“لەو ڕێگەیەی گرتوویەتیە بەر وبەجێی ناهێڵێ ئەگاتە جێ، بە بەردەوامی هیچ دەرئاسایەك نیە تەنها ئامادەیی بوون”
(لۆبا: 242)
دایان دیپریما ژنە شاعیری بە ڕەگەز ئەمریكی ئیتاڵیایی لە 6ی ئابی 1934 و لە دایكبووی شاری برۆكلینی ویلایەتی نیۆركی ئەمریكایە. تاكە كچ و منداڵی گەورەی فرانسیس و ئێما دیپریما بووە. سەرەتای ژیانی بە خولیای بۆ زانین و فێربوون دەست پێ ئەكات و لە ساڵی 1951 چووەتە كۆلێژی سوارتمۆ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڵام دوای دوو ساڵ دەستبەرداری خوێندن لەبواری فیزیادا ئەبێت و ژیانی تەرخان ئەكات بۆ شیعر. شیعر بۆ ئەو زیاترە لە نووسین و پتر شێوازی ژیانكردنە پێویستی بە بوێری و نەترسانە بۆ بەدیهێنان. لە پێناوی خەونەكەی پەیوەندی بە كۆمەڵە بۆهیمییەكانەوە ئەكات لە گوندی گرینوینچی مانهاتن. لە نێوان نەوەی بیت و جوڵانەوەی هیپی دا دەستی بە نووسینی شیعری هەڵگەڕانەوە كرد. تاوەكو ئەو ڕێباز و نۆرمە ژیانە ڕەت بكاتەوە كە بەربەستی بەردەم ئازادی و مافی ژیانی ئەو نەوەیەی ئەون. ئەگەرچی جوڵانەوەكە ناكۆك بوون لەگەڵ بەشداری ژنان و بە ڕەخنەی گاڵتە ئامێزانەوە لێیان ئەڕوانی. بەڵام دیپریما هەر زوو بوو بە یەكێك لەو ژمارە كەمە ژنەی كە چوونە پاڵ ناوە سەرەكی و داهێنەرەكان و بوو بە ئەندام و نووسەر لە جوڵانەوەكەدا و هاوڕێیەتی لەگەڵ جۆن ئاشبێری، ئالن گیسنبێرگ، جاك كیرۆواك، دێنیس لێڤاتۆڤ و فڕانك ئۆهارا پەرەپێدا. ئالن گیسنبێرگ وەكو سەرمەشقێكی نەوەكە سەرەڕای تێڕوانینی ڕەخنەگر و نەرێنییانەی سەبارەت بە بەشداری ژنان لە گوزارشتی سەركێشی و ئازایەتی دایان دیپریمادا ئەڵێت: “ئەو تاكە نووسەرێكی بەهێزە كە توانیویەتی دەست بە مانەوەی خۆیەوە بگرێت”.
شیرینم
كاتێك تێپەڕبوویت
لێرەدا
شاعیرێك ئەدۆزیتەوە
بە تەواوی هەمان ئەوە نا كە هەڵت ئەبژارد
بەڵێنی ئەوەت پێ نادەم
هەرگیز برسی نەبی
یا دڵتەنگ
لەم سەر زەمینە
وێرانكەر و تێكشكێنەرە
(گۆرانی بۆ منداڵێكی لەدایك نەبوو)
دیپریما لە ساڵی 1958 دا یەكەم كتێبە شیعریی خۆی بەناوی (ئەم جۆرە باڵندەیە بەرەو دواوە ئەفڕێت (بڵاوكردەوە، سێ ساڵ دواتر هاوبەشی كرد لە دامەزراندنی شانۆی شاعیرانی نیۆرك و لەگەڵ لێرۆی جۆنز بوو بە سەرنووسەری هەواڵنامەی میمۆگرافیی ورچی هەڵفڕیو (The Floating Bear) و تا ساڵی 1969 لە هەواڵنامەكەدا مایەوە. لە هەواڵنامەكەدا كە لەڕێگەی پۆستەوە بەسەر ماڵاندا دابەش ئەكرا چەند لاپەڕەیەكی تایبەتكرد بۆ نووسینەكانی ئالن گیسنبێرگ و هاوڕێكانی ویلیلم بۆرۆس، ڕۆبن بڵەیسە. ڕۆبێرت كریڵی و فیلیپ واڵن و تا ساڵی 1969 لە هەواڵنامەكەدا مایەوە. ساڵی 1964 لەگەڵ هاوسەری یەكەمی ئالان مارلۆ چاپخانەی شاعیرانیان دامەزراند كە كتێبەكانی دەیڤد هێندەرسۆن، كڵایڤ ماتسۆن، هێربەرت هانك و ئۆدری لۆردی تێدا بڵاو كرایەوە.
