“یاداشتێک بۆ شیعری (دوکانی تووتن)”
ساڵی 1928 فێرناندۆ پێسەوا، یەکێک لە هەرە سەیر و سەمەرەترین شاعیرەکانی دونیا، شیعری دوکانی تووتن دەنووسێت. پاش نزیکەی سەدەیەک لە نووسینی ئەو شیعرە، هێشتاش ئەستەمە جیهان بتوانێت لە هیچ قوناغێکی مێژوویی خۆیدا دەستبەرداری ئەو شیعرە ببێت، کە بەقوڵی و چڕییەکی بێهاوتاوە، ڕازە هەرە پەنهانەکانی خود و دەروون دەدرکێنێت. ئەو شاعیرەی هەمیشە دەیپرسی:
چۆن دهکرێ بزانم دهبم به چی، له کاتێکدا
ههتا نازانم من کێم؟
لەشوێنێکیشدا نووسی: /ههموو ئهوانه بێگانهن، ههموو شتێک بێگانهیه./..
پاشان ناوە زۆر و جیاوازەکانی بەبەر خۆیدا دەکرد و کاراکتەری خۆی دەگۆڕی، وەک ئەوەی بیەوێت هەمیشە لە سۆراخی خۆیی و شوناسی بێ شوناسی خۆیدا بگەڕێت.
ڕیتمی غەمگین و نا ئارام، هەروەها دۆخە ترازاو و تێکشاوەکەی کەسایەتی شیعری توتن فرۆش، هەمان دۆخی ناوەکی و لێک هەڵوەشاوەی سەردەمەکەمانە. ڕیتمی خێرای ژیانی مۆدێرنە و گۆڕانکارییەکانی، نا دڵنیایی و ونبوونەکانی. شیعری توتن فرۆش، شیزۆفرینیای سەدەی بیستەمە. نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ڕۆژگاری ئەمڕۆیش.
کاراکتەری ئەم شیعرە، بەسێ فۆڕمی جیاواز، سێ ناوی جیاوازەوە ( ڕەنگە هەمان ئەو کاراکتەر و ناوانەی کە پێسەوا بۆ خۆیی دروست دەکردن و ناو و ناونیشانی پێدەدان: (ئەلبێرتۆ کایرۆ، ڕیکاردۆ ڕیس، ئەلفارۆ دیکامپۆس)
بە ڕێوەیە، کۆڵەکەی لە پشت ناوە، دونیا تەی دەکات و پەنهانییەکانی هەڵدەداتەوە، تا بکرێت لەو ڕێگەیەوە ڕەدووی شوناسی خۆی بکەوێت:
من ئهوهم له خۆم دروست کرد کە باش نەبووم لە دروستکردنیدا،
لەوەشدا کە باش بووم لە خۆم دروستی بکەم، نەمکرد.
من پۆشاکێکی هەڵەم لەبەر کرد
بۆ کەسێک دانرابوو کە من نەبووم، کردمە بەرم و هیچم نەوت و خۆم لێ تێک چوو.
کاتێک چووم ماسکەکە لە سەرم دا بماڵم،
لە دەموچاوم گیر بوو.
کاتێک دامماڵی و لە ئاوێندا خۆم بینی،
پیر ببووم.
سەرخۆش بووم و چیدی نەمدەزانی ئەو جلە بپۆشم کە دامنەنابوو.
ماسکەکەم تووڕدا و وەک سەگێکی بێوەی لە مەخزەنێکدا خەوتم.
ئینجا ئەم چیرۆکە دەنووسم تاکو بیسەلمێنم من کەسێکی باڵام.
ژیانی پێسەوا خۆی، ژیانی سێبەر و تارمایی بوو، هەروەها تەنهایی سنووربەدەر، جگەرە کێشان و مەیخواردنەوەی زۆر، کارکردنی بەردەوام و هەژاری.
سەرلەبەری ژیانی گۆشەگیرو نەناسراو بوو،
تەنهاییە قوڵەکەیی و نەخۆشی بەردەوام، جەستەی ماندوو دەکەن و مەی خواردنەوەی زۆریش جگەری دەڕزێنێت و دهیكوژێت. لێ بەر لە مردنی دیسان شەرابی دیکە بانگ دەکات:
شەرابی زیاترم بدەنێ، چونكە ژیان عەدەمە.
