“کتێبە ئیسلامییەکان پڕ فرۆشترینن”، تایتلێک لەگەڵ هەموو پێشانگایەکى کتێب زۆرترین قسەو باسى لەبارەوە دەکرێت، ئەو فاکتە خەڵکى بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، بەرەیەک بەتەواوى دڵى پێىخۆشە، سوپاسگوزارى خواى لەسەر دەکات و ئومێدى زۆرى لەسەر هەڵچنیوە، بەرەیەکیش تەواو دژایەتى دەکات و بە مەترسى راستەقینە دایدەنێت. هەردوو بەرەکە بەدرێژایی پێشانگاکەو بگرە دواى پێشانگاکەش لە دژایەتی یەکتر ناوەستن.
ئەوان کە دژایەتی یەکتر دەکەن زۆربەى جار هۆکارەکەى بۆ ئەو بیر و ئایدۆلۆژیانە دەگێڕنـەوە کە هەڵیان گرتووەو باوەڕیان پێیەتى، زۆربەى جاریش هەموو شتێکى خۆیان بە باش دەبینن و ئەوەى بەرامبەریشیان بە خراپ، ئەو شێوازى دیتنی هەموو شتەکە بەرەش یان سپی واى لێکردوون کەسیان دیوەکەى دیکە نەبینن، منیش کە سەیرى ئەو دوو بەرەیەو هەڤرکییەکەیان دەکەم ئەو تێبینیانە تۆمار دەکەم:
یەکەم: بەرەى سێیەم بزرەو لەسەر شانۆکەدا دیار نییە، بەرەیەک کە ئینسافى هەبێت، هەموو شتێک بەخراپە نەبینێت و بە هەمووشى نەڵێت باش، بتوانێ سەرنجەکانى وردبێت و لایەنە باش و خراپەکانى ئەو بابەتە ببینێ و بتوانێت هاوکارى خوێنەران بکات لەوەى رێگەیان لێ بزر نەکات.
دووەم: بوونى ئەو دژایەتییە لەنێوان ئەم هەردوو بەرەیەدا کاریگەرى خراپى هەیە بەوەى ئەو دژایەتییە شۆڕبووەتەوە نێو کۆمەڵگە، دژایەتییەک لە سنوورى دەستەبژێرى کۆمەڵگە نەماوەتەوەو خەڵکانى ئاساییشى خستووەتە نێو یاریگەکە، ئەوان خاوەن پاشخانێکى هزرى و مەعریفى قووڵیش نین کەچى خۆیان لێ بووەتە فس فس پاڵەوان و چۆنى بیانەوێت شەق لە تۆپەکە دەدەن بەبێ ئەوەى بزانن بۆ کوێى ئاراستە دەکەن و شوێنەوارى چى بەجێدێڵیت؟! سۆشیالمیدیاش ئێستا کە یاریگە دڵخوازەکەیە پڕە لە هێرشى هەردوو بەرە بۆ سەر یەکتر، ئەمەیش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى کۆمەڵایەتى.
سێیەم: ئایین خۆى پیرۆزە لاى خەڵک بەگشتى و پەیڕەوکارانى بە تایبەت، لەبەرئەوە بابەتەکە هەستیارەو قسەکردن بەوشێوەیە لەسەر پرسگەلێکى وەها دژایەتییەکە دەباتە قۆناخێکى مەترسیدار و سەر دەکێشێت بۆ بەبێباوەڕکردن (تەکفیر)و لێکدانەوە بەوەى بەرەى نەیار دژى ئیسلامە وەک ئایین، ئەمەیش حوکمەکەى لە شەریعەتى ئیسلامدا دەرچوونە لە بازنەى ئایین و هەڵگەڕانەوەیە، هەر بەپێى ئەو کتێبانەش کە بەرەى یار باوەڕیان پێیەتى حوکمى ئەو کەسانە کوشتنە، ئەمەیش مەترسییەکى جدییەو دەبێ بەهەند وەربگیرێت.
چوارەم: رەنگە ئەمە ببێتە هاندانێک بۆ ئەوانەى کە بڕیاریان نەداوە بچن ئەو کتێبانە بکڕن، برۆن بۆ پێشانگاکەو (سەواد)ى ئەو بەرەیە زۆر بکەن کە خۆیان وەک بەرگریکار لە ئیسلام وێنا دەکەن، بەبێ هیچ پێشینەیەکى رۆشنبیرى کتێبانێک هەڵبژێرن کە دواتر بکەونە ژێر کاریگەرى ئەو کتێبانەو بەشێکى کتێبەکانیش بۆ چەقبەستوویى و تووندرۆیى ئاراستەیان بکەن و هزرو ئەقل و رۆحیان تیرۆر بکەن، ئەمەیش پێویستى بە هەڵوەستە لەسەر کردنە کە من دواتر دێمەوە سەرى، بەڵام جارێ پێویستە قسەیەک لەسەر هەردوو بەرەکە بکەم.
دەمەوێ بڵێم هەردووکیان بەشێک لە راستى و بەشێکیش لە ناڕاستییان لەگەڵە، بەرەى ئیسلامى وەک ئەوان ناوى خۆیان دەنێن لەو بەشە راست دەکەن ئەمان ئازادن لە هەڵبژاردنى کتێبى دلخوازى خۆیان و هەروەهاش لەو بیروباوەڕەى هەڵیانگرتووەو دەیانەوێ زانیارى و مەعریفەى زیاترى لەبارەوە وەربگرن، لەوەشیان ناڕاستن هەموو کتێبێکى ئیسلامى نایانخاتە سەر رێگەى راست، مەگەر هەر بەشێک لەو کتێبە ئیسلامییانە نەبوون کە تیرۆریان دروستکرد و بەڵایەکى گەورەیان بەسەر خەڵک بەگشتى و خودى موسڵمان بەتایبەت هێنا؟!
هەرچى بەرەى لیبراڵ و رۆشنگەریشە لەوە ناڕاستن کە بانگەشەى مافى مرۆڤ دەکەن و رێزیش لەو مافەى ئەو خەلکە ناگرن لە هەڵبژاردنى باوەڕ و زیادکردنى مەعریفە لەسەرى، راستیشن لەوەى بەشێک لەو کتێبانە رۆڵێکى خراپیان هەیە لە بەرەو تووندڕۆیى بردنى خوێنەرانیان.
من زیاتر مەبەستمە تیشک بخەمە سەر ئەو کتێبانەى لەجیاتى ئەوەى خۆراکى رۆح بن، ئەقل و رۆح تیرۆر دەکەن، ژەهر لەنێو مێشکى خوێنەرانیان بەجێدێڵن، ئاراستەیان دەکەن بەوەى: نوێژنەکەر کافرەو دەبێ یەکسەر بکوژرێ یان لە بەڵاى کەمى سێ رۆژ مۆڵەتى پێبدرێت و ئەگەر تۆبەى نەکرد و دەستى بە نوێژ نەکرد ئەوە دەکوژرێت، بەسەبایا کردنى کچ و ژنى خەڵک کارێکى مەشروعە، ئەوانەى باوەڕدار نین دەخرێنە بەردەم سێ بژاردە: باوەڕهێنان و سەرانەدان (جزیە)، کوشتن، کەسێک بێباوەڕبوو بە هەڵگەڕاوە لە ئایینى ئیسلام دادەنرێت و یان تۆبەى پێدەکرێت یان دەبێ بکوژرێت و ئەگەر ئەمەش نەکرا ئەوە لانیکەم دەبێ ژن و منداڵەکانى لێى جیابکرێنەوەو، نابێ هیچ جۆرە تێکەڵاویەکى کۆمەڵایەتى هەبێ لەگەڵ ئەوانەى ئایینیان جیاوازە، ناشێ سڵاویان لێ بکەیت، رێگەیان بدەیت کەنیسە بنیات بنێن و …هتد.
ئاوڕدانەوە لەو بابەتە و هەڵوەستەکردن لەسەرى زۆر پێویستە، بۆچى تائێستاشى لەگەڵ دابێت ئەو جۆرە کتێبانە رەواجیان هەیە کە ئەو تایپە لە بیرکردنەوە تووندڕۆیى بڵاودەکەنەوە؟ بۆچى ئێمە کە ئەو هەموو شەهیدو قوربانیەى شەڕى تیرۆرمان داوە بەگشتى و داعش بەتایبەتى تائێستاش خەڵک رێگەى دوور ببڕێت و پارە بدات بۆ ئەوەى ئەو جۆرە کتێبانەى دەستبکەوێت کە بەشێکیان هزرى تووندڕۆیى و تیرۆریان خزاندووەتە نێو ماڵةکانمان بەو ماڵانەشەوە کە خاوەنى شەهیدى تیرۆرن؟!
لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەو گۆشەیەش نەبینین کە لە پێشانگەکان کتێبى تووندڕۆیى دیکەش هەن، بەڵام جۆرێکى دیکەن لە تووندرۆیى، ئەوانیش دژى ئایین بەگشتى و ئیسلام بەتایبەتین، هێرشى ناڕەوا دەکەنە سەر قورئانى پیرۆز و کەسایەتى پێغەمبەرمان محەممەد (د.خ)، بۆ دەبێ ئەو جۆرە کتێبانە لەنێو وڵاتێک بفرۆشرێن کە زۆرینە موسڵمانە و ئیسلام بەشێکى دانەبڕاوە لە سەروەریەکانى؟! ئەرێ ئەوەش هەر تیرۆرى ئەقل و هزر نییە، بەڵام بە ناوێکى دیکە؟!
سەرئەنجام ئەرکى هەموومانە خۆمان بە خەمخۆرى ئەو خەڵکە بزانین، واز لە دەمارگیرى بێنین بۆ ئایدیۆلۆژیاکانمان و لێپرسراوانە بیر بکەینەوەو هەوڵبدەین هەموو ئەو کتێبانەى ئەقڵ و رۆح تیرۆر دەکەن نەک هەر لە پێشانگە، بەڵکو لەنێو کتێبخانەى کتێبفرۆشەکان و کتێبخانە گشتییەکان و بگرە لە ئینتەرنێتیش رێگری بکەین لە بڵاوکردنەوەیان، بەڵام نابێ لە پەناى ئەوە بەرژەوەندى تەسکى ئایدیۆلۆژیاو حیزبى و سیاسى بمانخاتەوە سەر ئەوەى دەرفەتەکە بقۆزینەوەو لەبەرەى بەرامبەر بدەین، تەنیا بەم شێوەیە متمانە دروست دەبێت.