ئەم بابەتە توێژینەوەیەکی زانستییە لەلایەن کۆمەڵێك توێژەرەوە نووسراوە و لە گۆڤاری “جامعه شناسي تاريخي دورة ،10 شمـارة ،2 پايیز و زمستان ١٣٩٧ “دا بڵاوکراوەتەوە، ئێمەش بە باشمان زانی، کە وەریبگێڕینە سەر زمانی کوردی تاوەکو خوێنەر و توێژەری کوردیش لێی سودمەند بێت. هەوڵ دەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا بەچەند بەشێك کۆتایی بە کاری وەرگێڕانی بهێنین، چونکە بابەتەکە بەرفراوانە و کاتی پێویست دەبیت
١.گواستنەوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فیکری لە قۆناغی یەکەمی پەهلەویدا.
بەگشتی لە ڕوونکردنەوەی مێژووی سەردەمی ڕەزاشا”١٩٢٥-١٩٢١”دا ساڵانی پێش دەسەڵات وەرگرتنی گرنگی زۆریان پێدەدرێت. ڕوودانی شۆڕشی دەستووری خاڵی دەستپێکی گونجاوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی دروستی ساڵانی پێش هاتنە سەرکاری ڕەزاشامان لەبەر چاو بێت. مێژوونووسان شۆڕشی دەستووری بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنێن لە مێژووی هاوچەرخی ئێران، سەرهەڵدانی دامەزراوە سیاسییە مۆدێرنەکان، پێکهێنانی دامەزراوە مەدەنییەکان، فراوانکردنی میدیای نووسراو، دانانی ڕۆشنبیران لە پۆستەکاندا. گرووپە ئاماژەپێکراوەکانی کۆمەڵگا، دیزاینکردنی ئایدۆلۆژیای فکری و سیاسی جۆراوجۆر، بە سیاسیکردنی جەماوەر، هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە، گەشەی ئەدەبیاتی سیاسی مۆدێرن بەشێك بوو لەو گۆڕانکاریەکان، کە لە سەرەتای شۆڕشی دەستوورییەوە، گۆڕانکاری و ڕووداوی دیکەش ڕوویان دەدا.
٢.پڕۆسەی بەهێزکردنی ڕەزا شا.
چارەنووس، پێویستی و ڕێکەوت یاخود ڕەوتی سرووشتی ڕووداوەکان کەسێکی بە ناوی ڕەزاخان لە ساڵی ١٩٢١ز لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا دەهێنێتە ئاراوە. بەزۆری لە تایپۆلۆژیای حکومەتی شانزە ساڵەی ڕەزاشاوە، وەك دەوڵەتێکی ڕەهای مۆدێرن لێکدەدرێتەوە و ئەم جۆرە دەوڵەتەش بۆ یەکەمجار لە ئێراندا دەرکەوت. کاتێکیش حکومەتی ڕەها خوازی مۆدێرن هاتە سەر دەسەڵات، چەند ڕێ و شوێنێکی گرتەبەر، کە هاوتەریب بوو لەگەڵ پڕۆژەی بنیادنانی نەتەوەدا، هەروەها ناوەندە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی لەناوبرد و لاوازی کرد و پەراوێزی خستن بۆئەوەی بتوانێت خۆی پێشبخات، ناوەندەکانی چینی دەسەڵاتی ڕۆحانیەکانی وەك گرووپێکی ئاماژە پێکراو لەقۆناغی یەکەمدا کردە ئامانج، حوسێن کەچویان لە ڕووانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە دەنوسێت:- ” نزیکبوونەوەی گوتاری ناسیۆنالیستی ڕەزاخان سەرجەم لایەنەکانی باوەڕ و دەمامکی ئیسلامی ڕەتکردەوە لەوانەش یاساغکردنی ڕێوڕەسمەکانی ماتەمینی و باڵاپۆشی و …هتد” پڕۆژەی بوونیادنانی ناسۆنالیزم هاوتەریب لەگەڵ حکومەتی بوونیادنانی نەتەوە و یەکسانکردنی كولتووری تێکەڵەیەکی دژ بەیەك و دوفاقی ناسیۆنالیزم و ڕۆژئاوایی هەبوو. گوتاری ناسیۆنالیستی بە مەیلێکی زەردەشتییەوە، ڕەوشتی زەردەشتی بە دروشمی گوتەی باش، کردەوەی چاك، بیری باش کردە جێگرەوەی ڕەوشتی ئیسلامی، هەروەها بەهێزکردنی سوپا و دروستکردنی سیستمێکی ئیداری مۆدێرن و بەرفراوان لایەنێکی دیکەی کارەکانی ڕەزا شا بوو لە حکومەتی ڕەها خوازی مۆدێرنەدا.
٣.ناسیۆنالیزم لە قۆناغی یەکەمی پەهلەویدا.
