دەنگ لە فیلمدا؛ بریتییە لە دەنگێک کە هاوتای وێنە دەجوڵێت،دەبێتە وێنەیەکى جوڵاوی دەنگداریاخوود بە واتای ئەو دەنگە دێت کە لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە ئاوێتەی وێنەیەک کراوە، داهێنانەکان لە بواری دەنگ لە مێژوودا لەسەر فیلمدا بووە هۆی ئەوەی یەکەمین نمایشی بازرگانی کورتە فیلمە جووڵاوەکان بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە ساڵی ١٩٢٣ ئەنجامدرا، لە سەرەتادا پێش ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەکی ئاوێتەیی دەنگ لەسەر فیلمەکان ئاوێتە بکرێت، میوزیکژەنێک لە ساتی نمایشی فیلمەکە پیانۆی دەژەنی، واتە لە ڕۆژانی سەرەتای سینەمادا دەنگ هەر بوونی هەبووە و بەشێکی دانەبراو بووە لە ئەزموونی سینەمایی، هەنگاوە سەرەتاییەکان لە بازرگانیکردنی سینەمای دەنگدا لە ناوەڕاست تا کۆتاییەکانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لەخۆدەگرێت.
سەرەتا ئەو فیلمانەی دیالۆگی هاوتای نیوان کارەکتەرەکانیان لەخۆ گرتبوو تەنها کورتە فیلم بوون، یەکەم فیلمی درێژ کە دەنگ تیایدا بەکارهات گۆرانیبێژی جاز بوو کە لە ١٦ ی تشرینی ١٩٢٧ بۆ یەکەمین جار نمایش کرا، زۆربەی فیلمەکە دەنگی تۆمارکراوی راستەوخۆی تیدا نییە، کاتێک گۆرانی بێژی فیلمەکە “ئەل جۆلسۆن” گۆرانی دەڵێت فیلمەکە دەگۆڕێت بۆ دەنگی تۆمارکراو، دواتر دەنگ لە سینەمادا بە شێوەیەکی بڵاو مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، هەنگاو دوای هەنگاو دیالۆگ لە فیلمەکاندا بەکار دەهات هەرچەندە لە سەرەتا بە شێوەیەکی گوماناوی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا لەلایەن زۆرێک لە رەخنەگران و فیلمسازان، چونکە پێیان وابوو مانای ڕاستەقینەی سینەما لەناو دەبات، لە هەر نیشتمانێک و بەجۆرێک و لە کاتێدا مامەلەی لەگەڵ دەنگ لە فیلمە دەکرد لە ئەمریکا و هیندسان بە پیگەیەکی گرنگ بۆ فیلمەکانیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، لە ئەوروپا تا رادەیەکی کەمتر و لە ژاپۆن لەبەر بوونی نەریتی فیلمی بێدەنگ دوای ساڵانێکی زۆر دەنگ لە فیلمدا ڕەگی داکوتا، هەموو ئەم داهێنانە کاریان لەسەر دیزاینی دەنگ دەکرد، کە بریتییە لە پیشەی تێکەڵکردنی هەموو پارچە دەنگییەک لە فیلمێکدا لەوانەش “دیالۆگ – کاریگەرییە دەنگییەکان – ژینگە – تراکی دەنگی” بۆ درووستکردنی دیمەنی دەنگی فیلمەکە.
