- تێکەڵبوونی پیرۆزی و دەسەڵات
شارستانییەتی ئایینسالار (Theocratic Civilization) لە مانا فەلسەفییەکەیدا، لەسەر بنەمای سڕینەوەی سنووری نێوان «ئاسمان و زەوی» یان «پیرۆزی و دونیایی» بوونیاد دەنرێت. لەم مۆدێلەدا، دەسەڵاتی سیاسی شەرعیەتی خۆی لە سندوقی دەنگدان، ئیرادەی گشتی، یان گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە وەرناگرێت؛ بەڵکو خۆی وەک جێبەجێکاری یاسا، ویست و نوێنەرایەتی خودایی لەسەر زەوی دەسەپێنێت. لێرەوە، ڕەخنەی هزری و ماتریالیستی لەم جۆرە شارستانییەتانە ئەوەیە کە دەسەڵات لە پرسێکی مرۆیی، ڕێژەیی، زەمینی و مشتومڕەوە، دەگۆڕێت بۆ هەقیقەتێکی ڕەها، میتافیزیكی و پیرۆز. کاتێک سیاسەت بەبەرگی پیرۆزی ڕووپۆش دەکرێت، هەر جۆرە ڕەخنەیەک لە دەسەڵاتی سیاسی یان پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، وەک گومڕایی و لادان لە ئایین و یاسای ئاسمانی و خودایی وێنا دەکرێت. ئەم پڕۆسەیە دەرگای سەرکوتکردنی فیکری بە تووندی واڵا دەکات، ئهقڵی ڕەخنەیی پەکدەخات یان بگرە لەنێوی دەبات و، فرەیی (Pluralism) لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندیی ئایینیدا دەکوژێت. ئایین لێرەدا، وەک چەکێکی ئایدیۆلۆژی کار دەکات بۆ شەرعیەتدان بە نایەکسانی و ڕاگرتنی جەماوەر لە دۆخی بێدەنگی و ملکەچیدا و بەردەوامی و مانەوەیان بەمشێوەیە.
کێشەی سەرەکی و هۆشیاریی ڕەخنەیی لەم بابەتەدا کاتێک دەستپێدەکات کە لە دۆخی مێژوویی و فیکریی کورد لە ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا دەکۆڵینەوە و دەیخەینە بەر باس. کورد بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ و کۆنی خۆی، نەبووە خاوەنی سەروەرییەکی ناوەندیی سەربەخۆ یان دەوڵەتێکی نەتەوەیی تا بتوانێت “شارستانییەتێکی ئایینسالاریی کوردی” بە مۆرک و زمانی خۆیەوە بەرهەم بهێنێت. بە پێچەوانەوە، کورد هەمیشە وەک بکەرێکی کەنارگیر، وەلانراو، یان پاشکۆ لە ناو کایەی هێز و ئیمپراتۆریەتە ئایینییەکانی دەوروبەریدا ژیاوە. کێشە فیکری و ستراتیژییەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئهقڵی سیاسیی کوردی بۆ چەندین سەدە، ناسنامە، وزەی مرۆیی و، قوربانییەکانی خۆی لە ناو پڕۆژە ئایینسالارە گشتییەکانی ناوچەکەدا (وەک خەلافەت و دەوڵەتە ئیسلامییەکان) بەخت کردووە. ئەم تێکەڵاوبوونە کوێرانەیە وایکردووە کە ئایین لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری ڕزگاری و یەکگرتوویی، زۆرجار وەک ئامرازێکی دەرەکی بۆ سڕینەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی، شاردنەوەی چەوسانەوەی چینایەتی و، ڕێگری لە دروستبوونی قەوارەیەکی مۆدێرن و سێکولار کار بکات. کورد لەم هاوکێشەیەدا، کەرەستەی سەرکەوتنی شارستانییەتی ئەوانی تر بووە لەسەر حیسابی سڕینەوەی خودی خۆی.
