لە هەمان ساڵدا لەگەڵ تارمایی پاڵەوانی فیلمی سواری ڕەنگپەڕیو، بیست ساڵ پێش بەرهەمەکانی دەربارەی جەنگی زەریای هێمن، هەردوو فیلمی (Flags of Our Fathers و نامەکان لە ئیۆ جیماوە)، ئیستوود لە ساڵی (1985) دەرهێنانی بۆ زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی ڤانیسا لە باخچەکەدا(Vanessa in the Garden) کرد، کە تاکە کاری تەلەفزیۆنییەتی. کاتێک ئێستا تەماشای ئەم بەرهەمە دەکەینەوە، ئاشکرایە کە ئەم زنجیرە درامایە لە زنجیرە درامای چیرۆکە سەرسوڕهێنەرەکان(Amazing Stories)ی کەناڵی (NBC) لە ساڵی (1985) کە لە بەرهەمهێنانی ستیڤن سپیڵبێرگ بوو، پێشینە و نموونەیەکە بۆ ئەو فیلمانەی کە ئیستوود تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانیان.
درامای ڤانیسا لە باخچەکەدا چی پێشکەش دەکات؟ ڕووداوەکان لە ساڵی (1895) ڕوودەدەن (کە بەڕێکەوت ساڵی لەدایکبوونی فەرمیی سینەمایە) و چیرۆکی نیگارکێشێکی ئینتیباعی (Impressionist) خەڵکی نیوئینگلاند بە ناوی بایرۆن دەگێڕێتەوە، کە لە ڕووداوێکدا هاوڕێ شۆخەکەی، کە شاعیر و مۆدێلی نیگارکێشییەکەی بوو، لەدەست دەدات. دوای ئەو شەوە لە غەم و نائۆمێدی بە هۆی مەرگی هاوڕێ کچەکەیەوە کە ناوی ڤانیسایە، هەر لەو شەوەدا ڤانیسای لە باخچەکەدا بینی، وەک ئەوەی لە مردن گەڕابێتەوە و لە دوایین تابلۆیەوە هاتبێتە دەرەوە. لەو ساتەوەختەوە، ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوەی لە جیهانێکی ترەوە دەدۆزێتەوە، بەوەی هەر کاتێک بیەوێت بانگی ڤانیسا بکات بۆ کێشانی وێنەی وی لە یادەوەرییەوە. لەم چیرۆکی تارمایی و ئەڤیندارییەدا، پێدەچێت ئیستوود لەژێر کاریگەریی فیلمی لۆرا(Laura) ساڵی (1944)ی ئۆتۆ پریمینگەر بووبێت، کە تێیدا باس لە حەز و خولیای لێکۆڵەرێک دەکات کە دەگاتە ڕادەی خۆشویستنی تەرمی ژنێک لە تابلۆیەکدا، ئەمە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی مردووەکە (زیندووبوونەوەی تەرمەکە وەک کەسێکی ئاسایی) وەک بابایەکی زیندوو بە گۆشت و خوێنەوە. درامای ڤانیسا لە باخچەکەدا، گوزارشت لە داڕمانی دەروونیی و مردنی بایرۆنی نیگارکێش دەکات، دواتر و لە کۆتاییدا بایرۆنیش دەپەڕێتەوە بۆ جیهانەکەی تر واتە جیهانی ڤانیسا. لە دوایین دیمەنی فیلمەکەدا هەریەکە لە ڤانیسا (کە جلێکی ڕەشی لەبەردایە) و بایرۆن کە لەبەردەم تابلۆیەکی خۆیاندا وەستاون، دەبینین. وێنەکە سووڕێکی تەواوی خواردووە؛ ئەمە پڕۆجێکشنێکی بێ کۆتایی بیرۆکەیەکی خەیاڵییە دەربارەی زەمەنێکی وەستاو. هەروەها وەهمی دوو خۆشەویستە کە لە مردندا یەکدەگرنەوە، چونکە وا دیارە لە جیهانی ئیستووددا تارماییەکانیش خەونی هاوەڵێتیی (خەون بە هاوڕێیەتییەوە) دەبینن.
