“چارەنووسی ڕەشپێستەکان وایە، بابەتی فیلمە باشەکان بن”
پێموانییە دەرهێنەری ئەمریکی (تەیت تایلۆر – Tate Taylor) ئاگاداری قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییە نەبووبێت، کە لە ئەستۆی بووە، وی بڕیاریدا کار لە چیرۆکی فیلمی (The Help) بکات، پشتیوانیکردنی بابەتێکی سینەمایی کە پێش تۆ کراوە کارێکی سەختە، بەڵام ڕەنگە گەمەکە پێچەوانە ببێتەوە و سەرکەوتنیش ببێتە دووهێندە، بەمەرجێک بتوانرێت کارە نوێیهکە ڕەهەندی نوێی داهێنەرانە ئاشکرا بکات و دەستەکەوتەکانی پێشوو تێبپەڕێنێت و هەیمەنەی بەسەردا بکات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بەرهەمە سینەماییانەی کە بابەتی جیاوازی ڕەگەزی وەک تەوەرێکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ کردوون، لەسەر هەموو ئەوانە پێویست بوو کە بڕیاریان لەسەر ئەوە داوە کە کار لەم تەوەرەدا بکەن ئەو بەها جوانیناسییە تێبپەڕێنن کە لەلای بینەر سینەما لەسەر ڕاهاتوون لەمەڕ ئەم تەوەریە.
ڕەنگە حساباتەکانی پێشوو لە پشت وریایی هونەرییەوە بووبێت کە دواجار بوو بە هۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە فیلمی (The Help) بەدەستی هێنا، یەکێک لە دیارترین خاڵە ڕەشەکانی مێژووی ئەمریکا بەڵکو بە یەکێک لە دووڕیانە ئەخلاقییەکان دادەنرێت بابەتی ڕەگەزپەرستییە، لەبەرئەوە ئەم بابەتە بابەتی دەوڵەمەند بۆ سینەمای ئەمریکا دەستەبەر دەکات و پێکدەهێنێت، کێ هەیە فیلمی (American History X) و فیلمی (Men of Honor) و فیلمی (A Time to Kill) لەیاد بکات؟ لیستێکی درێژ هەیە کە شاکارە سینەماییە نەمرەکان لەخۆدەگرێت، لێ هەرکەسێک لە فیلمی (The Help) ڕابمێنێت بۆی دەردەکەوێت کە جیاوزییەکی زۆری لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هەیە، دەرهێنەر مامەڵەی لەگەڵ دەقێکدا کردووە کە ناوبانگ و بینەری خۆی هەیە، لەبەرئەوە پێی باش بووە کە تەنگاتەنگ بە دەقەوە بنوسێت و لێی لانەدات، تەنها لە پڕۆسەی نوسینەدا نەبێت، دەرهێنەر لەڕووی زەمەنەوه ئێمەی بردەوە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو، لە ڕووی شوێنیشەوە شاری جاکسۆن -میسیسپی. مێژوو شایەتحاڵی یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکان بوو کە ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا بەدەستییەوە ناڵاندویانە، لە ڕوانگەی سەردەست و باڵادەستە سپیپێستەکانەوە مرۆڤ ڕەشپێست جگەلە کۆیلەیەک هیچی تر نییە و مافی یەکسانی ڕەگەزایەتییان نییە، ئەم پێشێلکارییانە فۆرمێکی فەرمی وەرگرتبوو، کە خۆی لە کۆمەڵێک بریاردا دەبینییەوه، لەوانە؛ قەدەغەکردنی چارەسەرکردنی ڕەشپێست لەلایەن پزیشکی سپیپێستەوە، هەروەها هاوسەرگیری ڕەشپێست و سپیپێست بە تاوان لە قەڵەم دەدەرێت… هتد، وە هەر ڕەگەزێک توالێت و مشتەمەلاتی تایبەت بەخۆی، هەتا دەرفەتی بەرکەوتنی هەردوو ڕەگەزەکە زیاتر بێت ئەوا لەگەڵیدا جەور و ستەم زیاتر دەبێت، ئەو خزمەتکارەی کە لە ماڵەکەدا کاری دەکرد ئەوا لێیقەدەغە بوو توالێتی و موشتەمەلاتی ماڵەکە بەکاربهێنێت، بەڵکو توالێتی تایبەت بەخۆی هەبوو، هاوڕێ لەگەڵ چەندان یاسای و بڕیاری هاوشێوە کە ڕەشپێستان بە بێدەنگ و لاوازی ڕووبەڕووی بوونەوە، لەبەرئەوە پشکی ئەوان لە هاوکێشەی ژیاندا کاری قورس بوو، لێ ژنانی ڕەشپێست تەنها لە ماڵدا کارییان دەکرد و بەخێوکردنی منداڵانی سپیپێستییان لەئەستۆ بوو.