- کاریگەرییە دەرەکییەکان؛ کورد لە نێوان عوسمانی و سەفەویدا.
لە ڕوانگەی هزری و کۆمەڵناسییەوە (سۆسیۆلۆژی)ـیەوە، جوگرافیای کوردستان لە سەدەکانی ڕابردوودا تەنها جوگرافیایەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ببووە گۆڕەپانی ململانێی تووندی نێوان دوو مۆدێلی جیاواز و دژبەیەک لە شارستانییەتی ئایینسالار؛ خەلافەتی عوسمانی (کە خۆی وەک پارێزەری ئیسلامی سوننی دەناساند) و دەوڵەتی سەفەوی (کە شەرعیەتی خۆی لەسەر بنەمای شیعەی دوازدە ئیمامی بوونیاد نابوو). ڕەخنەی فیکری لەم قۆناغە مێژووییە ئەوەیە کە هەردوو جەمسەرەکە، شەرعیەتی شەڕە ماڵوێنکەرەکان، داگیرکاری و، فراوانخوازییەکانی خۆیان بە چەمکی پیرۆز، فتوحات و، جیهاد دەپۆشی تا ئهقڵی جەماوەر کۆنتڕۆڵ بکەن. جوگرافیای کوردستان کەوتە ناو جەرگەی ئەم ئایدیۆلۆژییە تووندەوە، و ئهقڵی سیاسیی کوردی بە تەواوی کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم “شەرعیەتە ئایینییە” دەرەکییە و زیانی گەورەی بەرکەوت و کاریگەری گەورەی بەسەرەوە جێما.
لە پەیماننامەی قەسری شیرین لە ساڵی ١٦٣٩، جوگرافیای کوردستان بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی لە نێوان ئەم دوو هێزەدا بەش بەش کرا. ئەم دابەشکارییە نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکە یان مافی نەتەوەیی، بەڵکو تەنها لەسەر بنەمای کێشانەوەی سنووری نفوز و زاڵبوونی دوو جەمسەرە ئایینسالارەکە بوو. خوێندنەوە و ڕوانین لەم قۆناغە مێژووییە پێمان دەڵێت کە ناسنامەی کوردی لەو سەردەمەدا تووشی جۆرێک لە شەقبوونی ناوخۆیی و “نامۆبوونی خودی” بوو. بەشێکی زۆری میرنشینە کوردییەکان لەبری ئەوەی هاوپەیمانی لە نێوان خۆیاندا بکەن بۆ دروستکردنی هێزێکی نەتەوەیی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان یا ڕوونتر بڵێین مافەکانی خۆیان، ئامادە بوون بچنە ژێر چەتری خەلافەتی عوسمانی، تەنها لەبەر ئەوەی لە ڕووی مەزهەبییەوە خۆیان بە سوننە دادەنا. ئایینی باڵادەست لێرەدا وەک ئامرازێک کاری کرد کە وای لە میرەکان کرد دوژمنی نەتەوەیی و ڕاستەوخۆی خۆیان وەک “برا و خەلیفە” ببینن. ئەمەش وایکرد کە وزەی مرۆیی، ئابووری و سەربازیی کورد لەبری ئەوەی لە خزمەت پڕۆژەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوودا بێت، ببێتە سووتەمەنی بۆ جەنگەکانی عوسمانی و پاراستنی سنوورەکانی ئەو ئیمپراتۆریەتە ئایینییەی کە لە بنەڕەتدا دژی هەر جۆرە سەربەخۆییەکی کوردی بوون.
- نامۆبوونی نەتەوەیی لە خزمەت ئاییندا.
نموونەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، ڕوونترین، قووڵترین و ئاڵۆزترین بەڵگەی مێژوویی و هزرییە لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ئهقڵی سیاسیی کوردی لە ژێر سێبەری قورسی شارستانییەتی ئایینسالاردا. سەڵاحەدین وەک کارەکتەرێکی سەربازیی بلیمەت و کارێزمایەکی خاوەن ڕەچەڵەکی کوردی دەرکەوت، بەڵام پڕۆژە گەورە سیاسییەکەی (دەوڵەتی ئەیوبی) بە تەواوی خاڵی بوو لە هەر جۆرە ڕەهەندێکی نەتەوەیی، كولتووری یان تایبەتمەندییەکی جوگرافی کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات. لێرەوەمئەم ئەزموونە دوو کێشەی بنەڕەتیمان پێدەدات:-
سەڵاحەدین تەواوی توانا، لێهاتوویی، داهاتی ئابووری و لە سەرووی هەمووشیانەوە، وزەی مرۆیی و خوێنی جەنگاوەرە کوردییەکانی خستە خزمەت ئایدیۆلۆژیایەکی گشتگیر و میتافیزیكی کە بریتی بوو لە پاراستنی عەرشی ئیسلامی سوننی، ڕووبەڕووبوونەوەی فاتیمییەکان لە میسر و دەرکردنی خاچپەرستان لە قودس. لە ناو کایەی فیکریی شارستانییەتی ئایینسالاردا، “شەرعیەتی دەسەڵات” و بەهای مرۆڤ تەنها بەند بوو بە ڕادەی دڵسۆزی بۆ ئایین و خەلیفە، نەک بۆ خاک، زمان و نەتەوە. سەڵاحەدین لەم تاقیکردنەوە ئایینییەدا سەرکەوتنێکی مێژوویی بێوێنەی بەدەستهێنا و ناوی خۆی لە مێژووی ئیسلامیدا چەسپاند، بەڵام ئەم سەرکەوتنە مەزنە لەسەر حیسابی پەراوێزخستنی تەواوی ناسنامەی ڕەسەنی خۆی و گەلەکەی بوو. ئەو لە ڕوانگەی ئایینییەوە بووە پاڵەوان، بەڵام کاتێک لەڕوانگەیەکی فیکرییەوە لێی بڕوانین ، وزەی نەتەوەیەکی بێ دەرەتانی خەرج کرد بۆ بوونیادنانی ئیمپراتۆریەتێک کە دواتر بووە بەشێک لە مێژووی عەرەبی و هیچ دەسکەوتێک و شوێنپێیەکی بۆ ناسنامە و داهاتووی سیاسیی کورد تێدا نەبوو. ئەمە بەڕوونی و بەتەواوی تیۆری “نامۆبوون”مان بۆ دەردەخات، کاتێک مرۆڤ بە دەستی خۆی هێزێک دروست دەکات کە دواتر خۆی دەچەوسێنێتەوە.
ڕەخنەی فیکری لە ئەزموونی ئەیوبییەکان لەوەدایە کە دەوڵەتەکەیان لەسەر بنەمای کارێزمای شەخسیی سەڵاحەدین و دروشمە ئایینییەکانی سازدا، نەک لەسەر بنەمای دامەزراوەیەکی نەتەوەیی یان كولتووریی جێگیر کە بتوانێت پارێزگاری لە مانەوە و گەشەی فیکریی کورد لە ناوچەکەدا بکات. سەڵاحەدین جوگرافیایەکی فراوانی فەرمانڕوایی کرد (میسر، شام، حیجاز و یەمەن)، بەڵام پایتەختی دەوڵەتەکەی لە قاهیرە و دیمەشق بوو، نەک لە ناو جەرگەی کوردستاندا. کاتێک “ئایین” دەبێتە تاقە پێوەر بۆ بەڕێوەبردنی فەزای گشتی، نەتەوە