یاسا؛ بریتییە لە كۆمەڵێك ڕێسا كە ئاراستەی تاكەكانی كۆمەڵگە دەكرێت و دەچێتە ناو كڕۆكی كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لەسەر زۆربەی پەیوەندی و دیاردە كۆمەڵاتییەكان هەبێت بەمەبەستی ڕێكخستنی ڕەفتار و دامەزراندنی سیستەمی كۆمەڵایەتی. لەگەڵ ئەوەش؛ یاسا بەتەنها بڕیار لەڕەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە نادات، هەر چەندە لە ریزی پێشەوەش بێت. بەڵكو لە تەك یاسا چەند ڕێسایەكی ئایین و ڕێساكانی خوو ڕەوشت و ڕێساكانی دادپەروەری و ڕێساكانی ڕەوەشت بەرزی داب و نەریت و بەهاكان لەژێر تیشكی ئەوەی پێشوو، پێویستە جیاوازی لە نێوان تەواوی جۆرەكانی ڕێسا كۆمەڵاتییەكان بكرێت، بۆ ئەوەی لایەنە جیاوازەكانی نێوانیان دەربكەوێت و بزانرێت كە تاچەند پەیوەندییان بە یەكترییەوە هەیە.
لەبەرئەوە بە باشمان زانی ئەو بەشە بەسەر چوار باس دابەش بكەین؛ لە یەكەمیان بەراورد لەنێوان ڕێسای یاسایی و ڕێسای ئایینی بكەین و لە دووەمیان بەراورد لە نێوان ڕێسای یاسایی و ڕێساكانی خوو ڕەوشت بكەین و لەباسی سێیەم بەراوورد لە نێوان ڕێسای یاسایی و ڕێساكانی دادپەروەری بكەین. ئەو ڕێسایانەمان بەباتی بەراوردكردن دانان، چونكە بریتین لە دیارترین ئەوه ڕێسا كۆمەڵایەتییەكانە كە بڕیار لەسەر ڕەفتاری تاكی كۆمەڵگە دەدەن دوای ئەوەی لەوە تەواوبوین لە باسی چوارەم باسی پەیوەندی نێوان یاساو تەواوی زانستە كۆمەلاتییەكان دەكەین.
“باسی یەكەم؛ جیاوازی نێوان ڕێسای یاسایی و ڕێسای ئایینی”
سەرەتایەك بۆ جیاوازیكردن لە نێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی ئایین، سەرەتا پێویستە واتای ئایین دیار بكەین و ئاماژە بە جۆرەكانی ئایین بكەین لەڕووی سەرچاوە و چوارچێوە و پەیوەندییان بە یاسا. واتا و جۆرەكانی ئایین:- بریتییە لە كۆمەڵیك بیرو باوەڕ و بڕیار كە لە نیگای هێزێكی بەرزی نەبینراو و سەرچاوە وەردەگرن كە بۆ باشترین مرۆڤ لە ژیانی دونیا و دواڕۆژ دێت بە مەبەستی خۆشبەختی كۆمەڵگە. بەڵام گشت ئایینەكان بە یەك سرووشت دەرنەكەوتوون، بەڵكو سرووشتی هەر ئایینێك بەهۆی كاریگەری سەرچاوە و ئامانجی راستەوخۆ كە لە چوارچێوەی ئایینەكە لە رووی رێكخستن دیاریكراوە، دەگۆڕێت. ئایینەكان لەرووی ئامانجی راستەوخۆ و چوارچێوە دەكرێنە دوو بەش كەبریتین لە:- ئایینە تاكە كەسییەكان(الادیان الفردی) و ئایینە كۆمەڵاتییەكان (الادیان الاجتماعی) و هەندێك لە نووسەرانی وهك بێرتراندڕهسڵ بە ئایینی كۆمەڵایەتی دەڵێن ئایینی سیاسی.
“لایەنە هاوشێوەكانی نێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی ئایین”
لە نێوان ئەو دوو جۆرە ڕێسایە كۆمەڵێك رووخساری هاوشێوە هەن كەلە سەر ئەو چەند تایبەتمەندییەی خوارەوە دادەمەزرێن:-
یەكەم:- لەرووی ئامانجی ناڕاستەوخۆ هاوشێوەن، چونكە ئامانجی ناڕاستەوخۆی یاساو ئامانجی ئایین یەكە بەجۆریك كە هەردووكیان كاردەكەن لە پێناو بەرز كردنەوە و بەختەوەری كۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
دووەم:- گشت ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی ئایینەكان بە ڕێسای گشتی ناو دەبرێن كە بڕیار لەسەر هەر كەسێك دەدەن كە خەسڵەتی دیاریكراوی تێدا بێت یان مەرجەكانی دیاریكراو بۆ كردەوەكانی پەیوەست بە بڕیاری ڕێسای یاسایی و تێدا بێت.
سێیەم:- ڕێساكانی یاسا و ڕێسای ئایینەكان بەوە جیادەكرێتەوە كە بریتین لە ڕێساكانی ڕەفتاری كۆمەڵایەتی كە بۆ دیاریكردنی ڕەفتاری تاك لەناو دەستەی كۆمەڵایەتی و راستكردنەوەی تاك تێدەكۆشن و ئەو ڕەفتارە بە شێوەیەكی گشتی دەسەپێنن نەك بە شێوەیەكی مەرجدار.
