ماڵتۆس بە بیردۆزی “ماڵتۆسییە” بەناوبانگە. لەڕێگەی ئەم بیردۆزەوە، هەوڵیداوە هەژاری و کێشەکانی هەژاری لە جیهانێکدا کە ژمارەی دانیشتوان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بێت و ئەم زیادبوونەش کە دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی، بخاتە ڕوو.
لەدایکبوون و گەورە بوون؛ تۆماس ڕۆبەرت ماڵتۆس لە ڕۆژی ١٤ی فێبریوەری ١٧٦٦ لە شارۆچکەیەکی ئینگلتەرا بەناوی ڕۆکاری لەدایکبووە. باوکی هاوڕێی فەیلەسووفی ئینگلیزی دەیڤد هیۆم بووە، خۆشی کاریگەر بووە بە فەیلەسووفی فەڕەنسـی ژان ژاک ڕۆسۆ. لەوانەیە کتێبی “ئەمیڵ” لە نووسینی ژان ژاک ڕۆسۆ ئیلهامبەخشـی سەرەکی باوکی ماڵتۆس بووبێت لە پەروەردەکردنی کوڕەکەی لەسەر یاسا و ڕێسا لیبراڵییەکان.
خوێندن؛ ماڵتۆس مامۆستای تایبەتی هەبوو تا لە ساڵی ١٧٨٤چووە زانکۆی مەسیح کە سەر بە زانکۆی کامبریدج بوو، هەر لەوێش توانی چەندین بابەت بخوێنێت و شارەزایی لە زمانەکانی یۆنانی و لاتینی پەیدا بکات و چەندین خەڵاتی گەورەش بەدەست بهێنێت. ماڵتۆس سەرەتا خەڵاتی ساڵی ١٧٨٨ی بەدەست هێنا، بەڵام خرۆشی نەیهێشت لەم ئاستەدا بوەستێت و بەردەوام بوو لە خوێندنی زانکۆ، تا لە ساڵی ١٨٩١ بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێنا.
ئاڕاستەی فیکری؛ ماڵتۆس کاریگەر بوو بە فەلسەفەی لیبراڵی، بەهۆی دەیڤد هیۆم و ژان ژاک ڕۆسۆشەوە بازنەی زانینی فراوانتر بوو بوو. کتێبەکانی ئادەم سمیسـی خوێندبوویەوە و لە قوتابخانەی کلاسیک شارەزای لە ئابووریدا پەیدا کردبوو.
ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان؛ ماڵتۆس لە ساڵی ١٧٩٧ وەکوو قەشە لە کلێسای ئەنگلیکانییە دامەزرا. مەسەلەی لاهۆتی بەپێی پێویست بەدەمییەوە نەبوو و لە ساڵی ١٨٠٥ وەکوو پڕۆفیسۆری مێژووی ئابووری سیاسی لە زانکۆی هیندی ڕۆژهەڵات دەستبەکار بوو. لە ساڵی ١٨٢١ شان بە شانی ئابووریناسەکانی تری وەکوو: دەیڤد ڕیکاردۆ و جەیمس میڵ، بەشداریکرد لە یانەی سیاسەتی ئابووری. لە ساڵی ١٨٢٤ بوو بە ئەندامی دەستەی شاهانەی ئەدەبی. دواتر لە ساڵی ١٨٣٣ بوو بە ئەندام لە ئەکادیمیایی فەڕەنسی بۆ زانستی ئەخلاق، لە هەمان ساڵیشدا بوو بە ئەندامی بەرلینی شاهانە. لە ساڵی ١٨٣٤ ئەندام بووە لە دەستەی لەندەنی ژمێریاری.
ئەزموونی فیکری؛ لە ساڵی ١٧٩٨ بۆ یەکەمینجار ماڵتۆس بیردۆزەکەی خۆی لەکتێبێکدا بە ناونیشانی “وتارێک دەربارەی بنەمای دانیشتوان” بڵاو کردەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی نووسەرەکەی بکات. ئەم بیردۆزە دەڵێت ڕێژەی زیادبوونی دیمۆگرافی (دانیشتوان) لە ڕیژەی زیادبوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بڕەکانی خۆراک کە بەردەستە بۆ بەرکارهێنان زیاترە. دەکرێت ئەمەش لەنێوان ژمارەی دانیشتوان لەلایەک و بەرهەمی خۆراکی لەلایەکی تر ببێتە هۆی ناهاوسەنگی. ئەمەش دەبێـتە هۆی کێشەی گەوەری دارایی و کۆمەڵایەتی و هەژاری و برسێتی و دەرکەوتنی دیاردە کۆمەڵاتییە مەترسیدارەکانی وەک: سواڵکردن و دزی و گەندەڵی.
