مرۆڤی مۆدێرن هێندەی کە مرۆڤێکی بەئاوەز و خاوەن ئیرادە بوو چەند هێندەش مرۆڤێکی تەنها و خەمۆکی لێ دەرچوو، ئەم تایبەتمەندییە هەر لە سنووری بەرهەمهێنەرانی مۆدێرنیزم و هەناردەکارانی مۆدێرنیتە نەمایەوە و زۆربەی ئەو وڵاتانەشی گرتەوە کە کە بەر شەپۆلە هزری، سیاسی، ئابووری و پیشەییەکی کەوتبوون. مۆدێرنیتە لە هەر کام لە وڵاتانی دەرەوەی ڕٶژئاوا جۆرێک دەرکەوتەی تایبەت بەو کۆمەڵگایە و مێژووەکەی هەبوو. بێگومان مرۆڤی مۆدێرنی ئەم وڵاتانەش کە مۆدێرنیتەیان بۆ هاوردە کربوو چەشنێک لە مۆدێرنبوونیان تاقیکردەوە کە ئەگەرچی تایبەت بوو بەو سیستەمە مێژوویی و پەروەردەیی خۆی، بەڵام بێبەریش نەبوو لەو بنەما و تایبەتمەندییە گشتییانەی کە لە کرۆکی مۆدێرنیزمەوە هاتنە دەرێ. ئەم حاڵەتە لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆن و نوێ یان جیهانبینی و فەلسەفەی پێشمۆدێرن و پاش مۆدێرن زیاتر خۆی نیشان دا و کۆی پرۆسەکە تا ئێستاش دەرخەری ئەو قەیرانەیە کە لێرە باسی دەکەم. قەیرانێک کە نەک تەنها زۆرێک لە بنەماکانی مۆدێرنیزمی خستە ژێر پرسیار بەڵکوو تا سنووری لەناوچوونی شارستانییەتی مرۆڤ و سەرهەڵدانی جۆرە ئاڵۆز و سەیر و سەمەرەکانی “شەڕ” و خراپە ڕۆیشت.
فەلسەفەی پێشمۆدێرن، وەکوو ئیلاهیات، لەسەر کۆمەڵێک بنەمای پتەو و یەقینتەوەر ڕاوەستا بوو. بە هەمان شێوە کە بوومەلەرزەی لیسبۆن، متمانەی مرۆڤی بۆ زەوی، و پێگەی شارستانییەتی مرۆیی لەناو برد، فەلسەفەی مۆدێرنیش، بنەما ڕەق و وشکەکانی ئەندێشەی نەریتیی لەرزاند، بە بێ ئەوەی بتوانێت یان بیەوێت کۆمەڵێک بنەمای دیکە بە هەمان ڕەقی و ڕەهائامێزییەوە لە جێگاکەی دابنێت. ئالنگاریی سەرەکیی ئەندێشەی فەلسەفیی مۆدێرن، دووبار بیرکردنەوە لە وتەزا و چەمکە کۆنەکان، جێگۆڕکێی چوارچێوەکانی پرسی کۆن و گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێک پرسیاری تازەیە، لە جیهانێکدا کە بونیاتنانی بنەما یان ناموموکین دەنوێنێت یان ناپێویست. لە چاخی کۆندا، بە تایبەت، ئایین بە کۆمەڵێک ئەستوونی قورس و قایمی ئایدیاکان و خەیاڵکردنەکان کە دەیکرد بە پاڵدەری خۆی، مەجالی ئەوەی بە مرۆڤ دەدا مانایەک بدات بە ڕەنج و ئازاری ژیان لەم جیهانەدا. مەبەستی کارل مارکس لە “ئایین تلیاکی خەڵکە” ئەوە نەبوو کە ئایین مادەیەکی سڕکەرە بۆ فێڵکردن لە گیان و لەشی مرۆڤ. مارکس ئازارکێشانی بە بێ هیچ پاساوێک بە بێمانا و بێ هەبوونی ڕەوایی دەزانی و باوەڕی وابوو کە لە سەردەمی کۆندا، ئایین مانا و ڕەوایەتیی دەبەخشێت بە ئازارکێشانی مرۆڤ لە جیهاندا و لە ئەنجامدا ئەم مانابەخشینەش بە خودی جیهانە و ڕەوایەتییەکەی پەرە پێ دەدات. مارکس نووسی:-
“ئایین تیۆرەی گشتیی ئەم جیهانەیە، زانستنامەیەتی، لۆژیکەکەیەتی بەشێوەیەکی پەسندی هەمووان، مایەی لووتبەرزی و خیرەت، ودمی ئەخلاقی، تاقانە تەواوکەری جیهان و بنەمای گشتیی بەکام گەیشتن لەم جیهانەیە و هەڵبەت پاساودانەوەیەتی… ڕیازەتکردنی ئایینیش دەرکەوتەی ئازارکێشانی ڕاستەقینەیە، و هەمیش ناڕەزایەتییەکە لەدژی. ئایین ناڵەی هەبووی سەرکوتکراوە، دڵی جیهانێکی بێ دڵ، هەروەها کە ڕۆحی دۆخێکی بێڕۆح. ئایین تلیاکی خەڵک و ڕەشۆکانە.”
ساڵەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمی زاینی، هەستی قووڵی خەمۆکی و نائومێدیی لەوەی کە ئامانجەکانی چاخی ڕٶشنگەریی بەدی بێن و هەروەها قەیران لە پرۆژەی مۆدێرنیزمدا گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی. قەیرانی ئەخلاقی لە ناواخنی بشێوییەکان و ستەمی بەربڵاوی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەرکەوت. هانا ئارێنت تەنها بیرمەندێک نەبوو کە باوەڕی بە وێرانگەریی ئەم قەیرانە هەبوو و بە دوای چارەسەرێکدا دەگەڕا بۆی. “کارل مارکس، فریدریش نیچە و زیگمۆند فرۆید”، سێ بیرمەند کە بە “پەیامهێنەکانی بەدگومانی” بە ئایدیالەکانی چاخی ڕۆشنگەری ناویان هاتووە، پێش لە ئارێنت، هەوڵیان داوە سرووشتی ئەم قەیرانە هەڵکۆڵن و لێی تێبگەن. ئەگەرچی ڕوونکردنەوەی مارکس، نیچە و فرۆید لە قەیرانی مۆدێرن، لە بنەوە لەگەڵ یەکدی جیاواز بوو، بەڵام دڵەڕاوکێ لە داڕمانی ئەخلاقیی سەردەمی مۆدێرن بابەتێکی هاوبەش بوو لە نێوانیاندا. “لە یارییەکانی ڕٶژگار یەکیان ئەمەیە کە هەر سێ بیرمەندەکە، بەشێک لە بەرنامەی کاری خۆی بەمە دەزانی کە بیسەلمێنیت بابەتە ئەخلاقییەکان پووچ و وەهماوین. ئەگەر کەسێک پێیانی گوتبا کە بیرکردنەوەیان وەرگیراوە لە داڵغە قووڵە ئەخلاقییەکانە، پەرچەکردارێکیان جگە لە سووکایەتیپێکردن (لە لایەن مارکس)، ئیهمالکردن (لە لایەن نیچەوە) و بزەیەکی گاڵتەجاڕانە (لە لایەن فرۆیدەوە) نەبوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەش، خاڵی هاوبەشی هەر سێکیان، لە دواجاردا هەستی دڵەڕاوکێ و تۆقین لە دابەشبوون و پەرێشانیی ژیانی مرۆڤەکان (ئاوەها ئاخاوت زەردەشت، بەشی دووهەم، پاژی ٢٠) و خەمخۆریی ئەخلاقیی بەنیسبەت داهاتووی مرۆڤەوە بوو. ڕەخنەی مارکس لە بەدواداهاتەکانی دابەشکردنی کار و تۆقینی نیچە لەمەی کە مێژوو، قوربانیگەیەکی ناکۆتا، لێوانلێو لە پەیمانشکێنی و خیانەتەکان و ڕق و تۆڵەسەندنە (ئەو ڕق و تۆڵانەی کە سەرچاوەیان لە تووڕەیی و ئێرەیی گرتووە) بێتە بەرچاو و شیکاریی ڕەشبینانەی فرۆید لە ئامراز و هۆکارەکانی شارستانییەت، هەر هەموو نیشانەی نیگەرانیی هاوبەشیان لەبارەی بوونەوەرێک بوو کە لە ڕٶژگاری ڕابردوودا وەکوو “مرۆڤێکی یەکپارچە و تەواو و پڕ” ناوی لێنرابوو. بەرزەمرۆڤی نیچە و “کۆمەڵگای بێ چین”ی مارکس، هەر دووکیان بۆ گەیشتن بە ئاوەها حەکایەتێک لە ئاوێنەی ئایدیاکاندا نەخشێنرابوون”.
