هه‌ر ئاینێك یاخود هه‌ر هۆز و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له جێگه‌یه‌ك ژیانی گوزه‌راند بێت له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی ژیاندا بێ گومان شوێنه‌وار و جێ ده‌ستی له‌و شوێنه‌دا به‌جێهێشتووه.
جوله‌كه كورده‌كان له زۆربه‌ی شار و شارۆچكه و گونده‌كانی كوردستاندا شان به شانی كوردستانیانی تر ژیاون له زۆر جێگه‌ی كوردستاندا تا ئێستاش گۆڕستانه‌كانیان ماون یاخود ناوی شوێنه‌كانیان ماوه، له‌و نێوه‌نده‌شدا چه‌ند شوێن و مه‌زارگه‌یه‌كی پیرۆزیان هه‌یه كه دووان له‌وانه گۆڕی دوو له پێغه‌مبه‌ره‌كانیانه كه تا ئێستاش شوێنی پیرۆزن بۆ سه‌رجه‌م كوردستانیان ئه‌وانیش :
1- گۆڕ‌و مه‌زارگه‌ی (دانیال پێغه‌مبه‌ر)ه له ناوه‌ندی قه‌ڵای كه‌ركوك، دانیال پێغه‌مبه‌ر یه‌كێكه له پێغه‌مبه‌ره زۆر گرنگه‌كان له لای جوله‌كه و ئێستاش مه‌زارگه‌یه‌كی پیرۆزه كه موسوڵمانانیش سه‌ردانی ده‌كه‌ن .
2- گۆڕ و مه‌زارگه‌ی پێغه‌مبه‌ر ( ناحوم ) له شارۆچكه‌ی قوشی سه‌ر به موسڵ كه ئه‌ویش جێگه‌یه‌كی تری پیرۆزه له لای جوله‌كه‌كان .
هه‌روه‌ها له ده‌یان جێگه‌ی تریش گۆڕ و مه‌زارگه و شوێنی جوله‌كه‌كان بوونی هه‌یه له كوردستاندا یاخود به شوێنی جوله‌كه به‌ناوبانگن بۆ نموونه گه‌ڕه‌كی جوله‌كان له شاری سلێمانی كه تا ئێستاش هه‌ر به‌و ناوه به‌ناوبانگه، چه‌نده‌ها گوندیشمان هه‌یه كه به ناوی جوله‌كه‌كانه‌وه به ناوبانگه له‌وانه گوندی ( سندور ) له قه‌زای زاخۆ، جگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی بازرگان و دوكاندارانی قه‌یسه‌ری هه‌ولێریش تا كاتی ڕاگواستنی جوله‌كه‌كان بۆ ئیسرائیل دوكاندار و بازرگانی جوله‌كه بوون .
چه‌ندین كه‌سایه‌تی به ناوبانگ له ناو جوله‌كه كورده‌كاندا هه‌ڵكه‌وتووه كه‌سانی سیاسه‌تمه‌دار، كه‌سانی بازرگان، كه‌سانی ڕۆشنبیر، كه‌سانی سه‌ربازی، كه‌سانی ئاینی…. هتد، به‌ڵام دیارترین كه‌سایه‌تیان ژنێكی جوله‌كه‌یه كه سه‌رجه‌م جوله‌كه‌كانی دونیا سه‌ری ڕێزی بۆ داده‌نه‌وێنن و به‌ڕێزه‌وه باسی ده‌كه‌ن ئه‌ویش ژنێكی ئاینی كوردی جوله‌كه‌یه به ناوی ( ئه‌سینات بارزانی ) كه ژنێكی زانا‌و خاوه‌ن پایه‌یه‌كی به‌رزی ناو جوله‌كه‌كانه.
ئه‌سینات بارزانی ژنێكی زانا و خاوه‌ن پایه‌یه‌كی به‌رزی ناو جوله‌كه‌كانه، ئه‌م ژنه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌می زاینی‌دا ژیاوه له شاری موسڵ و سه‌رپه‌رشتی قوتابخانه‌یه‌كی یه‌هودی كردووه كه له لایه‌ن باوكیه‌وه ( حاخام شموئیل بارزانی ) یه‌وه بنیات نرابوو، زیاتر له بیست ساڵ ئه‌م ژنه وانه بێژ بوو له‌و قوتابخانه‌یه‌دا كاتێكیش قوتابخانه‌كه ئاگری تێبه‌رده‌درێت ئه‌م ژنه خۆی قوتابیه‌كانی زۆر لێبڕاوانه هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه ده‌ده‌ن و ده‌یكوژێننه‌وه ئه‌م ڕوداوه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌سینات له لای جوله‌كه‌كان پیرۆزتر ده‌كات .