“سوپایەک لە تارماییەکان”
بیست ساڵ دواتر، “دۆک” برادڵی بەساڵاچوو لە فیلمی (Flags of Our Fathers)دا دەبینین کە خەون بە تارماییەکانەوە دەبینێت و، دوای گەڕانەوەی لە جەنگی زەریای هێمن، بە نزیکەیی هەموو شەوێک هەمان خەون دەبینێتەوە. لە خەونەکانیدا بەناو گۆڕەپانێکی چۆڵی جەنگدا ڕادەکات و هەوڵ دەدات هاوسەنگەرێکی ونبووی بدۆزێتەوە کە ناتوانێت بیبینێت بەڵام گوێی لێیە بانگی دەکات، جەستەیەکی نادیار کە بە نائومێدییەوە هاوار بۆ یارمەتیی دەکات. لە جەنگدا وەک پەرستارێکی هێزی دەریایی کاری کردووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ژیانی سڤیل بووەتە دووکاندار، هەموو جارێک کە خەونەکە دەبینێت بە ئارەقەیەکی ساردەوە بەئاگا دێتەوە و نیگەرانە لەوەی لە ئێستادا شکست بهێنێت هەروەک چۆن لە ڕابردوودا شکستی هێنابوو، ناتوانێت هاوڕێ ونبووەکەی بدۆزێتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ جیهانی زیندووان. فیلمەکە پیشانی دەدات کە چۆن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان – کۆمەڵی پیاوان – هەمیشە لە جەنگدا لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوە و هەرگیز بە تەواوی خۆیان ناگرنەوە، چۆن مردووەکان لەگەڵ مردووەکان (و مردووە لەیادکراوەکان) دەمێننەوە و زیندووەکانیش هەست بە تاوان دەکەن کە زیندوون. تاوانی زیندووەکان خراپتر دەبێت، چونکە دەوڵەت و سوپا داوا لە کارەکتەرەکان دەکەن کە بەردەوام بن لەسەر ڕێچکەکە کە جۆرێکە لە ” دووبارە هەڵایسانەوەی جەنگ ” بەمەبەستی کۆکردنەوەی پارە بۆ جەنگ. کاتێک ئەمە دەکەن، ناچار دەبن واز لە بەهاکانی خۆیان بهێنن لەپێناو ئەو جەماوەرە دڵخۆشەی کە سڵاویان لێدەکەن – شانۆیەکی دڕندانە دەگۆڕێت بۆ سێرکێکی میدیایی شێتانە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئیستوود هەردوو فیلمی (Flags of Our Fathers) و نامەکان لە ئیۆ جیماوە وەک دوو دیمەنی گۆشەی جیاوازی یەک فیلمی گەورەتر پێشکەش دەکات. لە کۆتایی فیلمی (Flags of Our Fathers)دا تێدەگەین کە هیچ کەسێک وەک خۆی لە جەنگ ناگەڕێتەوە – نە مارێنزەکان، نە جەنگاوەرە کۆنەکەی ” گران تۆرینۆ “، کە شارەزای جەنگی کۆریایە و کردەوەکانی گەنجێتیی تا ئەو کاتەی بە مردن لێیان ڕزگاری دەبێت، بەدوایەوەن. و نە – بە شێوەیەکی حەرفی – ژەنڕاڵە ژپۆنییەکەی ناو فیلمی نامەکان لە ئیۆ جیماوە، وەک لەسەرەوە باسم کرد وەک خۆیان لە جەنگدا ناگەڕێنەوه.
“وێنەی تارمایی”
لەنێو ئەو دڵەڕاوکێیانەی کە زاڵن بەسەر کەشوموودی زۆربەی فیلمە نوێیەکانی ئیستووددا، یەکێکیان زۆر دەگەڕێتەوە بۆ دواوە و هەرگیز نەوەستاوە لە دزەکردنە ناو کارەکانی بە شێوەیەکی پێشکەوتوو، تەنانەت داوای ئەوەی بەهۆی زەمەنەوە مەودایەک دروست بووە(50). باشترین پهسن بۆی، وەک بابەتێک، گەڕانەوە یان هەوڵی بەردەوامی گەڕانەوەیە بۆ دەرهاویشتەکانی خیاڵ یان یادەوەریمان. (سینەما ستایلی هونەری و تەکنیکی نموونەییە بۆ ئەم خولیایە، و دەتوانێت لەسەر شاشە هەموو ئەو شتانە پیشان بدات کە چیتر سەر بەم جیهانە نین، بەڵام لە ساتێکی پێشتووتری بوونیدا ناسراون)، وەک کارەکتەری برادڵی و هاوڕێ ونبووەکەی، هەروەها ژەنڕاڵەکە و سوپاکەی لە مردووان. ئەمە لە فیلمی (Changeling) ساڵی (2008) لە دەرهێنانی ئیستوود، دەبینین. چیرۆکی فیلمەکە لە هەواڵێکی ترسناکی ونبوونی منداڵێک لە لۆس ئەنجلۆس لە ساڵی (1928) وەرگیراوە. دەبینین کە (Flags of Our Fathers) و (Changeling) دوو فیلمن لە فیلمێکدا، و بە شێوەیەکی هاوشێوە لێکۆڵینەوەی فیلمی (Flags