لەناوچوون و داڕمانی نەریت، نەک تەنها بنەماکان و ناوکە ڕەقەکانی دەزگا یەقینییەکانی لەرزاند و شکاندنی، بەڵکوو بوو بەهۆی لەدایکبوون و سەرهەڵدانی شێوگەلی تازەی “شەڕ” کە پێشتر وێناکردنیان مەحاڵ دەینواند. شەڕ لە ئاستگەلێکی حەپەسێنەر. ئەگەر لە کۆندا، کەسێک، گرووپێک یان نەتەوەیەک لە دژی کەسێک، گرووپ یان نەتەوەیەکی دیکە هەڵدەستا و دەچووە جەنگ و تاوانکارییەوە، ئامانج و نیازێکی دیاریکراوی هەبوو و ئەو ئامانج و مەبەستە، چوارچێوە و پانتایی “شەڕ”ەکەی ئەوی کورت دەکردەوە و لەقاوی دەکرد. بەتایبەت، لە سەدەی بیستەمدا، لەگەڵ نموونەیەکی نوێ لە شەڕ ڕووبەڕوو دەبین کە نەک تەنها لەقاو ناکرێت بەڵکوو بەسەختیش دەتوانین تێبگەین کە بۆچی و بە چ پاڵنەر و خواستێک کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان لە کردەوەی توندوتیژانە لە دژی ئەوانی دیکەدا بەشدار دەبن؛ جەنگەکان و تاوانەکان و ئەو توندوتیژیانەی کە تێیدا قوربانی تەنانەت دەنگی خۆشی نابیستێت و قوربانییەکان، وەکوو بوونەوەرانێکی بی شوناس و بێ ڕوخسار دێنە بەرچاو کە تەنها دەبێت بە دەستی بوونەوەرانێکی بێ شوناس و بێ ڕوخساری دیکە لەناو بچن.
بەڵام مەگەر ئەوانەی ڕابردوو تەنهاییان نەچەشتبوو یان هەر هەموو توانایی بیرکردنەوەیان هەبوو؟ شتێکی ڕوونە کە نە ترس لە تەنیایی بابەتێکی نوێیە و نە بیرکردنەوەش کاری هەموو کەسێکە. چ شتێک لە تۆقین لە تەنیایی و بیرنەکردنەوەی سەدەی بیستەمدا هەبوو کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی سیستەمانێکی بەتەواوەتیی نوێی “توتالیتەر”؟ لە ڕوانگەی ئارێنتەوە ئەوەی وا نوێ بوو، هەڵوەشانەوەی نەریت، سیستەمی بەهاکان و داب و نەریتەکەی بوو. لە سەردەمی مۆدێرندا، مرۆڤ کەوتە ناو چاڵی دۆخێکی دژوار و بە تەواوەتی نوێوە کە دەبێت خۆی سیستەمی بەهاکانی دروست کردبا. مرۆڤە خراپەکار و هەناوپیسەکان هەمیشە هەبوون، بەڵام هێزی ڕێکخراوەکان و هێماکان و بەهاکانی نەریت تا ڕادەیەک شەڕی لەقاو کردبوو و نەیدەهێشت پانتاییەکەی بەڕادەیەک پەرە بستێنیت کە لە یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو یان ئاڵمانی سەردەمی هیتلەردا بینیمان. نەریت، بەستێنی تێگەیشتنی هاوبەشی مرۆڤەکان بوو، هەمان تێگەیشتنی هاوبەش کە بۆ سیاسەت و سیاسەتکردن پێویستە. لەناوچوونی نەریت، سیاسەتی تووشی قەیران کرد. مەرجەعییەتی ئایین و ڕەوایی دەزگا یاساییە کۆنەکان داڕما و لەباتی ئەوە شتێک بەدینەهات کە ببێت بە هەوێنی تێگەیشتنی هاوبەشی مرۆڤەکان. کاتێک نەریت، وەکوو بنەمای فەزایەکی هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکان لەناوچوو، مرۆڤی مۆدێرن، بێ ڕێشە، تەنها و لێگەڕاو مایەوە. مرۆڤێک