لە ساڵی 1968 دیپریما ڕووی لە كالیفۆرنیا كرد و لە كولێژی نیو، كۆلێژی كالیفۆرنیا بۆ هونەر و پیشەسازی، پەیمانگای هونەری سانفرانسیسكۆ و پەیمانگای كالیفۆرنیا بۆ توێژینەوە وانەبێژ بووە. هەروەها یەكێك بوو لە شاعیرانی دامەزرێنەری قوتابخانەی جاك كیرۆواك بۆ شیعری نابەرجەستە Disembodied Poetics. لە كۆتایی شەستەكاندا بەشداری لە بزووتنەوەیەكی سایكە دەلیكدا كرد. دواتر گواستییەوە بۆ سانفرانسیسكۆ و پەیوەندی بە گرووپی دیگەرزەوە كرد.
لە نێو قۆڵەكانی كراسدا پیاوێكی بەهێز بوونی نیە
كە بە درێژایی ڕێگەكە لەگەڵتدا بێت
چێشتخانەكەم: گەرم و كراوە
وەكو پشیلەیەك خۆمم تیا گرمۆڵە نەكردووە
منداڵێكی نوستوو و خەندەكردن
فریودەرانە!
نە قاپشۆرێك و نە ئامێری جل شتن
بەدوورنازانرێت، گوڵێكی لێ نیە
قاچی دڵخواز، گلەیی و گازاندە
شیعرەكانی دەربارەی هاوسەرگیری
(پارچە گۆرانییەك:132)
دیپریما دایكی پێنج منداڵ بوو و ژیانە هونەرییەكەی ئاوێتە بە خوێندنی زێن بودیزم و هونەری ماجیك و وانە وتنەوە كرد. شیعری دیپریما شۆڕش و هەڵكشان بوو لە ناوەڕۆكی شیعردا بۆ نموونە لە كارێكی گرنگیدا بەناوی نامە شۆڕشگێڕییەكان(1971) ناوەڕۆكی شیعر هەڵئەكشێنێت بەوەی تێهەڵكێشی كایەی ڕاپەڕینی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەكات و جەخت لە بەهای بەرەنگاربوونەوەی تاكەكەسی و كۆمەڵ ئەكاتەوە بەرامبەر بە هەموو جۆرەكانی ستەمكاری. دیپریما ژیانی خۆشگوزەرانی ماتریاڵیستی و كەپیتاڵیزم ڕەت ئەكاتەوە و دژ بە كۆمەڵگەی پاتریاركی خەبات بۆ دەستەبەری فەزایەك بۆ ماف و ئازادی ژنان ئەكات. بەهۆی ڕاشكاوی و بوێرییەوە لە نووسین دەربارەی سێكسواڵیتە، فێمێنیزم، جیاوازی چینایەتی و هەموو جۆرەكانی ستەم و دژایەتی كولتوور و ..هتد، .ئەینووسی و بە بەردەوامی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەهۆی ناوەڕۆكی ڕادیكاڵی نووسینەكانیەوە خراوەتە ژێر چاودێری و لە ساڵی 1961 لە لایەن دەستگای هەواڵگری FBI دەستگیركرا بەهۆی ناوەڕۆكی دوو شیعر لە هەواڵنامەكەیدا.
