“دەستپێک”
مێژووی گەشەسەندنی گەشتیاری و کشتوکاڵی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدهی بیستەم، بەڵام بەم فۆرم و مانایەی ئێستا گەشتیاری و کشتوکاڵی دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیەیی یەکەمی سەدەی بیست و یەک، کە بە شێوازێکی سادە و ساکار بریتییە لە ناوەند و گۆڕەپانێکی کشتوکاڵ، کە گەشتیاران یاخود کریاران ڕاستەوخۆ سەردانی شوێنە کشتوکاڵییەکان دەکەن بۆ کڕینی و دەستخستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە گشتی گەشتوكاڵ واتا کورتکراوەی هەردوو زاراوەی کشتوکاڵ و گەشتیارییە کە بەیەکەوە گرێدەدات، بەبێ هەبوونی ناوەندێک بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی گەشتیار و خاوەن کیڵگە، یان کڕیار و فرۆشیار. لە ڕووی هونەرییەوە، دەکرێت گەشتیاری و کشتوکاڵی وەک شێوازێک لە شێوازەکانی بازرگانی پێناسە بکەین، کە بەمەبەستی سەرنج ڕاکێشانی گەشتیار بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و سپیایی، کە مەبەستمانە تەواوی فۆرمە جیاوازەکانی کشتوکاڵی لە خۆ بگرێت وەکو کێڵگەکانی سەوزایی و میوە و سپیایی و گەنم و جۆ دەرەو هەرزن و کونجی و …هتد، بەم شێوەیەش گەشتیاران دەتوانن سەردانی ناوچە کشتوکاڵی و گوندەکان بکەن، هەروەها ئەم ئابووریە یاخود ئەم پرۆژەیە گرنگییەکی زۆری هەیە لە نێو وڵاتانی جیهان، کە بەنزیەکی ٤٠-٥٠ ساڵ دەبێت بە فۆرمی جۆراو جۆرەوە سەری هەڵداوە، کە ئەم وڵاتانەش بریتین لە (ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتووی ئینگلتەرا، ئیتاڵیا و فەرنسا، ئەرمینا و کەندا و بەهارات و پاکستان، لە بەشێک وڵاتانی نیشتیمای عەرەبی وەک میسر و جەزائیر و کوێت و سعودیا و ئیمارات)
“چەمک و پێناسەی گەشتیاری کشتوکاڵی”
تا ئێستا نەتواندراوە پێناسیەکی گشتگیر و یەکانگیر سەبارەت بە گەشتیاری کشتوکاڵی بکرێت، دەکرێت وەک یەکتر برینی نێوان کەرتی کشوکاڵ و گەشتیاری پێناسە بکەین، کە لە ساڵی ١٩٦٠، لە وڵاتی ئیتاڵیا سەری هەڵدا، پەیتا پهیتا گەشەی کرد و بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوویەوە تا بووە پرۆژەیەکی کاریگەری لە ئابووری جیهاندا، کە ئەم کاریگەرییەش نێوان دووڕیاندایە، کە یەکێکیان لە کەرتی گەشتیاریدایە، ئەویتریان لە کەرتی کشتوکاڵدایە، کە مەبەستی لێی گەشەپێدانە بە لادی و ناوچە کشتوكاڵی و گەشتیارییەکاندایە. (جمعية السياحة الزراعية واالريفية التعاونية) کشتوکاڵی گەشتیاری بریتییە لە سەردانیکردنی کێڵگە و باخچە جیاوازەکان، کە گەشتیاران و ئاشنایانی سرووشت، دەتوانن چێژ لە دیمەنە سەرسوڕهێنەرەکانی باخچەکان وەربگرن، فێربن دەربارەی تەکنیکە کشتوکاڵییە بەکارهێنراوەکان، و ئەزموونی چالاکییە ناوخۆییەکانی وەک دروێنەکردن، چاندن، لەوەڕاندن و پەلەوەری ئاژەڵان بکەن. هەروەها سەردانکەران دەتوانن زانیاری لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان بزانن کە لەم کێڵگە و باخچانەدا بەرهەم دەهێنرێن و خواردنە تازە و ناوخۆییەکان تاقیبکەنەوە. گەشتوکاڵ بە لایەنی شارستانی و کولتووری تایبەتمەندە، بەم پێیەی گەشتیاران دەتوانن سوود لە زانیارییەکانی دەربارهی دابونەریتی لۆکاڵی و کوولتوری جوتیاران و ناوچە لادێ نشینەکان و، بەشداربن لە چالاکییە کشتوکاڵییەکان، چێژ لە چالاکییە لۆکاڵییەکان وەربگرن، وەک چاڵاکییەکانی داچاندن و دروێنە و ڕنین بەرووبومەکان، بەرهم هێنانی سپیایی هتد. (Dhadha blog،٢٠٢٣ )
بەگشتی دیدمان وایە، کە گەشتیاری کشتوکاڵی بە بابەتێکی چەند لایەنی جوان و ورووژێنەر دەناسرێتەوە، بەم پێیەی گەشتیاران دەتوانن جوانییە سرووشتی و کولتوورییەکانی گەشتیاری کشتوکاڵی بدۆزنەوە. ئێمە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین، کە نوێنەرەیەتی فۆرمێکی ئابووری گەشتیاری دەکات، کە دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ گەشتیاران کە ئاشنابن بە دیمەنی سرووشتی جوانی گوندەکان و وێنەکێشان و ئاشنابوون بە ژیانی سادەی جوتیاران و ئەزموونکردن و فێربوونی کارامەییە جۆربەجۆرەکانی کشتوکاڵ، هەروەها گەشتیاری کشتوکاڵی بە رێگا و دەرەچەیەک هەژمار دەکرێت بۆ برەودانی بەردەوام و پاراستنی سیستەمی ئابووری، چونکە گەشتیاران دەتوانن فێری پراکتیزە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان و چۆنیەتی پاراستنی ژینگەی سرووشتی ببن و سوودی لێببین. بەم شێوەیە کشتوکاڵی گەشتیاری، هاندەری بەکارهێنانی پراکتیزە کشتوکاڵییە بەردەوامەکانە و هۆشیاری لە گرنگی پاراستنی ئیکۆسیستەم باشتر دەکات. ئەو شوێنانەی کە لە گەشتیاری کشتوکاڵیدا سەردانیان دەکرێن بریتین لە کێڵگە و باخچەی جۆراوجۆرەکان لە سەرتاسەری جیهان، وەک کێڵگەی زەیتون و ترێ لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاست، کێڵگەی برنج و چا لە ئاسیا، باخچەی گوڵ لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور، ئەمەش دەرفەت دەرخسێنێت بە گەشتیاران، چێژ لە ژیانی گوندنشینەکان وەربگرن و کارلێک و بەریەک کەوتنیان هەبێت لەگەڵ جووتیاران و کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان.
“هەرێمی کوردستان و گەشتیاری کشتوکاڵی”
هەرێمی کوردستان بە لانکە و بناغەی کشتوکاڵ بووە، کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە ١١ هەزار ساڵ پ،ز کە یەکەمین گوند کشتوکاڵی تێدا دۆزرایەوە ئەویش گوندی “بێستان سوور” بوو، هەروەها یەکەمین ئامێر و ئالاتی کشتوکاڵیە لە خاکی کوردستان دۆزرایەوە کە مێژووی ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ٧ هەزار ساڵ پ،ز.( فەریدوون، ٢٠٢٣ ) هەروەها پرۆژەی گەشتیاری کشتوکاڵی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری هەیە، بەگرنگیەوە لەم پرۆژیە دەڕوانن چونکە گەشتیاری کشتوکاڵی هەموو ئەو چاڵاکییە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکان لە خۆ دەگرێت، کە لەسەر زەوی و ناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکان هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. (حەمەکەریم، ٢٠٢٣ ) هەروەها بەپێی ئامار و داتاکان هەرێمی کوردستان خاوەنی ١٧ ملیۆن هێکتار زەوەییە، ساڵانە بە نزیکەی ٧ ملیۆن هێکتار زەوی دەدەچێندرێت بەبەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک سەوزای و میوە، زەوییە داچێندراوەکانی بەگەنم و جۆ، دەرە و کونجی هتد، ئێمە لێرەدا تەنیا مەبەستمان کشتوکاڵی نیە، بەڵکو تەواوی سامانی ئاژەڵ و بەرهەمە سپیایەکانیش دەگڕیتەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە بە لەباری کەش و هەوا و رێژەی زۆری باران بارین و زەوییە بەپیتەکان و ناوچە گەشتیارییە سەرنج ڕاکێشەکانی گرنگییەکی زۆر بەم کەرتە بدات و سوودێکی زۆر بە ژێرخانی ئابووری هەرێم کوردستان بگەیەنێت، کە ئەم کەرتە دەبێتە فاکتەرێک بۆ هەمەڕەنگکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان. ( مەقسود گەردی، ٢٠٢٣)
بەگشتی زانایانی ئابووری ئەم کەرت و فۆرمەی ئابووری بە نەوتی سەدەی بیست و یەک ناو دهبەن، هەروەها کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی تایبەتی بەرامبەر بە گەشتیاری کشتوکاڵی هەیە و کابینەی نۆیەم لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣، بریاری لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە داوە، کە دەتوانێت لە ناوچە کشتوكاڵی و گەشتیارییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکرێت لە ناوچەکانی هەڵهبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک، کە خاوەنی ناوچەیەکی فراوانی کشتوكاڵی و گەشتیارین، لە رێگا ئەم پرۆژانەوە ئێمە دەتوانن سەرنجی گەشتیارانی ناوەخۆی و دەرەکی بۆ ئەم ناوچانەی هەرێمی کوردستان ڕابکێشن.
“سوودەکانی گەشتیاری کشتوکاڵی لە ڕووی ئابووری”
1. دەبێتە فاکتەرێک بۆ دەستخستن و چاوگێکی نوێی داهات.
