“ڕولفۆ، لە ڕێگەی تەنیا ٣٠٠ لاپەڕەوە لە دوو بەرھەمە سەرەکییەکەیدا، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش چۆنیەتی بەدیھاتنی ڕیالیزمی جادوویی پیشاندا، ھاوکات ناسنامەی مەکسیکیشی بە مێژووە کۆن و ڕابردووی نزیکییەوە بەستەوە.”
خوان ڕولفۆ (١٩١٧-١٩٨٦) بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرانی ئەمریکای لاتین لە سەدەی بیستەمدا دادەنرێت. “گابریێل گارسیا مارکێز و خۆرخی لویس بۆرخێس” و گەورەنووسەرانی دیکە ڕێزێکی زۆریان بۆ “خوان ڕولفۆ” ھەیە و بەردەوام ستایشی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ژیانی تایبەتی و کاروانی ئەدەبی ئەو، دوورە لە هیی هاوشێوەکانی. ژیاننامە نادیارەکەی، لەگەڵ ئەو ھەموو ھەوڵە شکستخواردووە بۆ نووسینی ژیاننامەیەکی کورت و پوخت دەربارەی، ھەروەھا بەشدارییە کەموکوڕییەکانی لە بۆنە گشتییەکان و بەرھەمە ئەدەبییە کەمەکانی، ھەموو ئەمانە وای کردووە ڕولفۆ ببێتە یەکێک لە نووسەرە ھەرە نھێنیئامێزەکانی مەکسیک.
“هەڵهێنجانی نهێنییەکانی هونەرمەند؛ گێڕانەوەی ژیانی ڕولفۆ”
“خوان ڕولفۆ” لە ساڵی ١٩١٧ لە ئاپولکۆ لە ویلایەتی خالیسکۆ لەدایکبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوی لەدایکبوونەکەی بە فەرمی لە شاری سایولا تۆمارکرا، کە شارۆچکەی باپیری باوکی بوو، بەم جۆرە ژیانی بە نادیاری و دوودڵییەوە دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٩٢٣دا، باوکی لە یەکەم شەپۆلەکانی ڕاپەڕینی جەنگی ناوخۆیی کریستیێرۆ کوژرا، ئەو جەنگەی کە لە گوندەکانی مەکسیکەوە بەھۆی سەپاندنی یاساکانی دژ بە دەسەڵاتی ئایینی و لایەنگریی سیکۆلاریزم سەری ھەڵدا. چوار ساڵ دوای ئەوە، دایکیشی کۆچی دوایی کرد، و ڕولفۆ ڕووی کردە سان گابریێل لە خالیسکۆ، بۆ ئەوەی لەلایەن داپیرەیەوە بەخێوبکرێت. لە ساڵانی سییەکاندا، بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بچێتە زانکۆی گوادالاخارا، ڕولفۆ ڕووی کردە مەکسیکۆ سیتی. لەوێ، دەستی کرد بە خوێندنی یاسا لە زانکۆی نیشتمانیی سەربەخۆی مەکسیک لە هەمان کاتدا دەستی کرد بە یەکەم هەوڵە ئەدەبییەکانی لە گۆڤارە ناوخۆییەکاندا. ڕولفۆ لە تەمەنی لاویدا لە پایتەخت، دەستی کرد بە تێکەڵبوون لەگەڵ ھونەرمەندان، نووسەرانی وەکوو ئێفرین ھێرناندێز و خوان خوسێ ئاریۆلا بوونە ھاوڕێی نزیکی.
ئەو ساڵانەی ڕولفۆ لە شاری مەکسیکۆ ژیا، وەک پڕبەرھەمترین و سەرکەوتووترین ساڵەکانی ژیانی ئەدەبیی دادەنرێن. ڕولفۆ، بە بڵاوکردنەوەی کورتە چیرۆک لە چەندین گۆڤاری ئەدەبیی بەناوبانگی مەکسیکیدا دەستی پێکرد، تا لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم بەرھەمی گەورەی خۆی بە ناوی «پێدەشتی سووتاو» بڵاوکردەوە. ئەم پەرتووکە کە کۆمەڵێک کورتەچیرۆکی پێشتربڵاوکراوەی تێدابوو، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٥ یەکەم ڕۆمانی گەورەی بە ناوی «پێدرۆ پارامۆ» بڵاو بکاتەوە. ڕۆمانەکەی کە بۆ زیاتر لە ٣٠ زمان وەرگێڕدراوە، لە کۆتاییدا ڕولفۆی وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئەدەبی ھاوچەرخی مەکسیکی و ڕیالیزمی جادوویی ناساند.
