حه‌کایه‌تێکی به‌ناوبانگ هه‌یه له‌باره‌ی “وینیستۆن چه‌رچیل” سه‌رۆککۆماری ئه‌وکاتی ئینگلیز که ده‌ڵێت: هه‌موو ڕۆژێک کتێبێ خوێندووه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت له‌کاتی بۆردومانکردنی شاری له‌نده‌ن له جه‌نگی دووهه‌می جیهانیدا و ده‌یوت کتێب خوێندنه‌وه ته‌نانه‌ت له کاتی جه‌نگیشدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی باشتر بیر بکه‌مه‌وه. به‌ڕای من ئه‌م حه‌کایه‌ته ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که کتێب که هه‌موو قۆناغه سه‌خت و دۆخه ناهه‌مواره‌کان ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می جه‌نگ و شه‌ڕه‌کانیشدا ده‌توانێت یاریده‌ر و فریادڕه‌س بێت.
گومانێک له‌وه‌دا نییه سه‌رده‌می ئێسته‌ی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و دۆخی ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی وه‌کوو کورد له ناو که‌شێکی پڕ دڵه‌ڕاوکێ و ئاوس به شه‌ڕ و تووندوتیژیدایه. ڕه‌نگه هه‌ر کام له ئێمه چ وه‌کوو نووسه‌ر و چ وه‌کوو خوێنه‌ر ئه‌مه‌مان له خۆمان پرسی بێت، کاتێک که خوێندنه‌وه‌ی کتێبێک ناتوانێت دۆخی جه‌نگ هێور کاته‌وه، کاتێک شۆڕبوونه‌وه به‌سه‌ر لاپه‌ڕه کاغه‌زییه‌کاندا ناتوانێت یارمه‌تیده‌ری دۆخی سواڵکه‌ر یان کرێکارێک بێت و ژیانێکی ئاسایی پێ ببه‌خشێت، کاتێک نغرۆبوون له‌ناو ئه‌ندێشه و خه‌یاڵی کتێبه‌کاندا ناتوانێت په‌یوه‌ندیی مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه به ئاقارێکی باشتر و ئاسووده‌تردا ببات که‌واته سوودی چییه که ئه‌م وزه و توانسته له خۆمان خه‌سار بکه‌ین و له‌وه‌ش زیاتر سوودی چییه ئه‌م هه‌موو کاغه‌ز و چاپ و تێچووه بخرێته گه‌ڕ تاکوو کتێبێک له‌دایک بێت که ئه‌گه‌ری خوێندنه‌وه‌یه‌کی که‌م به چاوانێکی گوماناویی و پڕپرسیار و دڵه‌ڕاوکێی له‌به‌رده‌مه؟
له ڕاستیدا ئه‌و پرسیارانه و کۆمه‌ڵێک پرسیاری هاوشێوه‌ی ئه‌وانه ناڕه‌وا و نالۆژیکی نین، به‌ڵکوو ڕینیشانده‌ر و چاوکهرهوهن به‌وه‌ی که ئێمه له‌و هۆکارانه تێبفکرین که پێگه‌ی کتێب و نیگایان بۆ خوێندنه‌وه گه‌یاندووته ئه‌م ئاقاره. واته پرسیاره‌کان هه‌م دروستن و هه‌میش نادروستن. دروستن له‌و ڕووه‌وه که کتێب بۆچی نه‌یتوانیوه جیهان نه‌رمونیانتر و ئارامتر بکاته‌وه و نادروسته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کتێبه‌کان به‌رپرسیار نین لهئارامکردنهوهی جیهان و هێنانی ئارامی و ئاشتی، به‌ڵکوو ئه‌وه خودی مرۆڤ و خوێنه‌ر له ئاسته هه‌ره گشتییه‌که‌یه‌تی که مانا و ئه‌ندێشه و خه‌یاڵه‌کانی ناو کتێب وه‌رده‌گرێت و ئه‌وه‌ی بیه‌وێت پراکتیزه‌ی ده‌کات و ئه‌وه‌شی نه‌یه‌وێت لێی ده‌گه‌ڕێت. واته کتێب له پرۆسه‌یه‌کی ئاوادا له ناو یاریی ئاره‌زوو و خواسته‌کانی مرۆڤدا ده‌ژی. گومانێک له‌وه‌دا نییه کتێب وه‌کوو فۆرم و قاڵبێک که هه‌ڵگری ئه‌ندێشه و بیر و خه‌یاڵی مرۆڤ بووه و ئێسته‌ش هه‌یه هه‌رێمێکی پیرۆز و باڵای هه‌یه، مێژوو سه‌دان جار له لایه‌ن هێزه تۆتالیتا‌ر و دژهئازادییهکانهوه شایه‌تی سووتاندن و له‌ناو بردنی کتێبه‌کان بووه هه‌ر له سه‌رده‌می مه‌غۆله‌کانه‌وه بگره تاکوو سه‌رده‌می نازیسم و ڕۆژگاری کورتی ده‌سه‌ڵاتی داعش که جگه له کتێب هه‌موو شتێکی دیکه‌شیان ده‌سووتاند! بۆیه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕابردووی دوور و نزیک ده‌بینین کتێبه‌کان، ته‌نانه‌ت کاتی وا له قۆناغێکی مێژوویی‌دا یه‌ک کتێب، چ هاوکارێکی مرۆڤ و یارمه‌تیده‌رێکی کو‌لتوور و ژیار بووه.