گوتاری مۆدێرینزم لەسەردەمی پەهلەویدا جەختی لەسەر گەشەپێدان و مۆدێرینزمە کردن بەشێوازی ئەوروپی، ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بە مۆدێرن کردنی كولتوورری و ئەقڵانیەتی مۆدێرنە و عەلمانی دەکردەوە، جگە لەوەش هەوڵی دامەزراندنی شوناسێکی نەتەوەیی بۆ نەتەوەی ئێران و لاوازکردنی ناسنامەی پەرش و بڵاو و پارچە پارچەی سەردەمی پێشوو دەدا. ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەك شوناسێکی گشتگیر بەسەر هەموو شوناسە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێراندا فراوان بکرێت، ئەو ناسێۆنالیزمە ئێرانییە ستایشی میراتی فەرهەنگی ئێرانی کۆن و ئەدەبیاتی فارسی دەکرد لەگەڵ جەختکردنەوەی لەسەر ڕەگ و ڕیشەی ڕەگەزی ئاریایی، سوکایەتی بە مێژووی ئیسلام و ئەزموونی مێژووی ئێران لەو ڕووە وە دەکرد. لەسەردەمی ڕەزاشادا لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن لە ئێران و پێویستی ناسیۆنالیزم بۆئەوەی ببێتە پاڵنەرێکی سیاسی و كولتوورری هێز بە ئاڕاستەی مۆدێرنیزاسیۆنی ئێران گوتاری سیاسی و فەرهەنگی نوێ دروست بوو، کە ئامانجی ناسنامەی نەتەوەیی بوو بۆ ئێرانییەکان، ئەم گوتارە سیاسی و ڕۆشنبیریەش کە بناغەی ئایدۆلۆجیای حکومەت بوو لەلایەکەوە هەوڵی دەدا بەڕابردویەکی سەربەرزەوە میللەتەکەی ببەستێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕابردووی سەربەرز لەسەردەمی پێش ئیسلامدا لە دیوەکەی تری مێژوودا بوو، لەسەردەمی ئیسلامدا ئەوەی لە ئێراندا بە پاك دادەنرا
٤.ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وتاری ناسنامەیی.
محەمەد عەلی ئەکبەری لە لێکۆڵینەوەیەکیدا بەناوی زنجیرە “نەسەبی” ناسنامەی ئێرانی باوەڕی بە جیاکردنەوەی ٣ ناوەند هەبووە، یەکەم ناوەندی گۆڤاری نوێی “کاوە” بووە بە هەوڵدان بۆ مۆدێرنکردنی چەمکی نەتەوە و دامەزراندنی نەتەوەیەکی نوێی ئێرانی، دووەمیان گۆڤاری “ئێرانشار” لە بەرلین و سێیەمیشیان گۆڤاری “ئایندە “بووە لە تاران. گۆڤاری کاوە جگە لە مۆدێرنیزم گرنگی بە پاراستنی یەکگرتویی نەتەوەیی ئێران و پاراستنی زمانی نەتەوەیی”فارسی”دەدا، گۆڤاری ئێرانشار، کە لە بەرلین چاپ و بڵاو دەبوەوە لە کۆی ٢٣٦ وتار “٣٠” وتاریان تایبەت کراوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئێرانی پێش ئیسلام و زیانەکانی گرووپگەرایی نەتەوەیی لەگەڵ دژایەتی کردنی عەرەب و زیندوو کردنەوەی ڕۆحی ئێرانی بووە بە پێدانی باڵا دەستی بە ڕەگەزی ئێرانی، ناوەندی سێیەم واتە گۆڤاری ئایندە مێژووی چەند هەزار ساڵەی میراتی دێرینی ئێران بە گەنجینەی بەنرخی ئەدەبیاتی فارسی ببێتە مایەی شەرەف و شانازی بۆ نەتەوەی ئێران دەزانی. ئەم سێ ناوەندە سەرەکییە لە دروستکردنی گوتاری باڵادەستی ناسیۆنالیزم لەو قۆناغە ١٦ ساڵەی سەرەتای پەهلەویدا ڕۆڵی سەرەکی بینی.
٥.ڕێبازی ناسیۆنالیستی حکومەت لە پەسەندکردنی یاساکاندا.
