سەیر نییە کۆتایی ڕۆمانەکانی ڤاڵنیتین کراوە بێـت، وەکوو سەرەتاکەی. کاتێک دەست بە گێڕانەوە دەکات، هەستدەکەیت شتەکە لە دێر زەمانەوە ڕوویداوە، یان هێشتا ڕوودەدات و لە یادگەماندا بەردەوام زایەڵە دەداتەوە. دوای ئەوەی ڤاڵنتین کاری خۆی لەسەر کاغەز تەواو دەکات، بەردەوام شتێک هەر هەیە ڕووبدات. ڕۆمانی “بژی و یاد بکەرەوە” کۆتاییەکی کراوەی هەیە و کەس نازانێـت چی بەسەر ئەندرییە گۆسکۆفدا هاتووە. کۆتایی ئەم ڕۆمانە بە جۆرێک کراوەیە، نووسەرێکی تر دەتوانێت بێـت و ڕۆمانێک لەسەر ئەندرییە گۆسکۆف بنووسێـت. دیسانەوە لە ڕۆمانی “کۆتا سات”، ئازار دەچێژین و بیر لەوە دەکەینەوە کام منداڵەی پیرەژنەکە (ئانا) دێن بۆ پرسەی دایکیان؟ ڤاڵنتین ڕاسپۆتین لەگەل ئەم پرسیارە بەجێمان دێڵێت و وامان لێدەکات ڕووبەڕووی ببینەوە.
مەسەلەی ژیان و مردن لە بەرهەمەکانی ڤاڵنتین ڕاسپۆتین زۆر گرنگە. هەمیشە کەسێک هەیە دێت و کەسێکیش هەیە لەم جیهان و ژیانە دەڕوات؛ ئەوەندە مرۆڤ دەڕۆن تا یادیان بکەینەوە و ئەوەندەش دەمێننەوە تا بیریان لێبکەینەوە. ئەم دیدارەی خوارەوە “ئەشرەف ئەلصەباغ” لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤاڵنتین ڕاسپۆتین سازیداوە.
ئەشرەف:- وەکوو ئەوەى زانراوە لەپێناو کاری ئەدەبیدا، دەبێت بە دڵ و بە گیان خۆتی بۆ تەرخان بکەیت، هەر لەم ئاسۆیەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دەوروژێنرێت:- ئایا ئەدەبی کۆمەڵایەتی پێویستە؟ چ شتێک وا لە نووسەر دەکات ئاڕاستەکانی ئەدەب وەلاوە بنێـت و ڕوو لە خەڵکی بکات؟ نموونەی ئەدەبی کۆمەڵایەتی:- “ناتوانم بێدەنگ بم”، “دوورگەی ساخالین”. ئایا ئەدەبی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی ڕووسی؟
ڤاڵنتین:- ئەدەبی ڕووسی بە ئەدەبی کۆمەڵایەتی دەستیپێکرد، لەو بەرهەمانەش وەکوو:- “وتەیەک لەسەر جەنگی ئیگۆریڤ”، “وتەیەک لەسەر مردنی خاکی ڕووسیا”، هەمو ئەمانە ئەدەبی کۆمەڵایەتیین. مێژوومان چەندێ تراژیدیا و دژوار بووبێـت، ژیانمان چەندێ پڕ لە نیگەڕانی بووبێـت، ڕووداوە گەورە و فراوانەکانمان کە وایانکرد وشەکانمان نەبیستراوبن، نەبوونە هۆی ئەوەی نووسەرە کلاسیکییەکانمان دەست لە ئەدەبی کۆمەڵایەتی هەڵبگرن، هەر نەشیاندەتوانی. چیخۆف هەستیکرد لەبەردەم کۆمەڵگە تاوانبارە بۆیە “دوورگەی “ساخالین”ی نووسی. دۆستۆیڤسکیش لە “ڕۆژنەی نووسەر” لە چوارچێوەی هونەرمەند دێتە دەرەوە و وەکوو مرۆڤێکی ڕووسی و نووسەرێکی گەورەی بێ پارێزبەند دەردەکەوێت.