کتێبه‌کان وه‌کوو فۆرم و جه‌سته هه‌موویان پیرۆزن، به‌ڵام وه‌کوو ناوه‌رۆک و کاکڵ هه‌ر کتێبێک بواری ئه‌وه ده‌بێت بدات به ئێمه که ڕه‌خنه‌ی بکه‌ین، لێی فێر بین، له‌گه‌ڵمان بکه‌وێته قسه و باس و دیالۆگێکی لۆژکی و هزرمه‌ندانه. که‌واته له‌م سۆنگه‌یه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه لای ئێمه‌ن وه‌کوو مرۆڤی ئاوه‌زمه‌ند، لای ئێمه‌ن وه‌کوو مرۆڤی خاوه‌ن قه‌یران و پرسیار، کتێب خۆی له خۆیدا تاکوو نه‌که‌وێته ناو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌وه پارچه‌یه‌ک ڕۆحی مردوو و کۆمه‌ڵێک لاپه‌ڕه‌ی بێگیانه. بوونی کتێب و ئۆنتۆلۆژیای ئاماده‌یی کتێبه بانگهێشتی ئێمه ده‌کات بۆ خوێندنه‌وه و ململانێ له‌گه‌ڵ دنیایه‌ک که ده‌یگێڕێته‌وه و باسی ده‌کات. واته کتێب وه‌کوو هه‌رێمی مانا و بیرکردنه‌وه پێویستی به خوێنه‌ر و بیرکه‌ره‌وه هه‌یه، دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که خوێندنه‌وه‌ی کتێب تایبه‌ت بێت به خوێنه‌رانێکی دیاریکراو یان بیرمه‌ندانه‌وه، نه‌خێر، له پله‌ی یه‌که‌مدا هه‌ر مرۆڤێک که کتێبێک له ماڵه‌که‌یدا هه‌بوو به‌شێوه‌ی هێزه‌کی ده‌شێت که‌سێکی بیرکه‌ره‌وه بێت، به‌و مه‌رجه‌ی کتێبه‌که‌ی بهێنیته قسه و پێدراو و دیارییه‌کی وجوودی به‌ناوی ئه‌قڵ له‌خۆیدا چالاک بکات.
بۆیه ده‌شێت به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئێمه ئاوه‌ها ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه ببینه‌وه که دنیا بۆیه هێشتا خه‌مبار و غه‌مگینمان ده‌کات و هێشتا دیارده‌ی ههستڕووشێن و خه‌مهێنه‌ر له کۆمه‌ڵگا و جیهانی ده‌وروبه‌رمان ده‌بینین، چونکه به‌ڕاده‌ی پێویست یان به‌شێوه دروسته‌که‌ی ناتوانین هاوسه‌نگیی له نێوان ئه‌و کتێبانه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه و ئه‌و بیرکردنه‌وه و ئه‌ندێشانه دروست بکه‌ین که له ئێمه‌دا له‌دایک ده‌بن. ئێمه له کولتوورێکدا گۆش کراوین که وا ده‌زانین خوێندنه‌وه‌ی چوار کتێبی ئه‌ده‌بی و دوو کتێبی مێژوویی و کتێبێکی پیرۆز ئیتر بێنیازمان ده‌کات له قووڵبوونه‌وه له کێشه‌کانی جیهان و له‌باتی ئه‌وه‌ی وه‌کوو دره‌خته‌کان که هه‌رچی به‌ر ده‌گرن لقه‌کانیان بۆ خاک و سه‌ر زه‌وی شۆڕ ده‌بێته‌وه، ئه‌وا هیتلهرئاسا ده‌که‌وینه حوکمدان و هه‌ڵسه‌نگاند و ڕه‌خنه‌کردنی داروبه‌ردی که‌ون و کائینات، به‌مانا داهێنه‌رانه‌که‌ی ئێمه هێشتا کتێبخوێن نین، سه‌رده‌می ئێسته‌مان سه‌رده‌می فراونیی کتێب و په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنه‌لۆژیای زانیاریی به‌شیوه‌ی به‌رفراوانه به‌ڵام کێشه له خوێندنه‌وه و چۆنێتی خوێندنه‌وه و ڕزگاربوون له‌و گریمانانه‌یه که کولتووری پێش خوێندنه‌وه له ناخ و یاده‌وه‌ریی ئێمه‌دا چاندوویه‌تی، ئێمه بمانه‌وێت بوونی خودا له کتێبه پیرۆزه‌کاندا بسه‌لمێنین هه‌وڵێکی ئه‌وتۆی ناوێت.
هه‌روه‌تر بمانه‌وێت نه‌بوونی خودا له کتێبه‌کانی ئاتیسته‌کان و فیزیکزانان و زانستمهندانێکی وه‌کوو ئیستیفان هاوکینگدا بسه‌لمێنین هه‌مدیس هه‌وڵێکی ئه‌وتۆمان پێویست نابێت، له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌که‌دا ئێمه له‌گه‌ڵ دوو سیسته‌م له پاساهێنانه‌وه ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه که یه‌کیان پشتی به ئیمان و یه‌قین به‌ستووه وئه‌وی دیکه‌یان به زانست و ده‌یتا به‌رده‌سته‌کانی، ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌ک بڕیاره له‌دایک بێت له خوێندنه‌وه و تێڕامان له هه‌ردوو سیسته‌مه مه‌عریفی یان ئیمانییه‌که له‌دایک ده‌بێت، ئه‌مه تواناییه‌کی ئه‌وتۆی ناوێت که من مانگ به نیشانه‌ی داهاتنی شه‌و بزانم، مانگ خۆی به‌شێکه له جه‌وهه‌ری شه‌و، مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وام و له‌گه‌ڕه، چونکه بیرکردنه‌وه پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وام و له‌گه‌ڕه و هه‌میشه له هه‌لچوون و داچووندایه.
خوێندنه‌وه‌ی کتێب وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی کاغه‌زی هیچکات گه‌ره‌نتیکاری ئه‌وه نابێت که ئێمه بیرکردنه‌وه‌مان ئه‌زموون کردبێت، جیهانی کتێب جیهانی ترس و دڵه‌ڕاوکی و هاوکات به‌رپرسیارێتی و مرۆڤبوونه که هه‌موو ئه‌مانه‌ش له دوو قۆڵی ئازار و چێژه‌وه هه‌راو ده‌کرێن. به کولتوورکردنی خوێندنه‌وه یه‌کێک له‌و خه‌ونانه‌ی منه که به ئاسانی پراکتیزه ناکرێت. یه‌کێک له کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی جیهانی ئێمه پراکتیزه‌کردنی نیوه‌چڵ و چرووکی پرۆژه‌کانه که ئه‌مه هه‌زار قات له پراکتیزهنهکردنهکهی زه‌ره‌ر و زیانی زۆرتره. ئه‌مه که‌ی ده‌بێت به به کولتوورکردنی خوێندنه‌وه کاتێک ته‌نها بانگه‌شه بۆ چه‌ند نووسه‌رێکی دیار بکرێت و نووسه‌رانی دیکه که له ژینگه‌یه‌کی نوێتر جیهانیان تاقی کردووه‌ته‌وه و سه‌ر به جیل و به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ن هه‌ر ده‌بێت گوێ له‌و بابه‌ت و گێڕانه‌وه کۆن و سواوانه بگرن و ماناکانی ئه‌وان به‌رهه‌م بهێننه‌وه؟ ئه‌مه که‌ی ده‌بێت به کولتوورکردنی خوێندنه‌وه کاتێک خوێندنه‌وه ته‌نها به چاوخشاندن به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان بزانرێت و ته‌واوکردنی کتێب و گێڕانه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێیی به زایه‌ڵه‌یه‌کی چێژئاسا یان ئایدۆلۆژیکه‌وه خاڵ و وێستگه‌ی کۆتایی بێت. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت نموونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه په‌یوه‌ست به‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌شێت باسی کتێبه‌کان و پرۆژه‌ی ڕؤشنبیریی مامۆستا “شێرزاد حه‌سه‌ن” بکه‌م.