هه‌روه‌ها ئه‌سینات كتێبێكی شیكاریشی بۆ ( ته‌ورات ) نووسیوه به‌ڵام به هۆی كاره‌ساته‌كانی ڕۆژگاره‌وه كه به سه‌ر كوردستاندا هاتووه ئه‌و كتێبه‌ش وه‌ك هه‌زاران كتێبی به نرخی كوردستان له ناوچووه و فه‌وتاوه.
له ڕووی هونه‌ریشه‌وه گۆرانی بێژ و حه‌یران خوێنی به ناوبانگیان هه‌بووه یه‌كێك له‌وانه ناوی ( ئیسحاق گوڵه ) بووه كه یه‌كێك بووه له حه‌یران خوێنه به ناوبانگه‌كانی شاری هه‌ولێر، جێی داخه له هیچ كتێبێكی هونه‌ریی كوردیدا ئاماژه بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌كراوه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تیه جوله‌كه كورده‌كان كه‌سایه‌تیه‌كی تر باس ده‌كرێت ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار ( دانیال قه‌ساب )ه كه شێوه‌كارێكی به ناوبانگی هه‌ولێربووه و له جوله‌كه‌كانی ئه‌و شاره بووه و ده‌گوترێت هونه‌ری شێوه‌كاری له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له شاری هه‌ولێردا دانراوه، یه‌كێك له مامۆستایانی شێوه‌كاری ده‌ڵێت” ئه‌گه‌ر دانیال قه‌ساب نه‌بوایه ئه‌وا بزاڤی هونه‌ری شێوه‌كاری له شاری هه‌ولێر به‌م جۆره‌ی ئێستا نه‌ده‌بوو ” .
ئه‌مانه‌ی كه باس كران ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌و ده‌یان و سه‌دان كورده به‌ناو بانگانه‌ی جوله‌كه كه ده‌ستیان هه‌بووه له پێشكه‌وتن و مێژووی كورددا بێگومان باس كردنی هه‌ر یه‌كێكیان له‌وانه‌یه چه‌ندین په‌رتووكی بوێت.
ئامار و شوێنی نیشته‌جێ بوونیان له كوردستان و ئیسرائیل
تا ئێستا ئامارێكی ورد و دیار له‌به‌ر ده‌ستدا نیه كه ژماره‌ی جوله‌كه كورده‌كان دیاری بكات ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوله‌كه كورده‌كان له شوێنێكی دیاریكراودا نیشته‌جێ نین به‌ڵكو به‌سه‌ر شار‌و گونده‌كانی ئیسرائیل‌دا دابه‌ش بوونه، به‌ڵام هه‌موو ژماره‌كان به نزیكه‌یی له نێوان ( 100 -120 ) هه‌زار كه‌س ده‌یخه‌مڵێنن.
یه‌كێك له چالاكوانه كورده جوله‌كه‌كانی نیشته‌جێی شاری ئۆرشه‌لیم (قودس) كه ناوی ( مووشی ته‌وه‌كولی ) یه ده‌ڵێت ” ئیسرائیل زیاتر له 100 سه‌د هه‌زار كوردی به ڕه‌گه‌ز جوله‌كه‌ی تیادایه هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی گه‌نجه‌كان كوردی نازانن به‌ڵام هێشتا هه‌ركوردستانیان خۆشده‌وێت وداب و نه‌ریتی كوردانه‌ی خۆیان له بیر نه‌كردووه .
جوله‌كه كورده‌كان پێش ڕاگواستنیان بۆ ئیسرائیل له زۆربه‌ی شار و گونده‌كانی كوردستاندا شان به شانی كوردستانیانی تر ده‌ژیان به تایبه‌تیش له‌م شار و شارۆچكانه‌دا بوونیان دیار و به‌رچاو بووه : (ئامه‌د، ئورومیه، سلێمانی، هه‌ولێر، كه‌ركوك، موسڵ، مهاباد، هه‌ڵه‌بجه، وان، دێرسیم، پێنجوێن، چه‌مچه‌ماڵ، كه‌لار، كفری، قه‌ڵادزێ، قه‌ره‌داغ، خانه‌قین، كۆیه، دیانا، شه‌قڵاوه، دهۆك، زاخۆ، ئاكرێ، بارزان، ئامێدی، ئاغجه‌له‌ر).