لە زۆرێك لە بەرنامەکاندا کردار و ئەرکەکانی حکومەتی پەهلەوی لەسەر بنەمای بەها ناسیۆنالیستەکان دامەزراون، ئاماژەکردن بە یاسا و ڕێسای كولتووری کە لەسەردەمی یەکەمی پەهلەویدا پەسەند کراون ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەو بەهایانە لەزۆرێکیاندا هەبوون لەوانەش:- تەرخانکردنی بودجەی ساڵی ١٩٢٧ی پەرلەمانی ئێران بۆ دروستکردنی گڵکۆی فیردۆسی، یاسای تۆماری مەدەنی و یاسای گۆڕینی بورجەکان بۆ ناوی فارسی لە ساڵی ١٩٢٥، بەکارهێنانی ساڵی هەتاوی لەبری ساڵی مانگی لە ١٩٢٧، بەکارهێنانی جل و بەرگی نەتەوەیی ١٩٢٨، گۆڕینی ناوی شوێن و شارەکان بۆ ناوە فارسیە کۆنەکان ١٩٣٥، خشتەی بەرنامەکانی ڕادیۆی ئێران ١٩٤٠، دامەزراندنی کۆمەڵەی زمان و ئەدەبیاتی فارسی ١٩٣٤ و یاساکانی کۆکردنەوەی كولتووری زمانی فارسی ١٩٣٥، هەڵپەساردنی تایپکردن و بەکارهێنانی زمانی بیانی لە چاپەمەنی و ئیدارە و تابلۆکان و شوێنەوارەکانی ئێراندا لە ١٩٣٧، هەروەها پەسەندکردنی یاسای دێرینەکان و دامەزراندنی مۆزەخانەی ئێرانی کۆن لە ساڵی١٩٣٦، چەندین مۆزەخانەی تر لە شارەکانی شیراز و ئیسفەهان و قوم کرانەوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٣٤ لەسەر داوای ڕەزاشا بە فەرمی بە هەموو وڵاتانی جیهان ڕاگەیەندرا، کە ئەم وڵاتە بە ناوی ئێران بناسێنن.
٦.دروستکردنی دامەزراوە بۆ بەرەوپێشبردنی بیرۆکەی ناسیۆنالیستی.
هەندێك دامەزراوەی وەك ڕێکخراوی گەشەپێدانی بیرکردنەوەکان بە ئامانجی پەروەردەکردنی ڕای گشتی لەساڵی ١٩٣٨ دامەزرا، بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانی ڕێکخراوەکەش ئامڕازەکانی وەك:- کتێب و ڕۆژنامە و وتاری گشتی و شانۆنامە و سینەما و ڕادیۆ لەبەرچاو گیرا. لە وتاردان لەسەر پرسەکانی وڵات زۆر جەخت لەسەر پەرستن دەکرایەوە ئەمە جگەلەوەی پرسەکانی مێژووی کۆنیش گرنگییەکی زۆریان پێدەدرا. دامەزراوەیەکی دیکەی گرنگ ئەکادیمیای ئێران بوو، کە ڕەزا شا بە مەبەستی پاراستن و پەرەپێدان و پێشخستنی زمانی فارسی دایمەزراند لەگەڵ دامەزراندنی یانەی ژنان بۆ هاندان و سود وەرگرتن لە سەرچاوە نیشتیمانیەکان.
٧.ئاهەنگگێڕان بۆ فیردەوسی.
شانامە ئیعتیبارێکی زۆری لە بیری ناسیۆنالیزمی ئێراندا هەبوو، هەربۆیە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرا لە “٢٠/ مهر” مانگی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵیك، کە ڕۆژی ڤێستیڤاڵی مێهرەکان بوو لە تەنیشت ئارامگای فیردەوسی بۆ دەربڕینی نوێبونەوە و بوژانەوەی داب و نەریتی کۆنی ئێران لە شاری توس بەڕێوە دەچوو.
٨.بەرەو پێشبردنی ئەدەبیاتی ناسیۆنالیستی.
بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی دەقە ئەدەبییەکانی ئەم قۆناغە بە شیعر و شانۆنامە و چیرۆکەوە بەتوندی کاریگەری گوتاری ناسیۆنالیزمیان لەسەرە لەوانە “سادق هیدایەت” واتە بەرهەمەکانیان بە تەواوی لە ژێر کاریگەری ئەم گوتارە ناسیۆنالیزمەدا بوون. لە ماوەی ١٦ ساڵی حکومی ڕەزاشادا ژمارەیەکی زۆر دەقی ڕۆژنامەوانی هەن، کە بەردەوام گوتاری ناسیۆنالیزمیان بەرهەمهێناوە هەفتەنامەی”ایران باستان” ئێرانی کۆن یەکێکە لەو بڵاوکراوانەی، کە ناوەڕۆکەکانی لەسەر بنەمای ئەم گوتارە ڕێکخستووە و بەپێی ئەم بڵاوکراوەیە ئێرانییەکان دامەزرێنەری شارستانیەت بوون و شارستانیەتی ڕۆژئاوای مۆدێرن کۆپییەکی شارستانی ئێرانی کۆنە، هەروەها بڵاوکراوەی”پەیمان کەسرەوی” لەزۆربەی بابەتەکانیدا سەرنجی لەسەر یەکگرتنی نەتەوەیی بوو.
٩.دەقە مێژووییەکان.