چیرۆکی فیلمەکە کاتێک دەستپێدەکات کە “سکیتەر” (بە ڕۆڵی ئێما ستۆن) دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە کە لە زانکۆی میسیسیپی دەرچووە و بۆتە ڕۆژنامەنووس، لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆی دەردەکەوێت کە بەخێوکەرەکەی ئافرەتێکی ڕەشپێست بووە بەناوی “کۆنستانت” کە زۆر وابەستەی بووە، بەڵام دیار نەماوە و ونە و بەهیچ شێوەیەک قاناعەتی بەو چیرۆکە نەکرد کە دایکی پێیگوت کە بەحساب ناوبراو بۆخۆی ڕۆیشتبێت و ماڵی جێهێشتبێت، “سکیتەر” خەونێکی گەورەی هەبوو لە سەرەوتنی لە بواری ڕۆژنامەوانیدا بۆیە هەر لەسەرتاوە بەدوای کارێکدا گەڕا لە ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی، هەر لەوێشدا ستوونێکی سەبارەت بە کاروباری ماڵەوە پێدرا، بۆ ئەم ئەرکە تەنها خزمەتکارە ڕەشپێستەکەیان (ئیبلین) شک برد بۆئەوەی کۆمەکی بکات، لەبەرئەوە یەکەمین پرسیاری لەم خزمەتکارە کرد و گوتی؛ هەستت چۆنە کاتێک منداڵێکی سپیپێست بەخێودەکەیت لەکاتێکدا لە ماڵەوە کەسێک منداڵەکەی تۆ بەخێو دەکات؟ لە وەڵامی پرسیارەکەدا (ئیبلین) ئازار و ناسۆریەکی گەورەی ئاشکر کرد و بواری پرسیارێکی دیکەی بۆ “سکیتەر” کردەوە، ئیدی لەدوای ئەم قۆناغە پرسیارەکانی “سکیتەر” لە نووسینی ستوونێکی ڕۆژنامەوە دەگۆڕێت بۆ نوسینی کتێبێک کەتێیدا باس لە ئازار و ناسۆرییەکانی ئافرەتە خزمەتکارە ڕەشپێستەکان بکات، ئەم پڕۆسەیە بەهیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو، چونکە هەموو کەسێک لە لەدەستدانی کارەکەی دەترسا، چونکە بیرۆکە نامۆکە ئەوەیە کە ڕەسپێستەکان لە کۆمەڵگادا بەکۆیلە دەکرێن، بەڵام “سکیتەر” پێداگریی لەسەر نووسینی ئەو کتێبە کرد و بە شێوزای جۆراو جۆر هەوڵی ڕازیکردنی (ئیبلین)ی دا و کە دواتر هاوڕێکانی (ئیبلین)ی لە کتێبەکەدا بەشدار کرد(پرسیاری لێکردن و وەڵامی لێوەرگرتنەوە)، هەڵبەتە کۆکردنەوەی چیرۆکی هەموو ئەم کەسانە لە دووتوێی کتێبێکدا ئاسان نەبوو، بەڵکو نزیک بوو لە نائومێدی ئەگەر چوارچێوەی ئەو پەرەسەندنە نەبوایە کە چیرۆکەکە دەخواست و هاوڕێ لەگەڵ قەبارەی ئەو فشارانەی کە لەسەر خزمەکارەکان بوون، لە هەمانکاتدا کوشتنی یەکێک لە سەرکردەی ڕەشپێستەکان لەو دەمەدا، هەموو ئەمانە هاندەر بوون بۆ بەشداری کردن لەم کارەدا، “سکیتەر” باجێکی زۆریدا بۆ سەرپێخستنی ئەم کارە (نووسینی ئەم کتێبە) و لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ڕووبەڕووی هاوڕێ و خانەوادەکیشی بوویەوە و بەریەککەوتن.
دەبوو لاینگری لایەنێک بکات یان هاوڕێ و خانەوادەکەی یاخود خزمەتکارەکان، بەڵام وی پشتیوانی خزمەتکارەکانی کرد چونکێ لە یادەوەری “سکیتەر” دا خزمەتکارەکان درێژکراوەی وێنەی “کۆنستانت” بوون کە تا ئەوکاتەش لەبیر نەکردبوو، ڕاستە دەرهێنەر دەستوپەنجەی لەگەڵ فیلمنامەیەکی باش و دەوڵەمەنددا کردووە بەڵام کایەی فێری کردوین کە بە تەنها پشتبەستن بە سیناریۆیەکی باش و سەرکەوتوو هەمیشە فیلمی باش بەرهەمناهێنێت، واتە پێویستە کۆی ڕەگەزەکانی سینەما باش و سەرکەوتووبن، ئەوەی من لێرەدا دەکارم پشتڕاستی بکەمەوە (بۆئەوەی هەوڵی دەرهێنەر کەم نرخ نەکەم) ئەوەیە لایەنی تەکنیکی و هونەری ئەم فیلمە پیشەیی ئەم بەرهەمە لە ئاستێکی بەرزدایە، لەڕووی زمانی وێنەوە لە زۆر ڕەهەندەوە لەو فیلمانە سەرکەوتووترە کە لە دەرگای هەمان تەوەریان داوە، لەم فیلمەدا هاوکێشەیەکی تەکنیکی نایاب دەبینین کە کە گوزارشت لەو سەردەمەدا دەکات، کە بریتییە لە پەنا بردنە بەر جوڵەی خاو و لەسەرەخۆ، مەبەستیشم لەسەرەخۆیی ئەوە نییە کە بینەر بێزار دەکات بەڵکو خاوبوونەوەیەکی جوان و هونەری کە وات لێدەکات بیر لەوە بکەیتەوە کە تەماشای دەکەیت، لەگەڵ نەبوونی تەواوەتی دیمەنی خێرا یان پڕجوڵە(ئاکشن)، کە وای لە فیلمەکە کردووە وەک کڵێشەیەکی ڕەگەزپەستی دەربکەوێت ئەوەیە کە بە ئارامی مامەڵەی لەگەڵ چارەسەرکردنی تووندوتیژیدا کردووە، ئەمەش ئەوەیە کە دەرهێنەر تا ڕادەیەکی زۆر تێیدا سەرکەوتوو بووە، هەروەها فیلمەکە بەوجۆرە پیشاندراوە کە گوزارشت لە ڕۆحی ئەو سەردەمە بکات، سەرنجڕاکێشترین دیاردە لە فیلمەکەدا نواندنە، جگەلە ئەکتەری گەنج (ئێما ستۆن-سکیتەر) هەردوو ئەکتەر خاتوو (ڤیۆلا داڤیس – ئیبلین) و خاتوو (ئۆکتاڤیا سپنسەر – مینی) کە خۆیان ڕەشپستن پێدەچوو بۆ ئەوان بابەتەکە زیاتر بێت لە فیلمێک، ئەم فیلمە ئێمەی گەڕاندەوە بۆ شەستەکان و ئەو کۆژانە بە شێوەیەکی نایاب بۆ بینەر بگوازێتەوە، ڕەنگە ئەم نواندنە قەشەنگە بۆ هۆکارگەلێک بگەڕێتەوە بۆنمونە وەک هەماهەنگییەکی باش لەنێوان ئەکتەر و دەرهێنەردا، وە سەرسامییەکی زۆر بە چیرۆکی فیلمەکە بەبێ ئەوە ڕۆڵێکی دیکە لەیاد بکەم (کە زۆر سەرنجی لەسەر دەدەم) ئەویش ئەوەیە کە ئەم دوو خانمە ئەکتەرە چیرۆکێک دەگێڕن کە خەڵکانێک هەمان هەمان ڕەنگی پێستیان هەیە و پێوەی دەناڵێنن.
تا ئەو دەقەی کە فیلمەکەی لێوەرگیراوە – ڕۆمانی خانمە ڕۆمانووسی ئەمریکی کاترین ستوکت – بە هەموو پێوەرێک دەقێکی سەرکەوتوو بێت، قسەکردن لە فیلمنامەکە پێویستی بە ڕەچاوکردنی چۆنێتی گوزارشتی (دەربڕین بە نواندن) هەیە لە ساتەوەختی نووسینیدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زمانی دیالۆگ بۆمان دەردەکەوێت کە دەرهێنەر دەرفەتێکی بۆ دەرباز بوونی دەقەکە لەبن دەستی نەهێشتووەتەوە، بەڵکو دەیزانی چلۆن دەوڵەمەندی زمانەوانی و هونەری ڕۆمانەکە بگۆڕێتەسەر زمانێکی بینراوی سەرسوڕهێنەر، هەڵبژاردنی ڕەنگەکان کاریگەری جوانی لەسەر پرۆسەی پێشوازیکردن هەبووە، ڕەنگەکان گوزارشت لە ناواخنی فەزا و کەشومودی شوێنکاتی لەلایەک و دەربڕینی دڵەڕاوکێی ئافرەتە ڕەشپێستە خزمەتکارەکان هەبوو لەلایەکی دیکەوە دەکەن، ئەمەش وا دەکات ئەو قسەیەی کە دەڵێت دەقەکە زامنی سەرکەوتنی فیلمەکەی کردووە قسەیەکی ناڕاست و ناقۆڵا بێت.
لەمیانەی ئەو وتارانەی کە لەمەڕ ئەم فیلمە دەنووسران – تەنانەت لە دەرەوەی ئەمریکاش – ئەو خوێندنەوەیەی کە بۆ ئەم فیلمە کراوە سەبارەت بە بابەتی “ڕەگەزپەرستی “یە، واتە تێمای وتارەکەن لە دەوری ڕەگەزپەرستی لە فیلمەکەدا سوڕاونەتەوە، که خوێندنەوەیەکی تەواو دروستە، لێ ئەوەی نیازمە لێرەدا تیشکی بخەمەسەر ئەو ڕۆڵەیە کە ڕەنگە ڕۆژنامەنووس لە گۆڕینی ڕەوتی ڕوداوە مێژووییەکاندا بیگێڕێت، ڕۆژنامەنووس “سکیتەر” هەموو شتێکی بە ژیانی کەسی خۆی و خانەوادەکەشییەوە پشتگوێخست و بەئەرکی خۆی هەستا و دۆزێکی وەرگرت کە دوور و نزیک بۆئەو هیچ سودێکی نەبوو (وەکو ئەوەی هاوڕێکانی گوتیان) بەڵام دۆزەکەی گەیاندە شوێنێکی ئەمین و پارێزراو، دوای ئەوەی کتێبە چاپکراو و بە فراوانی خوێندرایەوە، یارمەتیدەر و بەشدارییەکی زۆری کرد لە پێشخستنی پرسی جیاکاری ڕەگەزی لە ئەمریکا. بەکورتی ئێمە لەبەردەم کارێکداین کە جێگای خۆی لەنێو شاکارەکاندا دەپارێزێت، هەرچەندە سەرۆکاری لەگەڵ چیرۆکێدا کردووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی بیست بەڵام ئێستاکێ خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە گەلی ئەمریکا دەکات، جا بە بیرهێنانەوەی پرسێکی مرۆیی وەک ڕەگەزپەرستی بێت یاخود هەموو ئەو پزیسکانە بکوژێنێتەوه کە ڕەنگە جارێکی دیکە ئاگری ڕەگەزپەرستی هەڵبگیرسێنێتەوه.
نووسین: سلێمان حەقیوی
وەرگێڕان: شڤان نەوزاد