ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەمریکادا جێگەی ناڕەزایی هەمووانە، ئەوەیە کە سیاسەت و تەنانەت تێکڕای کۆمەڵگە تێکشکاون و شپرزە بوون. ڕەخنەگران لیستگەلێکی بێکۆتایی ئەو شتانەیان پیشان داون کە پێویستە چاک بکرێنەوە، وەکو: ئاڵۆزیی یاسای باج، یاخود چاکسازیی کۆچکردن، یانیش لێنەهاتوویی حکومەت. بەڵام هەریەک لەو گرفتانە زۆربەی جار دەگەنە بنبەستێکی جەمسەرگیرەوە لە نێوان دوو دیدگای کێبڕکێکار و دڵنیایی هەمووان کە دیدگای خۆیان تاکە دیدگای ڕاستە. ڕەنگە هەر ئەم پێداگرییە دەمارگیرانەیەی خۆبەڕاستزانین بووبێتە هۆکاری ناتەبایی کۆمەڵایەتی و هۆی ئەوەی هەموو شتێک بە شێوەیەکی لەقەرەبوونەهاتوو هەڵە دەردەکەوێت.
ئێمە وەکو زانا و پسپۆڕانی بواری فەلسەفە و ئایین، ئەم بنبەستە دیارە نێوخۆییەمان دەگەڕێنینەوە بۆ نەبوونی “خاکەڕایی مەعریفی”، یاخود خاکەڕایی ئەقڵانی. ئەوەش هۆکاری قبووڵنەکردن و ڕێکنەکەوتنی بنچینەییە لەگەڵ بۆچوونگەلێك کە جیاوازن لە یەکترییەوە. بە جۆرێکی تر بیڵێین، ئەمێریکاییەکان چیتر گوێ ناگرن. کەواتە بۆچی خاکەڕایی ئەقڵانی ئەوەندە پێویستە؟ بێگومان ڕەنگە وەڵامی ڕاست خێراترینیان بێت؛ ئەویش ئەوەیە کە خاکەڕایی دژی ترسی زۆرینەی خەڵکە لەوەی هەڵە بن. وە ئەو ڕوانگەیەی کە پێیان وایە بۆ ئەوەی خۆت ڕاست بیت پێویستە کەسێکی تر بە تەواوی هەڵە بێت. بەڵام پێمان وایە کێشەکە لەوە ئاڵۆزترە و ڕەنگە سەرنجڕاکێشتر بێت. بڕوامان وایە خاکەڕایی مەعریفی مەترسییەکی دوو لایەنە پیشان دەدات کە وا دەکات خاکەڕاییبوون مەترسیدار دەرکەوێت، هەر وایش بووە، لەو کاتەوەی سوکرات لە ناخی فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا چاندوویەتی.
“درک کردن بەوەی کە نازانیت”
ئەگەر هاوڕێیەکت پێت بڵێت کە تۆ ژیرترین مرۆڤی سەر زەویت، ڕەنگە بەلاتەوە خۆش بێت؛ بزەیەک بکەوێتە سەر لێوانت و هاوڕای بیت، هەروەها بانگهێشتی بکەیت بۆ خواردنەوەیەک. بەڵام کاتێک سوکراتی خەڵکی ئەسینای کۆن ئەم هەواڵەی پێ ڕاگەیەندرا، بە سەر ڕاستانە و بێ بڕواییەوە وەڵامی دایەوە. هەرچەندە هاوڕێکەی لە پەرستگەی دێلفییەوە پشتڕاستی کردبوویەوە؛ کە سەرچاوەی پێشبینیکەری جیهانی دێرین بوو. ئەم وەڵامە خاكەڕاییەی “نا، لاچۆ لێرە. بە دڵنیاییەوە من ژیرترین مرۆڤ نیم.” بوو بە سەرەتایەک و پریشەکەیەک بەرەو یەکێک لە مەزنترین فەلسەفەکانی ژیان. سەرەڕای ئەوەی تەمەنی کەمێک گەورە بوو، سوکرات دەستبەجێ گەشتێکی ئەنجام دا بۆ دۆزینەوەی کەسێکی ژیرتر لە خۆی، چەندین ڕۆژی بەسەربرد لە گەڕان بە دوای دانا و زیرەکانی جیهانی کۆن. ئەم گەڕانە لە پەرتوکی “بەرگریی سوکرات”ی ئەفلاتووندا تۆمارکراوە. کێشەکە چی بوو؟ بۆی دەرکەوت کە دانا و زیرەکەکان لایان وا بوو زیاتر لە ئاستی خۆیان دەزانن. لە کۆتاییدا، سوکرات گەیشتە ئەوەی کە هەر بە ڕاستی خۆی ژیرترین مرۆڤە، چونکە لانی کەم ئەو “دەیزانی کە هیچ نازانێت.”
مانای ئەوە نییە کە سوکرات هیچی نەزانیوە، بەڵکو هەموو کات پیشانی داوە کە زۆر دەزانێت، هەمیشە بڕیاردانی باشی دەرخستووە. بگرە درکی بەوە کردبوو کە ئەو زانیارییانەی بانگەشەیان بۆ دەکات سنووردار بوون. ئەمە سەرەتای لەدایکبوونی “خاکەڕایی مەعریفی” بوو لە فەلسەفەی ڕۆژئاوایی؛ کە بریتییە لە داننان بەوەی لاوازی و کەموکوڕییەکانی مرۆڤ لە ڕووی فیکرییەوە وا دەکەن زیاتر بە دوای گەشەسەندن و لێکۆڵینەوەی هزرییەوە وێڵ بین.
“وروژاندنی دەسەڵاتداران”
بەڵام دەکرێ ئەمە بۆ هەندێک کەس جێی مەترسی بێت، بە تایبەت ئەوانەی کە تەواو دڵنیان خاوەن باوەڕێکی تۆکمەن. لە ئەسینای کۆن، وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکای ئەمڕۆ، ڕاستبوون بەسترابوویەوە بە پارە و دەسەڵات. سۆفستاییەکان دەستیان بەسەر چاندی دەوڵەتدا گرتبوو کە ئەوانە بوون هونەری ڕەوانبێژییان فێری نەجیبزادەکان و سیاسەتمەداران دەکرد و شاعیرانیان بە شانۆنامەنووسی دێرین ئاشنا دەکرد. شانۆی یۆنانی و شیعری داستانی بە تەواوی وابەستە بوون بە ئایینەوە، وە نووسەرانیان لەلایەن خەڵکەوە وەک زمانحاڵی بابەتە هونەری و ئەخڵاقییەکان دەبینران. لەوەش زیاتر، شانۆ و هۆنراوە بوارێکی پارەپەیداکردنیش بوون کە هۆنەرانی هان دەدا تاوەکو ئەقڵییەتێک بەرهەم بهێنن کە بڵێن “خێرا شکست بهێنە، باشتر شکست بهێنە” لە کۆتاییشدا ڕاستبوونی خۆیان دەسەلماند و پارەیان وەردەگرت.
سوکرات بە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە لە بتەکان و بۆچوونە جەمسەرگیرییەکانی چاندەکەی بوو بە هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتدارانی شارەکەی. کەسایەتییەکی گومانگەرا و پرسیارکەر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەوانەی کە ژیانیان بۆ بەرگریکردن لە باوەڕێکی بەڵگەنەویست تەرخان دەکەن، جا باوەڕبوون بێت بە خۆیان، سەرووترەکانیان یان خوداوەندەکانیان. یوسیفرۆ بە نموونە وەربگرە، کە یەکێک بوو لەو کەسایەتییە سەرەکییانەی لەگەڵ سوکراتدا گفتوگۆی دەکرد. یوسیفرۆ ئەوەندە دڵنیا بوو کە جیاوازیی نێوان ڕاست و هەڵە دەزانێت تاوەکو وای لێ هات باوکی خۆی بداتە دادگا. سوکرات بە خێرایی لەو دڵنیاییە دەری هێنا، زۆر مشتومڕی لەگەڵدا دەکرد دەربارەی مانای ڕاستەقینەی خوداناسی.
یان مێلیتوس بە نموونە، ئەو پیاوەی بە تۆمەتی تێکدانی ڕەوشتی گەنجان سوکراتی دا بە دادگا. بە گوێرەی گێڕانەوەی ئەفلاتوون لەسەر دادگاییەکە، وا دیارە سوکرات بە زوویی واتای “نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە” ڕوون دەکاتەوە، وەک لە مێلیتوس کە خۆی بەوە ناو دەبرد و هیچیشی لە نیشتیمانپەروەری نەدەزانی. سوکرات بەبێ هیچ خۆهەڵکێشانێک و بەبێ ئەوەی وا دەری بخات ڕاستیی ڕەها لای ئەوە، توانای هەبوو تیشک بخاتە سەر بۆچوونە بنەڕەتییەکانی دەوروبەری. خوێندنەوەی وتوێژە ئەفلاتوونییەکان، ئەو بەرهەمە فەلسەفییەی کە ژیان و فێرکاریەکانی سوکرات لە خۆ دەگرێت، وەڕەسکەرە. بەشێکی لەبەر ئەوەیە سوکرات بە دەگمەن بانگەشەیەکی ئەنجامگیری لەسەر بابەتەکان دەدات بە دەستەوە. بە کورتی، زیاتر پرسیار دەکات وەک لە وەڵامدانەوە. بەڵام ئەوەی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە سنگفراوانییەکەیەتی بەرانبەر گومان کە بەردەوامی بە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی دەدات، وە پاڵیان پێوە دەنێ بەرەو گەڕانی قووڵتر و زیاتر.
“باجدان”
مەترسیی دووەمی خاکەڕایی مەعریفی ڕەنگە ئێستا ئاشکرا بێت. ئەو مەترسییەیە کە سوکرات ڕووبەڕووی بوویەوە کە بە تۆمەتی تێکدانی مێشکی گەنجانی ئەسینا خرایە دادگا. مەترسییەکە بۆ خودی گومانگەرا خاکەڕایەکان. دوو تۆمەتی زۆر گەورەیان خستە پاڵی، یەکەمیان ئەوە بوو گوایە قوتابییەکانی فێرکردبوو لاوازترین ئارگیومێنتەکان بە بەهێز پیشان بدەن–کە لە ڕاستیدا سۆفستاییەکان بوون وایان دەکرد، نەک سوکرات. دووەمیش ئەوە بوو گوایە خودای نوێی داهێناوە، دیسانەوە ئەو نەبوو؛ بەڵکو شانۆنامەنووس و شاعیران وایان کردبوو. بە ڕاستی تاوانەکەی چی بوو؟ ڕەنگە تەنیا ئەوە بێت: سوکرات ڕەخنەی لە خۆبەزلزانی و دڵنیایی کەسە کاریگەرەکانی چاندەکەی دەگرت، ئەوانیش خستیانە دادگاوە و سزای مردنیان بەسەریدا سەپاند.
سوکرات فێری کردین کە خاکەڕاییبوون لەسەر دیدگای خۆمان هەنگاوێکی گرنگە لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا؛ ڕەنگە گرنگترین هەنگاو بێت. ئەمە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانە بوو، ڕەنگە هێشتاش وا بێت، چونکە ناچارمان دەکات بە گژ بیرۆکە پێشوەختییەکانماندا بچینەوە، دەربارەی ئەوەی باوەڕمان بە چییە، چی دەپەرستین و لە کوێدا بۆ مانا دەگەڕێین. خۆی دەخستە نێوان مشتومڕە جەمسەرگیرییەکانی ئەسیناییەکان دەربارەی ئەوەی باشە و ڕاستی چین، وە هەمیشە ئەو هێرشی دەکرایە سەر. فەیلەسوفی ئەمریکی، هێنری دەیڤد سۆرۆ، نوسیوویەتی: “خاکەڕایی وەکو تاریکی ڕووناکییە ئاسمانییەکان دەردەخات.” بە واتایەکی تر، خاکەڕایی لەسەر ڕاستی و دروستی و ژیریی بیرۆکەکانمان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوانی تریش هۆکاری بەجێیان هەیە کە بەو جۆرەی خۆیان بیر دەکەنەوە–هەتا ئەو کاتەی کە هەوڵ بدەی بە شێوازی ئەوان دونیا ببینیت. لە بەرانبەردا، خۆبەزلزانی ئەو “ڕووناکییە ئاسمانییە” خامۆش دەکات لەسەر ئەو شتانەی هێشتا بە تەواوی تێیان ناگەین.
خاکەڕایی بوون لەسەر هەڵوێستی خۆت مانای ئەوە نییە هەموو بۆچوونێکی کەسی و بێبنەما وەربگریت و ڕاستییە بابەتییەکان پەراوێز بخەیت. بەڵکو خودی بیرۆکەی ڕاستی گرنگە. وە دەتوانین بەیەکەوە بە دەستی بهێنین، ئەگەر هەموو کات ئامادە بین دان بە هەڵەی خۆماندا بنێین.
سەرچاوە:
https://theconversation.com/what-socrates-know-nothing-wisdom-can-teach-a-polarized-america-202696
نووسینی: J.W. Traphagan, John J. Kaag
وەرگێڕانی: دانا حەکیم