“کات بەپێچەوانەی فیلمەکانی ئاندرێ تارکۆفسکی، لە فیلمەکانی بێلاتاردا مێتافیزیکی نییە؛ بەڵکوو وجوودییە. دەبێت لەگەڵی هەڵبکرێت”.[1]
بینای بەڕێوەچوونی شانۆگەرییەک کە ئهسپی تۆرینم تێدا بینی، سینەما دوو پارک لە مانتریاڵ بوو، هاوکات لەگەڵ نومایشی ئهسپی تۆرین لە هۆڵی شانۆگەری تەنیشتیشیدا، پرۆمێتیۆس لەسەر پەردە بوو. لەوەی کە لە ناو یەک بینای شانۆگەریدا دەکرێت دوو فیلم بەم جیاوازییە زۆرەوە نومایش بکرێت، پێکەنینم هاتێ. سەد و چل و شەش خولەک دواتر، لەمەی کە چۆن دوو فیلم بەم جیاوازییە زۆرەوە دەتوانن خاڵێکی هاوبەشی گشتییان هەبێت، دیسان پێکەنینم هاتێ؛ هەر دوو فیلمەکە پرسیارێکی بابەتی دەخەنە ڕوو (و هیچ کامیشیان وەڵامی پرسیارەکە نادەنەوە). پرۆمێتئێۆس دەپرسێت: “ئێمە کێین؟” کێ ئێمەی ئافراندووە و بۆ چ مەبەستێک؟ بۆچی وا دەردەکەوێت کە ئافرێنەرانمان نیازی لەناوبردنی ئێمەیان هەیە؟ ئهسپی تۆرین دەپرسێت: “بۆچی لەگەڵ ئازاری درێژەدان بە ژیان هەڵبکەین؟” “چ شتێک پێملمان دەکات کە بەم ژیانە نەگبەتییەوە هەر بەردەوام بین؟” ڕیدلی ئێسکات؛ دەرهێنەری فیلمی پرۆمێتیۆس ئەم پرسیارە لە گۆشەنیگایەکی ئیلاهیاتییەوە دەخاتەڕوو، لە حاڵێکدا بێلاتار لە گۆشەنیگایەکی وجوودییەوە پرسیار دەکات. ئەمەش دەتوانێت ناوی فیلمەکە و گەڕانەوەی بۆ فریدریش نیچە (١٨٤٤-١٩٠٠) ڕوون بکاتەوە، واتە کەسێک کە لە هەندێ لە ئەڵقە فەلسەفییەکاندا وەکوو پێشەنگی ئیگزیستانسیالیسمی سەدەی بیستەم (یان لانیکەم بە کاریگەریدانەرێکی زۆر لە سەر ژان پۆل سارتر) دەبینرێت.
لە دەسپێکی فیلمەکەدا، کە زەمینەیەکی ڕەشی هەیە، “گێڕەرەوەی هەموو شت زانی بەهەڵکەوت”ی فیلمەکە، چیرۆکی گریمانەکراوی ژیانی نیچە لە شاری تورین دەڵێتەوە. نیچە، شایەتحاڵی شمقاڕلێدانی پیاوێک لە ئەسپە لاسارەکەی لەو بەری گۆڕەپانی کارلۆ ئالبێرتۆ بوو. نیچە کە بۆ دۆخی ئەسپە داماوەکە ئاگر بەربووە هەناوی، بە هەڵەداون ڕۆشت بەڵکوو بەرگریی لێ بکات. ئەم ڕووداوە بەڕادەیەک ئاژاوەی نایەوە کە دوو پۆلیس بۆ لێکدانەوەی ڕووداوەکە دەگەنە شوێنەکە. ئەم ڕووداوە لە ٣ی ژانڤییەی ساڵی ١٨٨٩ ڕووی دا. چەند ڕۆژ پاش ئەم ڕووداوە، ئەم پیاوە کە سەردەمێک بلیمەتێک بوو بۆ خۆی، لە ڕووی تەندروستییەوە وردەوردە بەرەو داڕمان ڕۆیشت، کە لە دواجاردا بوو بەهۆی ئەوەی کە لە دە ساڵی کۆتایی تەمەنیدا لە ڕووی زەینییەوە پەکی بکەوێت و سەرەتا لە ژێر چاودێریی دایکی (تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٨٨٧) و دواتر تا کاتی مەرگی خۆی لە ساڵی ١٩٠٠ لە ژێر چاودێریی خوشکەکەی ژیان بەسەر ببات. ئایا پەیوەندییەک لە نێوان شمقاڕلێدرانی ئەسپەکە و داڕمانی زەینیی ئەو و بەرەو شێتی هەنگاونانیدا هەبوو؟ هەر وەکوو چیرۆکی ئهسپی تۆرین، ئەم چیرۆکەش، ڕاست بێت یان نا، پرسیارێکی هاوشێوە دەخاتە ڕوو: “چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک تووشی داڕمان بێت؟”، “چ شتێک هۆکارە کەسێک لە ئاوەها کاتێکی کورت و کەمدا لە بیرمەندێکی درەوشاوەوە ببێت بە منداڵێکی بێ دەسەڵات و داماو؟”
بەڵام بێلاتار، وەکوو بێلاتار، هیچ سەرنجڕاکێشی داڕمانی دەروونیی نیچە نییە. گێڕەرەوە بە سەرسووڕمانەوە دەپرسێت: “چارەنووسی ئەسپەکە بوو بە چی؟” ئەمە نموونەیەکی تەواو لەو جۆرە گچکە پرسیارانەیە کە شتێک بیچم دەدات کە نوئێل کارۆل پێی دەڵێت “گێڕانەوەی ئیرۆتیکی” کلاسیک: لە فیلمە گێڕانەوەییەکاندا، دیمەنێک دەتوانێت پرسیارێکی سەرەکی یان لاوەکی هەڵدەخڕێنێت کە لە دیمەنی دواتردا وەڵام دەدرێتەوە، پرسیارە لاوەکییەکە بەزۆری لە دیمەنی دواتر وەڵام دەدرێتەوە و پرسیارە سەرەکییەکە هەندێ جار تا کۆتایی دیمەنەکە وەڵام نادرێتەوە. گێڕەرەوە لە ڕووداوێک کە بۆ ئەسپەکە هاتووەتە پێش سەری سووڕدەمێنێت و دیمەنەکە کات دەبێت و دەچێتە سەر ئەسپێک. ڕەنگە ئەمە هەر هەمان ئەسپ نەبێت، بەڵکوو تەنها ئەسپێکە کە لە وێنەهەڵگرتنێکی پێنج خولەکیدا بە ساناییەکی سەرسووڕهێنەر کە تەقریبەن تێکڕای لانگ شاتە بۆ کۆی فیلمەکە لەگەڵ پاڵەوانی چیرۆکەکەی ئێمە؛ جووتیاری سێوەزەمینی/ لێخوڕی گالیسکە، بەناوی ئۆلسدۆرفێر-ژانوس دێرشی لە ڕەوتێک دایە. پیاوێک کە ئەسپ و گالیسکەکەی لە ناو تۆفانێکی سامناکدا دەئاژوێت، تۆفانێک کە لە زۆربەی کاتوساتی شەش ڕۆژی گێڕدراوەی فیلمەکەدا درێژەی دەبێت. ئەسپەکە ڕەنگە ڕێک هەمان ئەسپ نەبێت، بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی مەجازی وەکوو پەیوەندییەکی نێوان تەنگژەی ئیگزیستانسیالیستیی نیچە و بێلاتار کە لە ڕێگەی دوو پاڵەوانی سەرەکییەوە واتە پیاوە جووتیارێک و گەورەکچەکەی، بە ڕۆڵگێڕانی ئیریکە باک، قەوارەبەندی کراوە. باوکە و کچە هەر دووکیان لە فیلمەکانی “تانگۆی شەیتان” و “پیاوێک لە لەندەن”یشەوە ئامادە بوون بێت.
لە درێژەی دوو کاتژمێری دواییدا، ئێمە هەوڵی ئەم دوو کەسە بۆ گیاندەربردن لە تۆفانێک لە ناو دیمەنێکی گوندیی وشک و دوورەدەستدا، دەبینین. ئەوان بە دەستپێوەگرتنەوە درێژە بە ژیان دەدەن. ڕێک وەکوو بینەران، ئەوانیش شتێکی ئەوتۆیان پێ نییە بۆ درێژەدان. ژیانیان لەخۆگری کرداری ڕۆژانەی چەندپاتەیە کە بە دەقپێوەگرتنێکی بێهۆشکەرانە (و ڕەنگە بۆ ئێمە هیبنۆتیسکەرانە) شوێنپێی دەگیرێت. لەم ژیانانەدا هیچ شادی یان ڕابواردنێک نییە، تەنها کار، ئەرک و دابینکردنی بژێوی ژیان. پیاوەکە چاوی کز و دەستی ڕاستیشی فەلەجە. کچەکەی لە کاتەکانی خەوتن و ئیشدا جلەکانی بۆ دەگۆڕێت. کچە بۆ کوڵاندنی دوو سێوەزەمینەش کە ڕۆژانە دەیخۆن، دەچواتە سەر بیرەکە تاکوو ئاو بێنێت. پێکەوە دەچنە تەویلەکە تاکوو ئاڵف و ئاوی ئەسپەکە بکەن، یان بۆ ئیشکردن بەرەو مەزرای ببەن “کاتێک ئەسپەکە حەزی لێی بێت… پیر و پەککەوتەیە”. پێکەوە نان دەخۆن. پیاوە قۆترەکان ورد دەکات. دوای نانخواردنیش لە بەردەم پەنجەرەکە دادەنیشێت و چاو دەبڕێتە دیمەنی دڵگری دەرەوە. کچە لە پشت مێزەکە دادەنیشێت، خەریکی دروومان دەبێت یان کارێک ڕادەپەڕێنێت. هەندێ جار نۆرەی خۆی بۆ ڕوانین بۆ ئەو دیو پەنجەرەکە وەردەگرێت. ئەوان چرا نەوتییەکان هەڵدەکەن. ئەمە ژیانیانە. ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە ئەوان ئەنجامی دەدەن. ڕەنگە بۆ بینەرێکی ئاسایی، ئەم فیلمە وەکوو تەماشای کاڵبوونەوە و وشکهەڵگەڕانی نیگارێک بێت! ڕەنگە، بەڵام چ نیگارێک! وەکوو دەیڤید هەنڵی لە ڕەخنە یەک لە دوای یەکەکانی خۆیدا لەم ژمارەیەدا و لە ژێر سەردێڕی “ئهسپی تۆرین و کۆتایی شارستانییەت بەو شێوەیەی کە ئێمە دەیناسین”دا دەڵێت:- منیش ئەفسوونکراو و مەفتوونی نیگارکێشیی و وێنەسازیی بینراو و بیستراوی بێلاتار لە ژیانی ئەم دوو مرۆڤە داماوە و هەش بەسەرە بووم. وێنە ڕەش و سپییە درەوشاوەکان، جووڵەی شکۆداری کامیرا کە ناوەوەی ماڵەکە لە کۆمەڵێک پاژی جوان و چڕیی تەلارسازانە پەیکەربەندیی دەکات. وەکوو جووڵەی هێمنی دالی بەرەو پشتەوەی پیاوێک کە لە پاڵ پەنجەرەکە دانیشتووە. یان جووڵەی ڕزگاریبەخشی کامێرا بەرەو پێشەوە کە لە ناوەوەی ماڵەوە بەرەو دەرەوە لە ڕێگەی دەرگاکەی پێشەوە دوای باوکە یان کچەکە دەکەوێت، بەبیرخەرەوەی هەڵسوکەوتی هاوشێوەی جان فۆرد لەگەڵ دەرێکە کە فەزای ناوەوەی ماڵ لە سرووشتی دڕی دەرەوە لە فیلمی “پشکنەران”دا جودا دەکاتەوە.
یان جووڵەی هێواشی دالی لە پشت پیاوی تەنیشت پەنجەرەکەوە بەرەو کچێک کە ڕوو لە ئاراستەی دژ، لە پشتەوەی مێزی چێشتخانەکە دانیشتووە. ئەگەرچی لە کردەوەکانیاندا دووپاتبوونەوەی زۆر هەیە -بۆ نموونە ئێمە دەبین ئەوان لانیکەم پێنج کەڕەت هەر ئەو سێوەزەمینییە کوڵاوە دەخۆن- بەڵام هەمیشە لە شێوەی فیلمهەڵگرتنی دیمەنەکاندا جۆرێک فرەچەشنیی هەیە، بە جووڵەی کامێرا، گۆشەنیگا، لێکدران یان تیشکهاوێژیی جیاوازەوە، جۆراوجۆریی دەبینرێت. هەروەها لەوەی کە چۆنچۆنی دەکرێت فیلمەکە وەکوو واریانسێک لە دوو ژمارە، ١- مۆتیڤێکی سەرەکی، واتە ژمارە دوو و ٢-مۆتیڤێکی لاوەکی، واتە ژمارە شەش بخوێنرێتەوە، حەپەسام. شیکارییەکەی خۆم بە شیکارییەکی نەک زۆر وردەکارانە بەڵام بەشێوەیەکی هیوابەخشانە، ڕوون و ڕۆشنگەر لەسەر چۆنێتی بیچمگیریی پێکهاتەی فۆرمی(فۆرماڵ) و بابەتی(تێماتیک)ی فیلمەکە بەپێی ئەم دوو ژمارەیەوە کۆتایی پێ دێنم. سەرەتا لە بەشی فۆرماڵەوە دەست پێ دەکەم.
“فۆرم”ی ژمارە دوو:- شتێک زیاتر لە تەنها ژمارەیەک. دوو ڕەنگ، ڕەش و سپی؛ وەکوو زۆربەی کارەکانی دوایی بێلاتار، ئهسپی تۆرین بەشێوەی ڕەش و سپییەکی شکۆدار فیلی لێ هەڵگیراوە، شتێک کە ڕیالیزم، شاعیرانەبوون و جوانییەکی فۆرماڵ زیادە دەکاتە سەر جووڵە گێڕانەوەییە مەلوولهێنەرەکان. جیاواز لە بەشی وەسفکارانەی فیلمەکە، ڕەش و سپی دوو ڕەنگن کە بێلاتار کەڵکیان لێ وەردەگرێت. فیلمەکە بە ڕەنگی ڕەش و دەنگی بێژەر-گێڕەرەوە دەست پێ دەکات و لە تاریکیدا دەگاتە کۆتایی، ئەو کاتەی کە خۆر لە هەڵهاتن هەڵدێت و چرا نەوتییەکان ئیدی هەڵناکرێن. لەم نێوانەدا کاڵبوونەوەی زۆر بەرەو ڕەش و کاڵبوونەوە لە ڕەش هەیە، و بەزۆری ڕەنگی ڕەش لە فەزای ناوەوەی لێڵەتیشکدا (چیارۆسکوورۆ) لەگەڵ ڕەنگی سپی دەکەوێتە یەک فریم و چوارچێوەوە. سپی ئەو ڕەنگەیە کە کەمتر بەکار دەهێنرێت. هەندێ جار دەبینین کە ڕووناکی هەوڵ دەدات لە دەرەوەی پەنجەرەکەوە چاو لە ناوەوە بکات، بەڵام دیارترین بەکارهێنانی ڕەنگی سپی ئەو کاتەیە کە کچە جلەکان بەسەر تەنافەکان دادەدات و کامێرا دەکەوێتە سەر کراسێکی سپی کە فریمەکە بە ڕەنگێکی سپیی تۆخ پڕ دەکاتەوە.
دوو دەنگ، مۆسیقا و با:- تاقە دوو دەنگێکی سەرنجڕاکێش کە لە فیلمەکەدا دەیبیستین (بە بێ هەژمارکردنی دیالۆگە پەرت و بڵاوەکان) یەکێک دەنگی بای تووند بەهۆی تۆفانێ بەردەوامە و ئەوی دیکەش مۆسیقایەکی مینیمالیستیی شیوەنئاسایە (بەزۆری ئامێرە تەلدارەکان و ئۆرگ). ئەم دوو دەنگە لە درێژەی فیلمەکەدا بەریەک دەکەون و یەکیان بەشێوەی ڕیتمیکانە جێگەی خۆی دەدات بە ئەوی دیکەیان. ڕەنگە هەڵە بکەم بەڵام بەپێی ئەو یەکجارەی فیلمەکەم بینیوە وا تێدەگەم ئەم دوو دەنگە هیچ کات لێک نائاڵێن و یەکدی نائەنگون. دەنگی با کاتێک لە دەرەوەیە بەرزترە و کاتێک باوک و کچە دێنە ناو ماڵەکەوە، هێورتر دەبێتەوە.
دوو شوێن، ناوەوە/دەرەوە:- هەروەها ڕیتمی فیلمەکە بەپێی شێوازی کات بەسەربردنی دوو کارئەکتەرەکە لە ناوەوەی ماڵۆچکەیەکی هەژارانە و دەرەوەیەکی نالەبارانەدا ڕێک دەخرێت. هەندێ لە ئەرکەکان ڕاکێشی دەرەوەیان دەکات: ئاوهێنان، ئاڵف و ئاودان بە ئەسپەکە؛ هەندێکی دیکە لە ئەرکەکانیان دەبێتە هۆی ئەوەی ناچار بن لە ناوەوە بمێننەوە: خەوتن، پشوودان، خواردن لێ نان، خواردن. ئەوان چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ماڵ بە یەک ڕادە بەدبەخت دێنە بەرچاو، وا نایەتە بەرچاو کە دەرفەتێکیان بۆ پشوو یان ساتێکیان بۆ کات بەسەربردن یان ئۆقرەگرتن هەبێت. جۆربەجۆریی گێڕانەوەیی و بابەتیی پەیوەست بە ژمارە دوو:-
دوو کارئەکتەر، باوک و کچ: لە زۆربەی فیلمەکەدا ئەم دوو کارئەکتەرە تاقە دوو کارئەکتەرێکن کە دەیانبینین. وا دێتەبەرچاو کە ئەوان لەباتی چیژبینین لە پێکەوە بوون، پێکەوە هەڵدەکەن. لەگەڵ ئەمەشدا وا دەردەکەوێت کە وەکوو بەندی ناوک پێکەوە گرێ دراون.
دوو دەستێوەردران لە ڕەوتی ئاسایی ژیانیاندا؛- ژیانی ئەم پیاوە و کچەکەی بەتوندی لەسەر کۆڵەکەی ڕەوتی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیان هەڵنیشتووە. ئەوان بە بێ هیچ بزە و جۆش و خرۆشێک نان دەخۆن، دەخەون، ئیش دەکەن، دادەنیشن و پشوو دەدەن. تەنها دوو حاڵەتی دەستێوەردان لەم ڕەوتە ئاساییەی ژیانیان ڕوو دەدات کە ڕیتمی ڕۆژانەی ژیانیان بۆ ماوەیەکی کورت تێک دەدا. یەکەمیان سەردانیکردنی “دراوسێ” یەکە کە بۆ کڕینی پالینکا، کە برەندییەکی میوەیی هەنگارییە،(ئەگەرچی من لە دووتوێی فیلمەکەدا وام مەزەندە دەکرد کە ئەم خواردنەوەیە ئەڵکوڵی سپی دروستکراو لە سێوە زەمینییە) هاتووە. کاتێک باوکە لە پیاوەکە دەپرسێت بۆچی بۆ کڕینی پالینکا نەڕۆشتووە بۆ شار، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو دەست بکات بە مۆنۆلۆگێکی دوور و درێژ، پڕ پێچ و پەنا و دەرهەست لەبارەی ئەمەی کە چۆناوچۆن شار خاپوور بووە و جیهان خەریکە بەرەو لەناوچوون دەچێت، هەموو شتێک خەریکە خاپوور دەبێت، و ئەمەش کە خودا نییە. ئەگەر ڕاستگۆیانە بڵێم، وردەکاریی قسەکانی بە بیرمدا نایەت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێگزیستانسیالیستی بوو. من ئەو گریمانەیەیەم خۆش دەوێ کە براندۆن؛ بلاگنووسی بیرەوەرییەکانی براندۆن؛ ئەمەی کە دەڵێت ڕەنگە فڵتەفڵتەکانی ئەم پیاوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نیچەوە سەرچاوەی گرتبێت. زۆربڵێیی زیادە لە ڕادەی پیاوەکە لەگەڵ بێدەنگیی سارد و بێ سۆزی باوکەدا دژایەتییەکی کۆمیکی هەبوو. دووهەمین دەستێوەردان، گالیسکەیەکی پڕ لە قەرەجی پڕ هەراوهۆریایە کە بۆ دزینی ئاو لە تەنیشت بیری ئاوەکەی ئەوان ڕادەوەستن، کردەوەیەک کە هەردووکیان ڕاکێشی دەرەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیان دەکات و باوک بە تەورەکەیەوە هەڕەشەیان لێ دەکات.
دوو شت کە دەینۆشن و دەیخۆن:- سادەیی ژیانیان لەگەڵ جۆرەژەمی خواردنی ڕۆژانەیان هاوتەریبە. هەموو ئەو شتەی کە دەیبینین ئەمەیە کە کچە خواردن دروست دەکات کە دەنکە سێوەزەمینییەکی کوڵاوە و هەر دووکیان دەیخۆن. باوکە پەلاماری سێوەزەمینییەکە دەدات و بە دەستە ساغەکەی لەت لەتی دەکات و چونکە هەرگیز ناوەستێت تاکوو توێکڵەکەی سارد بێتەوە، دەستی دەسووتێنێت. لە بەرامبەردا کچەکە سێوەزەمینییەکەی بەئارامی و نەرمونیانییەوە دەخوات. وەکوو بڵێی هیچ کات سێوەزەمینییەکەیان بەتەواوەتی ناخۆن، و باکە هەمیشە دەڕواتە تەنیشت پەنجەرەکە دادەنیشێت. و وابزانم تەنها شتێک کە هەمیشە دەیخۆنەوە ئەڵکوڵی بێخەوش، پالینکایە.
دوو ئەسپ؛ لە گێڕانەوەکەدا دوو ئەسپ هەیە، یەکێک کە لە حیکایەتی سەرەتادا بە دەنگی گێڕەرەوە ئاماژەی پێ دەدرێت و هەرگیز نابینرێت، ئەمە بە ئهسپی تۆرین ناو هێنراوە؛ هەمان ئەسپ کە سۆزی نیچە هەڵدەخڕێنێت و ئەوی دیکەیان ئەسپی پیر و تێکقوپاوی مەزراکەیە کە هی باوکە و کچەیە. وا دێتە بەرچاو کە ئەسپی مەزرا لە سەرسەختیی ئهسپی تۆرین هاوبەشی دەکات و لە درێژەدا دەبێت سەرنج بدرێت کە جووتیاری قژ ماش و برنجی و سمێل چەرموو تا ڕادەیەک لە نیچە دەچێت. هەروەها دوو لۆنگ شاتی درێژی جووڵەدار هەیە کە جووتیارەکە بە سواری ئەسپ و گالیسکەکە پیشان دەدات. سەرەڕای ئەم کۆمەڵە دووانەییانە، فیلم پڕە لە دیمەنە دووانەییەکان کە زۆرێک لەوانە باوکە و کچە پیشان دەدن لە هەمبەر یەکدی لە پشت مێزی چێشتخانەکە دانیشتوون، یان لە سەرانسەری فەزای ژوورەکە، یەکیان لە پێشزەمینەی و ئەوی دیکە لە پاشزەمینە دایە بەڵام هەروەها کۆمەڵێک دیمەن لە دوو شت، وەکوو دوو دەوری و دوو لیوان لەسەر مێز و هەتا دوایی.
ژمارە شەش؛ بە کۆمەڵێک هۆکار کە بەتەواوەتی ڕوون نین، کەوانەی زەمەنیی (temporal arc) فیلمەکە لە دەوروخولی کۆمەڵێک کارتی سەردێڕداردا بونیات نراوە کە دەلالەت لە ڕۆژی یەکەم، ڕۆژی دووەم، ڕۆژی سێیەم، ڕۆژی چوارەم، ڕۆژی پێنجەم و ڕۆژی شەشەم دەکەن. بەکارهێنانی “ڕۆژەکان” هەستێک لە ڕێکوپێکی و هاوسەنگیی دەدات بە فیلمەکە و بواری دەرکەوتنی دیمەنەکانی ئامادەبوون بۆ خەوتن و هەستان بۆ دەسپێکردنی ڕۆژ دەڕەخسێنێت. تا بەر لە کارتی سەردێڕی کۆتایی، درێژیی هەر کام لە ڕٶژەکان وەکوو یەک بوون، بەڵام ڕۆژی شەشەمی کۆتایی زۆر کورتترە. هێشتا بەیانییە بەڵام وادیارە خۆر دەرناکەوێت بۆ هەڵاتن و باوکە و کچەی کە لە بەرامبەر یەکدیدا دانیشتبوون لە ناو تاریکیدا نوقم کردووە، تاریکییەک کە تەنها لە ڕێگەی چرایەکی نەوتییەوە دڕ دەدرێت. کاتێک کە چراکەش ئیدی ڕەتی دەکاتەوە بئایسێت، تاریکیی ڕەها دادێت و فیلمەکە بەم دیمەنە تەقریبەن ئاخرزەمانییەوە کۆتایی پێ دێت. هەندێک نیشانە لە ئاوەها ڕووداوێک لە سەرەتای فیلمەکەدا دەبینرێت؛ وەکوو چرکەساتێک کە هەردووکی باوکە و کچە لەو کارەی ئەنجامی دەدن دەوەستن و دەست ڕادەگرن تاکوو چاو لە دەرەوەی شاشەکە بکەن و بە سەرسووڕمانەوە دەڵێن: “ئەمە چییە؟”. هیچ کات (Cut) و دابڕانێک بۆ ئەو شتەی کە سەرنجیانی هەڵخڕاندووە نادرێت و شتێکی زیاتری لێ ساز نابێت، بەڵام بەردەنگ هەست بە ئاماژەیەک بە ڕاز و نهێنی دەکات کە دووبارە لە ئەنجامگیریدا دەخرێتەوە ڕوو. بەڵام بۆچی شەش ڕۆژ؟ بە سەرنجدان بە هەستی گشتیی ڕاز و نهێنی و ئاماژەیەکی جێسەرنج بە چەمکی ئاخرزەمان، ڕەنگە تار خەریکە ئاماژە بە چەمکی ئافراندن لە کتێبی پیرۆز دەکات. بەپێی کتێبی پیرۆز، شەش ڕۆژی خایاند تاکوو خودا جیهان بئافرێنێت و ئەو لە ڕۆژی حەوتەم واتە یەکشەممەدا پشووی دا. ئایا بێلاتار دەتوانێت ئوستوورەی ئافراندن وەربگرێت و بەراوەژووی بکاتەوە، بەم مانایە کە شەش ڕۆژ کات پێویستە تاکوو کۆتایی دنیا دابگات؟ یان بە هەمان شێوە کە هەندێک لە ڕەخنەگران گوتوویان کۆتایی سینەما؟ و لە ڕاستیدا ئەگەر ئەمە، بە هەمان شێوە کە بێلاتار لە هەڤپەیڤینە زۆر و زەبەندەکانیدا وتوویەتی، دوا فیلمی ئەوە، ئایا ناکرێت شێوازی ئەو بێت بۆ وتی ئەمەی کە: ئیتر کاتی پشووە؟
پەراوێز:-
دۆناتۆ تۆتارۆ لە کاتی دامەزرانی گۆڤاری ئۆنلاینی Offscreen لە ساڵی ١٩٩٧دا کە تایبەت بە فیلمە، سەرنووسەریی گۆڤارەکەی لە ئەستۆ بووە. تۆتارۆ دوکتۆراکەی خۆی لە بواری فیلم و تەلەڤیزیۆن لە زانکۆی وارویک(بەریتانیا) وەرگرتووە، بەشێوەی کەرتەکات(پارە وقت) مامۆستای خوێندنەوەکانی فیلم لە زانکۆی کونکوردیا( مانتریاڵ، کەنەدا) بووە و ئەندامی کۆنی ئەنجوومەنی AQCC واتە ئەنجوومەنی ڕەخنەی سینەما لە کووبێکیشە.
سەرچاوە:- گۆڤاری ئۆنلاینی Offscreen ، (بەرگی ١٦/ ژمارە ٤/ مانگی ئاڤریلی ٢٠١٣)
١-فرێد کێڵێمێن بەڕێوەبەریی فیلمهەڵگریی ئەسپی تورین، وەرگێڕان فیل کووکسی. “دواهەمین سەما”، دەنگ و ڕەنگ. ژانڤییەی ٢٠١٢، بەرگی ٢٢، ژمارەی شەش، لاپەڕەی ٣٩.
دواهەمین فیلمی بێلاتار
نووسین: دۆناتۆ تۆتارۆ
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: عادڵ قادری