دەبێتە ئامرازێکی بێ بەها لە خزمەت ئامانجە ناوەندییەکانی ئاییندا. هەر بۆیە دوای مردنی سەڵاحەدین، میراتە سیاسییەکەی بە خێرایی لە ناو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا توایەوە و گەلی کورد وەک خۆی، بە بێ هیچ قەوارەیەکی سەربەخۆ یان ژێرخانێکی زانستی و فیکری، بە پەڕاوێزی لە مێژوودا مایەوە. ئەم نموونەیە بە ڕوونی نیشانی دەدات چۆن هۆشیاریی ئایینسالار دەتوانێت ئهقڵی سەرکردەکان کۆنتڕۆڵ بکات، بە چەشنێک کە کورد ئامادە بووە ببێتە “قەڵغانی پارێزەری” پڕۆژە ئایینسالارەکانی دەوروبەری، بە بێ ئەوەی یەک هەنگاو بۆ ڕزگاریی زەمینیی خۆی بنێت. هەروەها وردبوونەوە و خوێندنەوە بۆ ناوخۆی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان لە سەدەی نۆزدەمدا، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و پاشەکشەیەکی فیکریی گەورەمان نیشان دەدات؛ ئەویش بریتییە لە ڕووخانی میرنشینە کوردییەکان لەسەر دەستی دەوڵەتی ناوەندیی عوسمانی، و گواستنەوەی جڵەوی دەسەڵاتی ناوخۆیی لە «میرە کان»ەوە بۆ «شێخە ڕۆحییەکان»ی تەریقەت (بەتایبەت نەقشبەندی و قادری و هتد…). لێرەوە، مۆدێلێکی بچووککراوە و ناوخۆیی لە ئایینسالاری لە کوردستان چەکەرەی کرد کە زیانی فیکریی قورسی بە پڕۆسەی هۆشیاریی کۆمەڵگە گەیاند.
کاتێک میرنشینەکان وەک قەوارەی نیمچە-سیاسی و سێکولار لەناوچوون، کۆمەڵگەی کوردی تووشی بۆشاییەکی گەورەی سەرکردایەتی و ناسنامە بوو. لەم قۆناغەدا، تاکە هێزێک کە توانی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و شەرعیەتی کۆمەڵایەتی هەبێت بەهۆی نەخوێندەواریی باڵادەستی ناو کۆمەڵگەوە، دامەزراوەی خانەقاکان و شێخەکانی تەریقەت بوون. ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕینی دەسەڵاتداران نەبوو، بەڵکو گۆڕینی بنەمای بیرکردنەوەی فیکری بوو؛ ئهقڵی سیاسیی کوردی لە داواکاریی حوکمرانی، ڕێکخستنی ئابووری و بەڕێوەبردنی خاکەوە، گۆڕا بۆ چەمکی میتافیزیكی وەک بەجێهێنانی فەرمانی شێخ لە پێناو دەستکەوتنی بەهەشتدا. شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور یان جوڵانەوەکانی شێخ مەحمودی حەفید لە باشوور، ڕەگێکی تووندیان لەم پاشەکشە فیکرییەدا هەبوو؛ خەڵک نەک وەک هاووڵاتی خاوەن ماف، بەڵکو وەک “موریدی گوێڕایەڵ” لە دەوری ئەم سەرکردانە کۆدەبوونەوە و ئامادەبوون گیانی خۆیان فیدا بکەن بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەکی ڕوونی سێکولاریان بۆ پاش جەنگ هەبێت.