تازە لەوە تێگەیشتووم ئەوەی گرەوی لەسەر ئەكەم خۆمم
بە دەر لەوە شتێكی ترم نیە
نە پارەی فیدیە و نە شتێك بۆ بە زایەدان یا ئاڵوگۆڕ، جگە لە ژیانم
ڕۆحم بۆتە جێی مامەڵە و پارە پارە بڵاو بۆتەوە
لەسەر مێزی ڕۆڵیتەكە، ئەوەی لە توانامدایە وەری ئەگرمەوە
هیچ شتێكی ترم نیە فڕێی بدەمە ژێر لووتی مەیتری دی جو*ەكە
نە شتێك لە پەنجەرەكەوەی فڕێ بدەمە دەر, نە ئاڵای سپی*
ئەم گۆشت و خوێنەی هەمە تەنیا شتێكە پێشكەشی بكەم و شانۆیەكی لێ بسازێنم
ئەم سەرەم كە لە ڕێیە، لەگەڵ هەر تەوژمێكمدا لە پێشێیە
بەسەر ئەم بۆردە خلیسكەی ڕۆیشتندا، ئێمە بێوچان هەنگاو ئەنێین
لە نێوان هێڵەكانیدا هیوا ئەخوازین.
(نامە شۆڕشگێڕییەكان: نامەی یەك)
سەرەڕای ئەندامێتی لە نەوەی بیت دا، دیپریما دان بەوەدا ئەنێت كە بزووتنەوە ئەدەبییەكە باندی كوڕان و لە هەردوو كتێبی “بیرەوەرییەكانی بیتێك” و “بیرەوەرییەكانی ژیانم وەكو ژنێك” ئەو بەربەستانە ئاشكرا ئەكات كە ڕووبەڕووی ژنان ئەبووەوە لە كایەی نووسین و بڵاوكردنەوە و دەركەوتندا. هاوكات خۆی بە دوور گرتووە لە كینە و دژایەتی ڕەگەزی بەجۆرێك كاتێك باس لە كاركردن و هەماهەنگیكردنی ئەكات لەگەڵ پیاواندا پاڵپشتی و ئامادەیی هاوڕێ پیاوەكانی بەرز ئەنرخێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی مێینەبوون و دەزگای پیاوسالاری كاریگەرییەكی گەورەی بەسەر نووسینەكانی دیپریماوە هەیە بەتایبەت لە كورتە شیعر و فراگمێنتەكانی “ئەم جۆرە باڵندەیە بەرەو دواوە ئەفڕێت” و “ئێوارەخوانی كابووسەكان”دا كە تێیدا وێنەی شێوە ژیانی ئایرۆنی بیتنیك و تاڵاوی لەباربردنی منداڵ ئەكێشێت تا ئەگاتە بەرجەستەكردنی عیرفانییانەی خواوەندی مێینەی گورگ لە داستانە شیعری لۆبا دا. لە لۆبا دا وێنەی سرووشتی ژنێكی نەرم و هەمیشە گۆڕاومان بۆ ئەكێشێت. دیپریما بەدواداچوون بۆ هەموو مۆدێل و وێنا سنووردار و لەقاڵبدراوەكانی مێینەیی و ژنبوون ئەكات كە گوتارەكانی پاتریاركی بەرهەمی هێناون لە كۆمەڵگەدا و ئاماژە بە دەستەوەستانییان ئەكات لەبەرامبەر ئازادبوونی ئەو دەسەڵات و توانستی داهێنانەی وەكو پۆتێنشیاڵێك لە خواوەندی ژندا هەن:
ڕێگاكان نەبەستراون
كراوەن بە ڕووماندا
وەكو كرانەوەی ئێمە
بە ڕووی بوێریماندا
دەزگایی مێینەیی و ئەزموونی ژنێتی تەنیا وەكو ڕەنگدانەوە لە كارەكانی دیپریمادا نین، بەڵكو تێمای سەرەكیی تێكۆشانی ئەون. وەكو وانەیەكی بەهادار لە ژێر ڕستەی “پێداویستییەكانی ژیانمان ڕوخساری هونەریمانن”. ئەم مانترایە بوو بە وێردی سەر زمانی ژنانی دیكەی جوڵانەوەی بیت. ئەمەش سەرەنجی لەسەر بابەتە دیاریكراو و ڕاشكاوەكان لەبارەی ڕگەزێتی چڕكردنەوە كە ژنان وەكو دیپریا پێویستیان بە پەرەپێدانی هونەری بوو لە پێناویدا. بە هەر شێوازێك بێت لە پێناو ئامانجەكەی خۆیاندا ڕێگەیان گرتەبەر. دایان دیپریما هەموو پەیوەندییەكی پلە و پایەیی لەگەڵ نەوەی بیت هەڵوەشاندەوە لە كۆتا بڵاو كراوەی خۆیدا بەناوی گرێبەستی شیعر(2014). كە تێیدا جەختی لەسەر سەربەخۆیی و خۆژیاندنی ڕوانگەی شیعر و ڕەوتی بەرپێنەگیراوی داهێنانی شیعری بە درێژایی تەمەن و نەوەكان كردووە.