“سام مەدینا” دیزاینەری دەنگ و دەرهێنەر دەڵێت “دیزاینی دەنگ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی کە هەر فیلمێک هەست بە بڵندی بکات” دیزاینی دەنگ وا دەکات فیلمەکە لە ژیانەوە نزیک بێت و واقیعیانە تر بێت، گرنگە ڕۆڵی کارەکتەرێک بۆ پەیوەندییەکی سۆزداری و دراماتیکی بڵند بکەین بە بەکارهێنانی دەنگ لە فیلمدا واتە دەنگ نمایشی فیلمێک دەگۆڕێت بۆ نمایشی گەشتێکی پڕ لە هەستیاری، لە ناوەڕۆکدا دەنگ دەتوانێت واقعی و قووڵی و هەست و سۆز بۆ هەریەک لە دیمەنەکان درووست بکەن هاوتای کردارێک لە فرەیمیکدا کە روودەدات، هەروەها دەنگ دەتوانێت بە شێوەیەکی سرووشتی لە کات و شوێندا بمانگوێزێتەوە، بۆ نموونە دەنگی پاشخانی ئەسپ و عەرەبانە ئاسنگەرەکان وەک دەرخەری فیلمێکی مێژووی بەکاربهینین بۆ دەرخەری ژینگەیەکی مێژوویی، بەهەمان شێوە فیلمێکی زانستی خەیاڵی دەتوانێت لە ڕێگەی دەنگە جیاواز و نەبسیتراوەکانەوە ئاشنامان بکات بۆ جیهانێکی دیکە، موزیکیکی ڕۆمانس دەکرێت بمانخاتە ناو سۆز و خۆشەویستییەوە، دەنگ دەتوانێت وەک هۆیەک بۆ دەربڕینێکی روونتر و ڕۆشنتر هاوتای وێنە بدوێ، گرنگە ئەوە بزانین کە دەنگێکی خراپ لە فیلمدا دەتوانێت بەرهەم هێنانێکی باش تێکبدات هەروەها دەتوانێت لەو دیمەنانەی کە هەستێکی قوول بە بینەر ببەخشێت بە بەکاره هێنانی دەنگ سۆزی بینەر بۆ دیمەنێک و ڕووداوێک و کارەتکەرێ نمایش بکەیت و بینەر بۆ گرنگی ڕووداوێک ڕابکیشێت بە دانانی میزاج و وروژاندنی هەست و سۆزیان، دەتوانێت بۆ دەرخەری کارەکتەرەکان بەکار بهێنرێت کاتیک کارەکتەرێک ئاستی بیرکردنەوەی چۆنە و چۆن بیر دەکاتەوە و لە کوێ دەژی و لە رووی دەروونییەوە ج جۆرە کەسێتییەک لەخۆ دەگرن، هەروەها لەگەڵ بەکارهێنانی ژانرە جیاوازەکان شێوازی بەکارهێنانی دەنگە جیاوازەکان ڕوون بکەینەوە تاکوو خزمەت بە چیرۆکی جیاواز و گێرانەوەو ژانری جیاواز بکات دەبێت ئاماژە بە ئەوە بدەین کە دیزاینی دەنگ میدیاییەکی فراوانە کە لە چەند کارێکی جیاواز پێکهاتووە و، ئامانجی هەر یەکێکیان پرۆسەی درووستکردنی دەنگێکی یەکگرتووە دەنگ لە فیلمدا لە دوو جۆری سەرەکی پێک دێت. Diegetic Non- diegetic .
ئەو دەنگەی لەناو جیهانی ڤیدیۆ و فیلمەوە سەرچاوە دەگرێت پێی دەوترێ دەنگی سەرچاوە، دەتوانێت لە شاشەوە بێت یان لە دەرەوەی شاشە بەلام هەمیشە لەو کاتەدا ڕوودەدات کە کردارەکە ڕوودەدات و لە کاتە راستەقینەکاندا ڕوودەدەن، هەندێکجار پێی دەوترێت دەنگی ڕاستەقینە کە دەنگی کارەکتەر و ئەو مۆسیقا و دەنگانەی لە خودی دیمەنەکانەوە لە فەزای چیرۆکەکە دروستکراون، بە پێچەوانەی دەنگی نا راستەقینە کە ئاماژەیە بۆ ئەو دەنگەی لە پۆست پرۆدەکشندا زیاد دکرێت وەک گێڕەرەوەی فیلم و گێڕەرەوە و کاریگەری دەنگی تایبەت. لە فیلمدا فیلمسازان بۆ بەرەو پیشبردنی فیلمەکانیان کار بۆ دروستکردن و بەکارهێنانی هەردوو جۆری دەنگ دەکەن هەر دەنگێک لە سینەمادا راستەقینە یاخوود ناراستەقینەیی لەخۆ دەگرێت کە لیرەدا ئاماژە بۆ جۆرەکانی دەنگ دەکەین کە دابەش دەبن بەسەر دوو جۆرە سەرەکییەکەی دەنگدا ئەوانیش:-
١-دەنگی پاش بنەما یاخوود دەنگی ئەتمۆسفیر:- دەنگێکە کە ڕاستەقینەیە و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان نییە بە کردارێک کە لە فیلمەکەدا روودەدات، بەڵام دەتوانن ژیان بە فیلمێک ببەخشن واتە ئاماژەیە بۆ کەشوهەوای گشتی ژینگەیەک، ژاوەژاوی پاش بنەما وەک هەوایەکی کەم یان گەڵاکەوتووەکان زانیاری دەدەن، بەبێ ئەوەی دەنگەکە باری زۆریان لەسەر بێت، زۆرجار وردە توخمە دەنگییەکان کە لەسەر دیمەنێک بەکار دەهێنرێت، بۆ نموونە وەرگرتنی دەنگی ژینگەی شارێک یان لادێیەک دەتوانێت هاوکاریت بکات لە ناسینی جیۆگرافی ناوچەکە.