نووسەر لە بەرهەمەکانیدا پاڵەوانەکانی دەخاتە جیهانێک نزیک لە واقیع، بەڵام واقیعیش نییە. هەر ئەم جیهانەشە ڕێگە بە نووسەر دەدات بەشێوەیەکی قووڵتر و بەرفراوانتر ودەستلێدراو و هەستبزوێن وەک لەوەی لە ڕاستیدا هەیە باسی ژیان و مرۆڤ بکات، بەڵام چەند ساتێک لە ژیانی نووسەر هەیە کتومت لە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ دەچێت، نە پێویستی بە نووسەر هەیە نە بە هونەرمەند، بەڵکوو پێویستی بە گەواهیدەر و بیرمەندە. ئێستا دەتوانین باس لە چەند هۆیەکی کشانەوەی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی ئەدەب بکەین. یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانیش کە دەتوانین ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە؛ ژیانی ئێستا زۆر تۆقێنەرە، خراپترە لەوەی ئەدەب دەیخاتەڕوو.
ئەشرەف:- دەڵێن دوای شۆڕش، خوێنەران پیشوازیان لە چەندین نووسەر کرد، لەوانەش:- شۆڵۆخۆڤ و مایکۆڤسکی و پڵاتۆنۆڤ و پۆڵگاکۆڤ. ئایا ئەمڕۆ هیچ نووسەرێک هەیە سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێـت؟ دە ساڵ پاش پیرۆسترۆیکا نەوەیەکی نوێ لە ئەدەبی ڕووسیادا بوونی هەیە؟ یان بوونی ئەدەبی نوێ لە ڕووسیا تەنیا هەستێکە؟
ڤاڵنتین:- ئاشنا نیم بەم ناوانە، ئاشنانەبوونی منیش مانای ئەوەنییە ئەم ناوانە بوونیان نەبێـت. وای بۆدەچم نەوەی نوێ دوای یۆری کاۆڵۆڤ و ئەلکسندەر سیجین دێت. ئەم نەوەیە ئەو چوارچێو و هەقیقەتانە ئاشکرا دەکەن، کە ئێمە نەمانتوانی درکی پێ بکەین.
ئەشرەف:- ڤاڵنتین؛ لەبەرئەوەی زۆربەی بەرهەمەکانت لە قۆناغی سۆڤێتدا نووسیوە، خۆت بە نووسەرێکی سۆڤێتی دادەنێیت یان ڕووسی؟ چەمکی ئەدەبی سۆڤێت چۆن دەبینیت؟ چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەیت؟ بەڕای من نووسەرانی وەکوو:- سۆڵۆخۆڤ و لیۆنۆڤ ڕووسین و لەهەمان کاتیشدا سۆڤێتیین.
ڤاڵنتین:- لە هەر بارودۆخێکدا بێـت و لە هەر کاتێکدا بێت، من خۆم بە نووسەرێکی ڕووسی لە قەڵەم دەدەم. وشەی سۆڤێتی دوو جۆرە:- مێژوویی و ئایدۆلۆژی. ئێمە سەردەمی بەترس و نیکۆڵایمان هەبوو، هەر مرۆڤێک لەنێوان ئەو دوو سەردەمە ژیابێـت بەرجەستەیان کردووە. بەبیری هیچ کەسێکدا نەهاتبوو سەردەمەکەی خۆی ڕەتبکاتەوە. بۆیە ئێمەش کە لەسەردەمی سۆڤێت ژیاین و داهێنانمان کرد، پێمان وترا نووسەرانی سۆڤێت. بەڵام نووسەرانی ئایدۆلۆژی ڕووسیا، بڕیاریاندا گەر پەیوەندی بە حیزبەوە نەکەن بگەڕێنەوە بۆ مێژووی گەلی ڕووسیا. بەبێ زیادەڕۆیی دەتوانم بڵێم ئەدەب لە سەردەمی سۆڤێتدا توانی باشترین شوێنی دونیا بۆ خۆی خۆشبکات. لەبەرئەوەی باشترینیش بوو، لەپێناو تێپەراندنی جەنگی ئایدۆلۆژی، دەبوایە توانا هوونەرییەکانی لەگەڵ هێزی هەستانەوەی ڕۆح کە لە ژیانی گەلەوە سەرچاوەی گرتبوو دەربخات. ئەدەبیش وەکوو هەر شتێکی تر پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیە بۆئەوەی ڕوون و بەهێزبێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە بچێت بەگژ چاودێرەکاندا، بەڵام دەتوانێت بچێت بەگژ میکانیزمە شاراوەکانی وەکوو ڕای گشتی؛ بۆ نموونە ئەو میکانیزمەی ئێستا کە دەڵێت دز و سۆزانی بە حورمەتترین مرۆڤی کۆمەڵگەن و ڕێزلێنان بە ناپاکەکان دەبەخشێـت.