“گەڕان بەناو جیھانی ئەدەبیی ڕولفۆدا”
ڕولفۆ تەنیا سێ بەرھەمی گێڕانەوەی نووسیوە: «پێدەشتی سووتاو» (١٩٥٣)، «پێدرۆ پارامۆ» (١٩٥٥)، و «کەڵەشێری زێڕین» (١٩٨٠)، کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێت، چونکە بەرھەمێکی تەواو نییە، بەڵکو کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی جیاوازن. ھەرچەندە تەنیا ٣٠٠ لاپەڕەی نووسی، بەڵام توانیی ببێتە ئیلھامبەخشی نەوەیەک لە نووسەرانی ئەمریکای لاتین. چۆن توانیی دەستکەوتێکی ئاوا گەورە تۆمار بکات؟ نهێنییەکە لە قووڵاییی فەلسەفەی بوونیدا بوو، ئەو فەلسەفەیەی لە ڕێگەی هێما ئەدەبییە سەرەکییەکانییەوە، پرسیارە بنچینەییەکانی دەربارەی شوناسی مەکسیکی و خودی مانای بوونەوە دەورووژاند. دەکرێ مردن وەک تەوەری سەرەکیی تەواوی کاروانی ئەدەبی ڕۆلفۆ هەڵسەنگێنرێت. لەدەستدانی لەناکاوی دایک و باوکی لە تەمەنێکی زۆر بچووکیدا، کاریگەرییەکی قووڵی کردە سەر بەرهەمە هونەرییەکانی داهاتووی و بە تەواوی ڕێڕەوی گۆڕی. لە جیهانی “ڕۆڵفیان”دا، کارەکتەرەکان بە ئارامی و بێدەنگی پێشوازی لە مردن دەکەن، هەستێکی ئاشتییانەی خۆبەدەستەوەدان ڕوویان تێدەکات، هەم بەرانبەر ژیان هەم مردن. مردن وەک شتێکی دانەبڕاو لە ژیان سەیر دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، مردن دەبێتە هێزێکی گێڕانەوەی پیرۆز و جەوهەری لە کارەکتەرەکانی ڕولفۆ و گفتوگۆکانیاندا، بە جۆرێک دەچێتە ناو هەموو ڕووداوێکی سەرەکیی ناو ئەدەبیاتەکەیەوە.
هەرچەندە ڕولفۆ مردن وەک شتێکی ئاسایی وێنا دەکات، بەڵام چیرۆکەکانی پڕن لە دیمەنە زیندووەکانی ناهومێدی و دڵڕەقی. ئەم لایەنە دەشێت ببەسترێتەوە بە دووەم تەوەری سەرەکیی نووسینەکانییەوە؛ ئەویش دژواریی ژیانی گوندنشینییە. ڕولفۆ لە خالیسکۆ گەورە بوو، ناوچەیەکی وشک و بێئاوی مەکسیک، هەر بۆیەش لەناو واقیعی تاڵی ژیانی گوندنشینیدا ژیا. لە ئەنجامدا، دەشت و بیابان و گوندە بچووکەکانی مەکسیک بوونە شانۆی سەرەکیی ڕووداوەکانی چیرۆکەکانی. لەناو ئەم ژینگە دژوارانەدا، کارەکتەرەکانی “ڕۆڵفیان” بەردەوام لەناو دەریایەک ئازاردا مەلە دەکەن، ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی کەشوهەوا و نادادییە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە. ئەم کاراکتەرانە هاوشێوەی مردن، بە هێمنی لەگەڵ ڕاستییەکەی خۆیان ڕادێن. بۆیە، ژیانی گوندنشینی وەک ژیانێکی دژوار بەڵام ساکار دەردەکەوێت، و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی داناییەک کە گەڕان بەدوایدا ئاسان نییە.