ئه‌م نووسه‌ر و بیریاره‌ی ئێمه هه‌م له سه‌رده‌مێکی سه‌ختدا و هه‌میش له قۆناغێکی پێویست وه‌کوو قه‌ڵه‌مه یه‌که‌مه‌کان زۆر ئازار و برینی کۆمه‌ڵگای کوردی په‌یوه‌ست به باسی ژن، ئازادی، په‌روه‌رده، کوردبوون، جوانیناسی، ئه‌خلاق و کۆمه‌ڵگا خسته ڕوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له من بپرسن ده‌ڵێم ئه‌و وێنه و خه‌ون و چه‌مکانه‌ی که ئه‌م نووسه‌ره‌وه له ئه‌ده‌ب و وتار و ڕۆشنگهرییهکانیدا به‌رهه‌می هێنا به‌شی هه‌ره زۆریان هه‌ر له ناو کتێبه‌کاندا ماونه‌ته‌وه. دیارده‌ی تووندوتیژیی دژی ژنان هێشتاش له چڵه‌پۆپه‌ی خۆیدایه، کوشتن و لێدان و هه‌تککردنی ژنان ته‌نانه‌ت دوای ڕووداوێکی گه‌وره و گرینگی وه‌کوو شۆڕشی ژینا له کوردستان و ناوچه‌که هه‌ر به‌رده‌وامه، ڕوانینی سێکسیستی و سێکسیزم له هه‌موو سێکته‌ر و به‌شه جۆراوجۆره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و داموده‌زگاکان شه‌پۆلان ده‌دا، ده‌ی ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه به کو‌لتوور کرابا لانیکه‌م ئێمه به‌شێک گۆڕان و چاکسازیمان له‌م بوارانه‌دا بده‌ی ده‌کرد. که‌واته ده‌بێت له شوێنی دیکه‌دا به‌دوای ئه‌م درز و قه‌ڵشت باگرانهدا بگه‌ڕێین که هه‌موو جۆر ڕه‌شه‌بای کاره‌سات و غه‌مگین لێوه‌ی تێته ژووره‌وه. کێشه‌ی سه‌رکیی ئه‌وه‌یه ئێمه واده‌زانین خوێندنه‌وه ته‌نها سه‌رشۆڕکردنه به‌سه‌ر بوونه‌وه‌رێکی بێ‌گیانی کاغه‌زییه‌وه که بڕیاره گیانی وه‌به‌ر خه‌ین، به‌ڵام نه‌خێر خوێندنه‌وه شۆڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و تێڕامان و دڵه‌ڕاوکێیانه بۆ ناو ڕۆح و زه‌ینی کتێبخوێن و دروستکردنی داڵگه و به‌رپرسیارێتییه! خوێندنه‌وه ته‌نها چێژ نییه هێنده‌ی ئازار و خه‌مه بۆ داهاتووی هه‌ر دیارده‌یه‌ک که هه‌ناسه‌ساردی و خه‌مساردیی مرۆڤی له کۆمه‌ڵگادا به‌دواوه بێت.
بۆیه ئه‌و قسه‌یه‌ی مامۆستا فه‌رهاد پیرباڵ که ده‌ڵێت نه‌خوێننه‌وه ته‌نها قسه‌یه‌کی تاکه‌که‌سیی بێمانایه که لای خۆی وای وێنا کردووه که مرۆڤ به کتێب خوێندن ده‌بێت ببێت به شادومانترین و خۆشحاڵترین مرۆڤی گۆی زه‌وی، ئه‌و ده‌ربڕین و هه‌ڵوێستانه هێنده‌ی نیشانه‌ی گۆڕان له تێڕوانینێکی مه‌عریفیی به‌رز به‌ره‌و قه‌ناعه‌تێکی نزمه هێنده‌ی ده‌لاله‌ت له ڕێگایه‌کی نوێ بۆ قووڵبوونه‌وه و خوێندنه‌وه یان ته‌نانه‌ت نه‌خوێندنه‌وه‌ش نییه، خوێندنه‌وه ڕه‌نگه له کتێبه‌وه ده‌ست پێ بکات به‌ڵام له ناو کتێبه‌کاندا قه‌تیس نابێت و به‌وانیشه‌وه کۆت و به‌ند ناکرێت.