٢٠٢٠/٩/٢٥ لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٢٥/ئەیلول/٢٠١٧) خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژی ٩٣٪ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئازادانە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی هەرێم دا. ئەوانەش کە بەشەرمەوە دەنگیان دا، کارێکی باشیان کرد. ڕیفراندۆم ئەو ڕاستییە بوو کە دراوسێکانی کوردیش دەیانزانی، بەڵام نەیانویستووە و نایانەوێت پانتایی ئەو خاکە کەم ببێتەوە کە دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە. هەروەها ئازادی و بوون بەدەوڵەتی خۆیان پێ قبوڵە و ئازادی و بوون بەدەوڵەتی کوردیان پێ ڕەفزە.
هەستێک لە ناخی تاکەکانی کورد و تاکەکانی ئەو دراوسێیانەشدا هەیە کە کورد و ئەوان دوو نەتەوەی جیاوازن و کورد نایەوێت لەژێر سایەی ئەواندا بێت. ئەوەش مافێکی ڕەوای هەموو میللەتێکە و، کوردیش لێی بەدەر نییە.
ڕیفراندۆم لەناو خودی کورد دا لایەنگر و نەیاری هەبوو. تەنانەت نەیارەکانیش دژی ڕیفراندۆم و مافەکانی کورد نەبوون، بەڵکو کاتەکەیان پێ گونجاو نەبوو. ئەوانە زۆرجار جەخت لە نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەنەوە کە داوای لە سەرانی کورد کردبوو یەک ساڵ ڕیفراندۆم دوابخەن.
بەڵام با لێرەدا ڕاشکاوانە پرسیارێک بکەین: ئەگەر کورد ڕیفراندۆمی بۆ ساڵێک دوابخستایە، ئایا ئەمریکا هیچی بۆ کورد دەکرد؟ بێگومان نەخێر. دۆناڵد ترامپ بە کوردەکانی ڕۆژئاوای نەگووت (ئێوە پارەی خۆتان وەرگرت؟). لەوە زیاتر دەبێ کورد چاوەڕێی چی بێت؟
ئەگەر هەڵسەنگاندێک بۆ ڕیفراندۆم و کاتەکەی بکەین، من وای دەبینم کە خودی ڕیفراندۆم کارێکی باش بوو و، کاتەکەشی گونجاو بوو. ئەوەی ئەرکی سەرشانی کورد بوو بەرانبەر ئێراق جێبەجێی کردبوو. کورد لە بنیاتنانەوەی ئێراق بەشدار بوو. هەروەها لە شەڕی داعشدا بەشدار بوو و، هیچ مەترسییەکی گەورە لەسەر ئێراق نەمابوو. بارودۆخەکە لەبار بوو بۆ ڕیفراندۆم.
کورد دەیزانی دوای ڕیفراندۆم دراوسێکانی ڕەتی دەکەنەوە و فشاریش دەخەنە سەر کوردستان. هەروەها دەشیزانی کە دۆستەکانی دوورەپەرێز دەوەستن، بەڵام دەبوو ئەوە بسەلمێنێت کە هەموو کاتێک بەدوای مافەکانی خۆیەوەیەتی و قوربانیی گەورەی بۆ داون.
ئەوانەی ڕیفراندۆمیان کرد و، ئەوانەی لە پشتی بیروهزری ڕیفراندۆمەوە بوون، سەروەریی مێژووییان بۆخۆیان تۆمار کرد. ئەوەی گرنگە بۆ کورد بڕیار و هەڵوێستی سەرانییەتی، نەک کاردانەوەی دراوسێ و بەناو دۆستەکانی، چونکە ئەوان لە کاتی ئاشتی و هێمنیشدا پلانی شکستهێنانی کوردیان هەیە.
دەبوو دروسێکانی کورد ئەو سەروەرییەیان بۆخۆیان تۆمار بکردایە و، هاوکاری کورد بوونایە بۆ گەێشتن بە مافەکانی. خۆ کوردیش وەک ئەوان موسوڵمانە و ئیسلامیش مافی هەموو کەسێکی داوە.