“نیگەرانییەکی شاراوەی قووڵی سەردەمی پێش کۆلۆنیالیزم”
لە کۆتاییدا، ڕولفۆ ئەو بابەتە دەوروژێنێتەوە کە خەمی سەرەکیی بوو:- کولتووری ڕەسەنی ناوچەکە پێش داگیرکاری. ئەگەرچی لەوانەیە لە سەرەتادا تێگەیشتن لەم بابەتە ئەدەبییە ئاڵۆز بێت، بەڵام ڕولفۆ زۆرجار هێماگەلی جۆراوجۆری بەکاردەهێنا کە ڕەگیان لە میتۆلۆژیا و کولتووری پێش داگیرکاریدا داکوتابوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ویستی بە شێوازێکی شاراوە و ناڕاستەوخۆ ئەو ناسنامە ڕەسەنەی پێش داگیرکاری دەربخات، نەک وەک بابەتەکانی پێشووتری کە ڕاستەوخۆ باسی دەکردن. بۆیەش، خوێنەر تەنیا دەتوانێت ئەو نهێنییەی ناو ئەدەبی “ڕولفۆیی” بزانێت کاتێک سەرنج دەداتە مانای پشت دێڕەکان و بە وردی لە خوازە و لایەنە گەردوونییەکانی ناو چیرۆکەکانی دەڕوانێت. گرنگیپێدانی نووسەر بە کولتووری ڕەسەنەکان تەنها لە نووسینەکانیدا نەبوو، بەڵکو لە ژیانیدا ڕەنگی دابووەوە، بەو پێیەی لە دوو دەیەی کۆتاییی تەمەنیدا وەک جێگری بەڕێوەبەر و سەرنووسەر لە پەیمانگەی نیشتمانیی بۆ کاروباری ڕەسەنەکانی مەکسیک کاری کردووە. هەروەها، ئەو خۆشی “مێستیزۆ” بوو، واتە ڕەچەڵەکی دەگەڕایەوە بۆ ئیسپانی و ڕەسەنەکان. بۆیە، باوکی ڕولفۆ خزمایەتیی لەگەڵ کۆمەڵگە ڕەسەنەکاندا هەبوو، لەکاتێکدا دایکی لە بنەماڵەیەکی ئیسپانیی ئەندەلوسی بوو، ئەمەش وای کرد ڕولفۆ بە هەردوو جیهانبینییە جیاوازەکە ئاشنا بێت.
ئەم بابەتە کۆتاییە، بە پێچەوانەی بابەتی مردن، زۆر ڕوونتر و ئاشکراترە و تێگەیشتنی ئاسانترە. هەروەک لە نووسینەکانی ڕولفۆدا دەبینرێت، مردن شتێکی ئاساییە، هەمیشە بە ژیانەوە بەندە و کارەکتەرەکانی بە ئارامی چاوەڕێی دەکەن. ئەمە لەگەڵ بیروباوەڕی ڕەسەنەکان سەبارەت بە گەردوون یەکدەگرێتەوە، چونکە لای ئەوانیش مردن و ژیان زۆر بە توندی بە یەکەوە بەسترابوونەوە. بەڵام، لە جیهانبینیی مەسیحیی ڕۆژئاواییدا، مردن دژی ژیانە و دوژمنی سەرسەختیەتی. لەوانەیە بابەتی مردن ڕوونترین نموونە بێت بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت لە ڕێگەیەوە ڕۆڵی میتۆلۆژیای سەردەمی پێش داگیرکاری لە ئەدەبیاتی ڕولفۆدا درک پێبکات.
“پێدەشتی سووتاو؛ چیرۆکە خەمناکەکانی دەشتەکانی مەکسیک”
“ئێل یانۆ ئێن یاماس” (١٩٥٣)، کە بە «پێدەشتی سووتاو» وەرگێڕدراوە، سەرەتای ناوبانگی ڕولفۆ بوو. ئەم کتێبە کۆکراوەی ١٧ کورتەچیڕۆکە کە ڕووداوەکانیان لە دەوروبەری گوندەکان و ناوچە بیابانییەکانی خالیسکۆ لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوودەدەن، ئەو کاتەی مەکسیک تازە لە شۆڕش ڕزگاری ببوو و جەنگی کریستێرۆ سەری هەڵدابوو. لە ڕاستیدا، «ئێل یانۆ ئێن یاماس» وێناکردنێکی خەیاڵییە، بەڵام بە شێوەیەکی زیندوو ئەزموونەکانی ڕولفۆ لە تەمەنی لاویدا دەگێڕێتەوە، ئەمەش دووبارە ئەو ڕاستییەمان بیردەخاتەوە کە چەندە ژیانی لاویی ڕولفۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەدەبیاتەکەی. شێواز و داڕشتنی چیڕۆکەکان بەدرێژاییی کتێبەکە گۆڕانیان بەسەردا دێت؛ جار هەیە چیڕۆکەکان پڕن لە کردار و ڕووداو (کردار-تەوەرن)، وەک «لا کوێستا دێ لاس کۆمادرێس» یان «تاڵپا»، جاری واشە زیاتر پشت بە کەشوهەوا دەبەستن (کەشوهەوایین) و تایبەتمەندن بە داڕشتنی خەونئاسا و نامۆ (ناباو)، وەک «لوڤینا» یان «ئێن لا مادرۆگادا». ئەم تایبەتمەندییە گێڕانەوەیی و ستایلییە وا لە ڕۆڵفۆ دەکات کە لە ڕووکەشی ناسنامەی لادێنشینیی مەکسیکیی خۆی و هەروەها لە توێژە شاراوە و پەنهانەکانی کەلەپوورە مەکسیکییەکەی بکۆڵێتەوە، هەروەک لە نموونەی ڕابردووی کولتووری دانیشتووانە ڕەسەنەکاندا کە پێشتر ئاماژەی پێکرا، دەیبینین.
ئەم تایبەتمەندییە بە بەراوردکردنی دوو چیڕۆکی جیاواز باشتر دەردەکەوێت؛ بۆ نموونە، چیڕۆکی «تاڵپا» تیشک دەخاتە سەر گەشتی تانیلۆ، براکەی، و ناتالیا، کە هاوسەری تانیلۆیە و لە هەمان کاتدا دڵداری نهێنیی براکەیەتی. تانیلۆ، کە نەخۆشییەکی سەختی هەیە، بە ئومێدی چاکبوونەوە ڕوو لە خاتوونی تاڵپا دەکات. سەرەڕای ئەوەی دەزانن تانیلۆ لەم گەشتە ڕزگاری نابێت، براکەی و ناتالیا بڕیار دەدەن لەگەڵی بکەونە ڕێ. «تاڵپا» بەسەرهاتێکە پڕ لە ئازار، ئەوین، و پەشیمانی، کە داڕشتنەکەی ئاسایی و بێ گرێوگۆڵە. بەڵام «لوڤینا» جیاوازە؛ چیڕۆکێکە زیاتر گرنگی بە کەشوهەوا دەدات و گێڕەرەوەیەکی نەناسراو باسی گوندی سان خوان لوڤینا دەکات. شێوازەکەی نامۆیە، چونکە گوندەکە خۆی وەک کارەکتەری سەرەکیی چیڕۆکەکە وایە.
“پێدرۆ پارامۆ؛ داڕشتنی ڕیالیزمی جادوویی”
پێدرۆ پارامۆ (١٩٥٥)، کە یەکەمین و تاکە ڕۆمانی خوان ڕوڵفۆیە، چیرۆکێکە سەبارەت بە هیوا، مردن، و ڕازەکانی جیهانی نادیار. پەرتووکەکە چیرۆکی خوان پرێسیادۆ دەگێڕێتەوە، کە بەرەو شارۆچکەی کۆمالا بەڕێ دەکەوێت بۆ دۆزینەوەی باوکە ونبووەکەی. بەڵام پاش گەیشتنی بە کۆمالا، بۆی دەردەکەوێت کە ئەو شارۆچکەیە چۆڵەوانییەکی پڕ لە تارماییە و هیچی تر. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی چیرۆکەکە، ئەم کەسایەتییە تارماییانە چیرۆکی باوکی پرێسیادۆ، پێدرۆ پارامۆ، دەگێڕنەوە؛ ئەو حاکمە ستەمکارەی کە سەردەمانێک فەرمانڕەوای کۆمالا بوو. ئەم ڕۆمانەش، هەر وەک “ئێل یانۆ ئێن یاماس” «پێدەشتی سووتاو»، چەندین ڕەوتی گێڕانەوەی تێدا تێکەڵ کراوە؛ بە شێوازێکی ناڕیزبەندی کاتی، بەشگەلێک کە گرنگی بە کارەکتەرە جیاوازەکان و گفتوگۆ زیندووەکان دەدەن، شانبەشانی ئەو بەشانە دێن کە سەرنج دەخەنە سەر وێناکردنی ژینگە و فەزای ڕۆمانەکە. لەبەرئەوە، دەکرێ خوێنەری «پێدرۆ پارامۆ» لە هەندێ بەشیدا هەست بە پەشۆکاوی و ناڕوونی بکات. بەڵام، هەر ئەم ئاڵۆزییەیە کە ئاستی ڕۆمانەکە بەرزتر دەکاتەوە، چونکە هانی خوێنەر دەدات بگەڕێتەوە و بە وردی بەشەکان بخوێنێتەوە، تا لە گشت مانا و ئاماژەکانی چیرۆکەکەی تێبگات.