دواین شتیش كە داوای كردبێ چاویلكەكەی بووە و دواین دێڕی خۆی دەنووسێت:
من نازانم سبەی چی دەهێنێت.
شیعرەکە بە گرژییەکانی نێوان خەونەکان و واقیعی جیهانی دەرەوە دەست پێدەکات، ململانێی نێوان دەرەوە و ناوەوە: گالیسکەی هەموو شتێک بە ڕێگای هیچدا.
پاشان نیگایەک لە پەنجەرەی ژوورێکەوە، بە ڕووی شەقامێکی جەنجاڵ و دوکانی توتن فرۆش دەکەوێتە جووڵە، دیسانیش جیهانبینی دەرەوەی ژوورەکە بۆ نێو ژوورەکە دەگوازێتەوە: جیهانی ڕاستەقینەی دەرەکی بەرەوە جیهانی ناوەوە و خەونەکان. ( هەموو خەونەکانی جیهان لە مندان ).
پهنجهرهکانی ژوورهکهم،
ژووری یەکێک لەو ملیۆنانەی کەس دەربارەیان هیچ نازانێت.
“ئینجا ئەگەر شتیش بزانن چی دەزانن؟”
بەسەر نهێنی شەقامێکدا دەکرێتەوە کە بەردەوام خەڵکی پێدادێ و دەڕوا
شەقامێک هیج فیکرێکی تێ ناچێت، هەموو فیکرێکی تێدەچێت.
ڕاستەقینە، نامومکینانە، ڕاستەقینە، دڵنیا، نەزانراوانە، دڵنیا.
لەگەڵ نهێنی شتگەلی ژێر بەردەکان و بوونەکان،
لەگەڵ مردن کە دیوارەکان شێدار دەکات و پرچی پیاوانیش سپی دەکات.
لەگەڵ قەدەردا کە گالیسکەی هەموو شتەکان بۆ سەر ڕێی نەبوون دەئاژوێ.
پێسەوا نزیک لە کۆتاییەکانی تەمەنی، ئەم شیعرەی نووسیوە، وا دەردەکەوێت بەتەواوی واقیع و جیهانی دەرەوەی ئەزموونکردبێت، پاشان لەسەر کورسییەک دادەنیشێت و ئەوەی دەینووسێت، تەنیا شکست و دەستەوەستانێتی لەبەردەم دونیا:
من له ههموو شتێکدا دۆڕام.
جاخۆ من هیچ ئومێدێکم نەبوو تا بدۆڕێم
ئەو پەروەردەیەم جێ هێشت کە پێم درابوو.
بە پەنجەرەی دیوی پشتەوەی خانووەکەدا دابەزیم.
چوومە لادێ بە پلانگەلی قەبەوە.
بەڵام تەنیا گیاو درەختەکانم بینی،
لەگەڵ ئەو خەڵکانەش کە هەر ڕێک وەک خەڵکانی دیکە وابوون
لە پەنجەرەکەوە خۆم هەڵدایە ژوورێ و لەسەر کورسییەک دانیشتم.
ئینجا دەبێ بیر لە چی بکەمەوە؟
تابلۆی دوکانی توتن فرۆش لەم شیعرەدا ئیپیگرامێکە بۆ ژیانی مرۆڤی مۆدێرن و دەوروبەرو جیهانەکەی، هەروەها بۆ لەبیرکردن و لەبیرچوونەوە، هەروەک چۆن دەبێتە ئیپیگرامێکیش بۆ خودی شیعرەکە، وەک شیعرەکە ئاماژەیە بۆ واقیعێکی بەتاڵی دەرەکی و ناوەکی کە خاوەنی نییە، لە خەون و یادکردنەوەدا تێدەپەڕێت:
ئەمڕۆ من پارچە پارچە بووم لە نێوان دڵسۆزییەک کە هەمە
بە حەقیقەتی دەرەکی دووکانی تووتن لەو بەری شەقامەکە و
حەقیقەتی ناوەکیی هەستی من کە پێی وایە هەموو شتێک خەونە.
….
خاوەنی دووکانی تووتنەکە هاتە بەر دەرگاکە و وەستا.
