قهت لهبیرم ناچێت عهسرانێك عهجاج هاته ناو قاعهكهمان، منداڵێك تهمهنی (5 – 6) ساڵ دهبوو له باوهشی دایكی بوو، بردی، پهتێكی هێنا سهرێكی لهم قاچ و سهرێكی تری له قاچهكهی تری بهست و پێڵاوهكهشی لهسهر سینگی منداڵهكه دانا و لهسهر پشت و لهسهر دهم به پهتهكه رایكێشا، دایكی منداڵهكهی دهیقیژاند و پهلاماری پێڵاوهكهی دهدا و لێی دهپاڕایهوه تا واز له منداڵهكهی بهێنێت، عهجاج دهیووت بهری نادهم ههتا گیانی دهرنهچێت، ئهمه گهوره بێت موخهڕیبێكی تری لێ دهردهچێت. یەکێک لە ڕزگاربووانى زیندانى بەدناوى نوگرەسەلمان بەم جۆرە چیرۆکى ستەمکارییەکانى عەجاج دەگێڕێتەوە. ڕزگاربوویەکى دیکەش دەڵێت: هێندە ڕقى لە کورد بوو واتدەزانى هەموو کەسوکارەکەى لەسەر دەستى کورد لەناوبراون.
عەجاج ئەحمەد حەردان زعێتەر عوبێدی، لەکاتى جینۆسایدى ئەنفال لە ساڵى (1988) ئەفسەری ئەمن بووە و بەرپرسی گرتوخانەی نوگرەسەلمان بووە، عەجاج کە بە مانای گێژەڵوکەیەکی خۆڵاوی کوشندە دێت کە لە بیابانەوە هەڵدەکات، بە دڕندانەترین شێوە ئازاری جەستەیی و ڕووحی ئەنفالکراوانی داوە. لە ڕۆژى (30/تەمموز/2025) دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئێراق، عەجاجى لە ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای سەڵاحەدین (تکریت) دەستگیرکرد. رۆژى (7/ئایار/2026) یەکەم دانیشتنى دادگایکردنى ناوبراو بەڕێوەچوو. ئەو لە دانپێدانانەکانیدا رایگەیاندووە، بە درێژایی مانگ و نیوێک، رۆژانە بەهۆی گەرما و ئەشکەنجەوە ئەنفالکراوان گیانیان لەدەستداوە و لە دەرەوەی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بەبێ کێل و لە گۆڕی نیمچە بەکۆمەڵدا دەنێژران. عەجاج لە لێکۆڵینەوەکانی بەر لە دادگاییکردنی لەبارەی ئەو ئەنفالکراوانەی گیانیان لەدەستدەدا گوتوویەتی: “تەرمەکانمان دەبردە دەرەوەی گرتووخانە، لە رێگەی کەسوکاریانەوە دەنێژران و پۆلیس یاوەری دەکردن و پاسەوانیی تووندیان دەکرا، ئەوە بە فەرمانی ئێمە بووە. تەرمەکان بەشێوەیەکی نیمچە بەکۆمەڵ دەنێژران، بەوپێیەی کێڵیان نەبووە؛ تەرمەکان بە کەمێک لم و بەرد دادەپۆشران و دواتر سەگ دەهاتن و تەرمەکانیان دەخوارد و تەنیا ئێسکەکەیان دەمایەوە.”
عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا گوتوویەتی: “ڕۆژانە تەرمەکان دەنێژران، ئەوانە بەهۆی گەرمای زۆر و ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەستدەدا.” لەبارەی شوێنی ناشتنی تەرمی ئەنفالکراوان لە دەوروبەری گرتووخانەکە گوتوویەتی: “دەتوانم بتانبەمە سەر شوێنەکە.” هاوکات پشکنینی بەڵگەی تاوان بۆ عەجاج کراوە و براوەتە گرتووخانەی نوگرە سەلمان و نواندنی بۆ وردەکاریی تاوانەکە کردووەتەوە”. بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆسیەکەی، عەجاج لە ساڵی (1962) لە پارێزگای سەلاحەدین لەدایکبووە، لە ساڵی (1986) کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی تەواو کردووە. لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە قەزای زوڵووعییە نیشتەجێ بووە، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سەلاحەدین. لە بەشێکی دیکە لە دانپێدانانەکانی، عەجاج ئاماژەی بەوە داوە کە بە سێ ژەم تەنیا یەک سەموونی داوەتە ئەنفالکراوان و ئاوێکی پێداون کە بە کەڵکی خواردنەوە نەهاتووە. لەم راپۆرتەدا بەشێک لە ڕزگاربووانى نوگرەسەلمان، چیرۆکى ستەمکارییەکانى عەجاج دەگێڕنەوە.
