پەروەردە هونەر یان پڕۆسەیەکە کە زانیاری گشتی دەبەخشێت یان دەگەیەنێت، گەشەپێدەری هێزی بیرکردنەوە و دادگەرییە. تاکی زرنگ و ڕۆشنبیر بۆ ژیان ئامادە دەکات.
دەبێت خێزانەکان بزانن پەروەردە چییە؟چۆن دەیبەخشن بە منداڵەکانیان، کاتێک منداڵێک پەروەردە دەکەن گرنگە بزانن خۆشەویستی و لێهاتووی فێربێت، لە پەروەردەکردندا کاتێک ڕێگەیەکی گوڵبژێرکراو دەگیرێتەبەر بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک خۆشەویستی ش دەخاتە دڵی منداڵ.
پەروەردە تەنیا بریتی نییە لە خوێندنەوە و نووسین، بەڵکو کلیلی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و کارامەیی و لێهاتوویی تاکی ناو کۆمەڵگەیە، ئەگەر منداڵ بە نموونە وەربگرین، منداڵ کەسێکە لەنێوان لەدایکبوون و گەورەبووندا. لەم قۆناغەدا دەبێت گرێدراوی پەروەردە بێت، هەموو ژیانی بە خۆشەویستی پڕبکرێتەوە، چونکە خۆشەویستی ڕێگەیەکە بۆ فێربوون و زانین، کە دەتوانێت دیووە جوانەکەی ژیان پیشانی منداڵ بدات.
چێژی ژیان بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لە کەسایەتی منداڵدا بەرجەستە بکات. پەروەردە چێژێکی تایبەتی هەیە، کاتێکیش لە ژیاندا پڕاکتیزە دەکرێت، بە هەموو ئەرک و سەختییەکانییەوە چێژێکی تایبەتیتر دروستدەکات. پەیڕەوکردنی پەروەردە لە ژیانی منداڵدا بۆ بنیاتنانی ژیانێکی شایستە بە منداڵە. ئەو پەروەردە شایستەیەش بێگومان خێزان بنیاتنەریەتی. چونکە خێزان دەروازەی ئاشنابوونی منداڵە بە جیهانی دەوورووبەر بە خودی خۆی بە زانین و فێربوون و ئاڕاستەی کۆمەڵگایدەکات. بەرپرسە لەوەیدە بێتە قەوارە یان کەسێکی شکست خواردوو.
منداڵان لەگەڵ قسە و هەڵسوکەوت و گفتوگۆی دایک و باوکیاندا گەورە دەبن. ئەم هەڵسوکەوت و گفتوگۆیە توندوتیژ بێت یان نەرمونیان کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵدا دادەنێت، منداڵانیش لە گەورەبووندا بەهەمان ڕێگە؟ لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلدا، لەژیانی خێزانیدا هەڵسوکەوت دەکەن.
ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت( مێشکی منداڵ وەک لاپەڕەیەکی سپی وایە چی تێدا بنووسرێتەوە ئەو کەسایەتییە بەرهەمدێنێت، بەڵام بێرتراند ڕەسڵ دەڵێت منداڵ خاوەن زانینه، بەڵام دەبێت ئەو زانینەی ئاڕاسته بکرێت؟ کەواتە ئەوە خودی خێزانە دەتوانێت ئەو زانینە ئاڕاستە بکات. دواتر باخچەی منداڵان و فێرگە. لەبەرئەوە پەروەردەی دایک و باوک وەک تۆو لە مێشکی منداڵدا دەچێنرێت، دواتر ئەو منداڵە خۆنەویست هەڵسوکەوت دەکات، کە پێچەوانەی کەسایەتی خۆی بێت، چونکە لەلایەن خێزانەوە بارگاویکراوە، بەو جۆرە دەبێت کە دایک و باوک چاوەڕێی دەکەن، ئەمەش پێناسەی منداڵه لەناو کۆمەڵگەدا.
پەیامە پەروەردەییەکەی دایک و باوک چۆن بگات بەو جۆرە کاریگەری دادەنێت. بۆ نموونە ئەگەر بە منداڵێک بگوترێت تەمبەڵی بێگومان پێی کاریگەر دەبێت، بەڵام ئەگەر بە دەنگێکی بەرز و توند پێی بگوترێت، زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری قسەکه. قسەکردن لەکاتی تووڕەبووندا زیاتر کاریگەری دادەنێت بە بەراورد بەو قسانەی کە لە کاتی ئارامیدا دەکرێت، چونکە لەناو مێشکدا دەمێنتەوە، لەکۆتاییدا، پەروەردە بۆ منداڵ گرنگترین وێستگەی ژیانه، بمانەوێت لە منداڵ تێبگەین دەبێ لە پەروەردەی خێزان تێبگەین.