of Our Fathers) بریتییە لە نیشاندانی کاریگەریی وێرانکەری پڕوپاگەندە. هاوکات هەردوو فیلمەکە لەسەردەمی ئیدارەی بۆش و ئەو شتانەی کە دەرکەوتن درۆ بوون دەربارەی چەکی کۆمەڵگوژ لە عێراق، بەرهەم هێنران. لە کاتێکدا فیلمی (Flags of Our Fathers) لێکۆڵینەوە لە ئیستیغلالی چڕی وێنەیەکی جەنگی لەلایەن دەوڵەتەوە دەکات بەبێ گوێدانە ناسنامە ڕاستەقینەی کەسەکانی ناو وێنەکە. فیلمی (Changeling) لەوە دەکۆڵێتەوە کە تا چ ڕادەیەک میدیاکان بە یارمەتی دەسەڵاتە گەندەڵەکانی شار، ئامادەبوون پێداگری بکەن لەسەر یاریکردن بە چیرۆکێک بۆ پاراستنی وێنەیەک کە هیچ پەیوەندییەکی بە هەقیقەتەوە نییە- تەنانەت ئەگەر ئەمە باجی دروستکردنی دیمەنێکی ناسروشتی نێوان دایک و کوڕێکی ساختە بێت.
فیلمی دووەم لە ناو فیلمی یەکەمدا دەرناکەوێت مەگەر لە کۆتایی گێڕانەوەدا نەبێت، لە دیمەنی کۆتاییدا، دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر سەرەتای چیرۆکەکەدا. دوای ئەوەی بە هێمنی بەڵام بە سووربوونەوە جەختی لەوە کردەوە کە وازی لەو هیوایە نەهێنا کە کوڕەکەی هێشتا لە ژیاندایە و، ئەوەی کە لە نیشتیمانی ڕۆحەکانەوە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی نمایشکردنی فیلمەکە دەستوپەنجەی لەتەک نەرم دەکەین، کریستین کۆڵنز (لە ڕۆڵگێڕانی ئەنجلینا جوڵی) لەسەرەوە (لەبەرزییەوە) تەسویر دەکرێت و لێمان دوور دەکەوێتەوە و بەرەو سەنتەری مێژوویی لۆس ئەنجلس و بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن بۆ قووڵایی کۆمپۆزشن تاوەکو وەک کوڕەکەی ون دەبێت، یان وەک کارەکتەری ویلیام مونی لە کۆتایی فیلمی (Unforgiven). کریستین کۆڵنز ناتوانێت جارێکی تر بچێتەوە ناو کۆمەڵگەی زیندووان، یان بگاتە ئەو جیهانەی کە کوڕەکەی تێیدا ون بووە، و بە تەنیا لەنێوان دوو جیهاندا دەوەستێت و خۆی دەبێتە تارماییەک، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئیستوود نەیتوانیوە هیچ شوێنەوارێکی کریستین کۆڵنز لە دوای ساڵی (1935) بدۆزێتەوە. (لە فیلمەکەدا لە دیمەنی ژوورەکەدا کاتێک کریستین کۆڵنز دەڵێت هێشتا هەست بە بوونی کوڕە ونبووەکەی دەکات، کەسایەتییەکەی بە ڕۆح لەگەڵ کوڕەکەیدا، یان لەگەڵ تارمایی کوڕەکەیدا یەکدەگرێتەوە). سینەما، تەنانەت زیاتر لە ژیانی ئاخیرەت، بۆشایی و جیهانێکی نێوەندگیر دادەهێنێت، کە تێیدا زیندووان و مردووان دەتوانن لێک نزیک ببنەوە، و سەرنجیان لەسەر پڕۆسەی لەناوچوونمان بێت لە کاتی ڕوودانیدا. وەک بیرۆکەکەی دەربارەی دروستکردنی دوو فیلمی تەرخانکراو – بەتایبەت دروستکراو – بۆ هەموو ئەوانەی لە شاری ئیۆ جیما مردوون. دوو فیلم کە ببنە گۆڕستانێک بۆ ئەوانەی لەوێ مردن. هونەری سینەماتۆگرافی لای ئیستوود بە گێڕانەوە و قبوڵکردنی هەموو ئەو شتانە دەناسرێتەوە کە هەرگیز ناگەڕێنەوە، جا چ بیرهێنانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی بێت (وەک داڕمانی گەورەی دارایی، جەنگی دووەمی جیهانی، تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی)، یان ڕابردوویەکی دوور، یان سەردەمێکی زێڕین (سەردەمی ستۆدیۆکان و سینەمای کلاسیک)، یان ناو و دەنگێکی بەناوبانگ (وەک کارەکتەری جۆنی لە سەرەتای فیلمی (Midnight in the Garden of Good and Evil)، یان تەنانەت ڕوخسارێکی لەبیرنەکراو یان نهێنیئامێز. تەنانەت دەکرێت کردەی چوون بۆ سینەماش لەم چوارچێوەیەدا چێ بکرێتەوە، چونکە سینەما مردووەکان دەگێڕێتەوە ژیان، و جیهانێک لە تارمایی لەسەر شاشە پێشکەش دەکات، و لەنێویاندا شاشەکەی ئیستوود خۆی.