بەپێی بڕوای ماڵتۆس ئەم بۆشاییە گەورە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی مرۆڤ هەر ٢٥ ساڵ جارێک بەپێی ئەندازەی (١، ٢، ٤، ٨، ١٦، ٣٢…)، بە واتایەک هەر چارەکە سەدەیەک ڕێژەی مرۆڤ گەر (برسێتی، جەنگ، نەخۆشی، کارەساتە سروشتییەکان و ڕێگری منداڵبوون) نەبێت زیاتر و زیاتر دەبێت. لە بەرانبەریشدا بەرهەمە خۆراکییەکان بەپێی (١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٦) لەو زەوییە سنووردارانەی بەردەستە بۆ کشتوکاڵ کردن گەشە دەکەن و بەهۆی چڕی بەرکاهێنانەوە توانا داراییەکان کەم دەبێتەوە. لەبەردەم ئەم دۆخەدا ماڵتۆس ئاماژە بەوە دەکات، گەر کۆمەڵگە بەتەنگ خۆیەوە نەیەت و کۆتی ئەخلاقی لە زیادبوونی مرۆڤ بە تایبەت بۆ هەژارەکان دانەنێـت، ئەوا ئەوکات یاسای سروشت بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و لەڕێگەی نەخۆشی و برسێتی و جەنگەوە دۆخەکە دەگەڕێنێتەوە باری ئاسایی خۆی. لەو بەها ئەخلاقییانەی ماڵتۆس باسی دەکات؛ سنووردانانە بۆ منداڵبوون و داوێنپیسـی و دانانی چارەسەری دیکەیە. هەروەها باس لەوەش دەکات، خێزانەکان ئەوەندە منداڵ بخەنەوە کە توانای بەخێوکردنیان هەیە. ماڵتۆس بڕوای وایە ئەرکی وڵاتە هەڵوێست بنوێنێت و یارمەتی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت بە هەژارەکان، چونکە ئەمە تەنیا یارمەتیان نادات، بەڵکوو وایان لێدەکات درک بەوەش بکەن خۆیان سەرچاوەی نەهامەتی خۆیانن.
ئەم بیردۆزە کاریگەرییەکی گەورە و ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتی کۆمەڵایەتی بەریتانی هەبوو. بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کە لەڕێگەی خەساندنەوە سەروەتی نەتەوەیی زیاد دەبێـت. بیردۆزی ماڵتۆس بۆ ماوەی دوو سەدە بەردەوامی هەیە و باسوخواسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. وێڕای ئەوەی بە ڕەشبینی ناوزەند دەکرێت، بەڵام واقیعییە.
بەرهەمەکانی ماڵتۆس؛ ماڵتۆس یەکەم بەرهەمی خۆی لە ساڵی ١٧٩٦ بە ناوی “قەیران” نووسی، بەڵام هیچ جێگەیەکی نەدۆزییەوە ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت. لە ساڵی ١٧٩٨ کتێبی “وتار دەربارەی بنەماکانی دانیشتوان”ی نووسی و چەندینجار چاپکرایەوە. دواتر کتێبێکی تری بەناوی “بنەماکانی سیاسەتی ئابووری” بڵاوبوویەوە.
کۆچی دوایی ماڵتۆس؛ ماڵتۆس لە ٢٩ی دیسەمبەری ١٨٣٤ لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا لە گوندی سانت کاترین لە نزیک شاری باسی باشووری ڕۆژاوای ئینگلتەرا کۆچی دوایی کردووە.
ڕەخنەگرتن؛ زۆرێک لە نووسەر و ئەدیبانی بواری ئابووریناسی ڕەخنەیان لە بیردۆزەکەی ماڵتۆس گرت. بیردۆزەکەی ماڵتۆس تا ماوەیەکی درێژ لەنێو ئابووریناسەکانی دونیادا پشتی پێ دەبەسترا و بوو بەهۆی چەندین کارەساتی مرۆیی؛ بە جۆرێک کە بوو بە پاساوێک بۆ جینۆسایدکردنی گەلان و خەساندنی زۆرەملێ، بەتایبەت لەنێو گەلی هیندییە سوورەکان “دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمەریکا” و ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا. بەڕووکەش خەساندنی بژاردە بوو، بەڵام هەروەکوو تاقیکردنەوە مرۆییەکەی سۆڤێتی ڕووسیا بوو، کە بوو بەهۆی لەناوبردنی ١٢ بۆ ١٥ملیۆن کەس. ئاڵان چێس لە کتێبی “ئەوەی ماڵتۆس جێیهێشت” دەڵێت: “لەنێوان ساڵانی ١٩٠٧-١٩٦٤ لە هەر سی ویلایەتەکەی ئەمەریکا ٨٧,٦٣٦ هەزار کەس خەسێنران”. ئاڵان چێس وتەی دادوەرێکی بەناوی گرهارد گسڵ لەبارەی دادگایەکی تایبەت بە هەژارەکان لە ساڵی ١٩٧٤ وەرگرتبوو، تیایدا دادوەرەکە دێتە قسە و دەڵێت: “حکوومەت و دەسەڵاتدارەکان ساڵانە سەد بۆ سەد و پەنجا هەزار کەسیان لە هەژارەکان خەساندووە.”
لە کولتووری گشتی:-
- یەکێک لەو ئەدیبانەی فیکری ماڵتۆس بەسەرییەوە هەبوو؛ چارڵز دیکنز بوو. ڕوونکردنەوە لەبارەی بەخشین بە هەژاەکان دەدا و دەڵێت: “گەر مردنیان پێ باشترە، با بمرن و ژمارەی دانیشتوان کەم بکەنەوە.” بەشێوەیەکی گشتی دیکنز هەندێک ترسی ماڵتۆسیانەی هەبوو ئەمەش لە بەرهەمەکانیدا دەردەکەوێـت، لەوانە: ئۆلیڤەر تویست و کاتە سەختەکان.
- لە شانۆنامەی میوزیکی “urinetown” کە کریگ کۆتیس نووسیوێـتی و مارک هۆڵمان ئاوازی بۆ داناوە، خەڵکەکە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە ناچارن لە بەرانبەر میز کردن باج بدەن. شۆڕشەکەیان بە دروشمی “میزکردن بەبێ بەرانبەر” دەستپێدەکات. لە کۆتایی شانۆییەکەشدا خەڵکەکە دەمرن.
- لە فیلمی “Avengers: Infinity war” کەسایەتی خراپەکاری سانۆسمان هەیە، کە سەبارەت بە گەشەی دانیشتوان، پشت ئەستوورە بە بیردۆزەکەی ماڵتۆس.
چارڵز دیکنز؛ ناوی تەواوی جۆن هۆڤام دیکنزە و لە ٧ی فێبریوەری ١٨١٢ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٧٠ کۆچی دوایی کردووە. ناوە ئەدەبییەکەی چارڵز دیکنزە، ڕۆماننووس و ڕەخنەگر و نووسەرێکی ئینگلیزە و بەوە ناسراوە زۆرێک لە وتاری ڕەخنەگرانی سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریای کۆکردوەتەوە. تاوەکوو ئێستاش بەرهەمەکانی خوێنەریان هەیە. ڕۆمانەکانی بە تەنز ناسراون و ژیانی هەژارانی دەرخستووە. بەناوبانگترین بەرهەمەکانی: ئۆلیڤەر تویست، چیرۆکی دوو شارەکە، کاتە سەختەکان، دەیڤد کۆپەرفیڵد و زەنگۆڵەکانی سەری ساڵە.
گریگ کۆرتێس؛ شانۆ نووسێکی ئەمەریکییە و بە شانۆیی Urinetown بەناوبانگە. شانۆییەکە بۆ یەکەمینجار لە کەرنەڤاڵی نێودەوڵەتیی نیویۆرک بۆ میوزیک نمایشکرا. دواتر لە دەرەوەی برۆدوای لە شانۆییەکی ئەمەریکی بۆ ئەکتەران لە ٦ی مەی ٢٠٠١ تا ٢٥ی جوون ٢٠٠١ نمایشکرا.
شانۆییەکە ڕەخنەگرتنێکی تەنز ئامێزە دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و خراپ بەڕێوبردن و نابەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی.
سهرچاوه؛
https://www.aljazeera.net/encyclopedia
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد