هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئامرازێکە بۆ هەرێمی کوردستان نەک ئامانجێکی باڵا. وەزیری نەوتی ئێراق و شاندێکی باڵا دێنە هەولێر لەبەرئەوە نییە ئێراق نیزیکەی هەشت مانگە دەیەوێ نەوتی هەرێم سەرلەنوێ هەناردە بکرێتەوە (بەڵێ هەناردە دەکرێتەوە). لەبەرئەوەیە:
یەک – لەمیانەی جەنگی غەززەوە نا-سەقامگیرییەکی گەورە ڕووی کردۆتە بەهای دیناری ئێراقی، ئەگەر لەسەرەتای (٢٠٢٣) دا (١٤) بانک لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە خرانە لیستە ڕەشەکەوە، بەتۆمەتی ناردنی دۆلار بۆ ئێران و ڕووسیا و ئەملاولای دیکە، ئەمجارەیان دوور نییە خودی بانکی ناوەندی ئێراقی بخرێتە لیستە ڕەشەکەوە، چوونکە وا دیارە بانکی ناوەندی کۆنترۆڵی بەسەر دۆلار و بازاڕ و دراوەکەی خۆشیدا نییە. سەرۆکوەزیرانی ئێراق “محەمەد سودانی” وتارێکی لە گاردیان نووسیوە ” لەماوەی ساڵێکدا چیم کردوە” لە ڕاستییدا ئەو هیچی نەکردوە، هەر دەڵێ کارەبا چاک دەکەین بە (٢٧) ملیار دۆلار سمس و جەنەرال ئەلیکتریک خەریکی ئیشەکەن، ئەوە زیاتر لە (١٧) ساڵە هەمان قسە هەر دەکرێ. پوختەکە ئەوەیە لە میانەی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ەوە (٤٣) جار لەلایەن میلیشیا ئێراقییەکانەوە هێرش کراوەتە سەر بنەو بارگەکانی ئەمریکا لە ئێراق. سەرۆکوەزیران لەلایەک گەندەڵەکان هەموو بەلای ڕاست و چەپیدا دانیشتوون، لەلایەکیش نوێنەری ئەوانەیە کە ئەمریکا پێی وایە میلیشیان لە ئێراق! بۆیە ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ ئێراق کەمکردۆتەوە، وا بڕوات نایهێڵێت، ئیتر وەبەرهێن و بازرگانەکانیش لەناوخۆدا پێویستیان بە دۆلارە، کەواتە خواست زۆر دەبێ و بەهای دۆلار بەرزتر دەبێتەوە.
دوو – بە دەیان کۆبونەوە و نێوەندگیریی ئینجا ئەمریکا ڕازی بوو ئێراق لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا پارەی قەرزی کارەبای ئێران بداتەوە کە هی ساڵانی پێشوە. کەچی ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی ئێراقی- ئێرانی ” حەمید حوسێنی” هاتوە دەڵێ : قەرزەکانمان لەسەر ئێراق ١٨ ملیار دۆلاری دیکەیە! ئنجا ڕووسیاش چوار کۆمپانیای گەورەی لە ئێراقە و بەهای وەبەرهێنانەکەی لەنەوتدا گەیشتوە بە (١٩) ملیار دۆلار.
قسەی کۆتایی، ئەوەیە سودانی و کابینەکەی لەبەر فشار و هەڵوەشانەوەدایە، لایەنی کەم کێرڤی بەرەو خوارە بە خێرایی. هەرچی ئابوریی ئێراقە لە مەودای نزیک کە ساڵی ئایندەیە بەهۆی زۆری ئەو ڕێژە زۆرەی مووچەخۆر لەکەرتی گشتییدا، بەهۆی گەندەڵییەکی زۆرەوە کە سودانی لە وتارەکەی گاردیان لایوایە کێشەی پلەیەکی بەردەم کابینەکەی گەندەڵییە، بەهۆی نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دراو و بازاڕدا، بەهۆی نەبوونی هێزی دەوڵەت لە دەستی دەوڵەت خۆیدا، دەکەوێتە بەر هەڵاوسانێکی گەورەو دادەڕمێ، ئەوەش ڕەنگە کۆتا کابینەو حکومەت بێت لە ئێراق دا!
ئێستا کاتی ئەوەیە، هەرێمی کوردستان کارتی دابین کردنی مووچەی هاوڵاتیان، کارتی دابین کردنی لایەنی بەرگریی و سەربازیی بۆ هەرێم بخاتە بەردەم سودانی و کابینەکەی، ساڵانە ئێراق بە ملیارەها چەک و چۆڵە دەکڕێ گوللەیەک نادات بەهەرێمی کوردستان، هەروەها هەنگاوی کردەیی لە پرسی هەڵبژاردن و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا بنرێ. هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستکەوت و خاڵێکی وا گەورە نییە، خۆی هەر هەناردە دەکرێتەوە، هەر دەبێ بەو ڕێگەیەدا بڕوات کە پێشوتر ڕۆیشتوە.