“کوشتنى شێخ ساڵح”
حەسەن محەمەد سەعید خەڵکى گوندى کانى مارانە لە ناحیەى سەر قەڵاى سەر بە قەزاى کفرى، ئەو لەکاتى ئەنفالدا تەمەنى تەنها نۆ ساڵ بووە، لەبارەى زیندانى نوگرە سەلمانەوە دەڵێت: ئێمە بەرەو سنوورى سعودییە براین، هەمووى بیابان بوو، تەنها لم و بیابان بەدى دەکرا، شۆفێرى پاسەکە گوتى بۆ شوێنێک دەتانبەن لە برسا یەکترى بخۆن. لەبارەى خۆراکیان لەناو زیندان دەڵێت: ڕۆژانە کەمێک ئاو لەگەڵ دوو سەمونى ڕەق بوو، یان هەندێکجار دەبوو بە سێ سەمون، بەڵام زۆر پیس و خراپ بوو، ئاوەکەمان زۆر پیس بوو، سوێر و تاڵ، بۆنى دەهات، دۆزەخێکى ڕاستەقینە بوو، ڕۆژى واهەبوو سى کەس دەمردن. جارێکیان لەماوەى شەو و ڕۆژێکدا (150) کەس مردن. کفن نەبوو، هەر کەسە و بە جلوبەرگى خۆیەوە دەنێژرا. لەبارەى دڕندەییەکانى عەجاجەوە، حهسهن كانی مارانی دەڵێت: عەجاج زۆر ڕقى لە پیاوى پیر و ژنى پیر بوو، دەیووت ئەوانە دایک و باوکى پێشمەرگەن. بە چاوى خۆم بینیم به كێبڵ پهلاماری شێخ ساڵحی خهڵكی ههزار كانی دا، شێخ ساڵح هەڵسایەوە سەر پێ و یەکسەر کەوت و گیانى دەرچوو.
“عهجاج به كێبڵ لێیدام”
كافیه رهشید ساڵح له كاتی ئهنفالدا تهمهنی (68) ساڵ بووه، ئێستا دانیشتووى قەزاى ڕزگارییە لە گەرمیان، چوار منداڵى بەخێزانەوە ئەنفال کراون، لەبارەى ژیانیان لە گرتوخانەى نوگرەسەلمان دەڵێت: ڕۆژى دوو سەمونیان پێدەداین، تێرمان پێنەدەخوارد، ئاومان نەبوو، هەموو ڕۆژەکانى مانگى ڕەمەزانم بە برسى و تیویەتى گرتووە. خوا خوامان بوو لە برسا نەمرین، بۆیە وتمان با ڕۆژوەکە بگرین خۆ هیچ خواردنێک نییە بیخۆین، خەمى قیامەتمان بوو، وتمان ڕۆژوەکە بگرین باشترە، لە قیامەت چى بکەین. ئەم خانمە بەساڵاچوە گەرمیانیە ڕەشپۆشە دەڵێت: بە چاوى خۆم عەجاجم بینیوە، رۆژێك به كێبڵ لێیدام، وتم بۆ لێم دهدهیت؟ وتی ئاوایه لێتدهدهم و قسهی زیاتر مهكه. هەروەها دەڵێت: بەهۆى ئەو سەمونە ڕەش و پیسانەى پێیاندەداین لە نوگرە سەلمان، سەمونم لەبەر چاو کەوتوە ناتوانم بیخۆم، ناوى دەبیستم ئەوێم بیردەکەوێتەوە.