کە لە میراتی پێشوو دابڕاوە، زنجیرەی گرێدراوێتییە کۆنەکانی لێک هەڵپچڕاوە و نازانێت عابای پتوورکاوی خۆی بە لقی داری کوێی ئەم شەوگارە نووتەکەی جیهانەوە هەڵواسێت، خۆی وا ناچار دەبینێت کە بە پەیوەستبوون بە بزووتنەوە سیاسییەکان پێگەیەک بۆ خۆی لە جیهاندا ببینێتەوە. ئاوەها چارەسەرێک بۆ دەرمانکردنی تەنیایی، بە ئاسانی دەتوانێت ببێت بەهۆی دروستبوون و بەهێزبوونی سیستەمە توتالیتەرەکان، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و بۆمبڕێژییە خۆتەقێنەکان. ئەوەی هەنووکە لە ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیبینین، تێکەڵەیەکە لە هەموو ئەمانە. هەر بۆیە ئارێنت، زیاتر لە شەست ساڵ لە تەمەنی دڵی ئەو پرسانە دەکات بە ئامانج کە هەنووکە لەگەڵیدا دەستەویەخەین.
پرسیاری سەرەکیی ئارێنت ئەمەیە کە چۆن دەکرێت لە چاخێکدا کە لەناوچوونی نەریت، بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ڕەگ و ڕیشەکانی خۆی هەڵبڕێت و تەنها کەوێت، مەجالی پێکەوەژیان و کردەی هاوبەشی نێوان مرۆڤەکان فەراهەم بکرێت؟ و ئایا دەکرێت مەجالێک بۆ سیاسەت کردن بەدی بهێنرێت تاکوو بونیاتنانی جیهانێکی ئەخلاقی مومکین بکرێت؟ پەیوەندیی ئەخلاق و سیاسەت ئاخێزگەیەکی یۆنانیی و بەتایبەتی ئەرەستوویی هەیە و ئارێنت بەگەڕانەوە بۆ ئەم نەریتە فەلسەفییە بوو کە تیۆرەکەی خۆی فورموولە کرد. لە باسی پرسە ئەخلاقییەکاندا، گرنگترین داڵغەی ئەرەستوو، ڕێنوێنیکردن و خستنەڕووی نەخشەیەک بۆ یاسادانانەکان بوو. یاسا کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ هەنگاوی سیاسەت و ژیان لە دەوڵەت شاردا بوو. دوا بەرهەمی گرنگی ئەفلاتوونیش “یاساکان” بوو. بۆ ئەفلاتوون و ئەرەستوو، یاسا ئامرازی سەرەکیی مسۆگەربوونی ئامانجەکانی دەوڵەت شار هەژمار دەکرا. بەو شێوەیەی کە هەندێک لە ڕاڤەکارانی بەرهەمەکانی ئەرەستوو وتوویانە، لە باسی پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەتدا، سێ پرسی گرنگ بۆ ئەرەستوو بایەخی هەبوو: یەکەم پەروەردە، دووهەم چەندجۆرەبوونی سیستەمە سیاسییەکان کە پێشنیار و پرۆژەی یەک جۆر پەروەردە لە ناویاندا دژوار و سەخت دەبێت و دواجاریش پارێز لە ڕێژەگەرێتیی لەگەڵ باوەڕمەندی بەو بنەما ڕەهایانەی کە مانا و پێوەری چاک و خراپ دیاری دەکەن و تواناییەکی وەها دەدات بە یاسادانەر کە تێبگات لەمەی کە کام یەک لە سیستەمە سیاسییە مومکینەکان یان بەردەستەکان ڕەوایەتیی گونجاویان هەیە.
سەرچاوە؛ فصلنامە علوم سیاسی دانشگاه تهران، مهدی خلجی. سال ١٣٨٩، تهران، انتشارات دانشگاه.
وەرگێڕان؛ موحسین عەلیڕەزایی




































































