی هاتە نێوانەوە ئیتر یاساکان دەبێ بێدەنگ بن و هێزی کارپێکردنیان نییە. ئەوەی لە کەرکوک ڕووئەدات شەڕی مەرجەعیەت و نەخشەڕێگای ویلایەتی فەقیەو نیەتی حەشدی شەعبی و سەپاندنی هێزی نایاسایی فاشیزمی مەزهەبی و تائیفییە بەسەر دەستورو یاساکان و شکستی دادوەرانی تەوقدراوی ناو دادگای فیدڕاڵی بندەستی میلیشیاکان، هەروەک هەوڵێکە بۆ بەیاسایی کردن و فەرزکردنی قانوونەکانی حوکمی عورفی و درێژەدان بە فەزای داگیرکاریی و تێپەڕاندنی قانوونی تەواری، دیارە جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان (قانون الطوارئ والأحكام العرفية).
ئایا دادگای فیدڕاڵی نازانێت دروستکردنی کەتیبەی چەکدارو میلیشیای نایاسایی لەدەرەوەی چوارچێوەی هێزەکانی دەوڵەت و پێچەوانەی دەستوری ئێراقیەو کەچی یەک کۆمێنت و سەرنجی نییە لەسەر ئەو دۆخی عەسکەرتارییەی ئێستای کەرکوک، مادەی ٩ / بڕگەی «ب» يحظر تكوين ميليشيات عسكرية خارج إطار القوات المسلحة.
ئەمە جگە لەو هەموو پاڵاوگە نایاساییەنەی نەوت کە میلیشیاکانی حەشدی سوننی و شیعیی بەڕێوەی دەبەن و ئەویش لەدەرەوەی بنەما دەستوریەکانە.