جگه له‌وه‌ی به چڕی له چه‌ندین گوندیش بوونیان هه‌بووه له‌وانه گوندی (سندور) له زاخۆ و گوندی (زه‌رده‌لیكاو) له گه‌رمیان و گوندی (قه‌شقه) له پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مه سه‌باره‌ت به دابه‌ش بوونیان بووه له كوردستان پێش ڕاگواستنیان بۆ ئیسرائیل.
سه‌باره‌ت به دابه‌ش بوونیشیان له ئیسرائیل‌دا، جوله‌كه كورده‌كان به‌سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچكه‌كانی ئیسرائیل‌دا دابه‌ش بوونه و جێگه‌یه‌كی دیاریكراویان نیه به‌ڵام زیاتر له شاره‌كانی باكوری ئیسرائیل و شاره‌كانی قودس و ته‌ل ئه‌بیب بوونیان هه‌یه.
جوله‌كه كورده‌كان و په‌یوه‌ستیان به كوردستانەوە
جوله‌كه كورده‌كان تا ئێستاش زۆر شانازی به كورد بوونی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و زۆربه‌ی نه‌ریت و بۆنه كوردیه‌كانیان پاراستووه و به‌وه‌ش ناسراون كه پارێزگاریان له نه‌ریتی كوردانه‌ی خۆیان كردووه له زۆربه‌ی بۆنه و ئاهه‌نگه ئاینی و تایبه‌ته‌كاندا نایشارنه‌وه و به شانازیه‌وه باسی كورد بوونی خۆیان ده‌كه‌ن.
ساڵانه جه‌ژنێكی تایبه‌تیان هه‌یه به ناوی ( سه‌هرانه ) كه له پاركی ( كه‌فار یۆنا ) له باكوری ( ته‌ل ئه‌بیب ) سازی ده‌كه‌ن زۆربه‌ی كورده‌كانی ئیسرائیل به‌شداری تیادا ده‌كه‌ن له زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی ئیسرائیله‌وه كورده‌كان ڕوو ده‌كه‌نه ئه‌و شوێنه به مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له‌و جه‌ژنه‌دا وه زۆربه‌شیان به جلی كوردیه‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن و به بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گرنگی تایبه‌ت به خۆیانی داده‌نێن و بۆنه‌یه‌كیشه بۆ یه‌كتر بینین هه‌روه‌ها به ئاهه‌نگ و گۆرانی ئه‌و جه‌ژنه به‌ڕێده‌كه‌ن و ده‌هۆڵ و زوڕنای تیادا به‌كار ده‌هێنن و به دوو ئامێری شادیی كوردی داده‌نێنن.
یه‌كێك له چالاكوانه كورده‌كانی جوله‌كه ده‌ڵێت ” ئێستا زۆربه‌ی گه‌نجه كورده‌كانی جوله‌كه له ڕێگه‌ی ئه‌نته‌رنێته‌وه ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌نجانی كوردستان دروست بكه‌نه‌وه و دووباره ده‌یانه‌وێت خۆیان فێری زمانی كوردی بكه‌نه‌وه “.
یه‌كێكی تر له‌و خاسیه‌ت و نه‌ریتانه‌ی كورده جوله‌كه‌كان له نه‌ته‌وه‌كانی تری جوله‌كه جیا ده‌كاته‌وه خۆشی خواردنه كورده‌واریه‌كانیانه كه تا ئێستا له‌سه‌ری به‌رده‌وامن به تایبه‌تیش خواردنی یاپراخ و سه‌روپێ و قه‌ره‌خه‌رمان .
خاسیه‌تێكی تری جوله‌كه كورده‌كان له ئیسرائیل ئه‌وه‌یه كه پێش ڕاگواستنیان له كوردستان به‌شێكیان خه‌ریكی كشت و كاڵ بوونه تا ئێستاش ئه‌و نه‌ریته‌یان پاراستووه له هه‌ر جێگه‌یه‌كی ئیسرائیل‌دا كشتوكاڵێكی باشت بینی بێگومان ده‌ستی كوردێكی جوله‌كه‌ی تیادایه .