دەکرێت بڵێین کرداری کۆکردنەوە و بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی سەردەمی پەهلەوی گوتارێك بوو، کە لەسەر بنەمای گەڵاڵەی جۆراوجۆر داڕێژرا بوو، گەڵاڵەیەك کە ئەزەلیەتی نەتەوەی ئێرانیان دوپات دەکردەوە. زمانی فارسی فاکتەری شوناسە و زمانی غەیرە فارسی فاکتەری پەرش و بڵاوی و دابەشبوونی ئێرانە، هێزە ناوخۆییەکان هەڕەشەن بۆ سەر یەکڕیزی ئێران. ڕەگەزی ئاریایی، ڕەگەزی باڵا جەختیان لەسەر دەکرایەوە، لەسەر بنەمای ئەو گەڵاڵانەش گوتاری مێژوونوسی ناسیۆنالیزم لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی ڕەزاشا و حکومەتە ڕەها خوازە مۆدێرنەکەیدا دروست بوو.
١٠مێژوونووسی ناسیۆنالیستی.
زۆربەی دەقە مێژووییەکانی ئەم قۆناغە لەسەر بنەمای گوتاری ناسیۆنالیزم نووسراون، ژمارەیەکی زۆر لە مێژوونوسانی ئەو سەردەمە چ بە پیشەیی و چ بەرهەمە مێژووییەکانیان لەسەر بنەمای هێڵە گشتییەکانی گوتاری ناسیۆنالیزم نوسیووە، لەم ڕووەشەوە هەریەك لە ئەحمەد کەسرەوی، حەسەن پیرنیا، ڕەشید یاسەمی، عەباس ئیقبال ئاشتیانی، عەبدوڵڵا ڕازی، خانبابا بەیانی، عەباس پەروێز و چەندانی دیکە بەرهەمی مێژووییان پێشکەش کردووە. تایبەتمەندی سەردەمی پەهلەوی و مێژوونوسیەکەی جیای دەکاتەوە لە سەردەمی پێشوو و مێژوونوسانیان وە ئەو ڕاستیەی، کە حکومەتەکانی سەردەمە کۆنەکان کۆتاییان بە مێژوونوسی خۆیان هێنا و تەسلیمی مێژوو بوون، لەم ڕووەوە هەر حکومەتێك مێژوونووس و مێژوونووسی تایبەتی خۆی هەبووە، بەڵام لەم حکومەتی پەهلەوی بەو شێوەیە نەبوو ئەو حکومەتە لەپێگەی شۆڕشی جەماوەرییەوە بۆ مێژوو جێهێڵدرا و مێژوونوسیەکەی بەردەوام بوو. لەسەردەمی پەهلەویدا مێژوو لە ڕوانگەی دەسەڵاتی سیاسی، نوخبە، ڕۆژنامەنوس، نوسەر، شاعیر و ..هتد گرنگییەکی تایبەتی بەدەستهێنا و وەك مەعریفەیەکی گرنگ لە پێگەیەکی شەرەفمەندا دانرا، بەجۆرێك لە هەموو بەرهەمە فیکرییە سیاسی و مێژووییەکاندا بتوانرێت ڕیشەی ئاماژەدان بە مێژوو بدۆزرێتەوە.
هێزە سیاسییەکان و هەروەها نوخبەکان هەوڵیاندا دامەزراوە بۆ نووسینی مێژووی نەتەوەیی بوونیاد بنێن، هاوشێوەی ئەوەی لە پێکهێنانی کۆمەڵەی پەروەردە و هەوڵەکانیدا ئەنجامیاندا. هەروەها دەسەڵاتی سیاسی گرنگی بە پرسی پەروەردەی مێژوو دا و مێژووی بۆ پڕۆگرامی قوتابخانەکان زیاد کرد، هەروەها گرنگی ئەم بابەتەشی خستەڕوو ئەمە جگە لە هاندانی مێژوونووسان و لە ئەستۆگرتنی تێچوی بەرهەمەکانیان، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی لەپێناو پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان چەندین ڕێکاریان گرتەبەر هەر لەو ماوەیەدا بوو، کە بۆ یەکەمجار مۆزەخانە لە ئێران دروستکرا و هەموویان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە دەسەڵاتی سیاسی و سەرچاوەکانی تری دەسەڵات زۆر گرنگییان بە مێژوو داوە. لەم توێژینەوەیەدا ئاماژە بۆ ناساندن و شیکردنەوەی هەندێك نمونەی مێژوونوسی دەکەین و لە بەشێکی دیکەدا دەیانخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
نووسینی:- سپێدە ئەفشار ڕەزایی، عەلی بیگدلی، مەهدی گوڵجان، عەلیرەزا عەلی سۆفی
وەرگێڕانی:- ئاشنا عەلیزادە




































