پێدرۆ پارامۆ سێبەرێکی درێژی بەسەر ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتیندا بەجێ هێشت. گارسیا مارکێز نموونەیەکی زەقی ئەم کاریگەرییەیە؛ کاتێک لە ١٩٦١دا و پاش خوێندنەوەی ڕۆمانی ڕۆلفۆ، ئەو چەقبەستنە داهێنەرییەی تێپەڕاند کە تێیکەوتبوو، و دواتر شاکارەکەی، واتە «سەد ساڵ تەنیایی» ی نووسی. وەک پێشەنگێک بۆ مەزنترین ڕۆمانەکانی ڕیالیزمی جادوویی، پێدرۆ پارامۆ وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە ٣٠ زمان، و وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی لە ئەمریکا زیاتر لە ملیۆنێک نوسخەی فرۆشراوە. وەک بۆرخێس لە ساڵی ١٩٨٥دا دەیڵێت: “پێدرۆ پارامۆ نەک هەر یەکێکە لە باشترین ڕۆمانەکانی ئەدەبیاتی ئیسپانی، بەڵکو هیی هەموو ئەدەبیاتی جیهانیشە.”
“کۆتایی کاروانی ئەدەبی؛ باجی داهێنانی مەزن”
“خوان ڕۆلفۆ” لە حەوتی کانوونی دووەمی ١٩٨٦، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکانەوە ماڵئاواییی کرد. کۆچی دواییەکەی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆشنبیریی مەکسیک بەجێ هێشت. کەچی، لە بواری هونەریدا، ئەو زۆر لەمێژ بوو “مردبوو”؛ لای ڕولفۆ، مردنی هونەرەکەی پێش مەرگی جەستەییی کەوت. زۆرێک لە نووسەرانی مەکسیکی، لە هەوڵیاندا بۆ تێگەیشتن لە نهێنیی وازهێنانی ڕۆلفۆ لە نووسین، زۆربەی کات لەسەر ئەوە کۆکن هۆکارەکەی ئەو ئازار و مەینەتییە بووە کە لە کارەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ ڕولفۆ، درێژەدان بە نووسین واتای ئەوە بوو بەردەوام بە وشە هەستەکانی بێهیوایی، دڵڕەقی و مردن بهێنێتەوە یاد، کە ئەمە دواجار بووە بارێکی قورس بەسەر شانیەوە؛ لە کۆتاییدا، نووسین لەسەر ئازار، بووە مایەی ئازار بۆ خودی نووسەرەکە. لەبەر نەبوونی ژیاننامەیەکی بابەتی، ئەم ڕاڤەیە نەک تەنیا ڕۆشنایی دەخاتە سەر پاشەکشە کتوپڕەکەی ڕولفۆ لە دنیای ئەدەب، بەڵکو لە هەمان کاتدا قووڵایی و گرنگیی هونەریی کارەکانیشی دەردەخات.
ئەو هۆکارەی وای لێکرد واز لە نووسین بهێنێت، هەر هەمان هۆکارە کە ناوی وەک یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتین لە مێژوودا چەسپاندووە. ئەم توانایەی کە تەنها بە نزیکەی ٣٠٠ لاپەڕە، توانیی شێوەیەکی قووڵ بە ژانرای ڕیالیزمی جادوویی ببەخشێت و کاریگەرییەکی زۆر بخاتە سەر گەورەترین مامۆستاکانی، خۆی گەواهیدەرە بۆ هێزە نەمرەکەی میراتە ئەدەبییەکەی. وێنە دەوڵەمەندەکانی دەربارەی ئازار و مەرگ، دیمەنە خەوناوییەکانی کە دەنگدانەوەی کەلتوورێکی ڕەسەنی بەرەو نەمانن، و وێناکردنە زیندووەکانی بۆ گوندەکانی مەکسیکی سەرەتای سەدەی بیستەم، هێشتاش بەردەوامن لە سەرسامکردنی خوێنەران و وروژاندنی سەرسامیی خوێنەران و نووسەرانیش لە هەموو جیهاندا.
سەرچاوە:-
https://www.thecollector.com/juan-rulfo-mexico-enigmatic-writer-myths
نووسین: جولیا لۆپێز ئارێناس
وەرگێڕان: دانا حەکیم