پەیوەندیی نێوان سەرکردە و گەل لە چەمکە مۆدێرنەکەی (کە لەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی، ڕەخنە، و لێپرسینەوە وەستاوە) بە تەواوی بەتاڵ دەبووەوە و دەگۆڕا بۆ پەیوەندیی “شێخ و مورید”. کاتێک کۆمەڵگەیەک لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوەبچێت، ئەوا «ئهقڵی ڕەخنەیی» بە تەواوی دەمرێت و پەکیدەکەوێت. مورید لە ڕووی فیکرییەوە کوێرانە پەیڕەوی دەکات و مافی پرسیارکردنی نییە، چونکە بڕیار و فەرمانی شێخ وەک ئیلهامێکی خودایی و پیرۆز سەیر دەکرێت کە مرۆڤی ئاسایی لێی تێناگات. لەم هاوکێشە باوکســالاری و ئایینییەدا، بڕیاری سیاسی دەبووە فەرمانێکی ڕۆحی کە گومانی لێ نەدەکرا. ئەم مۆدێلە خەڵکی کوردی فێری تەسلیمبوون، قبوڵکردنی قەدەر و ئهقڵیەتی پاشکۆیی کرد لەبری ئەوەی هانیان بدات ببنە هاوڵاتیبوونی هۆشیار و خاوەن ئیرادە. بزووتنەوە کوردییەکان لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای دامەزراوەی حزبی، دەستووری، سەربازی یان ئیداریی سیستماتیک بوونیاد بنرێن، زیاتر پشتیان بە کارێزمای کەسی و پیرۆزیی بنەماڵەیی شێخەکان دەبەست؛ هەر بۆیە کاتێک شێخەکە دەکوژرا، دیل دەکران یان جڵەوی لێ تێکدەچوو، تەواوی بزووتنەوەکە بە خێرایی تووشی داڕمان و پەرتەوازی دەبوو، چونکە هیچ هۆشیارییەکی نەتەوەیی مۆدێرن یان ڕێکخراوێکی سێکولار نەبوو کە پڕۆژەکە لە دوای شەخسی شێخەکە بەردەوام بکات. ئایینسالاریی ناوخۆیی، مێژووی سیاسیی کوردی کردە بارمتەی کاتیی کارێزمای ڕۆحی و ڕێگەی نەدا ئهقڵی سیاسی گەشە بکات.
- ئایین وەک هێزێک بۆ خاڵی کۆنەپەرستی و دواکەوتن.
ئەگەر بە مێتۆدێکی زانستی و فەلسەفەی ماتریالیستی سەیری ڕووداوەکان بکەین، دەبینین باڵادەستیی هزر و هێما ئایینییەکان لە ناو فەزای گشتیی کوردستاندا، گەورەترین هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی و ژێردەستەیی سیاسی بووە. ئایین لە مێژووی کورددا، نەک هەر نەبووەتە کەرەستەی ڕزگاری، بەڵکو وەک هێزێکی پارێزگار (Conservative) کاریکردووە بۆ هێشتنەوەی پێکهاتە کۆنەکان، وەک عەشیرەتگەری، دەرەبەگایەتی (Feudalism)، و چەوسانەوەی ژنان. پیاوانی ئایینی و شێخەکان هەمیشە ترسیان لە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی نوێ، زانستی و عەلمانی هەبووە، چونکە نوێگەری دەبووە هۆی لێسەندنەوەی شەرعیەت و نفوزی ئەوان بەسەر کۆمەڵگەوە. کاتێک نەتەوەکانی ئەوروپا لە ڕێگەی سەردەمی ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەرەنسییەوە، ئهقڵییەتی میتافیزیكیان وەلانا و دەستیان بە لێپرسینەوە لە کەنیسە و پاشاکان کرد، کۆمەڵگەی کوردی لە ژێر کاریگەریی تووندی خانەقا و حوجرەکاندا خەریکی بەرهەمهێنانەوەی فیکری سۆفیگەری و دۆخی تەسلیمبوون بوو بۆ قەدەر. ئەم جیاوازییە فیکرییە وایکرد کە کورد نەتوانێت لە کاتی خۆیدا چەمکی “دەوڵەت – نەتەوە” (Nation-State) بە مانا مۆدێرنەکەی تێبگات. کاتێکیش شۆڕشگێڕانی کورد ویستیان دەستپێبکەن، ناچاربوون بەرگی ئایینی بە بەر شۆڕشەکاندا بکەن تا جەماوەر ڕازی بکەن، ئەمەش لە کاتی خۆیدا شۆڕشەکەی لە ناوەڕۆکە پێشکەوتنخوازەکەی بەتاڵ دەکردەوە و دەیکردە ئامرازی ململانێی مەزهەبی لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا. ئایینسالاری لێرەدا، هۆشیاریی ڕەسەنی مرۆڤی کوردی شێواند و وایکرد لەبری خەبات بۆ ئازادی و نان و خاک، خەبات بۆ سەپاندنی دەقە کۆنەکان بکات.
