لێک چونێکی زۆر ھەیە لە نێوان ئێراق و ئەفغانستان لە شێوازی حوکمڕانی و ھەبوونی گەندەڵی و فەسادێکی بەبەرنامە و نەبوونی ئینتمای نیشتیمانی سەرکردەکان و ئاین و کولتور و جوغرافیا و زووری ترەوە.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئێراقیش ھاوشێوەی ئەفغانستانی لێ دێت؟
ئایا ئەمرێکا ھەمان سیناریۆ لە ئێراق و ھەرێم دوبارە دەکاتەوە؟
لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێراقدا سەرھەڵدانەوەی داعش بەدی دەکرێت و، دەستیان بە جوڵەی سەربازی کردوە و ھێرش دەکەنە سەر پێشمەرگە و سوپای ئێراقی.
ئایا ئەمرێکا لەسەر سینیەکی ئاڵتونی پێشکەش بە داعشمان ئەکات؟
پێش ھەموو شتێک کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق واتا گەیشتنی روسیا و چین بە کەنداوی عەربی و زاڵ بونیان لەرووی ئابوورییەوە لە ناوچەکە.
پێنتاگۆن بڕیار دا کە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە جیھان کەم بکرێنەوەو سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو بکرێت و سەربازەکانی ئەم بنکانە ئەرکی نوێ و ناوێکی نوێیان بە بەردا بکرێت.
وەکو بینیمان لە چەند مانگی ڕابوردوو لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەی بایدن و کازمی بڕیار درا کە ژمارەی سەربازە ئەمریکیەکان لە ئێراق کەم بکرێتەو و ئەرکی نوێیان پێ بسپێردرێت. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە ئەمریکا دەست بەرداری ئێراق و ھەرێم دەبێت.
وەکو دەزانین گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەموو جیھان دا لە شاری ھەولێر دروستکرا. ئەم کونسوڵخانەیە تەنانەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی دروستکرا و لە کردنەوەی دا ھیچ نوێنەرێکی حکومەتی ناوەند بەژدار نەبوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو بە گوێرەی یاسای دیپلۆماسی حکومەتی ناوەند ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر دروست کردن و کردنەوەی کونسوڵخانەکە.
ئەم پەیوەندیە راستەوخۆیەی ئەمریکا بە ھەرێمی کوردستانەوە بایەخدانی ئەو وڵاتە دەردەخات بە ھەرێمی کوردستان. ئەمریکا لەگەل بایەخدانی بە ئێراق بە شێوەیەکی جیاوازتر و تایبەت تر دەروانێتە ھەرێمی کوردستان.
ئەم کۆنسوڵخانەیەی ئەمریکا زیاتر لە ٧٩٥ ملیون دولاری تیچووە و رووبەری دووسەدھەزار مەتر دوجایە. کردنەوەی ئەو کۆنسوڵخانەیە لە ساڵی رابووردو ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا نیازی جێھێشتنی کوردستانی نیە. ئەمریکا زیاتر لە ١٢ بنکەی سەربازی بە فەرمی لە ئێراق دا هەیە. ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکی بە ناوی راوێژکار لە ئایندەدا لەم کۆنسوڵخانەیە دەست بەکار دەبن. دروستکردنی ئەم کۆنسوڵخانە گەورەیە واتای زیاد کردنی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی ئەمریکا و ھەروەھا گرنگی ناوچەکە دەردەخات لەرووی جیێۆپۆلیتیکەوە.
ھەوڵی زۆر لە ئارادایە بۆ پەشێوی دروست کردن و دەرپەراندنی ھێزەکانی ئەمریکا، چ لە رێگای بڕیاری پەرلەمانی بێت یاخود لە رێگای بۆردومانکردنی بەردەوامی نوێنەرایەتیەکەیانەوە بێت.
بەڵام ئەمریکا، سوریا و ئێراق بە سەنگەری بەرەنگار بوونەوەی ئێران و چین و روسیا ئەژمار دەکات و دەستبەرداری ئەم ناوچەیە نابێت.
دەمەوێت ھەندێک خاڵ بخەمە ڕوو کە بۆچی ئەمریکا دەست بەرداری ئێراق و ھەرێم نابێت:
١-کشانەوەی ئەمریکا واتا تسلیم کردنی ئێراق بە ئێران و سیاسەتی روسیا کە ئەمە لە بەرژەوەندی ھاوپەیمانانی ئەمریکا دا نیە لە ناوچەکە وەکو وڵاتانی سعودیە و ئسرائیل و دەبێتە ھۆی دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتانە.
باڵادەستی لۆبی سەھیۆنی لە ناو کۆنگریس و سوپا و ئابوری ئەمریکا روونە و ئەمەش دەبێتە ھۆی رێگری کردن لە کشانەوەی سوپای ئەمریکا و دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ئسرائیل.
٢-کشانەوەی ئەمریکا لەم ناوچەیە واتا گەیشتنی چین و ئێران و روسیا بە کەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەراست، وە جێبەجێ کردنی پرۆژە ئابوریەکانی ئەو وڵاتانە. بەتایبەتی پرۆژە و بەرنامەی ڕێگای ئاوریشمی و دروست کردنی ھێلی شەمەندەفەر کە لەو رێگایەوە ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەسترێتەوە. ڕێگای ئەوریشمی یەکێکە لە پلانە ستراتیجیە گرنگەکانی چین و روسیا بۆ گەیشتنیان بە کەندا و دەریای ناوەراست. ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆرینی ھاوکێشەی ئابوری لە جیھان دا لە بەرژەوەندی چین و روسیا.
٣- باڵادەستی ئابووری چین و روسیا لەم ناوچەیە دەبێتە ھۆی باڵادەستیان لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە. شەری ئابوری چین و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا توندیەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. وڵاتانی (ج ٧) لە ھەوڵی پاراستنی بازاری خۆیاندان دژ بە چین. ھەربۆیە ڕێگەدان بە چین بۆ گەیشتنی بە کەنداوی عربی و دروست کردنی ڕێگای ئاوریشمی زۆر ئەستەمە.
ئەم خاڵانە و زۆری تر پێمان دەڵێن کە مانەوەی ئەمریکا لە ئێراقدا واقعێکی حەتمیەو بەم نزیکانە ئەمریکا دەستبەرداری ئێراق و ھەرێم نابێت. ھەرچەند ئەفغانستان و کوردستان ھاوپاشگربن و لە زۆرێک لە روەکانەوە ھاوشێوەبن، بەڵام بەرژەوەندیەکی ئەمریکا تێیدا جیاوازە و لەرووی جێوپۆلتیکەوە بۆ ئەمریکا جێگای بایەخێکی زۆرە.