من بە ناڕەحەتیی ملێکی نیمچە لارەوە لێی دەڕوانم
لەگەڵ ناڕەحەتیی ڕۆحێکی نیمچە دەستپێڕاگەیشتوو
ئەو دەمرێ و منیش دەمرم.
ئەم شیعرە لە زۆر شوێنیدا، نیگایەکی ئایرۆنیانە دەگرێتە جیهان، هەندێکجاریش، لە ئایرۆنییەت دەپەڕێتەوە و دەگۆڕێت بۆ شتێکی تەواو گاڵتەجاڕ.
ئەگەر جیهان لە پاکێجی ڕێک و پێکی وەک چوکلاتەیەکدا وەربگرین، بە هەموو میتافۆڕەکانی چوکلاتەوە، ئەوا لەبەر ئەوەی خودی شیعرەکە و کارەکتەرەکەی بیردەکەنەوە، لە سنووری ساکاری دونیا دەپەڕنەوە ڕووە و ئایدیاکان و ئاڵۆزیەکانی بوون. چوکلاتەش بۆ شیعرەکە دەبێتە شتێکی نەگیراو هەروەها ڕامنەکراو. تەنیا شتێک کە دەمێنێتەوە، سیمی چوکلاتەو کاغەزەکەیەتی کە فڕێی دەداتە دەرەوەی خۆی:
شوکولاتەکانت بخۆ، کچۆلە،
شوکولاتەکانت بخۆ!
بڕوام پێ بکە لەسەر زەویدا هیچ شتێک وەک شوکولاتەکان میتافیزیک نییە.
وە هەموو دینەکانی دونیا بخەینه سەر یەک هێندەی دوکانێکی نوقڵ و نەبات دەرست فێر ناکات.
بخۆ، کچۆڵەی پیسوپۆخڵ، بخۆ!
خۆزگە بە هەمان ڕۆحی بێگوناهی تۆ شوکولاتەکانم خواردبا!
بەڵام چونکە بیردەکەمەوە بۆیە ناکارێم، کاغەزەکەی لێ دەکەمەوە کە سیمێکە،
فڕێی دەدەمە سەر عەرد، وەک چۆن ژیانم فڕێ داوە!
ئێستا ئایرۆنییەکەی چڕتر دەبێتەوە بۆ گاڵتەجاڕییەک کە ئاراستەی خۆی دەکات. ئەو “ژیانی خۆی فڕێداوە، بەڵام لانیکەم شیعری خۆی هەیە! :
بەڵام خۆ هیچ نەبێت لە تاڵاوی ئەو ڕاستییەوە کە دەمەوێت شتێک بم و قەت نابم،
پەلە پڕوزێی نووسینی ئەم دێڕانە کە دەروازەیەکی شکاون بەرەو مەحاڵ، دەمێننەوە.
بەڵام خۆ هیچ نەبێت بە نا قایلی سەیری خۆم دەکەم و ئەسرین ناڕێژم.
هیچ نەبێت خانە دانانە
جل و بەرگی پیس کە منم- بە بێ لیست- بۆ ناو ڕەوتی شتەکان فڕێ دەدەم.
من لە ماڵەوە دەمێنمەوە، بە بێ کراس.
بەشی نزیک لە کۆتایی ئەم شیعره دیسان نیگایەکی دیکەی ئەو دیوو پەنجەرەیە بەڕووی دەرەوەدا: شەقام بە ڕوونییەکی تەواو، دوکانەکە، ئۆتۆمبیلەکان و ڕێبوارەکان، سەگەکان و … ئەمانە هەموو بە تەواوی ئیحساس و هەستی نامۆبوونی کارەکتەرە شیعریەکە پشتڕاست دەکەنەوە، هەروەها جوڵە و ئاڕاستەگرتنی هەریەکێک لەم شتانەی دەرەوە، ئەو ڕووبەڕووی جیهانی بەتاڵی ناوەوە دەکەنەوە.
