“جۆن ستوارت میل” لە ساڵی ١٨٠٦ لە شاری لەندەن لەدایک بوو. باوکی واتە جەیمز “میل”، کوڕی پینەچییەکی گوندیی خەڵکی سکۆتلەند بوو کە تێچووی خوێندنی لە زانکۆی ئیدینبورگ لە لایەن چەند کەسی خێرۆمەندەوە وەئەستۆ گیرابوو. جەیمز “میل” دواتر بەرە باشووری ئینگلیس ڕۆشت و پیشەی ڕٶژنامەنووسیی هەڵبژارد. ئەو دۆست و هاوەڵی جێرمی بێنتام (١٧٤٨-١٨٣٢) بوو و بێنتام نوێنەری دیاری بنەما ئەخلاقییە سوودمەندگەراکان بوو. جەیمز “میل” ڕۆشنبیرێکی جیددی و کۆڵنەدەر بوو و باوەڕی وابوو کە هەموو مرۆڤەکان یەکسانن. ئەویش وەکوو لێئۆپوڵد موتسارت(١٧١٩-١٧٨٧ مۆسیقارێکی بلیمەت و مامۆستای مۆسیقا) پرۆسەی فێرکاریی کوڕە گەورەکەی خۆی بە ئەستۆ گرت و بەم شێوەیە ئەم هەلەی بۆ کوڕەکەی ڕەخساند تاکوو هەر لە تەمەنێکی کەمەوە لە خەزێنەی زانست و مەعریفەی باوکی بەهرەمەند بێت. جۆن کە لە ماڵەوە دەخرایە بەر خوێندن لە تەمەنی سێ ساڵاندا لە ژێر چاودێریی باوکی فێربوونی زمانی یۆنانیی دەست پێ کرد و دواتر بیرکاری و پاش ئەوەش مێژووی لاتین فێر بوو و لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا بوو کە ڕووی کردە فێربوونی فەلسەفە و ژیربێژی(لۆژیک) و زانستی ئەخلاق.
فێربوونی جۆن تووتیئاسا نەبوو. ئەو لە کتێبی “ژیانی من”دا دەڵێت کە باوکی هەرگیز بواری نەدەدا کە فێربوون (تەنها و تەنها دابەزێتە سەر مومارەسە و مەشقی یادەوەری. ئەو هەوڵی دەدا فام و تێگەیشتن لەگەڵ فێرکاریدا و تەنانەت ئەگەریش بلوێت لە پێش فێرکارییەوە بێت). جۆن لە نیواینگتۆن گرین لە کاتی پیاسەدا لەگەڵ باوکی دەکەوتە دەمەتەقە و باس و خواس و بەرەبەرە فێر بوو کە چۆن بەڵگە هەڵەکان ڕاڤە و شرۆڤە بکات و لەبارەی هەر دوو لایەنی بابەتێک بەڵگە بهێنێتەوە و لەم ڕێبازەدا هێندە چووە پێشەوە کە بوو بە نموونەی کەسانی دیکە. هەر بۆیە، نووسراوەکانی “جۆن ستوارت “میل”” لە زۆربەی حاڵەتەکاندا باشترین بەڵگەکان دەخاتە بەردەست دژبەرانی! بەڵام باوکی جۆن لە پەروەردەکردنی کوڕەکەی لە بابەتی سۆزداری و هەستەکاندا بەتەواوەتی دۆشداماو بوو. جەیمز “میل” شیعر و هەست و سۆز و خەیاڵکردنی بە چاوێکی سووکەوە دەبینی و لەمەی کە هەستەکانی خۆی دەرخات هەستی بە شەرم و شوورەیی دەکرد. هەر بۆیە کوڕەکەی بە خەم و پەژارەوە خووی بەم دۆخەوە گرتبوو تاکوو جگە لە وەفادارییەکی ڕەها هیچ هەستێکی دیکەی بە نیسبەت باوکییەوە نەبێت، باوکێک کە هەرگیز سۆز و میهرەبانیی خۆی بۆ کوڕەکەی دەرنەدەبڕی.
جۆن تەمەنی بیست و یەک ساڵان بوو کە پاش چوار ساڵ کار لە لای باوکی لە ئیندیانا هاوس(یانەی هیندستان) تووشی قەیرانی فیکری هات. ئەو لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا چەندین وتاری لە بڵاڤۆکە ڕادیکاڵەکانی وەکوو وێست مینستێر ڕیویو، بڵاو کردەوە. جۆن لە ئیندیانا هاوس کۆمەڵێک هاوڕێی باشی دۆزییەوە و بەپێچەوانەی خواستی باوکی، لەڕێگەی هاوکاریی چەند گەنجی ڕادیکاڵی دیکەوە، بەمەبەستی باس و خواس لەبارەی ئابووریی سیاسی و ژیربێژیی و دەروونناسیی شیکارانە دەستی دایە دامەزراندنی چەندین ئەنجوومەن. ئەو لەم قۆناغەدا، وەکوو خۆی دەڵێت “ئەوەی کە دەکرا وەکوو ئامانجی واقیعی ژیان ناوی لێ بنرێت” دۆزیبوویەوە، واتە “هەوڵدان بۆ چاککردنی جیهان”. بەڵام چەند ساڵ دواتر خۆی ڕایگەیاند کە “مەکینەی بەڵگەهێنانەوەی ڕەها” (کە بەزۆری لەبارەی هۆگرانی جێرمی بێنتام بەکار دەهێنرا)، بابەتێکە کە ڕێک خودی خۆیشی دەگرێتەوە. “میل”ی گەنج لە پاییزی ١٨٢٦دا جۆش و خرۆشی خۆی بە تەواوەتی لەکیس دا و هەموو شتێک لە بەرچاوی کەوت. لەم بارەیەوە خۆی نووسیویەتی: “لەم چوارچێوە زەینییەدا، خەیاڵم بۆ ئەوە ڕۆیشت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە خۆم پرسیار بکەم کە ئەگەر وای دانێین هەموو ئامانجەکانی من مسۆگەر بوون، واتە هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە خەونی منن، هەر هەموو لە چاوترووکانێکدا لە ناو ڕێکخراو و دامەزراوەکان و بیر و باوەڕەکاندا بەدیبێت، ئایا دەبێتە هۆی شادی و بەختەوەریی من؟ و من بە خودئاگاییەکی سەرمەستانەوە و بە لێبڕاوەییەوە وەڵامم دایەوە “نەخێر” لێرەدا بوو کە دڵی من لە ناو قەفەسی سینەمدا خەریکبوو دادەکەوت: بنەمایەک کە هەموو ژیانی من لەسەری هەڵچنرابوو بەتەواوەتی داڕووخابوو”. بە باوەڕی هەموو ئەو کەسانەی کە “میل” ڕێزی لێ دەگرتن گەورەترین سەرچاوەی بەختەوەریی ئەو چێژەیە کە مرۆڤ لە هاودڵی و هاوخەمی لەگەڵ کەسانی دیکەدا و هەروەها لە خێر و خۆشیان دەیبینێت.
ئەو دەڵێت سەرەڕای ئەوەی کە منیش باوەڕم بەم قسەیە هەبوو، بەڵام “زانینی ئەمەی کە ئەگر من فڵان هەستم هەبایە ئەوا شاد و کەیفخۆش دەبووم، نەدەبووە هۆی ئەوەی ئەو هەستە لە مندا بەدیبێت”. ئەو بەم ئەنجامە گەیشتبوو کە خووگرتن بە شیکاری و لێکدانەوە “تاک بەرەو پشتگوێخستنی هەست و سۆزەکان ڕادەکێشێت”. مرۆڤ بە سەرنجدانی زیاد لە ڕادە بەو پێوەندییانەی کە لەڕووی ژیربێژی یان هۆکارێتییەوە لە نێو دیاردەکاندا هەیە، و هاوکات بە سەرنجنەدان بەو پێوەندییانەی کە تەنها سۆزدارانەن، حەز و تاسووق و تەنانەت باشبوون لە هەناوی خۆیدا قەتیس دەکات. توانایی چیژوەرگرتن لە باشی یان خێری گشتی و لە ڕاستیدا چێژبردن لە هەموو شتێک، لە دەروونیدا نەمابوو و کۆچی کردبوو. خاڵی سەرسووڕهێنەر ئەوەیە کە پەروەردە و ڕاهێنانی “میل” لە ناو ڕێبازی سوودمەندییگەراییدا بووبوو بە هۆی ئەوەی کە ئەو لە تێگەیشتن لەو شتەی کە لەم ڕیبازەدا (تەنها و تەنها چاکە) لەقەڵەم دەدرێت بێبەش بمێنێت. شەش مانگ دواتر یەکەمین دابڕان لە ناوهومێدییەکەیدا دەرکەوت؛ ئەوەش لە کاتی خوێندنەوەی شیکارییەک بوو کە مارمونتێل، نووسەری ناوداری فەرەنسی لەبارەی مەرگی باوکییەوە نووسیبووی؛ “میل” بە خوێندنەوەی ئەم شیکارییە دای لە پڕمەی گریان و تێگەیشت کە هێشتا توانایی هەستکردنی ماوە. بەرەبەرە توانایی چێژبینین لە ژیانی بۆ گەڕایەوە، ئەگەرچی هەندێ جار ناهومێدی و بێ هیوایی دیسانەوە دەیوسیت بەسەریدا زاڵ بێت و سەرکەوێت. ئەو لەمە بەدواوە بە پەنابردنە بەر شیعر (بەتایبەت بەرهەمەکانی وۆردزورس) و هونەر، هەست و سۆزەکانی خۆی دەبووژاندەوە؛ بەڵام لە هەر حاڵدا باوەڕی وابوو کە بەختەوەریی بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەختەوەرکردنی کەسانی دیکە یان هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی دەرەکی (بۆ ناوەکی)؛ و هەر ئەمەی کە لە خۆمان بپرسین کە ئایا بەختەوەرین یان نا، بەختەوەریمان لە کیس دەچێت. باوکی “میل” باوەڕی وابوو کە شیعر ئامرازێکە لە دەستی خەڵکی دواکەوتوودا، خەڵکانێک کە بەر لەوەی بیر بکەنەوە هەستیان دەبزوێت، بەڵام خودی خۆی هۆگرییەکی زۆری بە شیعر و شاعیری پەیدا کرد؛ و ئەمە تاقە جیاوازییەک نەبوو کە لەگەڵ باوکیدا هەیبوو.
“میل” پاش مشتومڕێکی تووندوتۆڵ پێوەندیی خۆی لەگەڵ “ئەنجوومەنی باسوخواس” پچڕاند، چونکە لەوێ هەموو بیر و باوەڕەکانی کەوتنە بەر هێرش و پەلامار؛ هەر دوا بە دوای ئەم ڕووداوە بوو کە ئەو پشتگیریی لە بێنتامی ڕەت کردەوە. “میل” لەگەڵ هۆگرانی کالریج کە دژی سوودمەندگەرێتی بوون، هەروەها لەگەڵ سان-سایمۆنییەکانی کۆمۆنیست تەوەر، پەیمانی هاوڕێیەتی بەست. سەرەڕای ئەمانە لەگەڵ کارلایلیش ناسیاوەتی پەیدا کرد. کارلایل کەسێک بوو کە سوودمەندگەرێتی دەدایە بەر گاڵتە و بە خوێندنەوەیەکی مەکینەئاسا لە مرۆڤی دەبینی. باوکی “میل” ئەوەی وا کارلایل لە نووسینەکانیدا هێنابووی بە (جۆش و خرۆشی شێتئاسایانە) ناو دەبرد. “میل” ئێستا پشتگیریی لەو شتە دەکرد کە گوتە بە (چەند ڕەهەندی بوون) ناوی دەبرد و لە ڕوانگەی باوکییەوە کەسێک بوو کە لە ((پێوەرە دروستەکان)) مەودای وەرگرتبوو. بەڵام ئەگەرچی ئەو ڕەخنەی لە بێنتام، کە مامۆستای باوکی بوو، هەبوو، بەڵام لە کرداردا ڕێبازی سوودمەندگەرێتی کە بە هەوڵ و هیمەتیی بێنتام و باوکی بونیات نرابوو، چاک و پتەوتر کرد.
لە ساڵی ١٨٣٠، کاتێک کە “میل” بیست و چوار ساڵ تەمەنی هەبوو لەگەڵ خاتوو هاریت تەیلوور بوو بە هاوڕێ، هاوڕێیەتییەک کە خۆی بە “بەبایەخترین هاوڕێیەتی هەموو تەمەن” ناوی برد. هاریت لەو کاتەدا بیست و سێ ساڵ تەمەنی بوو و لەو ڕۆشنبیرانە بوو کە شیعریان دەوت و وتاریان دەنووسی. کارلایل ئاوەها باسی ئەم ژنە دەکات: نژنێکی ڕەنگ هەڵبزڕکاو و پڕ لە هەست و سۆز بە سیمایەکی غەمگین، پاڵەوانی زیندووی چیرۆکە عاشقانەکاننن. مێردی ئەم ژنە واتە جان تێیلور، بازرگانێک بوو کە لە هیچ ڕوویەکەوە لەگەڵی گونجاو نەبوو، نە لە ڕووی سۆز و هەستەوە و نە لە ڕووی بیر و ئەندێشەوە. قەشەیەکی خوداپەرست بەناوی ڤیلیام جانسۆن فۆکس، پێشنیازی ئەوەی بۆ هاریت کرد تا لەگەڵ کەسێکدا ئاشنای بکات کە لەڕووی بیر و ئەندێشەوە هاوسۆز و هاوشانی بێت. و لەڕێگەی ئەم قەشەیە بوو کە “میل” بۆ یەکێک لە میوانییەکانی هاریت تێیلور بانگ کرا. کارلایل لەم بارەیەوە ئاوای نووسیوە: ““میل” کە تا ئەو کاتە چاوی نەبڕیبووە چاوی هیچ بوونەوەرێکی مێیینە، تەنانەت مانگایەکیش، لە پڕێکدا چاوانێکی ڕەشی لە هەمبەر خۆیدا بینی کە لە درەوشانەوەی چاوڕفێنانەیاندا دنیایەک مانای بە زمان نەهاتوو تێیدا شەپۆلانی دەدا؛ و ئەو خەریک بوو لەبارەی بابەتە ئاڵۆزەکان بۆ ئەم ژنە هەسپی زمانی تاو دەدا”. هێندەی پێ نەچوو کە ئەم ژن و پیاوە گەنجە دەستیان دایە نامەگۆڕینەوە و ناردن و وەرگرتنی کتێب بۆ یەکدی و دیدارە نافەرمییەکانیان زیاتر و زیاتر دەبوو.
ئەوان گوێیان نەدەدایە ڕای کەسانی دیکە لەبارەی خۆیانەوە و تەنانەت ڕۆژانی پشوویان پێکەوە تێدەپەڕاند. بەڵام تەقریبەن دەکرێت بڵێین هاریت لە دڵنیاکردنەوەی هاوسەرەکەی خۆی لەوەی کە پێوەندیی ئەو و “میل” تەنها لە ڕووی بیر و هزرەوەیە، تەواو ڕاستگۆیانە بووە؛ و ئەم دڵنیایی پێدانە بە ئەگەری زۆر تا بیست ساڵ دواتر کە هاوسەرەکەی هاریت کۆچی دوایی کرد و ئەوان پێکەوە هاوسەرگیرییان کرد، هەر لە بازنەی ڕاستبێژی و خۆشبەڵێنیدا مایەوە. “میل” پێش لە هاوسەرگیری نامەیەکی یاسایی ئامادەکرد و لە هەموو ئەو مافانەی کە بەپێی یاسا بەنیسبەت هاوسەرەکەیەوە بەهەرەمەندە، خۆش دەبێت. “میل” تەنها بەهۆی هاریت، پێش و پاش هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو، پێوەندیی خۆی لەگەڵ زۆربەی هاوڕی نزیکەکان، و تەنانەت بنەماڵەکەشی پچڕاند. وەها دەردەکەوت کە هاریت لە دڵی “میل”دا هەر هەمان ڕێزی هەبوو کە “میل” بۆ باوکی هەیبوو، ڕێزێک کە لە قووڵاییەکانی ناخیدا بوو. “میل” گوتبووی کە لە وجوودی هاریتدا کۆمەڵێک چاکە کۆ بوونەتەوە کە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەو دەیانیناسی ئەگەر یەک لەو چاکانەیان هەبوایە ئەوا بە بەختەوەر لە قەڵەم دەدران؛ وردبینیی لە شیکردنەوەدا، ڕەوانبێژی و فەساحەت، ڕقبوون لە خورافە، بەخشندەیی لەڕادە بەدەر، تێگەیشتوویی، خۆش دەمودوویی، هەست و سۆز، سەرنجڕاکێشیی و جوانیی هەر هەموو پێکەوە لەودا کۆ بووبوونەوە. “میل”، هارت نەک بە تەنها وەکوو ئیلهامبەخش، بەڵکوو لە هەندێ حاڵەتدا وەکوو ئافرێنەری باشترینی ئەو ئەندێشانە دەزانێت کە لە بەرهەمەکانیدا هاتووە. هەندێک لە شیکەرەوانی بەرهەمەکانی “میل” باوەڕیان وایە کە ئەو لە ستایشی بلیمەتیی و کاریگەربوونی هاریتدا ڕێگایەکی زیادەڕۆیانەی گرتووەتە بەر؛ بەڵام هەندێکی دیکە باوەڕیان وایە کە “میل” تەنانەت پڕ بە پێستیش دانی بە ڕۆڵی هاریتدا نەناوە. هاریت لە کتێبی “پێکهاتەی ژیربێژی”دا کە “میل” ماوەیەک پاش ناسیاوەتیی نووسینی دەست پێ کرد، پشکێکی وەهای نییە و ڕەنگە تەنها شەوقی نووسینی کتێبەکەی لە “میل”دا هەڵخڕاندبێت؛ بەڵام وەها دێتە بەرچاو کە لەوە بەدواوە هاریت لە نووسراوەکانی “میل”دا پشکێکی گەورەی دراوەتێ، چونکە ئەو دووانە بەشێوەیەکی بەردەوام پێکەوە لە باس و ڕاگۆڕینەوەدا بوون و گەڵاڵە و پێداچوونەوەی بابەتەکانیان بە یارمەتیی یەکدی دەگەیاندە ئەنجام. ئەو جیاوازییانەی کە لە چاپی یەکەم و دووهەمی بنەماکانی ئابووری سیاسیدا دەبینران، وادیاربوو کە هەر هەمووی لە لایەن هاریتەوە ئەنجام دراون. و خودی “میل” لەبارەی کتێبی” لە ئازادیدا” کە سێهەمین کتێبی گرنگێتی، ئاوەهای وتووە: “ئەم کتێبە زیاتر لە هەر بەرهەمێکی دیکە کە ناوی منی لەسەرە، بە مانای ڕوون و وردی وشە بەرهەمی هاوبەشی ئێمەیە”. و “بە ئەگەری زۆرەوە زیاتر لە نووسینەکانی دیکەی من تەمەنی دەبێت…چوونکە تێکەڵاوی زەینی من و ئەو ئەم کتێبەی کردووە بە دەقێکی فەلسەفیی لەباری حەقیقەتێکی تاقانە”. هاریت لە ساڵی ١٨٦٥ بەهۆی نەخۆشیی سیلەوە کۆچی دوایی کرد. لەگەڵ مردنی هاریتدا، “میل” ملکەچی خورافیات بوو و گڵکۆیەکی زۆر گرانبایی لە بەردی مەڕمەڕ دروست کرد و لەسەر کێلەکەی کۆمەڵێک ڕستەی زیادەڕۆیانەی لە ستایشیدا نووسی. “میل” لە ئاڤینیون کۆڵیتێکی کڕی تاکوو بتوانێت هەر ڕٶژ لەسەر مەزاری هاریت ئامادە بێت و سەرئەنجام لە تەنیشت ئەویشدا بە خاک سپێردرا.
سەرچاوە: انقیاد زنان. جان استوارت “میل”. ترجمە علاءالدین طباطبایی، هرمس، تهران، ١٣٩٠
نووسین: جۆن ستوارت میل
وەرگێڕان: سۆزان سەعید