٢-دیالۆگ:- دەنگێکی ڕاستەقینەیە واتە قسە و گوفتاری نێوان ئەکتەرەکان دیزاینەرانی دەنگ لە ساتی تۆمارکردنی فیلم دیالۆگ تۆمار دەکەن، واتە وێنە و دیالۆگ هاوتای یەک تۆمار دەکرێن.
٣-کاریگەری دەنگی:- هەندێک جار ڕاستەقینەو هەندێک جار راستەقینە نییە یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی دیزاینی دەنگ لە فیلمدا کاریگەری فۆلییە، فیلمسازان فۆلی بۆ درووستکرنەوە هەر دەنگێکی سرووشت بەکار دەهێننەوە، وەک دەنگدانەوەی هەنگاوەکان لەسەر شەقام، دڕانی کاغەز، هەڵدانی موشەک …هتد. هەموو ئەمانە کایگەری دەنگین، واتە ئەو دەنگانەی کە ڕۆژانە لە سرووشت و ژینگەوە دەیبیستن تاکوو دەنگی تەقینەوە جەنگییەکان، ئەم جۆرە دەنگانە بە ڕواڵەت ئاساین لە ستۆدیۆکان درووست دەکرێنەوە، بۆ درووستکردنەوەی ڕەسەنایەتی و دەنگدانەوە، ستۆدیۆکانی فۆلی ستۆدیۆکەی گەورە دەگرێتەوە کە چەندین کەرەستەو کەلوپەل لەخۆدەگرن، کاریگەرییە دەنگەکان بە بەکار هێنانی فۆلی چینێک لە ڕیالیزم زیاد دەکەن، دیمەنەکان بە قورسایی و کاریگەرییە سۆزدارییەکان نیشان دەدەن، ئەمەش بە تەواوی دڵنیای ئەوە دەدات کە بینەران ئاوێتەی هەر دیمەنێک دەبێت لە فیلمەکەدا.
٤-نارەیشن:- دەنگێکی نا سەرچاوەییە یاخوود ناراستەقینە یاخوود دەنگدانەوە، کە بریتییە لە گێڕانەوەی کارەکتەرێک لە دەرەوەی سکرین گوێت لێ دەبێت بۆ باسکردنی چیرۆکەکە یان دیمەنەکە ئەم جۆرە دەنگە لە قۆناغی پۆست پرۆدەکشندا لە ستۆدیۆ تۆمار دەکرێت.
٥-مۆسیقا:- زۆرترین کات وەک تراکە دەنگییەکان ناراستەقینەن، بەلام هەندێکجار بە پێی گیرانەوەی چیرۆک دەکرێت وەک دهنگێکی ڕاستەقینە ئاماژەی پێ بکرێت، لێرەدا ئاوازدانەر و دیزاینەری دەنگ پێکەوە کار لە دیزاینی دەنگدا دەکەن، بێگومان مۆسیقاش دەنگێکە بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی درووستکردنی فیلم بۆ بەخشینی کاریگەری درامی بۆ فیلمەکە.
سەرچاوەکان:-
Adobe.com
Darkhorseintitute.com
Backstage.com
Filmsound.org
Famu.cz