ئایرۆنییەکی دیکە لێرەدا کە دیسان دەگۆڕێت بۆ گاڵتەجاڕی، لەوەدایە کە پێسەوا پاش نائومێدیە ترسناکەکەی، گریمانەی ڕزگار بوون و ئازادی لە نووسیندا دەبینێتەوە، لە شوێنێکدا شیعرەکەی ئەگەر چی بە (دهرکهی شکاوی دهروازهی مهحاڵه) ناو دەهێنێت، هاوکات لەو پێناوەدا چیرۆکی شیعرەکەی دەگێڕێتەوە وەک ئەوەی بیەوێت بوونی باڵای بسەلمێنێت:
ئینجا ئەم چیرۆکە دەنووسم
تا بیسهلمێنم من کەسێکی باڵام.
لێ هێندەش نابات ڕوو دەکاتە دوکانی توتنەکە وەک نوێنەرایەتیکردنێکی واقیع، هەمان پوچی و نیهلیزمی پێشوو دەگەڕێنەوە، بەو هۆیە دەست دەکات بە سوکایەتیپێکردنی شیعرەکەی:
ئەی جەوهەری میوزیکی شیعرە بێکەڵکەکانم،
خۆزگە توانیبام وەک شتێک سەیرتان بکەم کە خۆم خوڵقاندوومە،
لە باتی ئەوەی هەمیشە سەیری دوکانی توتنەکەی
ئەوبەر شەقامەکە بکەم
ساتمە لە هۆشیاری بوونی خۆم دەکەم
وەک بەڕەیەک کە سەرخۆشێک ساتمەی لێ دەکات
یان وەک بەڕەکۆنی بەر دەرگایەک کە قەرەجەکان
دەیدزن و بەکەڵکی هیچ نایەت.
کۆتا بەشی شیعرەکە لە دیدگای کەسێک، (کڕیارێکە)وە ڕوودەدات کە دەچێتە نێو دوکانی توتن فرۆشی، لێرەدا واقیع دەگەڕێتەوە نێو شیعرەکە، ڕیتم و خێرایی جووڵە، هەڵچوون و داچونەکان ئارام دەبنەوە، وەک ئەوەی بخوازێت دۆخی سروشتی و ئازادی، چێژی دابڕاو لەهەر ئایدیایەک بگەڕێنێتەوە، دەکرێت هەمان کڕیار هەمان کاراکتەری شیعری بێت لە ئاستی واقیعدا کە دەیەوێت بگەڕێت، پەناگەیەک بدۆزێتەوە، لێرەدا دێڕێکی سەرنجڕاکێش دەردەبڕێت:
ئەگەر کیژی ژنە جلشۆرەکەم بخوازم
ڕەنگە بەختەوەر بم.
پاشان کڕیارەکە لە دووکانە دێتە دەر و شاعیر دەیناسێتەوە، ئەم ناسینەوەیەش هەمان ناسینی واقیعە، کە کارلێک لەگەڵ ئەوی شیعر دەکات، بەمەش زەمینی شیعری ڕەش دەبێتەوە و دەبێتەوە هەمان زەمینی خاڵی لە ئایدیالەکان و ئومێدەکان:
لهسهر کورسییهکه ههڵدهستم، دەچمە لای پەنجەرەکە
ئهو پیاوهی له دوکانی تووتنەکە هاتە دهرێ
“ورده دهخاته گیرفانییەوە”.
ئۆی دهیناسم: ئهوه «ئیستیڤس»ی نا میتافیزیکە
(خاوهنی تووتنەکە هاتە لای دەرگاکە)
وهک ئهوهی بە هۆی غەریزەیەکی یەزدانییەوە بێت،
ئیستیڤس سەری وەردەسوڕێنێت و دەمبینێت.
سڵاوم لێ دەکات، منیش وەڵامی دەدەمەوە: ” سڵاو ئیستیڤس” و گەردوون دەکەوێتە شوێنێکی خاڵی لە ئایدیالەکان و ئومێدەکان.
ئینجا خاوەنی دووکانی تووتنەکە زەردەی دێتێ.
تێبینی/ ئەو بەشانەی کە لە شیعرەکەوە وەک نموونە وەرم گرتوون، لەو وەرگێڕانەوەیە کە ماردین ئیبراهیم بۆ شیعرەکەی کردووە و لە ژمارە (9)ی گۆڤاری ئەدەبی سەردەمدا بڵاو کراوەتەوە.