“گۆچانەکەى عەجاج و مام عەبدى”
فایەق ئیبراهیم حەسەن خەڵکى گوندى قەواڵیە لە سنوورى کەلار، ئەو کاتەى ئەنفال کراوە تەمەنى (45) ساڵ بووە، دەڵێت: ڕۆژى دوو سەمونیان پێدەداین، لەگەڵ ئاوێکى سوێر و تاڵ. ئەوەى پیر بوایە و تووشى سکچون و زەحیرى بوایە دەمرد. لالە فایەق باس لە دڕندەییەکانى عەجاج دەکات و دەڵێت: عەجاج کابرایەکى دکتاتۆر و زاڵم بوو. ڕۆژێک ئاومان بۆ هات، خەڵکەکە هێرشیکرد بۆ ئاوەکە، عەجاج هات و دەستى کرد بە لێدان و فەلاقە و ئازاردانى خەڵک، باسناکرێت کەچى بەسەر خەڵکەکەدا هێنا، خەڵکیان هەڵیاندەواسى و ئێمەش خەریکبوو زیڕەمان دەکرد. ناوبراو باس لە ساتى ئازادبوونیان لە زیندانى نوگرەسەلمان دەکات و دەڵێت: عەجاج هات و ناوى (500) کەسى خوێندەوە، لەکاتى خوێندنەوەى ناوەکان ناوى “عەبدى ڕەحیم” خەڵکى گوندى کۆشک خوێنرایەوە، زۆر پیر بوو، دەکۆکى، کە ناوەکەى خوێندرایەوە نەیتوانى یەکسەر هەڵسێتەوە و بڕواتە ناو سەیارەکە، ئیتر عەجاج گۆچانەکەى لە دەستى برد و زۆر بە قایمى کێشاى بە پشتى عەبدى و بەپشتدا کەوت و یەکسەر گیانى دەرچوو.
“ڕقى لە کورد بوو”
حەمید ئەحمەد نەزەر وەیس، خەڵکى گوندى سەید جەژنییە لە ناحیەى سەرقەڵا، ئەو کاتەى ئەنفال کراوە تەمەنى پەنجا ساڵ زیاتر بووە، لەبارەى گواستنەوەیان لە زیندانى تۆپزاوەى سنوورى کەرکوک بۆ نوگرەسەلمان دەڵێت: دواى یازدە کاتژمێر ئینجا گەیشتنین نوگرەسەلمان، زۆر ماندو بووین، مردنمان بە ئاوات دەخواست، ئەو ماوەیە یەک دڵۆپ ئاومان پێنەدرا. حاجى حەمید ژیانى ڕۆژانەیان لە نوگرەسەلمان بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: لە بیست و چوار سەعاتدا دوو سەمون یان دووسەمون و نیویان پێدەداین، سەمونەکان وەک ئیسفەنج وابوون. جارێکیان پرسیارم کرد وتیان لەدواى مانگى ڕەمەزانەوە (900) کەس لەبرسا و بەهۆى نەخۆشیەوە مردون، دڵنیام لەو ژمارەیە زۆر زیاتر بووە، بەڵام من تا ئەوکاتە هەر ئەوەندەم بیستبوو. ناوبراو تائێستا تاوانەکانى عەجاجى لەبیرنەچووە و دەڵێت: پیاوێکى دڕەندە و تاوانبار بوو، ئازارێکى زۆرى خەڵکى دەدا بێ ئەوەى ئەم خەڵکە هیچ تاوانێکى کردبێت، بێ ئەوەى قسەیەکى کردبێت، هێندە ڕقى لە کورد بوو واتدەزانى هەموو کەسوکارەکەى لەسەر دەستى کورد لەناوبراون.