“کۆمەڵگای زیندووان و مردووان”
بۆچی ئیستوود بڕیاریدا باوەڕ بەم ئەگەرە مێژووییە نوێیە بکات و سەرکێشیی بەوەوە بکات کە وەک خزمەتکاری بەرژەوەندییەکانی سەرۆکێکی دیاریکراو سەیر بکرێت و، فیلمێک بەرهەم بهێنێت کە بابەتێکی تێدا نییە جگە لە پێدانی بۆچوونی ” ڕاست و دروست ” بە بینەر؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە وی ئەم کارە لەبری هەموو ئەوانەی کە لێرە دواجار بە دوای ئەودا دێن، دەکات. ئایندەیەک هەیە بۆ کارەکتەری سایگۆ لە فیلمی نامەکان لە ئیۆ جیماوە، و بۆ کارەکتەری تاو لە فیلمی گران تۆرینۆ و، هەموو ئەو منداڵە ئەشکەنجەدراو و مردووانەی کە لە بەرهەمەکانیدا دەردەکەون وەک لە هەردوو فیلمی (Mystic River) و (Changeling)دا دەیبینین. ئەو دەرفەتی ژیان لە جیهانێکی نموونەییان پێشکەش دەکات. لە دوا دیمەنی و کاریگەری فیلمی گران تۆرینۆدا کارەکتەری تاو بە ئۆتۆمبێلە ڕەمزییەکەی فیلمەکەوە لەبەرچاو ون دەبێت، ئۆتۆمبێلی گران تۆرینۆ کە واڵت کۆواڵسکی بە خواستی خۆی بۆی بەجێهێشتووە – ڕێک بەو شێوەیەی کوڕەکە لە فیلمی (Honkytonk Man)دا دوور دەکەوێتەوە. تاو گوازرایەوە بۆ جیهانێکی دیکە، وەلێ هیچ تارماییەک نەهات بۆ دیداری (تەنها دەنگی کۆواڵسکی لە گۆڕەوە دەبیسترێت)، چونکە ئەو بەڕاستی دەچێتە ناو ڕەوتی بەردەوامی ژیان. ئیستوود، بۆ ماوەیەکی درێژ، دەیزانی کە گەشتێکی پێچەوانە ئەنجام دەدات. بەڵام لەو شوێنەی کە لێی وەستاوە تیشکێکی ڕووناک پیشانی ئەوانە دەدات – پێشکەش بەوانە دەکات – کە لە دوایەوەن، بە دەربڕینێکی تر لە دوای ئیستوودوە دێن، تیشکێکی ڕووناکی لە سینەماوە. و جارێکی دیکە لەو شوێنەی کە لێی وەستاوە هانی هەموو نەوەیەک دەدات کە بە یادەوەرییەکانیانەوە بژین، باوکانمان لەبیر بێت و لە ڕێگەی سینەماوە ئەویش [ئیستوودیش] لەیاد نەکەین. بە کورتی، ئیستوود داوا لە زیندووان دەکات وا بژین کە هەروەک بڵێی لە فیلمێکدان، کە شوێنێکە تێیدا تێیدا زیندووان دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ ڕۆحی مردوواندا ببەستن، پێش ئەوەی خۆیشیان بمرن لە بازنەیەکی تەواودا – لە سووڕێکی تەواودا – کە بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت.
ئەم وەرگێڕانە پێشکەش بە؛ مامۆستا دیمەن عەبدوڵڵا
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد




































