ئەوە نەوەیەك نیە
كە هەڵئەكۆڵێت
ئەوە دۆخێكی بیركردنەوەیە
شێوازە ژیانێكە
بەردەوامە
بە درێژایی چەندین سەدە
هەروەها ڕێگەیەكی نووسینە
شیعری بیت تەمەندارترە
لە چەمەنزاری ئەكادیمیا
تەمەندارترە لە ئەپۆڵۆ
یا پیتاگۆراس
(بەردەوامی بیت:81)
دیپریما بە چاوی ترادیسیۆنی پێشینان نەی ئەڕوانییە شیعرەكانی و خۆی بە هیچ گرووپێكی دیاریكراوی شیعرییەوە نەبەستبوووە. ئەو نەزرە شیعرییەی لە چواردە ساڵیدا كردبووی لە هەشتا ساڵیدا دووبارەی كردەوە؛
دەتوانیت ئەو وێنە دڵخوازەی لەسەر منت هەیە بیسوتێنیت ڕێبەریم بكەی بۆ هەر ڕێگا یان نا ڕێگا یا هەر شوێنێك: ناتوانیت بە درێژایی ساڵانێك لەسەر هەمان ئەقڵییەتت بمێنیتەوە و من هێشتا باوەڕت پێ بكەم، تۆ: دەستبەرداری مێردەكەت، بنەچە و كارەكەشت ببە ئەگەر ئەخوازیت (مامەڵەی شیعر,20).
نووسەری زیاتر لە چل كتێبی شیعریی كە لە سی كۆمەڵە شیعر پێكهاتوون، هەروەها شانۆنامە، كورتە چیرۆك، ڕۆمان و نووسینی دیكە. براوەی خەڵاتی سانفرانسیسكۆی تایبەت بە شیعر لە ساڵی 2009، خەڵاتی تەمەنی ناشناڵ پۆیتری ئەسۆشیەیشن و خەڵاتی دەسكەوتی تەمەنی فرێد كۆدی.
دایان دیپریما چالاكوانی شۆڕشگێڕی ڕێنسانسی ئەدەبی نەوەی بیتی ساڵانی شەستەكان. بوێر لە ژیان و شیعردا, بۆهیمییەكی قۆشمەچی، بە پەروەردەیەكی كلاسیكی ڕادیكاڵی سەدەی بیستەم، نووسینەكانی ئاوێتەی یەكسانیخوازیی بودایی نموونەی هۆنراوەیی و شێوازی سیاسی و عیرفانی بوو، دژایەتیكردنی ستەم و بەربەستەكانی ڕەگەزی و سێكسیزم و چینایەتی ڕۆحی نێو دێڕە شیعرییە درەوشاوەكانی بوون. لە 25 ی تشرینی یەكەمی 2020 لە سانفرانسیسكۆ كۆچی دوایی كرد. تا كۆتایی تەمەنی بەردەوام بوو لە ئاوێتە بوونی بە شیعر تاوەكو هەمیشە نەمری و سەوزی پابەندبوونی خۆی بە شیعرەوە بهێڵێتەوە؛
ئارەزووی ژەمە ڕۆژانەییەكەمم
هەرچەندە تۆ ڕێكی بخەیت، من حەزی لێ ئەكەم
بۆ ئەوەی نانم هەبێت، بۆ ئەوەی ڕزق و ڕۆزییم هەبێت تەنانەت پاش ئەوەش
من گوزەرم كرد، ئەبێتە گۆرانییەك و ئەتوانن ڕێڕەوێك لەگەڵیدا بڕۆن
(مامەڵەی شیعر:19)
سەرچاوەكان:
https://poets.org/poet/diane-di-prima
https://ebsn.eu/scholarship/voices/this-kind-of-bird-flew-backwards-diane-di-prima-1934 -2020/