حاجى حەمید کە نزیکەى هەشت مانگ لە نوگرەسەلمان ماوەتەوە، دەڵێت: بەڕاستى ژیانمان مەرگەسات و ماڵوێرانى بوو، برسێتى و مردن و سوکایەتى جوێندان بە میللەتەکەت زۆر ناخۆش و سەخت بوو، دەبوو بە ناچارى بەرگەى بگرین. ناوبراو مەرگى مام عەباسى هاوڕێى لەبیر ناچێتەوە و بەم جۆرە بەسەرهاتەکەى دەگێڕێتەوە: کەسێک هەبوو زۆر هاورێ و خۆشەویستم بوو، ناوى مام عەباس بوو خەڵکى گوندى وەلى هەیەر بوو، عەجاج شەست و چوار سۆندەى لێدا هەتا کوشتى. بەر لە مردنى زۆرجار دەهات بۆ لاى من. جارێکیان وتم مام عەباس ڕەنگ ڕەش هەڵگەڕاوە، ئەویش وتى سەیرى مل و پشتم بکە، کە سەیرم کرد وتم ئەوە هى چییە؟ وتى عەجاج لێیداوم.
“ئەشکەنجەدانى منداڵان”
یاسین محهمهد سهلیم خهڵكی گوندی فهتاح ئۆمهر له ناحیهی سهرقهڵا لهكاتی ئهنفالدا تهمهنی (51) ساڵ بووه، بۆ ماوەى هەشت مانگ و دە ڕۆژ لە نوگرە سەلمان بووە، لەبارەى تاوانەکانى عەجاجەوە دەڵێت: زۆردارێکى بێوێنە بوو، خەڵکى زۆر دارکارى کردوە، بینیومە بە دار و کێبڵ لە خەڵکى داوە. دواى نزیکەى چل ساڵ لە تاوانى ئەنفال، تائێستا مام یاسین وەکو خۆى دەڵێت ئەم ڕووداوەى هەرگیز لەیاد ناچێت: کردەوەیەکى عەجاج هەمیشە لەبەر چاومە و لەبیر ناچێت، عهسر هاته ناو قاعهكهمان، منداڵێك تهمهنی (5 – 6) ساڵ دهبوو له باوهشی دایكی بوو، بردی، پهتێكی هێنا سهرێكی لهم قاچ و سهرێكی تری له قاچهكهی تری بهست و پێڵاوهكهشی لهسهر سینگی منداڵهكه دانا و لهم حەوش بۆ ئەو حەوش لەسهر پشت و لهسهر دهم به پهتهكه رایدەكێشا، دایكی منداڵهكه دهیقیژاند و پهلاماری پێڵاوهكهی دهدا و لێی دهپاڕایهوه تا واز له منداڵهكهی بهێنێت، عهجاج دهیووت قەت بهری نادهم ههتا گیانی دهرنهچێت، ئهمه گهوره بێت موخهڕیبێكی تری لێ دهردهچێت، ئهوهنده ڕایكێشا منداڵهكه بێهۆش كهوت و ئهویش پهتهكهی فڕێدا و رۆیشت، دواتر کۆمەڵێک ژن لەگەڵ دایکەکەى بە گریان چوونە سەر منداڵەکە، ئاویان کردە سەر دەموچاوى و ئاویان کردە دەمى، بۆ رۆژی دوایی دایكی منداڵهكه هاته لام و وتی مام یاسین وهره منداڵهكهم بنێژه، مرد. منداڵەکە لەسەر پشت کەوتبوو، هەموو گیانى داڕزابوو، ئەوەندە ڕایکێشابوو.
“کوشتنى گەنجەکانى هەڵەبجە”
پاكیزه مهحمود مەنسور خهڵكی گوندی تهپهسپی لە ناحیهی تیلهكۆ، لهكاتی ئهنفالدا تهمهنی (11) ساڵ بووە، باس لە ساتى گەیشتنیان بە نوگرەسەلمان دەکات و دەڵێت: یانزەى شەو گەیشتینە نوگرەسەلمان، لە رێگا سەیارەکە بۆ یەک دەقە نەوەستا، کاتێ گەیشتین یەک پەرداخ ئاومان دەست نەکەوت، ئەو شەوە هەتا بەیانى هیچیان پێنەداین، بۆ نیوەڕۆش هیچیان بۆ نەهێناین، لە ماوەى ئەو ڕۆژەدا خەڵکێکى زۆر لە برسا و هیلاکى مرد. ڕووخسارى کەسمان لە مرۆڤى ئاسایى نەدەچوو، ڕەنگى مردوو بەسەر ڕووخسارمانەوە نیشتبوو. دواى دوو ڕۆژ هاتن و یەکى یەک سەمونیان پێداین. شەش ئامۆزاى ئەم خانمە له نوگره سهلمان مردون، ناوبراو دەڵێت: دەتوانم بڵێم هەمووى لە برسا و نەخۆشى مردن. مردنى ئاکۆى ئامۆزام زۆر بە ئازار و بە سوێ بوو، کاتێک خەڵکەکەیان دەکردە ژورەوە وەک ئاژەڵ سەرژمێرییان دەکردین، ههر كهسێكیان دهكرده ژورهوه دارێكیان لێدهدا، ئاكۆ به باوهشی دایكیهوه بوو، كێبڵه ڕهشهكه بهر پشتی كهوت و یهكسهر كوشتی. ئینجا یەک ڕۆژ تا ئێوارە عەجاج نەیهێشت تەرمەکەى بنێژن.
پاکیزە دەڵێت: ئەو کەسەى لە خەڵکەکەى دەدا ناوى عەجاج بوو، زۆر بێویژدان و زۆردار بوو، تەنها بیرى لە مردنى خەڵک دەکردەوە، زۆر کەسى لەوێ کوشت، زۆربەى کوشتنەکانیش بە کێبڵ و دار بوو. بۆ لێدان و ئازاردان و کوشتنى خەڵک وێنەى نەبوو. عەجاج دەستى لەم کیژۆڵەیەش نەپاراستوە و ڕۆژێک بەم جۆرە ئەشکەنجەى داوە: جارێکیان پێى گوتم وەرە دەست بخەرە ناو ئاودەستەکە پاکى بکەرەوە، منیش منداڵ بووم نەڕۆیشتم بۆ لاى، چەند جارێک گوتى هەڵسە منیش بەفسەیم نەکرد، ئینجا منى گرت و شەش کێبڵى لێدام، هەستم دەکرد ئاگر لەناو چاوم دەردەچوو، ئینجا دایکم دەستى کردە گریان گوتى گوناحە، ئەم منداڵە هیچ نازانێت. یەکێک لەو دیمەنانەى تائێستا لە خەیاڵدانى پاکیزەدا ماوەتەوە کوشتنى دوو گەنجى هەڵەبجەیە لەلایەن عەجاجەوە بەم شێوەیە: تاوانێکى گەورە کە لە عەجاجم بینى، دوو گەنجى هەڵەبجەیى بەناوى شەماڵ و ستار بە چوار سەرباز قاچیانى گرتبوو، فەرمانى دا گوتى لێیان بدەن، هەتا مردن لەو گەنجە هەڵەبجەییانەى دا، ههردوكیان تهمهنیان نزیكهی سی ساڵ دهبوو. دوو گەنجى زۆر جوان بوون.
لە وەڵامى ئەوەشدا بۆچى ئەو دوو گەنجەى کوشت، پاکیزە دەڵێت: ئەو دوو گەنجە لەکاتى ئاو دابەشکردن هاتن بۆ لاى ژنەکان ئاو پڕبکەن، عەجاجیش بینى و توڕە بوو، وتى بۆ تێکەڵى ژنەکان دەبن، ئەمە بیانووەکەى بوو، لە ناوەڕاستى حەوشەکە شیشێکى دوو گۆڵى هەبوو، هەردووکیانى بەستەوە و ماوەیەک خستنیە ناو قوڕ و چڵکاو، دواتر تا کوشتن لێیانى دا.
تێبینى: تەواوى بەسەرهاتەکانى نێو ئەم ڕاپۆرتە لە کتێبى (نوگرە سەلمان: قەڵاى مەرگ و پاکتاوى نەژادى) وەرگیراوە کە لەلایەن سمکۆ سابیر ئامادەکراوە، کتێبەکە لە ساڵى (2023) چاپکراوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحی







































