- کۆبەند.
لەکۆتاییدا، ئەم خوێندنەوەیە بۆ مێژووی جوگرافیای کوردستان دەیسەلمێنێت کە شارستانییەتی ئایینسالار (چی ئەو مۆدێلە دەرەکییانەی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە سەپێنراون، یان ئەو مۆدێلە شێخایەتییە ناوخۆییەی کە کۆمەڵگەی کوردی خۆی بەرهەمی هێناوە) گەورەترین بەربەستی کۆنکرێتی بووە لە بەردەم گەشەکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی مۆدێرندا. پابەندبوونی کوێرانەی ئهقڵی سیاسیی کوردی بۆ چەندین سەدە بە دەقە پیرۆزەکان و شەرعیەتی دەوڵەتە ئایینییەکانی دەوروبەر، هۆشیاریی نەتەوەیی کوردی بە لانی کەمەوە سەدەیەک دواخست و ڕێگەی نەدا کورد وەک پێکهاتەکانی تری جیهان، بەرەو سێکولاریزمی ڕادیکاڵ و جیاکردنەوەی تەواو و ڕەهایی ئایین لە کایەی دەسەڵات، یاسا و پەروەردە هەنگاو بنێت.
ڕزگاربوونی ڕاستەقینە و داهاتووی سیاسیی کورد، تەنها لە ڕێگەی ڕزگارکردنی جوگرافیای خاکەکەیەوە بەدەست نایەت، بەڵکو پێش هەموو شتێک لە ڕێگەی ڕزگارکردنی ئهقڵی کوردییەوە دەبێت لە ژێر سێبەری قورسی مۆدێلە کۆنەکانی فێڵ، وەهم، میتافیزیك و پیرۆزکاریی ئایینی. تا ئەو کاتەی کایەی سیاسەت و بەڕێوەبردن لە کوردستان لە جادوو، خێڵایەتی و پیرۆزیی ئایینی دانەماڵرێت و نەبێتە زانستێکی ئهقڵانی، مرۆیی، زەمینی و زانستی، ئهقڵی سیاسیی کوردی هەر بە خولانەوە لە ناو بازنە داخراوەکان و پاشکۆیی لە خزمەت پڕۆژە ئایدیۆلۆژییە دەرەکییەکاندا دەمێنێتەوە. سێکولاریزمی ڕەها تەنها بژاردەیەکی سیاسی نییە بۆ کورد، بەڵکو مەرجی سەرەکی و فەلسەفییە بۆ مانەوە و هاتنەدی ئیرادەی ئازادی مرۆڤی کوردی.
سەرچاوەکان:-
کوردی:
- ئەحمەد، ک. م.، ٢٠١٥.کوردستان لە سەردەمی گواستنەوەدا: لێکۆڵینەوەیەک لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی نۆزدەم. سلێمانی: دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان.
فارسی:
- اشرف، ا.، ۱۳۵۹. موانع تاریخی رشد سرمایهداری در ایران: دوره قاجاریه. تهران: انتشارات زمینه.
- فلور، و.، ۱۳۹۴.تاریخ روابط عثمانی و صفوی: با تکیه بر وضعیت کردها و ولایات مرزی. وەرگێڕانی م. رمضانزاده. تهران: نشر توس.
English:
- Bruinessen, M. van, 1992. Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed Books.
- Gibb, H.A.R., 1973.The Life of Saladin: From the Works of Imad ad-Din and Baha ad-Din. Oxford: Clarendon Press.
- Özoğlu, H., 2004.Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries*. Albany: State University of New York Press.




































