له ڕووی ده‌ست ڕه‌نگینی و پیشه‌وه‌ریشه‌وه جوله‌كه كورده‌كان ئه‌و كاته‌ی كه له كوردستان ژیاون زۆربه‌ی كاره ده‌ستی و پیشه‌وه‌ریه‌كانی كوردستان ئه‌وان كردوویانه وه‌ك دارتاشی و ئاسنگه‌ری و ددانسازی و زێڕه‌نگه‌ری، خومچێتی، ته‌نانه‌ت دوكانداری و قه‌سابیش باشترینه‌كانیان ئه‌و كه‌سانه بوونه كه جوله‌كه‌كان به‌ڕێوه‌یان بردوون.
ڕێكخراو‌و كۆمه‌ڵه كوردیه‌كان
له دوای ڕاگواستنیانه‌وه بۆ ئیسرائیل زۆربه‌ی جوله‌كه كورده‌كان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بوون بۆ دروستكردنی ڕێكخراوێكی تایبه‌ت به خۆیان تا له زۆربه‌ی كاریاندا بتوانن بۆ ئه‌و ڕێكخراوه بگه‌ڕێنه‌وه به‌واته وه‌كوو مه‌رجه‌عێك وا بێت بۆیان، بۆیه ڕۆشنبیران و لێپرسراوه كورده‌كانی جوله‌كه دوای هه‌وڵ و ماندوو بوونێكی زۆر بڕیاریاندا به دروستكردنی رێكخراوێك به ناوی ( ڕێكخراوی نیشتمانی جوله‌كه‌كانی كوردستان له ئیسرائیل ) له ساڵی (1971) و ڕاسته‌وخۆ بڕیاریاندا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌و ڕێكخراوه ساز بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌كی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ ڕێكخراوه‌كه هه‌ڵببژێرن.
هه‌ر له هه‌مان ساڵدا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ڕێكخرا كه تیایدا (380 ) له كه‌سایه‌تیه كورده به‌ناوبانگه‌كانی جوله‌كه تیایدا به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی ئیسرائیلیش به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی كردوو هیوای سه‌ركه‌وتن و پشتگیریشی بۆ ده‌ربڕین.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه فراوانه‌دا بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوه‌كه وه یه‌ك كه‌سیش وه‌ك سه‌رۆكی ڕێكخراوه‌كه ده‌ستنیشان كرا.
جێی ئاماژه‌یه ئه‌و ڕێكخراوه تا ئێستا ماوه و به‌رده‌وامه له چالاكیه‌كانی ساڵانه بۆنه و ئاهه‌نگه كوردیه‌كان له ئیسرائیل‌دا ڕێكده‌خات و وه‌ك چه‌ترێك وایه بۆ جوله‌كه كورده‌كان، یه‌كێكی تر له ئامانجه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه ئه‌وه‌یه نه‌وه‌ی كورده‌كان دووباره فێری كوردی ببنه‌وه له‌و ڕووه‌شه‌وه چه‌ندین خولی به به‌رده‌وامی هه‌یه، هه‌روه‌ها یارمه‌تی بۆ كورده كه‌م ده‌رامه‌ته‌كانی ئیسرائیلیش دابین ده‌كات سه‌ره‌ڕای چه‌ندین بواری تری فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیری.
ئه‌و ڕێكخراوه تا ئێستا سێ سه‌رۆكی هه‌بووه كه ڕێكخراوه‌كه‌یان به‌ڕێوه بردووه له ساڵی 1971 ه‌وه ئه‌وانیش :
1-حه‌بیب شه‌معون .
2-سیمان تۆڤ ئه‌براهام .
3-یودا بن یوسف .
ئه‌م باسه زۆر زیاتر هه‌ڵده‌گرێت زنجیره‌ی كوردانی دوور له نیشتمان به‌رده‌وامی ده‌بێت له سایته ڕه‌نگینه‌كه‌ی چاوی كورده‌وه له زنجیره‌ی داهاتوودا باسی كورده‌كانی لوبنان ده‌كه‌ین پشت به خوا .
سه‌رچاوه‌كان:
1- یهود كردستان فلكلوراصیل وهویە متجژرە فی عمق التاریخ ( سمادار العانی).
2- الاكراد الیهود گائفە صغیرە تحافڤ علی كنز پقافی كبیر (یۆاف شاحام ).
3- كورته مێژووی جوله‌كه‌كانی كوردستان ( به‌رزان ئه‌حمه‌د كورده ).
4- سایتی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه .
5- سایتی puk media .