لە سەرنجی پێشوودا، باسی پیتی (ر_ڕ) مان کرد، ئەم باسە تایبەت دەکەین بە پیتەکانی (و – وو) (ی-یی). ئەم بابەتە، بابەتێکی وشکە، بۆ ئەوەی ئاڵۆز نەبێت، زۆر بەکورتی و بێ پێشەکی باسی دەکەین:
سەرەتا دەبێت پیتە بزوێبەکان و نەبزوێنەکان بناسین، کە بریتین لە ٣٦ پیت: (ئـ، ا، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ڤ، ق، ک، گ، ل، ڵ، م، ن، هـ، ە، و، وو، ۆ، ی، ێ)
پیتە بزوێنەکان بریتین لە: ( ا، ە، و، وو، ۆ، ی، ێ)
پیتە بزوێنەکان بریتین لە (٨) دەنگ ٧ پیت + بزرۆکە(i) کە لە ئەلفوبێی (عەرەبی – ئارامی)دا، پیتی بۆ دانەنراوە، لە لاتینیدا ئەم هێمایەی (i) بۆ دانراوە. هەروەها هەردوو پیتی (و _ ی) بزوێن و نەبزوێن یان هەیە.
* سێ جۆر پیتی واو مان هەیە: (و _ W نەبزوێن) (و _ U بزوێن) (وو _ Û بزوێنی درێژ)
– سەرەتای هەموو وشەیەک بە (و) ی نەبزوێن واتە بە یەک واو دەنووسرێت: وشە، وریا، واژە… چونکە لە زمانی کوردیدا، وشە بە نەبزوێن دەستپێدەکات.
– لە ناوەڕاست و کۆتایی وشەدا، کە پیتەکەی پێشی بزوێن بێت، بە یەک (واو) دەنووسرێت: داو، ڕاو، چاو، شەوبۆ، خەونامە، کەو، ئاو، شیو، سێو…
– ئەگەر لە کۆتایدابێت، پیتەکەی پێشی نەبزوێن بوو، بە دوو (وو) دەنووسرێت،: دوو، خانوو، وەکوو
– ئەگەر لەناوەڕاستی وشەدا بێت، پیتەکەی پاشی بزوێن بوو، دەبێت واوی نەبزوێن (و) بنووسین: شوان، دوان، باوان
– (و) ی ئامرازی پەیوەندی
بۆ بەستنەوەی دوو وشەیە بەیەکترەوە، ئەگەر هەردوو وشەکە مانایەکی سەربەخۆیان هەبوو، پیتی (و) نالکێت بە وشەکانەوە:
ئێمە و ئێوە، ئازاد و نەوزاد…
هەروەها کە (و) ی ئامرازی پەیوەندیمان بەکارهێنا، نابێت فاریزە بەکار بهێنین وەک لە دیوانی شاعیرانی کلاسیکدا بەکار هاتووە، پێویست بە فاریزە ناکات، بەڵام ئەگەر وشەکە یەک واتایی هەبوو، پیتی (و) دەلکێت بە وشەکەی پێش خۆیەوە و جیاناکرێتەوە، وەک: کشتوکاڵ، گفتوگۆ…
– پیتی (ی (Î -Y)
– هەموو سەرەتای وشەیەک کە بە (ی) دەستپێدەکات، نەبزوێنە و بزوێنێکی بەدوادا دێت: یاری، یارا، یاد
– لە ناوەڕاستدا، ئەگەر لە پێشییەوە پیتێکی نەبزوێن هەبوو، بە یەک (ی) دەنووسرێت: شیر، بیر، تیر، سیر
لەکۆتاییدا، پێشی نەبزوێن بوو بە یەک (ی) دەنووسرێت: پەتی، کوردی، قەیسەری
– ئەگەر وشەکە بە پیتێکی بزوێن کۆتایی هاتبوو، بۆ ئەوەی دوو دەنگی بزوێن بەدوای یەکدا نەیەت بە دوو (یی) دەنووسرێت: ئاسایی، دڵنیایی، کارامەیی، هەڵەبجەیی…
– سێ پیتی (ی)
هەندێک جار، لەو وشانەی کۆتایییەکەیان بە دوو (ی) هاتووە، واتە کۆتایی بە بزوێن هاتووە، کاتێک پاشگرێک دەچێتەسەریان بۆ ناسراوی، یاخود دەرێنە پاڵ وشەیەکی تر، بەپێی ڕێسای زمان دەبێت (ی) نەبزوێن لە نێوبەندا دابێین، واتە دەبێتە سێ پیتی (ی)بەدوای یەکدا:
کۆتایی+پاشگر = کۆتایییەکان
لە کۆتایییەکانی ڕێگاکەدا.
مێژوویی+ پاشگر= مێژوویییە
ڕوداوێکی مێژوویییە.
هەرچەندە ڕایەک هەیە دەڵێت: لەبەر جوانکاری و ئێستاتیکای نووسین، پێویست ناکات سێ پیت بەدوایی یەکدا بنووسین و تەنها دوو (ی) بەسە، لە بەرامبەریشدا ڕایەکی تر دەڵێت: ئەو (ی) لەناو بەندایە نەبزوێنە و لە ڕووی زانستی زمانەوە پێویستە بنووسرێت.
– (ی)،ی پەیوەندی
دەکەوێتە نێوان دوو ناو، یان ناوێک و ئاوەڵناوێک
تابلۆ +ی + جوان= تابلۆی جوان
بەڵام ئەگەر کۆتایی وشەکە بە پیتی (ی) بوو، دەبێت (ی) ی پەیوەندیش بنووسرێت: قوتابخانەی سەرەتای+ی + کوڕان = قوتابخانەی سەرەتایی کوڕان.
یاخود لە ڕووی ڕێزمانەوە : قوتابخانەی سەرەتایی+ ی پەیوەندی= قوتابخانەی سەرەتاییی کوڕان.
تێبینی/ بزوێن: بەو دەنگانە دەوترێن کە لە کاتی گوتنیاندا – تەڵەفوز، دەم و زار تۆزێ زیاتر دەکرێنەوە و زیاتر دەکێشرێن. بزوێنەکان جووڵە و بزواندن دەخەنە ناو وشەوە.
لە ئەلفوبێی (عەرەبی – ئارامی) دا، گرفتەکە لەوەدا درووست دەبێت، کە هێمای جیاوازمان نییە بۆ پیتی بزوێن و نەبزوێنی (و) (ی)، بەڵام لە ئەلفوبێی لاتینیدا ئەو گرفتە نییە، چونکە هێمای جیاوازیان بۆ دانراوە:
(Î -Y)، (W- U)
یاسا/ هەر وشەیەکی کوردی، لانی کەم یەک پیتی بزوێنی تێدایە. دوو پیتی بزوێن، بەدوایی یەکتردا نانووسرێن.
بزرۆکە(كسره مختلسة): ھەشتەمین پیتە بزوێنی زمانی کوردییە، نابینرێت بۆیە ناونراوە بزرۆکە، بەڵام لە ئەلف و بێیی لاتینیدا هێمای (i) بۆ دانراوە، وەک: ژن – jin ، من – min، بردن، مزگەوت، مشک…
ئەگەر سەرنج بدەین کە دەڵێین: ژن
لەبەینی دەنگی (ژ) و (ن) دا هێزێک هەیە، ئەوە بزرۆکەیە، لە ئەلفوبێی (عەرەبی – ئارامی)دا هیچ هێمایەکی بۆ دانەنراوە. بەڵام لە لاتینیدا بەم شێوەیە دەنووسرێت:
سەرچاوەکان/ لە نووسینی زنجیرە باسێک (سەرنج)ی تایبەت بە ڕێزمان و ڕێنووس و خاڵبەندی، بەگشتی سوودم لە چەند سەرچاوەیەک وەرگرتووە:
– ڕێزمانی کوردی، د. نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو.
– ڕێنووسی کوردی، ئەکادیمیای کوردی.
– هەندێک بابەت و زانیاری لە کوردپیدیا.
– پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی، دیاکۆ هاشمی.
– ڕاستنووسی، کوردۆ شابان.
– درووستنووسی زمانی کوردی، باخان ئەحمەد.
– بنەماکانی دروستنوسین، هەوار عومەر فەقێ ئەمین.
– ڕێنووسی زمانی کوردی، زانستپەروەرانی کورد.
– خاڵبەندی، کیومەرس نیکڕەفتار.