وەزارەتی نەوتی ئێراق و سۆمۆ لە (٢٠٢٢) ەوە، بەردەوام وەک موژدەیەک ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێراقدا بەرز دەکەنەوە. ئەمە وەک بیانوویەکی لاواز، بۆ ئەوەی شەقام و ناوەندە نا شارەزاکانی پێ فریو بدەن دێتە پێش چاوان. وەک ئەوە وایە کەسێکی قەڵەو ڕێژەی چەوری زۆر لە لەشیدا بێت، پێی دەڵێن “کەباب” مەخۆ، ئەو دەڵێ بیبەری توونم تێکەڵ کردووە چەورییەکە دەتوێنێتەوە. ئێراق؛ نەک پێنج ملێون، دەتوانێت ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت بگەیەنێت بە حەوت ملیۆن بەرمیل. بەڵام گرفتەکە لە هەناردەکردندایە:-
یەکەم:- ئێراق خۆی خستۆتە ناو گێژەنگێکی جیۆپۆڵەتیکییەکەوە، کە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاست (بەندەری جەیهان) ەوە خستۆتە مەترسییەوە. لە ساڵی (١٩٧٧)ەوە ئێراق تووشی ڕووداوی وەها نەبووە (ماوەیەکی کەمی جەنگی کەنداو نەبێت). ئەوەش ڕۆژانە ڕێگیریی کردووە لەهەناردەکردنی (٥٠٠) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان.
دووەم:- ئێراق تووشی گۆڕانێکی ژینگەیی ترسناک بۆتەوە. بە گشتی لە ئێستادا، لە ئێستا بەدواوە کەشوهەوای خراپ چ لە ئێراق و چ لە دەورووبەری کاریگەریی دەخاتە سەر هەناردەکردنی نەوت.
سێیەم:- ئێراق بەتایبەتی سۆمۆ، یەکێک لە عەیبە سەرەکییەکانیان ئەوەیە هەر نەوتی خاو هەناردە دەکەن، لەبری ئەوەی پاڵیوگە و پیشەسازیی نەوت بینا بکەن و پێکهاتە نەوتییەکانی دیکەش هەناردە بکەن، بە پێچەوانەوە هەموو ساڵێک لە بودجەی ئێراقدا ملیارەها دۆلار تەرخان دەکرێ و کراوە بۆ هاوردەکردنی پێکهاتە نەوتییەکان و پێداویستییەکانی لە هیند و ڕووسیاو چین و…تادوایی. دەبوایە ئێراق ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان بفرۆشێت نەک بکڕێت.
چوارەم:- ئێراق دەبێ پابەند بێ بە بڕیاری ئۆپیک پڵەسەوە، کە وڵاتانی ئەندام ملیۆنێک و ٢٠٠هەزار بەرمیل کەمتر بخەنە بازاڕەوە. بەتایبەتی ئۆپیک لە ئێراق دامەزراوە و ئێراق پێویستە پابەندێتی هەبێت هەر نەبێت بۆ ئەوەی نیشانی بدات توانای سەرکردایەتیی کردنی پرسی نەوتی هەیە.
سەرباری هەموو ئەمانە؛ ئێراق تەنانەت وڵاتانی وەک چین و ئێران و هیندیش، کە نەوت یان هەر کاڵایەکی دی دەفرۆشن، لەبەرانبەردا دۆلار وەردەگرن، کێ کۆنترۆڵی بەسەر دۆلاردا هەیە؛ بێگومان بانکی ناوەندی و خەزێنەی ئەمریکا. کەواتە هاوسەنگ ڕاگرتنی بازاڕ نەک لە دەست ئێراق بەڵکو لە دەستی ئۆپیکیشدا ڕێژەییە.