چوارەم:- گشت ئەو ڕێسایانە ڕێسای سەپێندراوون و سزای مادییان لەگەڵدایە كە خەڵكی ناچار دەكات كە گوێڕایەڵی بكات.
پێنجەم:- گشت ئەو ڕێسایانە بە روونی و چەسپاوی ناودەبرێت، بەجۆرێك كە ڕێساكانیان هیچ نادیارییەكی تێدا نییە، چونكە چەمكی ڕێساكان دیاریكراوە و بە گەڕانەوەی بۆ نووسراوەكان و ئەو شوێنانەی كە ڕێساكانیان تیادا كۆكراونەتەوە دەتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە.
“لایەنە جیاوازەكانی نێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێسای ئایینەكان”
لەنێوان ئەو دوو جۆرە ڕێسایە چەند ڕووخسارێكی جیاوازی قووڵ هەیە كە لەو خاڵانەی خوارەوە كورتی دەكەینەوە:-
یەكەم:- لەڕووی بنچینە و سەرچاوە جیاوازن، بۆ نموونە گشت ئایینەكان تاكەكەسین یان كۆمەڵایەتین و بڕیارەكان پشت بە هێزێكی بەرزو نەبینراو دەبەستن، هەر چەندە ئەو هێزە بەرزە لە ئایینێكەوە بۆ ئایینێكی تر جیاوازە بەجۆرێك هەندێكجار ئەو هێزە ئاسمانییە كە بریتیە لە خوداوەند و هەندێك جاریش ئەو هێزە ئاسمانی نیە، بەڵام ڕێساكانی یاسا لەلایەن تاك یان دەستە یان كۆمەڵگەی مرۆڤ دانراون، هەر چەندە دەكرێت لە كاتێكی تر ببێتە سەرچاوەیەكی فەرمی یاسا.
دووەم:- جیاوازییان لەڕووی ئامانجی راستەوخۆ، بەجۆرێك كە تەواوی ئایینەكانی تاكەكەسی یان كۆمەڵایەتی كاردەكەن بۆ تەواو كردنی خودی مرۆڤ و دامەزراندنی كۆمەڵگە لەسەر بنچینەی بەخشندەیی و چاكە و دادپەروەری، بەڵام ڕێساكانی یاسا بۆ ئامانجێكی سوودمەند تێدەكۆشن كە بریتیە لە رێكخستنی كۆمەڵایەتی و دامەزراندنی لەسەر بنچینەی داد.
سێیەم:- جیاوازییان لەرووی سزا، چونكە سزای یاسا بە شێوەی عقوبەیە، كە بریتیە لە سزایەكی بەر جەستەیی و ئازارێكی بەرچاوە و رێكخراوە كە لەلایەن دەسەڵاتی گشتی دەسەپێنرێت. بەڵام سزای ئایینی ئەگەر ئایینەكان تاكە كەسی بێت یان عقوبەیە یان پاداشتە رێكخراو نییە و، خودای گەورە لە ژیانی دوا رۆژ جێبەجێی دەكات و ئەگەر ئایینەكە كۆمەڵایەتی بێت، سزاكە دوو جۆرە؛ دونیایی بەرجەستەیی لەشێوەی عقوبەو دوا رۆژی لە شێوەی عقوبە یان پاداشت و ئەگەر سزای ئایینی دونیایی بێت لە ڕووی سرووشت و خەسڵەتەكان هاوشێوەی سزای یاساییە بەڵام لەڕووی مەرج و شێواز و ئامانج جیاوازە لەگەڵ سزای یاسایی و شایەنی باسە سزای بەرجەستەیی دونیایی تەنها لەو كاتە لە ئایینی كۆمەڵایەتی هەیە كە دەوڵەت گوێڕایەڵی ئایین لەسەر خەڵكی پێویست بكات و سزای سەرپێچیكردنی ئایین بدات، لەو حاڵەتە لەهەمان كات پێی بگوترێت ڕێساكانی ئایین و ڕێساكانی یاسا.
“باسی دووەم؛ جیاوازی نێوان ڕێسای یاسایی و ڕێسای خووڕەوشتی”
بۆ جیاوازیكردن لەنێوان ڕێسای یاسایی و خووڕەوشت، پێویستە پێناسەی ڕێسای خو ڕەوشت بكەین، لەرووی واتا و سەرچاوە جیاوازییەكانی و دواتر باسی پەیوەندی نێوان هەردوو ڕێساكە بكەین بە مەبەستی دیاریكردنی لایەنە جیاوازەكانی نێوانیان و دیاریكردنی پەیوەندی نێوانیان ئەو پەیوەندییانەی دەردەخەن كە ڕێساكانی خووڕەوشت تاچەند كاریگەرییان لە بواری یاسا هەیە.
ڕێساكانی خووڕەوشت لە سێ سەرچاوە وەردەگیرێن:- ئایین و بارودۆخەكانی ژیان و تیۆرەكانی بیركردنەوە_ڕامان. چونكە تەواوی ئایینەكان بڕیارەكانی خووڕەوشتیان تێدایە، كە ئامانجیان پاككردنەوەی دەروون و بەرزكردنەوەی دەرون و نەخشە كێشانی رێگای چاكەكارییە و خەڵكی هان دەدەن تاكو بەو رێگایەدا بڕۆن و رێگای خراپەكاری دیاری دەكەن و خەڵكی قەدەغە دەكەن لەرەفتاری خراپە. ڕێساكانی خووڕەوشت لەبارودۆخەكانی ژیان سەرچاوە دەگرن. بۆ نموونە هەندێكجار كردەوەیەك لە كۆمەڵگایەك یان لە سەردەمێك خراپەیە بەڵام لە كۆمەڵگایەكی تر یان لەسەردەمی دوای ئەوە خراپە نییە، هەندێك جار بەهۆی هەردوو پاڵنەری كات و شوێن رەفتارێك لەچاكەوە دەبێتە خراپە، بۆ نموونە سوو (الربا) خراپەیەكی قەدەغەكراوە لە شەریعەتی ئیسلامی بەڵام زۆر لە شێوازەكانی سوو لە كۆمەڵگای سەردەم یەكێكە لە ئامرازەكانی راگەیاندن و بانگەشەكردن.رامان لە سرووشتی دەروونی مرۆڤایەتی و لە نهێینیەكانی ژیان و بنچینەكانی كۆمەڵگە تاكو ئێستا لە زۆربەی ڕێساكانی خو ڕەوشت هاتووە.
ڕێساكانی خووڕەوشت ئەو چەند تایبەتمەندییەی خوارەوەیان هەیە:-
- بریتین لە چەند ڕێسایەكی ڕەفتار كە كاردەكەن بۆ گەیشتن بە بەرزترین نمونەی رەفتاری راست و ویژدانی ئاشكرا و دەروونی مرۆڤایەتی بەرەو تەواو بوون دەبەن.
- لەبواری ئەركی مرۆڤ بەرامبەر بە پەروەردگاری و بەرامبەر بەخۆی و ئەركی بەرامبەر بە كەسانی تر كاردەكەن.
- لەبواری پەیوەندییەكانی مرۆڤ لەگەڵ كەسانی تر دوو جۆرە ئەرك بەسەر مرۆڤ دەسەپێنن، یەكەمیان ئەركی نەرێنی كە مرۆڤ قەدەغە دەكات لە دەستدرێژیكردنە سەر ماف و چالاكی كەسانی تر، دووەمیان ئەرێنییە كە پێویست دەكات لەسەری كە یارمەتی كەسانی تر بدات و قوربانی بدات لەپێناو خۆشبەختی كەسانی تر ودەستگرتنی كەسانی تر.
- ڕێساكانی خووڕەوشت گشتی و پوختن چونكە ئاراستەی گشت خەڵكی دەكرێن و لەبڕیاردان گرنگی بە ناوەڕۆك دەدەن ولە پیادەكردنیش كار بە سیستەم دەكەن.
- ڕێسای سەپێندراون، چونكە سزای بەرجەستییان داناوە بۆ ئەو كەسەی كە سەرپێچی ئەو ڕێسایانە بكات، كە بریتییە لە دوورخستنەوە لە كۆمەڵگە و سەرزەنشتكردنی ویژدان.
“پەیوەندی نێوان یاسا و ڕەوشت”
ئەو تیۆرەی بانگەشەی ئەوە دەكات كە جیاوازییەكی تەواو لەنێوان یاسا و ڕەوشت بكرێت، بە مەبەستی دیاریكردنی سنووری یاسا و قەدەغەكردنی دەوڵەت لە خۆ هەڵقوڕتاندن لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە بیانوی پاراستنی ڕەوشت و ئاماژە بە سێ جیاوازی زۆر گرنگی نێوان یاسا و ڕەوشت دەكات كە بریتین لە:- جیاوازییان لەڕووی ئامانج و لەڕووی سنوور و لەڕووی سزا. هاتنی مەزهەبی فەردی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بووە مایەی لەق بوونی تیۆری كلاسیكی و هاتنەكایەی ئاراستەیەكی فیقهی نوێ كە بانگەشەی تیكەڵەكردنی یاسا و ڕەوشت دەكات ونكۆڵی لەوە دەكات كە لەڕووی ئامانج جیاوازی لە نێوانیاندا هەبێت و كەمكردنەوەی جیاوازی لە دوو ڕووەكەی تر بەپێی توانا، پێشەنگەكانی ئەو تیۆرە كە پێیان دەگوترا خاوەنی تیۆری نوێ بریتی بوون لە “ئەهرنج و تراند نبرغی ئەلمانی و ریبیر و جورسران و ریناردی فەرەنسی” لەراستیدا هەریەك لە هەردوو ڕای پێشوو لەبۆ چوونەكەیاندا ڕۆچوونە. چونكە ناكرێت یاسا و ڕەوشت بە تەواوەتی لەیەكتر جیابكرێتەوە و هەروەها ناشكرێت بە تەواوەتی تێكەڵ بكرێن، چونكە لێرەدا چەند جیاوازییەك لە نێوانیاندا هەیە كە نكوڵیان لێناكرێت، بۆچونێكی فیقهی نوێ و باو دەركەوت كە كار بەهیچ لە بۆچوونەكانی پێشوو ناكات، بەڵكو بانگەشەی لەیەكتر نزیك كردنەوەی یاسا و ڕەوشت بكات بەپێی تواناو زانایانی فەرەنسی(مازوو كابیتان و لاكوست) ڕابەرایەتی ئەو بۆچوونە دەكەن.پشت بە پێوەری جیاوازیكردن لەنێوان یاسا و رەوشت دەبەستن لە كە گشت شێوازەكانی جیاوازی نێوانیان لەو پێوەر سەرچاوە دەگرن كە بریتییە لە جیاوازییان لە ڕووی ئامانجی راستەوخۆ چونكە ئامانجی ڕەوشت نموونییە كە بریتیە لە هێنانەدی باشترین كەس و بەرزكردنەوەی دەروونی مرۆڤایەتی بەرەو تەواوبونی كەسایەتی، بەڵام ئامانجی راستەوخۆی یاسا ئامانجێكی سوودمەندە كەئامانجی سوود گەیاندنە بە كۆمەڵگە و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتییە بە باشی.ئەگەر ڕێساكانی ڕەوشت جەخت لەسەر واتای چاكە بكەن ئەوە یاسا جەخت لەسەر چەسپاندنی دادپەروەریی لەژیانی كۆمەڵایەتی دەكات.
“لایەنە جیاوازەكانی نێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی رەوشت”
- جیاوازی نێوانیان لەڕووی پێوەری بڕیاردان لەسەر ڕەفتارەكان، چونكە پێوەرەكانی بڕیاردان لەسەر ڕەفتار لەلایەنی ڕەوشتی پێوەری ناوخۆی یان شاراوەن كە دەچنە ناو نهێنییەكانی دەروون و پاڵنەرەكانی شاراوە دەردەخات، بەجۆرێك بە بۆچوونی رەوشت نیاز گرنگە نەك ڕوخسار و شوێنەواری كردار، بەڵام پێوەری بڕیاردان لەسەر ڕەفتار لەلایەنی یاسایی و پێوەرێكی ئاشكرایە یان دەرەكی كە سەیری رەفتاری دەرەكی مرۆڤ.بەجۆرێك كە یاسا تەنها گرنگی بە نیازی نادات واتا ئەو نیازەی كەنەبۆتە رەفتار یان هیچ بەڵگەیەكی بەرجەستەیی لەسەر نییە.
- جیاوازییان لەڕووی ڕوونی و جێگیری، بۆ نمونە ڕێساكانی ڕەوشت بەنادیاری و پەرش و بڵاوی جیادەكرێنەوە بەجۆرێك كە بەرچاو نین و جێگر نین، چونكە جێگایەك نییە كە گشت ڕێساكانی ڕەوشت كۆبكاتەوە چونكە لەناو دەروون ویژداندان، بەڵام ڕێساكانی یاسا ڕوون و ئاشكران و جێگیرن بۆ نموونە ڕوون و ئاشكران، چونكە بەزۆری بەدەستەواژەی دیاریكراو دارێژراون و جێگیرن چونكە لە جێگایەك كۆكراونەتەوە كە گەڕانەوە بۆ سەریان و پیادەكردنیان ئاسانە وەكو یاساكان و یاسادانان.
- ڕێساكانی ڕەوشت تەنها ئەركەكان دیاری بكەن بەبێ دروستكردنی مافەكان، بەجۆرێك كە لەگەڵ ویژدانی تاك دەدوێن كە ئەركێكی بەسەردا دەسپێنێت بەبێ ئەوەی مافێك بۆ لایەنەكەی تر بینێتە كایەوە، بەڵام یاسا لەتەك سەپاندنی ئەركەكان بڕیاری مافەكانیش دەدات. ڕێساكانی یاسا هەندێك كاروبار رێكدەخەن كە پەیوەندییان بە ڕێساكانی ڕەوشتەوە نییە لەو كاتەی كە یاسا بەرژەوەندی كۆمەڵایەتی بڕیار دەدات، چونكە فیكرەی ناكۆكی كۆمەڵایەتی و رێكخستنی سیستەمی كۆمەڵگە و رێكخستنی ژیانی كۆمەڵایەتی لەسەر یاسا پێویست دەكات كە چەند بڕیارێك رێك بخات كە ڕەوشت نكوڵیان لێناكات و بڕیاریشیان لێ نادات. وەكو ڕێساكانی پێویستكردنی شێوەیی لە ئەنجامدانی ڕەفتارەكانی خانووبەرە. هەندێكجار یاسا دوورە لە چوارچێوەی ڕەوشت بەجۆرێك كە بەهۆی چەسپاندنی مامەڵەكان كە چەند بڕیارێك دروست دەبێت لەگەڵ بەها ڕەوشتییەكان ناكۆكە و پێچەوانەی دادپەروەری تاكەكەسییە.
“باسی سێیەم؛ جیاوازی نێوان یاسا و ڕێساكانی دادپەروەری”
بۆ جیاوازیكردن لە نێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی دادپەروەری، پێویستە یەكەمجار پێناسەی ڕێساكانی دادپەروەری بكەین و بەدرێژی باسی تایبەتمەندییەكانی ئەو ڕێسایانە بكەین و ئاماژە بەلایەنە هاوشێوە و جیاوازەكانی نێوان هەردوو جۆرە ڕێساكە بكەین. دووەمجار باسی تایبەتمەندییەكانی ڕێسای یاسایی بكەین و لەكۆتایدا بزانین كەیاسا تاچەند پەیوەندی بەو ڕێسایانەوە هەیە.
واتای ڕێساكانی دادپەروەری؛ لەبەرئەوەی دادپەروەری واتا گوزارشتكردن لە هەستكردن بە یەكسانی راستەقینە نەك یەكسانی پوخت، كه بریتییە لە یەكسانیكردن لە ڕەچاوكردنی گشت بارودوخ و گشت حاڵەت و گشت كەسێك، بۆیە دەتوانین بڵێین دادپەروەری واتا هەستكردن بە میانڕەوی، كە بریتییە لە هەستێكی شاراوە لەدەروون كە ویژدانی پاك و ئەقڵی باش ئارەزووی دەكات و ئاماژە بە حاڵەتی مرۆڤەكان و ئەو حاڵەتانە دەكات كە ڕەچاوی ووردەكارییەكانی بارودۆخەكان و بەشەكان دەكەن بەمەبەستی ئەوەی كەهەر خاوەن مافێك مافی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو هەستەش بەكۆمەڵێك ڕێسا دروست دەبێت كەپێیان دەگوترێت ڕێساكانی دادپەروەری، كەلە بەرزترین نموونەی سەرچاوە دەگرێت و چاككردنی مرۆڤایەتی و باش ڕێكخستنی كۆمەڵایەتییە كەواتە ڕێساكانی دادپەروەری واتا هەستكردن بەمیانڕەوی، كە بریتیە لەكۆمەڵە ڕێسایەك كە لە نموونەی بەرز دەردەچێت و ئامانجی چاككردنی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگایە كە دەروون پڕ دەكات لەهەستكردن بە میانڕەوەی و ئاماژەبەحاڵەتەكانی میانڕەوی دەكات.
“لایەنە هاوشێوە و جیاوازەكانی نێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی دادپەروەری”
ڕێساكانی دادپەروەری لەچەند تایبەتمەندی هاوشێوەی ڕێساكانی یاسان.چونكە ئەو ڕێسایانە وەكو ڕێساكانی یاسا و تەواوی ڕێساكان ڕێسای گشتین، لەبەرئەوەی وەكو تەواوی ڕێسا كۆمەڵایەتییەكان بە دەستەواژەی كۆمەڵایەتی داڕێژراون. بەجۆرێك كەڕێساكانی دادپەروەری وەكو ڕێساكانی یاسا گرنگی بە رێكخستنی كۆمەڵایەتی دەدەن، بەپێچەوانەی ڕێسا كانی ڕەوشت كەبە ڕێسای ژیانی تاكەكەسی ناودەبرێن چونكە لەسەر فیكرەی دیاریكردنی ڕەفتاری چاكی تاك بەرامبەر بەكەسانی تر دامەزراوون، بەڵام لێرەدا چەند جیاوازییەكی گرنگ لەنێوان ڕێساكانی یاسا و ڕێساكانی دادپەروەری هەیە كەلەخوارەوە بە كورتی باسییان دەكەین:-
یەكەم:- جیاوازییان لەرووی ئامانجی راستەوخۆ، بۆ نموونە ڕێساكانی یاسا بۆ باش رێكخستنی كۆمەڵایەتی تێدە كۆشن لەڕێگەی رێخستنی سیستەم و جێگیركردنی هەڵسوكەوت و چەسپاندنی دادپەروەری، بەڵام ڕێساكانی دادپەروەری وەكو ڕێساكانی ڕەوشت لەسەر فیكرەی چاكە دادەمەزرێن، بەڵام ئەو چاكەی كەئەو ڕێسایانە مەبەستیانە بیهێننەدی چاكەی گشتی بریتییە لەچاكەی تاكەكەسی بەبێ هیچ پێوەرێكی كۆمەڵایەتی، بەڵام چاكەی كۆمەڵایەتی واتا چاكەی راستەقینە كە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر دەردەچێت، یان لەتاكەوە بۆ كۆمەڵگە دەردەچێت بەجۆرێك كەبە مەبەستی بڵاوكردنەوەی چاكە لە كۆمەڵگە كاردەكات.
دووەم:- جیاوازییان لەڕووی سزا، چونكە ڕێساكانی یاسا سزای بەرجەستەییان لەگەڵدایە كە دەسەڵاتی گشتی دەسەپێنێت. بەڵام سزای ڕێساكانی دادپەروەری هەندێك جار تەمبێكردنە كە ویژدانی كۆمەڵگە و تاك پەێڕەوی دەكات هەندێك جاریش دەكرێت بەرچەستەیی بێت و دەسەڵاتی گشتی بیسەپێنێت لەو كاتەی كەڕێساكانی دادپەروەری بە سەرچاوەی فەرمی یاسا دابنرێن.
سێیەم:- جیاوازییان لەڕووی ڕوونی و جێگیری، بەجۆرێك كە ڕێساكانی یاسا ڕوون و ئاشكران و زانیاری و سنورییان جێگیرە و لە جێگایەكی دیاریكراو كۆكراونەتەوە، كە گەڕانەوە بۆ سەریان و شارەزابوون و لەناوەڕۆكیان ئاسانە، بەڵام ڕێساكانی دادپەروەری نادیارن و پەرت و بڵاوون و جێگیر نین، بەجۆرێك كەلە جێگایەك كۆنەكراونەتەوە كە بە ئاسانی بتوانرێت بگەرێیتەوە سەریان و هەروەها زانیارییەكان دیاریكراو نین كەبە ئاسانی بناسرێن. سەرەڕای ئەوە بەهۆی گۆرانی بارودوخ و حالەت و پێویستییەكان و كاریگەری هەر دوو پاڵنەری كات و شوێن دەگۆرێن.
چوارەم:- ئەو ڕێسایانە رێنمایی حاڵەتێكی بنبڕ و جێگیر ناكەن بەڵكو دەروون پڕ دەكەن لە میانڕەوی بەجۆرێك كە بڕیارێكی بنبڕ لەسەر یاسادانەو پێویست ناكات و پێوەرێكی جێگیریش بە قازی نادات، بەڵكو لەلایەك تووندی بڕیارەكە سووك دەكات و لەلایەكی تر دەرگاكانی بەردەم قازی دەكاتەوە لەرێگەی پاشگەزبوونەوە لەبڕیارەكان بە بیانوی نەبوونی سەرچاوەی فەرمی ڕێسای یاسایی كە پیادەكردنی لەسەر ئەو كێشەیەی هاتۆتە بەردەمی پێویست بێت.
پێنجەم:- ئەو ڕێسایانە نادیار و پەرت و بڵاون، بەجۆرێك كە لەڕووی زانیاری و واتا روون و ئاشكرا نین، چونكە چەمك و سنووری ئەو ڕێسایانە بەپێی گۆرانكاری بارودۆخ و پێویستییەكان دەگۆردرێت. هەروەها ئەو ڕێسایانە لەیەك جێگا كۆنەكراونەتەوە چونكە لەبەرزترین نموونە سەرچاوە دەگرن و دەروون پڕ دەكەن لەهەستكردن بەمیانڕەوی و بەهۆیەوە شارەزابوون بە ووردی لەو ڕێسایانە ئەستەمە و هەروەها شارەزابوونی پێشوەختە لە بڕیارەكانی ئەستەمە.
“پەیوەندی نێوان یاسا و ڕێساكانی دادپەروەری”
لە نێوان یاسا و ڕێساكانی دادپەروەری پەیوەندییەكانی پتەو هەیە كە لەو دوو حاڵەتە ڕوونی دەكەینەوە:-
یەكەم:- سنووری ڕێساكانی دادپەروەری هەندێك جار خۆی لەقۆناغی مام ناوەندی نێوان ڕێساكانی ڕەوەشت و سنووری یاسا دەنوێنێت، چونكە گەشەكردنی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و هەستكردنی كۆمەڵگە بەسوودی هەندێك لە بەها ڕەوشتییەكان دەبێتە مایەی ئەوەی كە بەهاكان بگۆڕ درێن بۆ ڕێساكانی یاسا بەڵام ئەو جووڵەیە لە گشت كۆمەڵگاكان بەیەك ئاراستە نییە، بەڵگو بەپێی جیاوازی پێشكەوتنی كۆمەڵگاكان دەگۆڕدرێت. بەڵام ئەگەر پێشكەوتنی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی پلە بە پلە بوو بەهۆی كاریگەری بەرزبوونەوەی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و گەشەكردنی هەستكردن بەسوودی هەندێك لەبەهاكان ئەوە ڕێساكانی ڕەوشت لەرێگەی چوونیان بۆ ناو بازنەی یاسا بە سنووری ڕێساكانی دادپەروەری تێدەپەڕن. بەجۆرێك كە ڕێساكانی ڕەوشت بۆ ڕێساكانی دادپەروەری دەگۆرێن و دواتر دەبن بە ڕێساكانی یاسا.
دووەم:- ڕێساكانی دادپەروەری كاریگەری زۆریان لەژیانی كۆمەڵایەتی هەیە، ئەو كاریگەرییەش لەدوو ئاراستەیە، كە بریتین لە كاریگەریان لەبواری یاسادانان و كاریگەرییان لەبواری دادگا، چونكە لەبەرئەوەی یاسادانەر پارێزەری بەرژەوەندییە گشتییەكانە و ئاگادارە بەهێنانەدی داد و دەستی كۆمەڵگە دەگرێت بەرەو رێگای پێشكەوتن و چاكسازی و لەبەر ئەوەی ڕێساكانی دادپەروەری ئامانجیان چاككردنی كۆمەڵگە و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتییە هەر كاتێك یاسادانەر رێگای تێر كردنی گیانی میانڕەوی بڕی لە داڕشتنی مەبەستێكی دوورتر لەدەقەكان، هەر كاتێك یاساكەی لە پلەی تەواوكاری نزیككردەوە پێویستە بڕیارەكانی یاسا لە ڕێساكانی دادپەروەری وەربگرێت. هەروەها لەكاتی نەبوونی دەقی یاسایی و لەو كاتەی كە نەتوانێت بە بۆ چوونی خۆی بڕیاری كێشەكە لە سەرچاوە فەرماییەكانی تری یاسا پێویستە لەسەر قازی بگەڕێتەوە بۆ ڕێساكانی دادپەروەری بۆ ئەوەی بڕیارەكەی لەسەر دابمەزرێنێت و چەندین یاسای دانراوی سەردەم قازی بەو كارە پابەند دەكەن، لەوانە یاسای شارستانی ئێراقی كە لە بڕگەی دووەمی مادەی یەكەمی یاسای شارستانی هاتووە، بەو شێوەیە “ئەگەر دەقێك نەبوو كە بۆ پیادەكردن بگونجێت، دادگا بەپێی داب و نەریت بڕیار دەدات و ئەگەر نەبوو بەپێی گونجاوترین بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامی لەگەڵ دەقەكانی ئەو یاسایە بڕیار دەدات بەبێ پابەند بوون بە مەزهەبێكی دیاریكراو,و ئەگەر نەبوو بەپێی ڕێساكانی دادپەروەری بڕیار دەدات”.
“باسی چوارەم؛ پەیوەندی یاسا بە تەواوی زانستە كۆمەڵایەتییەكان”
مەبەست لە زانستی كۆمەڵایەتی؛ ئەو زانستەیە كە وەكو ئەندامێكی كۆمەڵگە دیراسەی مرۆڤ دەكات، هەر وەكو بۆمان دەركەوتووە كە زانستی یاسا زانستێكی كۆمەڵایەتییە، چونكە ڕێساكانی كۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت كەبڕیار لەسەر ڕەفتاری تاك و رێكخستنی پەیوەندییەكانی تاك لەگەڵ كەسانی تر دەدات، لەبەرئەوەی یاسا لەچوارچێوەی زانستە كۆمەڵایەتییەكان جێگیرە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان یاسا و تەواوی زانستە كۆمەڵایەتییەكان هەبێت، وەكو زانستی ڕامیاری و ئابووری كاریگەری ئەو زانستانە لەسەر یاسا دەردەكەوێت. پەیوەندی یاسا بە زانستی ڕامیاری لەو كاتە دەردەكەوێت كە یاسا قەوارەی سیاسی دەوڵەت رێك دەخات، بەدیاریكردنی شێوەی سیستەمی فەرمانڕەوایەتیو دەسەڵاتی دەوڵەت و رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دەسەڵاتانە لەلایەك و پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دەسەڵاتانە و میللەت لەلایەكی تر، چونكە پێویستە لەسەر یاسادانەر كاتێك ئەو قەوارەیە رێك دەخات لەلایەك زانیاری لەسەر تیۆرە ڕامیارییەكان هەبێت و لەلایەكی تر زانیاری لەسەر دیاردە ڕامیارییەكانی دەوڵەت هەبێت بۆ ئەوەی ئەو ڕێسایانەی كە دایان دەڕیژێت وەرگیرانی فیكرەی ڕامیاری كۆمەڵگاكەی بێت و هەڵقوڵاوی زانستی ڕامیاری بێت لەژێر تیشكی ئەو ئاراستەیە ڕامیارییەی كە فەرمانڕەوایەتی كۆمەڵگاكەی دەكات و فەلسەفەی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە كۆمەڵگە.
پەیوەندی یاسا بە زانستی ئابووری:- لەبواری مامەڵەكانی دارایی دەردەكەوێت، كاتێك كە پەیوەندی دارایی تاك لەگەڵ كەسانی تر رێك دەخات و دەسەڵاتی كەس لەسەر سامان دیاری دەكات یاسا ئاوڕ لە زانستی ئابووری دەداتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرییەكانی لێ وەربگیرێت. ئەگەر زانستی ئابووری گرنگی بە وەبەرهێنان و دابەشكردنی سەرمایە بدات، ئەوە یاسا رێكخستنی زۆر لەو لایەنانە دەگرێتە ئەستۆ لەوانە بڕیاردانی ڕێساكانی خاوەندارێتی و هەروەها رێكخستنی ئاڵوگۆری دارایی و نەخشەی تیۆری گرێبەست و گرێبەست ئامرازێكی گرنگە لە ئاڵوگۆری سامان. هەروەها پێوەرەكانی ئابووری رۆڵێكی گرنگن دەبینن لە دروستكردنی ڕێسای یاسایی، بەجۆرێك كە ناوەرۆكی ئەو ڕێسایە بەردەوام كاریگەری لەسەر سیاسەتی ئابووری دەوڵەت و ئەو فیكرە ئابوورییە هەیە كە فەرمانڕەوایەتی دەوڵەت دەكات. بەڵام پەیوەندی یاسا بە رێكخستنی كۆمەڵایەتی لەو كاتە دەردەكەوێت كە باس لە رێكخستنی ئەركەكانی تاك بەرامبەر بە كەسانی تر دەكات، كە بەروونی لەلایەنی باری كەسی دیارە كاتێك كەباس لە رێكخستنی پەیوەندی تاك بەرامبەر بە خێزانەكەی دەكات، ئەگەر زانستی كۆمەڵایەتی گرنگی بە باسكردنی دیاردە كۆمەڵایەتیەكان و بەدواداچوونی رەفتاری تاك لە كۆمەڵگە بدات ئەوە لەو كاتەی لقێكی هەیە بەناوی زانستی یاسایی كە گرنگی بە دیراسەكردنی ڕەفتاری تاك بەرامبەر ڕێسا یاسایە پیادەكراوەكان و ئەو دەرنجامە كۆمەڵایەتییەكان دەدات كە لە ئەنجامی دانان و هەمواركردن و هەڵوەشانەوەی یاسا دێنە كایەوە، ئەو زانستە لەلایەك ئاراستەی سیاسەتی یاسادانان دەكرێت و لەلایەكی تر بەڵگەیە لەسەر سەركەوتن و شكستی یاسادانان و یاسادانەر هاندەدات تاكو ئەو ڕێسایە دابنێت بۆ ئەوەی باری كۆمەڵایەتی مەترسیدار چارەسەر بكات یان ئەو ڕێسایە هەڵبوەشێنێتەوە كە زانستی كۆمەڵایەتی یاسایی سەلماندیتی كەئەو ڕێسایە مردووە.یان ڕێسایەك هەموار بكات كە ئەو زانستە دەربجێت كە بێتوانایە و كەمتەرخەمە لە هێنانەدی ئامانجی مەبەستدار.
پەیوەندی یاسا بە زانستی مێژوو نكوڵی لێناكرێت چونكە توێژینەوەی مێژوویی تیشك دەخاتە سەر ڕێسا یاسایە كۆنەكان ودیاریكردنی پیاوی یاسا لە دیاریكردنی ئەو ڕێسایانە و دیاریكردنی رێچكەی یاسادانەر لەو بارەیەوە بەجۆرێك كە ئەو زانستە بەو زانیارییانەی كە پێشكەشی دەكات پرۆگرامێكی راست و دروست بۆ یاسادانەر دەستەبەر دەكات و بەهاوكاری ئەو زانستە هەڵوێستی یاسادانەر بەرامبەر بە ڕێسا كۆنەكان بە لابردنیان یان مانەوەیان دیاریدەكات و هاوكاری پیاوی یاسا دەكات لە تێگەیشتنی لەڕێسا كۆنەكان كە تەنها لەرێگەی شارەزابوون لە بارودۆخەكانی كاتی دروست بوونیان نەبێت شارەزابوونیان ئاسان نیە كە ئەزموونی رابردوو بەشداری دامەزراندنی سەردەمی ئێستا دەكات لەسەر بنچینەی یاسایی بەهێز. یاسا پەیوەندییەكی پتەوی بە توێژینەوەكانی فەلسەفی و بە هەریەك لەزانستی دەروونناسی و زانستی ژیر زانی هەیە. چونكە فەلسەفە و توێژینەوەی یاسایی ڕەسەن و قووڵ لەخۆ دەگڕێت. دەرونناسی ناوەرۆك و داڕشتن و كاتی ڕێسای یاسایی دیاری دەكات بە شێوەیەك كە لە گەڵ ئارەزووە شاراوەكانی دەروونی كۆمەڵگە بگونجێت. زانستی مەنتق لە دیاریكردنی ناوەڕۆك و پاككردنەوە و راڤەكردنی ڕێسای یاسایی یارمەتی دەدات. بەكورتی دەبینین پەیوەندی و ئاڵوگۆڕێكی ڕوون لە نێوان یاسا و تەواوی زانستە كۆمەڵایەتییەكان هەیە.
ئەگەر بڵیێن كە ڕێساكانی یاسا بە رێكخستنێكی ووردی دەرهاوێشتەی ئەو زانستانە دادەنرێن ئەوە پێویستە بڵیێن كە ڕێساكانی یاسا نەخشەی سنووری زانستە كۆمەڵایەتییەكانی تر و بەشی ئەو زانستە لە پیادەكردنی لە ژیان دیاری دەكەن و ناوەرۆكی ئەو زانستە لەرووی هەمواركردن و پاككردنەوە لە ئەستۆ دەگرێت.لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە داوا لە پیاوی یاسا بكەین كە شارەزای تەواوی زانستە جیاجیاكانی كۆمەڵایەتی بێت ئەوە پێمان باشترە كە داوا لە پسپۆری هەر زانستێكی كۆمەڵایەتی بكەین، كە شارەزای ئەو بنەما بنچینەییانە بێت كە چوارچێوەی یاسا دەربارەی رێكخستنی كۆمەڵگە دیاری دەكەن و ئەو كاریگەرییە و پەیوەندییە بووە هۆی ئەوەی كە توێژەران وەكو كۆمەڵێك رۆشنبیری سەیری ئەو زانستە كۆمەڵایەتییەكان بكەن كە لەڕووی كات و شوێن توێژینەوە لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ دەكەن و بەو كۆمەڵەیەش دەڵین كۆمەڵەی زانستە مرۆڤایەتییەكان.