“گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی سوریا ، دابڕینی هاوپەیمانەکانی ئێران و دروست کردنی درز و کەلەبەر لە دامەزراوە سەربازییەکان”
گۆڕانکاری سیاسی لە سوریا کاریگەری لەسەر سیاسەتە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، لێرەدا ئەوەی پشکی شێری لە کاریگەرییەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەردەکەوێت بریتییە لە ستراتیژی هاوپەیمانی ئێران و سوریا کە ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتی/ئایینی و مەزهەبی، سیاسی و دبلۆماسی، سەربازی و ئەمنی، ئابووریی و بازرگانی، جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژیی هەبوو، بە جۆرێک لەسەر ئاستی ناوچەکە بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، بە تۆکمەترین هاوپەیمانی دادەنرا، بەڵام دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بەشێوەیەکی خێرا و سەرنج ڕاکێش هەموو ئەم ڕەهەندە فراوانانەی هاوپەیمانی نێوان دوو دەوڵەتی دۆست کۆتایی پێ هات، ئەمە بۆ تاران زۆر شۆکهێنەر بوو لە ڕووی ئەوەی کە چۆن ئەم هەموو جەرجی ماددیی و مرۆییەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو لە سوریا بۆ مانەوەی ئەسەد داویەتی بە چەند ڕۆژێک زەربی سفر کرا و هەموو شتێک کۆتایی پێ هات.
هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە ڕووداوەکانی سوریا بووە هۆی درز و کەڵەبەر لە پێکهاتەی سیاسی و ئەمنی دامەزراوەی سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ئێران، بەتایبەتی سوپای قودس و سپای پاسداران کە باڵی ئەمنی و هەواڵگری سەربازی دەوڵەت لەسەریان دەڕوات. ئەم دوو باڵەی دامەزراوەی سوپا و هەواڵگری و ئەمنی تاران لە ساڵانی ڕابردوو لە پاڵ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان بەرفراوانیان هەبوو لەسەر بەردەوام بوونی دۆخی سوریا، لەوێشەوە بۆ ژمارەیەک لە پایتەختی وڵاتانی عەرەبی و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، بە شێوەیەک هەموو ناوچەکە لەبەردەم مەترسییەکانی پڕۆژەکانی ئێراندا بوون و هەڕەشەی جددییان لەسەر بەرەژوەندییەکانی بەرامبەر دروست کردبوو. هەموو ئەمانە بەیەکەوە بنەما و کۆڵەکەی سەرەکی پڕۆژە ستراتیژییە ئیقلیمییەکانی تارانیان بەیەکەوە گرێدا بوو، بەڵام بە کەوتنی ئەسەد ئەم بەیەکەوە گرێدانە کێشەی جەوهەری بۆ دروست بوو، لایەکەوە ڕێڕەوی بەیەکەوە گرێدان و گەیاندنی یارمەتییە جۆراجۆرەکانی بۆ حیزبوڵای لوبنانی بە تەواوی وەستا، بەمەش تاران یەکێک لە پایە هەرە سەرەکی و گرنگەکانی لە دەستدا، لەلایەکی دیکەشەوە مەترسی راستەقینە لەسەر ئێراقیش دروست بووە کە تاران وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی لە ڕووی ستراتیژییەوە دەبینێت، ئەمەش ترس و نیگەرانی زۆری بۆ گرووپە میلیشیا چەکدارەکان لە ئێراق لێ کەوتۆتەوە، بۆیە لە دوای کەوتنی ئەسەد ئەگەر سەیری لێدوان و هەڕەشەکانی ئەم گرووپانە بکەین بە بەراورد لەگەڵ پێش کەوتنی ئەسەد ئەوا جیاوازییەکی زۆر بەدی دەکرێت لە هێور کردنەوە، تەنانەت گەیشتۆنەتە ئاستی بێ دەنگ بوون لە هەڕەشەکانیان، کە چی سەرەتای ڕووداوەکان لە سوریا کە هێشتا هێزەکانی هەیئەی تەحریر شام نەگەیشتبوونە دیمەشق، واتە تەنها چەند شوێنێکیان کۆنتڕۆڵ کردبوو، گرووپە میلیشیاکان لە عێراق خەریکی کۆکردنەوە و ناردنی هێز بوون بۆ یارمەتی دانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەڵام دوای ئەوەی ڕووداوەکان زۆر بە خێرایی بەرەو پێش چوون ئەوان بێ دەنگ بوون، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی بە لاواز بوونی ڕۆڵی تارانەوە هەیە.
“شۆکی کەوتنی ئەسەد و توانای مقاوەمەی هێز ئێرانییەکان لە سوریا”
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ هەفتە هێشتا تاران وەک ئەوە وایە کە ئەو بەنجەی لێدراوە بەری نەداوە، چونکە ئەم گورزە زۆر کەمەر شکێن بوو بۆ تاران، بە جۆرێک هەندێک لە شیکەرەوەکان وای بۆ دەچن کەوتنی سەرەتای کەوتنی ڕاستەقینەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئێرانە لەسەر ئاستی ناوچەکە، لەبەر ئەوەی ڕێڕەو و ڕایەڵەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هاوپەیمانەکانی بە تەواوی لەیەک دابڕی. ئێستا لە جیاتی پڕۆژەی هیلالی شیعی لە هەندێک ناوەندی میدیای و لێکۆڵینەوەی سیاسییدا باس لە هێلێک یان هیلالێکی سوننی دەکرێت وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستی کەمەر شکێن و بێ وێنەی پڕۆژەی ئێرانی لەسەر ئاستی ئیقلیمی.
ئێران لەسەر ئاستی باڵا، لەوانە، عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی دۆزینەوەی پاساوی سیاسی و کەمکردنەوەی توندی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە، ئاماژەی بەوەدا کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران، سەرەڕای زانینی ئەو توانا و پتانسێلەی کە لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە بەرەو شارە سەرەکییەکان هەیانبوو، ڕژێمی سووریایان ئاگادار کردووەتەوە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسداران، توانای مقاوەمەیان دەبێت بەڵام ئەوەی بەدیکرا لە ڕووداوەکان ڕێک پێچەوانە دەرچوو.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا؛ وەزیری دەرەوەی ئێران عەبباس ئێراقچی ئەوەی ڕاگەیاند کە هێشتا ڕووداوەکان لە سوریا تەواو نەبوونە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دروست بوونی قۆناغێک دیکە لە پشێوی لە بەرژەوەندی تاران، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەوە دەرچووە کە دۆخی سوریا بگەڕێتەوە بۆ سێگۆشەی پێشوو کە خۆی لە ئەسەد – تاران – مۆسکۆ دەبینییەوە. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بۆ کردووە کە شەڕێکی دیکە لە ناوخۆیی سوریا دێتە کایەوە، بەڵام لە ئەگەری دروست بوونی ئەو شەڕەش دیسان بەپێی حیساباتە سیاسی و ستراتیژییەکان بێت ئێران ناکەوێتەوە نێو هاوکێشەکانەوە. کەواتە، ئەوەی بە تەواوی لە سوریا ڕوون بۆتەوە بریتییە کە کۆتایی پێ هاتنی ڕۆڵی ئێران لەو وڵاتە وەک ئەوەی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بوونی هەبوو.
ئەو ڕەهەندە مەیدانییە ستراتیجیانەی کە ڕووداوەکانی ڕووخانی ڕژێمی سوریا، دەربڕدراون، گۆڕانکارییەکی تەواویان لە دیمەنی سیاسی وڵاتێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا دەربڕیوە، هەروەها ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەو شکستە سیاسییەی کە پڕۆژەی ئێران تووشی بوو لە ڕێگەی لە دەستدانی ئەو قووڵاییە ستراتیژییەی کە پردی وشکانی و ئاسمانی کە خاکی ئێران بە ناوخۆی سوریا دەبەستێتەوە، لە رێگەی ئێراقەوە، تا دەگات بە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، و لەدەستدانی کاریگەری و قازانج و دەستکەوتە ئابوورییەکانی ئێران کە پێشتر بەندەر و ڕێڕەوی دەریایی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی لە ناوچەکە و سروشتی پشتیوانی لە حزبوڵای لوبنان تەرخان کردبوو، گەورەترین شکست بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی تاران.
“٢٠٢٤ ساڵی نسکۆ و پەڕ و باڵکردنی تاران بوو؟”
ساڵی ٢٠٢٤ بۆ تاران دەکرێت بە ساڵی نسکۆ و شکست بەناو بکرێت بە جۆرێک ئەوەی لەم ساڵەدا بەرەو ڕووی بوویەوە وێنەی نەبوو لە مێژووی چڵ و پێنچ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو شکستانەش خۆی لە دوو ئاستدا دەبینێتەوە، ئاستێک پەیوەندی بە خستنە ژێر پرسیاری دامودەزگا و دامەزراوە فەرمییە سەربازیی و هەواڵگرییەکانەوە هەبوو، سەرەڕایی ئەوەی ڕژێم هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆی لەو دامەزراوانە کۆکردۆتەوە و بودجەیەکی زەبەڵاحی لە ڕادەبەدەری خستۆتە بەردەستیان لسەر حیسابی برسی کردن و فراوان بوونی بازنەی بێکاری و هەژاری هاووڵاتیانی، بەڵام چەند ڕووداوێک ڕوویاندا کە هەموو ئەو توانایەی دامەزراوەکانی خستە ژێر پرسیاری جددی، گرنگترین ڕووداوەکانیش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و تیمێکی تایبەت لە ئایاری ٢٠٢٤ گیان لە دەست دانیان، ئەم ڕووداوە ئەگەرچی تا ئێستا هیچ لایەنێکی دەرەکی ئەم ڕووداوەی نەخستۆتە ئەستۆی خۆی بەڵام بۆ ئێران و دامەزراوەکانی شکستێکی گەورەیە بەو جۆرە سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە گیان لە دەست بدەن. دووەمین ڕووداوی شکستی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی تاران بە ئامانج گرتنی ئیسماعیل هەنییە بوو، کە بە مەبەستی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی دەست بەکار بوونی سەرۆک مەسعود پزشکیان سەردانی تارانی کردبوو، بەڵام لە شوێنی مانەوەی خۆی لە ناو جەرگەی تارانی پایتەخت کرایە ئامانج، ئەمە نەک بۆ دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکان بەڵکو بۆ خودی دەوڵەتیش مایەی سەرمەزارییەکی بێ وێنەبوو کە مێوانێکی وا بکرێتە ئامانجی لەلایەن نەیارەکان ئێرانەوە. سێیەم پرس بریتییە لەوەی ئەم ساڵ دیاردەیەکی بەر بڵاو لەسەر ئاستی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەدی کرا، ئەویش ئاشکرابوونی هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بوو لە نێو ئەو دامەزراوانە، ئەگەرچی پێشوو تریش ئەم دیاردەیە بەدی کراوە بەڵام ئەمساڵ جیاواز و فراوانتر بەدی کراوە.
ئەم سێ خاڵە لەسەر ئاستی ناوخۆ کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبوو لەسەر شکاندنی هەیبەت و بە تاڵ کردنەوەی ئەو سیحرەی هە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام وەک چەکێکی بەهێز لەسەر ئاستی ڕای گشتی بەردەوام باسی دەکر و وەک خاڵی بەهێز نیشانی دەدا. ئاستی دووەم لە شکستەکان پەیوەندی بەو جەنگەوە هەیە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێ کرد. ئەگەرچی تاران سەرەتا وای نیشاندا کە ئەمە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ بەرەی مقاوەمە لە بەرامبەر ئیسرائیل بەوەی کە بزوتنەوەی حەماس هێرشی کرد سەر ناوچەیەکی گەشتیاری، بەڵام دواتر ڕووداوەکان تەنها لە سنورێکی دیاری کراودا قەتیس نەمانەوە، بە پێچەوانە ئیسرائیل وەک دەرفەت مامەلەی لەگەڵ ئەم پرسە کرد بۆ ئەوەی بتوانێط بەرەی مقاوەمە بە سەرکردایەتی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە بە جۆرێک لاواز بکات کە وێنەی نەبێت لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، لەسەر ئەزری واقعیشدا هەر وا دەرچوو، لەبەر ئەوەی ڕووداوەکان ئەڵقەیەکی زنجیرەیی بە دوای یەکدا هاتن، چ لە ڕووی ئەوەی کە ئیسرائیل چەندین گورزی کوشندە و کەمەر شکێنی لە ئێران وەشاند، یان لە ڕووی ئەوەی کە توانی هاوپەیمانەکانی بە تەواوی لاواز بکات لە حەماس و حیزبوڵاوە تا دەگات بە کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و بێ دەنگ کردنی گرووپە میلیشیا وەڵائییەکان لە ئێراق.
“تاران لە نێوان بانگەشە سەرمەزارییەکان و قەرەبوو کردنەوەی کەوتنە ستراتیژییەکانیدا”
تاران، دوای ئەو ئارگیومێنت و پاساوانەی کە بانگەشەی بۆ هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی فەلەستین و ئازادکردنی خاکەکەیانی دەکرد، تەیارکردنی حیزبوڵڵای لوبنانی، فراوان کردنی بەرەی مقاوەمە لەسەر بنەمای گرووپە وەلائییەکان و هێشتنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات پایە و تێشووی پڕۆژە ئەمنییەکانی پێکدەهێنا، بەڵام کەوتنی ئەسەد ئەو ئەڵقە زنجیرەییە بەیەکداچووەی نەک پچڕاند بەڵکو سەراوژێری کردەوە.
ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت لە ستراتیژییەتی تاران بەرامبەر بە دۆخی سوریا بریتییە لە جۆرێک لە هێمنیی و مامەڵەکردن بە وریاییەوە لەگەڵ واقیع و گۆڕانی ناوخۆیی لە سوریا و هاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆیی هەیە بە دوو خاڵەوە، یەکەمیان چۆن قەرەبوونی ئەو کەوتنە ستراتیژییە لەسەر ئاستی بەرەکاندا بکاتەوە، خاڵی دووەمیش پەیوەستە بەوەی کە هێشتا تاران لەو بڕوایە دایە ئەڵقە زنجیرەییەکەی تەواو نەبووە لە گەماڕۆدان و بەتاڵ کردنەوەی یەکجارەکی، بۆیە لە ئەگەری هەر کاردانەوەیەک دەرەنجامەکەی زۆر خراپتر دەبێت لەوەی کە تا ئێستا ڕوویداوە، ئەمەش وای کردووە کە تاران بە شێوەیەکی جیاوازتر لە جاران مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات، ئەمەش زیاتر لە زیانی بەرژەوەندییەکانی دەشکێتەوە، بەڵام واقعەکە ئەمە دەخوازێت.