2. گەشتیاری کشتوکاڵی دەبێتە دەرفەتگەلێکی زێرین، بۆ تێکهەڵکێشکردنی لایەنە باشەکانی هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی بۆ دەستخستنی کۆمەڵێک سوود و دەستکەوتی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ ناوچە گەشتیارییەکان و خاوەن زەوی و کێڵگەکان.
3. گەشتیاری کشتوکاڵی بە شێوازێکی بەردەوام دەرفەتگەلێک دەرەخسێنێت بۆ خاوەن کێڵگەکان بۆ دەستخستنی داهات و بەبازارکردنی ڕاستەوخۆی بەرهەمەکان بۆ بەکاربەران.
4. کەرتی گەشتیاری و ناوچە گەشتیارییەکان بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بە زیادکردنی ڕێژەی گشتیاران بۆ لادێ و دێهات و ناوچە کشتوکاڵییەکان.
5. گەشتیاری کشتوکاڵی بەبەردەوامی دەبێتە فاکتەرگەلێک بۆ پاراستن و زیادکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
6. دەبێتە فاکتەرگەلێک بۆ هەمەچەشن کردنی چالاکییە بازرگانییەکانی جووتیاران.
7. دەبێتە فاکتەر گەلێک بۆ دەست خستنی داهاتی بەردەوام و جێگیر.
8. گەشتیاری کشتوکاڵی دەبێتە فاکتەر گەلێک بۆ ڕەخساندنی خوێندن و دەرفەتی کار بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاری.
9. گەشتیاری کشتوکاڵی دەبێتە فاکتەر گەلێک بۆ زیادکردنی باجی ناوەخۆ و دەرەکی.
10. دەبێتە فاکتەرگەلێک بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پەرەبدات بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی تایبەت بە کشتوکاڵ و بەرهەمە سپیاییەکان و پەلەوەر.
11. دەبێتە فاکتەر گەلێک بۆ چالاککردن و بەکارخستنی چالاکی گەشتیاری کشتوکاڵی.
12. دەبێتە فاکتەرێک گەلێک سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران تا سەردانی هەرێم بکەن.
13. دەبێتە فاکتەر گەلێک بەهێزکردنی ئابووری و بوژانەوەی دێهاتەکان و دەستخستنی هەلی کار.
“چۆن بتوانین گرنگی بەم کەرتە بدەین”
1. لەڕێگەی دابینکردنی پاڵپشتی و هاوکاری دارایی بۆ جووتیاران پەرەی زیاتر بەم کەرتە بدەین، حکومەت دەتوانێت قەرزی کورتخایەن و درێژخایەن بدات بە جوتیاران.
2. هاندان و پشتگیریکردنی هاووڵاتیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان.
3. هاوکاری و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان وەک دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام، و قیرتاوکردنی شەقامەکان.
4. تەرخانکردن و دروستکردنی بانکێکی تایبەت بەم کەرتە.
5. بەستنەوەی کار و چالاکییەکانی ئەم کەرتە بە جیهانی دەرەوە و ناوەخۆ، بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی کورستان ڕابکێشن.
6. زیادکردنی باج یاخود قەدەغەکردنی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بۆ هەرێم.
“دەرئەنجام”
- دەبێتە فاکتەرێک بۆئەوەی ئێمە لە ڕێگای هەردوو کەرتی گەشتیار و کشتوکاڵی گرنگی بە ناوچە بەپیت و سەرنج ڕاکیشەکانی هەرێمی کوردستان بدەین.
- دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی لە رێگای کەرتی گەشتوکاڵی ئابووی هەرێم هەمەچەشن بکەین.
- دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گەشتوکاڵەوە، سەرنجی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشینی.
- دەبێتە فاکتەرێک بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و ناوچە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکان.
سەرچاوەکان؛
وتارە کوردییەکان
- مەقسود گەردی، مستەفا، ٢٠٢٣، گرنگی کەرتی گەشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، ناوەندی ماڵپەری پەرنووس.
https://pernus.org/show/218/detail
Last visit: 30-3-2024, 2:0o AM
- حەمەکەریم ،حسێن ، ٢٠٢٣، گەشتوگوزاری کشتوکاڵی، خەندان.
https://www.xendan.org/detailwtar?jimare=6365&nuser=2120
Last visit: 30-3-2024, 1: 20 AM
- فەرەیدون، هیوا، ٢٠٢٣، گەشتیاریی کشتوکاڵی لە کوردستان، کوردستان نوێ.
https://knwe.org/KU/Details/9838
Last visit: 29-3-2024, 10:08 PM
ماڵپەرە عەرەبییەکان
- جمعية السياحة الزراعية واالريفية التعاونية, تعريف السياحة الزراعيةز
https://refana.sa/ar/Definitionofagritourism.html
Last visit: 31-3-2024, 3:08 AM
- Dajablog، ٢٠٢٣،سياحة – السياحة الزراعية والمزارع والحدائق
https://www.dajablog.com/2023/05/agritourism.html
Last visit: 2-4-2024, 6:01 AM