ئەشرەف:- باسی چاودێریت کرد. سەردەمانێک ڕاستڕەوەکان و چەپەکان گلەییان لە چاودێری هەبوو. لەڕاستیدا هەموو چاودێرییەک بە هەر شێوە و ڕەنگێک بێـت هەمیشە خراپە. دەوتریت ئێستا چاودێری نییە، ئایا پێشتر چاودێریکردن بووبوو بە لەمپەر لەبەردەم کارەکانت؟ ئایا ئازادی ئێستا شتێکی پێ بەخشیویت؟ ئایا هیچ کاتێک هەبووە بەهۆی چاودێرییەوە نەتتوانیبێـت شتێک بڵێیت؟ ئایا تۆش وەکوو من هاواڕیت لەگەڵ ئەوەی چاودێر وای لە داهێنەران کرد لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا قسە بکەن؟ ئایا بەشێوەیەکی شاراوەیش بووبـێت، توانیت قسەی خۆت بکەیت؟
ڤاڵنتین:- بێگومان وایە. لە سەردەمی ڕووسیای قەیسەر چاودێر هەبوو، سەرباری ئەمەش بەنزیکەیی ئاڕاستەی ئەدەب بەرەو “ڕەخنەی واقیعی” و “شۆڕشی دیموکراتی” بوو. هەر ئەدەب بوو ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئەقڵی شۆڕشگێرەکاندا گێڕا. بەڵام چاودێرەکان لەسەردەمی سۆڤێتدا، دژی ڤێکتۆر ئەستاڤێف نەوەستانەوە کاتێک شاکارەکەی نووسی. ڤێکتۆر هەندێک چەمکی وەکوو بنەمای نەتەوەیی نووسی، کە گومانی لای خوێنەر دروستدەکرد. وەکوو ئەوەی زانراوە تۆڵستۆی ددانی بە بنەمای نەتەوەییدا نەدەنا، بەڵام ڕۆمانی شەڕ و ئاشتی بەتایبەت ڕۆڵی بارادین، ددان بە شکۆ و پیرۆزی سەربازی ڕووسی دەنێت. لە ئەدەبی ڕووسیدا هیچ ڕۆمانێکی نەتەوەیی نییە شان لە شانی لە شانی شەڕ و ئاشتی بدات. لە سەردەمی سۆڤێتتدا، هەموومان بەهۆی چاودێریکردنەوە بۆڵەبۆلمان بوو، بەڵام ئەدەبمان هەبوو. چاودێریکردنی کارەکانمان لەلایەن سۆڤێت، ئاستەنگی لەبەردەم کارەکانماندا دروستکردبوو. هەموومان باش دەمانزانی بۆ ئەوەی وشەکانمان لە چاودێر دەربچێـت، دەبێت بەباشی گوزارشتی لێوە بکەین نەک بەشێوەیەکی ڕووت و ئاسایی. لەبەر چاودێرەکان دەبوایە بەشێوەی کۆد بماننووسیبایە، ئیتر کردنەوەی کۆدەکان لەسەر خوێنەر بوو. بەشێوەیەکی گشتیش خوێنەر بە تەنیا توێکڵەکەی نەدەخوێندەوە، بەڵکوو لە یەک بە یەکی دێڕەکان قووڵدەبوویەوە و پەی پێدەبرد.
پێش ئەوەی قسەکانم کۆتایی پێبهێنم، دەمەوێت پرسیاری ڕەخنەگرتن لە ڕووسیا بکەم، ئایا لە ئێستادا بوونی هەیە؟
بەڵێ، ڕەخنەی ئەدەبی هەیە، لەوانەش:- ڤاڵنتین کۆرباتۆڤ، ڤلادیمێر پۆندارینکۆ، لیف ئەنیسکی و چەندانی تر. ئەم نووسەرانە ڕۆژانە وتاری ڕەخنەیی دەنووسن و کتێبی نوێ بە خوێنەران ئاشنا دەکەن. بەڵام ئەو جووڵە ڕەخنەیەی کە ئەرکە لەسەری کاریگەری لەسەر سەلیقەی خوێنەر دروستبکات و بتوانێت ڕای گشتی بگۆڕێت نەماوە. ڕەخنەیەک نەماوە کە بتوانێت ئەدەب بەرەو پێشەوە ببات و کاریگەری لەسەر ڕێگاکە هەبێت. ئەو ڕەخنەیە لە ئێستادا نەماوە، ناشتوانێت لەژێر سێبەری گێژاوی ئاڕاستەکان و قوتابخانەکان کە ئێستا هەن بوونی هەبێـت.
سەرچاوە:-
المجلة نزوى
ژمارەی گۆڤار/ ١٧
بەرواوری دەرچوونی گۆڤار/ ١ی جانیوەری ١٩٩٩
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد