خوێندنەوەیەک لەنێوان ئاین وفەلسفە وفاکتی کوردستان ؟؟
کوردستان و گەلی کورد جوانترین نمونەی بەها مرۆیەکان وئاکاری جوانی نیشتمانی وئاینی بەجێ دەگەیەنن کە بوەتە جێگەی دەستخۆشی هەموو رای گشتی ورای جیهانی وهەرێمی بگرە میدیای ناحەزان و داگیرکەرانیش بەشێوەیەک لەشێوەکان باسی دەکەن ، جگە لە پەیج ومیدیا بیستراو وبینراوەکان و بەشێکی زۆری حزبەکان سەرقاڵی ناشرین کردن وبازرگانی بەئازاری شەهیدانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان وبەشێکی تریانش سەرقاڵی ئەوەن چۆن ئەو کارەساتە وەکو دەستکەوتی حزبی لەقەڵەم بدەن و بیکەن بە ڕەسیدی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان.
خاڵێکی ترش بریتیە لەوەی گاڵتەجاری وسووک کردنی بیرورای زانستی وئاینی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردستانیە ، لەڕێگای بازرگانی حزبی وبازرگانی ئاینی بەم شێوەیەی خوارەوە .
“گاڵتە جاری نەفامی ئاینی”
سەبارەت بەشەهید کردنیان دوو بەڵگەی حاشا هەڵنەگری لەفەرموودەکانی پێغەمبەر، دێنن پێغەمبەر درودی خودای لەسەر بێت دەفەرموێت ((هەرکەسێک بسوتێ یان بخنکێ یاخود ئەوەی شتێکی بەسەردا بروخێ شەهیدە))٠
تێبینی / خنکاندنەکە لە ڕووبار بێت یاخود لە دەریابێت یاخود بەهۆی زریانەوە بێت بەڵام لەئان و ساتی ئیشی حەرام نەبێت واتە ئەگەر بۆکاری بازرگانی ڕۆشتبێ یان بەمەبەستی فێربوونی مەلەوانی یاخود ئەوانەی بەناچاری یان ناچار ئەکرێت وڵات جێ بهێڵێت ئەو حەدیسە ئەیانگرێتەوە بەڵام ئەوەی کە بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری حەرام کۆچ دەکات و دەخنکی یاخود ئەوانەی سەرخۆشن و دەخنکێن ئەو حەدیسە نایانگرێتەوە هەروەها صاحب الهدم ئەوانەی هەرشتێک بەسەریدا بڕوخێ ئیتر شاخ بێت بەرد بێت تاوێر بێ یاخو شوقە و خانوو دوکان …..هتد جا ئەگەر هۆکارەکەی بومە لەرزە بێت یاخود گەردەلول بێت یاخود بەهۆکای جیۆلۆجی یاخود بەهۆی بۆمبارانکردنەوە بێت یاخو بەهۆی تەقینەوە بێت شەهیدن هەروەها ئەوانەی بەهۆی ئازاری ناوسک ئەمەیان پەیوەستە بە پزیشکان و زانایان پێویستە لەو بارەیەوە فەتوا بدەن هەروەها ئەوانەی بە تاعون ئەمرن شەهیدن.
سەبارەت بەمناڵانی موسڵمان فەرمودەی تایبەت هەیە پێغەمبەر دەفەرموێت منداڵانی موسڵمان لەسەر چیایەکن لەبەهەشت لەژێر کەفالەتی ئیبراهیم و سارەن واتە ئەوان بەخێویان دەکەن تاوەکو ڕۆژی قیامەت کەسوکاریان بچێتە بەهەشت پێیان دەدرێتەوە .
ئەم دوو فەرمودەیە ، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە وەڵامدانەوەیەکی کورت و پوختە بۆ هەموو ئەوانەی لە غافلی یاخود بێ باوەڕن یان تەنها بۆ ڵایک و کۆمێنت دەڵێن ئەمە غەزەبی خوایە بۆ ئەمان ئەمە کارەساتە تەکفیر کردنی بەکۆمەڵ بوو شتێکی سەیرە لەجیاتی خوا بڕیار ئەدەن خەڵکی وای تێدابوو داوای ئاوی دەکرد بۆ دەستنوێژ ئافرەتی وای تێدابوو ئامادەبوو بمرێت بەڵام ئامادەی ئەوە نەبوو بەبێ سەرپۆش بێتە دەرەوە لەزۆر بەی مزگەوتەکانی جیهان نوێژیان لەسەر کرا و دوعایان بۆکرا هەندێ کەس چۆن ڕێگە بەخۆی دەدات تۆمەت ببەخشێتەوە
“گاڵتەجاری زانستی”
هەموو زانایانی جیۆلۆجی لەجیهاند کۆکن لەسەرئەوەی ، کە ناوچەکانی ئەنادۆڵ باکوری کوردستان ناوچەیەکە دەکەوێتە سەر هێڵی بومەلەرزە ،بەهۆی بەریەککەوتنی هەردوو پلێت یان چینی تەکتۆنی ئوراسی وئەنادۆڵی باکوری کوردستان ، هەروەها دروستکردنی بەنداوی زەبەلاح دەبێتە هوکاری دروستکردنی بومەلەرزە بەهۆی پاڵەپەستۆی لەسەر چەقی زەوی ئەو ناوچەیە، کەواتە تورکیا لەرێگەی شاردنەوەی زانیاری ولەرێگەی دروستکردنی بەنداوە چەند مەبەستێکی هەبوو یەکەم بومەلەرزەبوو بۆ ئەو ناوچانە دووەم دروستکردنی هەڕەشەی ئاوی چ لەرێگەی خنکاندن ونوقم کردنی باشور باکور وروژئاوای کوردستان ،چ لە ڕێگەی زیاتر کردنی ئەگەرەکانی بومەلەرزە، وشک کردنی سەرچاوە ئاویەکان ، بەبیابانیکردنی باشور وڕۆژئاوا. به واتایەکی تر جەنگی گشتگیر لەگەڵ بوونی کوردستانی، بومەلەرزەکانی باکورو ڕۆژئاوای کوردستان ، سەرەتا دەبێ باش لەوە تێبگەین ئەوان هەم شەهیدن و هەم ستەملێکراون جۆرێکە لە تیرۆرکردنیان بەشێوەیەکی ناڕاستەو خۆ .
ئەوەی باسمانکرد هەم خوێندنەوەیەکی جیۆسیاسیە هەم زانستیە و واقعیە بەدەر لەوەی لەکوردستان بەدەیان پسپۆر و مامۆستا و پرۆفیسۆرەکان کە زۆربەیان لە وڵاتانی تر بڕوانامەیان هێناوە کەس گوێیان لێ ناگری سەرەرای ئەو هەموو ناوەندە توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی جیهانین و بەشێوەیەکی تاقیگەرایی زانستی باس لە ڕووداو کارەساتە سروشتیەکان دەکەن بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم زانایانە هیچ ئامێرێکیان دانەهێناوە باس لە کاتی ڕوودانی بومەلەرزە بکات کەشناس هۆشداری دەدات سەبارەت بە کەش و هەوا بەڵام سەبارەت بە بوومە لەرزە تاوەکو ئێستا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی پێشکەوتن کە پێشوەخت ئاگاداری و هۆشداری بڵاو بکەنەوە سەبارەت بە دەستنیشانکردنی ئان و ساتی ڕوودانی بومەلەرزە ، کەچی لای ئێمە جادوو گەرێکیان هێناوەتە سەر شاشە ناویان لێ ناوە فەلەک ناس ئەوە فەلەک ناس نیە ئەلبێرد ئەنشتاین فەلەک ناس
بوو ، بەڵام ئەم ساحیر و جادووکەرانەی کەوادێن و باسی بورج دەکەن پێشبینی بۆ بومەلەرزە ئەمە سوکایەتیکردنە بە عەقڵیەتی کەسایەتی پسپۆڕ و شارەزای کوردستان و جیهان تۆ هاتوی کەسێک ئەهێنی خۆی دەڵێت هیچ لەو بوارە نازانم و جوگرافیام نەخوێندووە کەچی دەڵێت لە فڵان ساڵ لەو کاتە بومە لەرزە ڕوودەدا؟؟!!!!
لێرەدا ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە لەنێوان ئارگۆمێنتی فەلسەفە و سروشت و مرۆڤ دەتوانین کارەساتی بومەلەرزەی لەشبۆنە 1775 بەنمونەیەکی گرنگ وەربگرین و بەراوردێکی بچوکی ئێستای کوردستانی بکەین.
لەگەڵ فراوانبوونی ئینسکلۆپیدیا و بەئاگاهاتن و ونبوون و زیندووبوونەوە، بەشێک لەبنەما فەلسەفیەکانی ئەوروپی توشی گومان هات و پاشەکشەی کرد لە ئەنجامی بومەلەرزەیەک کە لە لسبۆنە ی پایتەختی پرتوگالی دا کە یەکێک بوو لەجوانترین پایتەختەکانی جیهان ، لە کاتژمێر نۆ چل خولەکی سەرلەبەیانی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1755دا کە ئەو ڕۆژە جەژنی کاسۆلیکەکان بوو لە ماوەی شەش خولەکدا 30 کلێسا و هەزار خانوو وێرانکران و پازدە هەزار پیاو گیانیان لەدەستدا هەندێ بۆچوون دەڵێت ژمارەی قوربانیان گەیشتە پەنجا هەزار کەس و ئەوانی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، لە یەکێک لە جوانترین پایتەختەکانی جیهان هیچ شتێکی نوێ نەبوو کە هەرگیز لەم کۆمەڵکوژیە ترسناکەی مەرگەساتی بەکۆمەڵدا ئەنجام نەدرابێت. بەڵام هەندێک بارودۆخ و هەلومەرجی دەوروبەر هەبوو کە ئاین ناسانی سەرسام کرد و نیگەرانیان دەکرد هەندێ کەس لە بیرمەندەکان و لاهوتیەکان سەریان سوڕمابوو کە ئاخۆ بۆچی لەو ڕۆژە پیرۆزەدا ئەم ڕوداوە ڕویدا ؟ بۆچی کڵێساو پیاوانی ئاینی بونە قوربانی ئەوان پیرۆز نەبوون ؟ ئەگەر ئەمە توڕەبوونی خودا بێت بۆچی ژن و منداڵ بەو کارەساتە مردن ؟ لەوکاتەی بومە لەرزە لەو شارەی دا پاریس و لەندەن خەریکی ئاهەنگ گێڕان بوون ویلدۆرات بەردەوامی بە قسەکانی دەدات و دەڵێت موسڵمانەکان دەیان ووت ئەمە تۆڵەی توڕەبوونی خودایە دژی کاسۆلیکە توندڕەوەکان ئەوەندەی نەبرد بومە لەزرە لە مەغربی داو گەورەترین مزگەوتی خاپور کرد و بە دەیان و سەدان هەزار قوربانی لێکەوتەوە ….. بۆچی؟؟
بۆچی لە نێو ئەم وێرانکارییە بەکۆمەڵەدا، (( کارڤالۆ مێللۆ مارکویسی پۆمباڵ)) هاوشێوەکانی بەزیندویی مانەوە کە پیاوێکی زۆر توندڕەو بە هەزارەهای خەڵک لەسەر دەستی مردن کە کوشتارگەیەکی زۆری لە کاسۆلیکی نایەوە و دژی دادگاکانی لێکۆڵینەوەی سەربە کرستیانەکان بوو ، دواین وەزیری فەرمان کە خراپترین دوژمنی یەسویتەکان بوو لە هەموو ئەوروپا؟
((گابریل مەلاگریدا )) قەشەیەکی گەورەی یەسوعیەکان بوو دەسەڵاتێکی پەیوەندیەکی زۆری لەگەڵ کۆشکی پورتوگال هەبوو هەروەها چەندین قوتابخانەی یەسوعی دامەزراند ، ڕوونی کردەوە کە بوومەلەرزەکە و سونامی وێرانکاری دواتر سزای خودا بووە بۆ ئەو جێگرەی کە لە لیسبۆن بڵاوبووەتەوە.
سەیر لەوەدایە لەکۆتایدا گابریل بەدەستی کاسۆلیکەکان سوتێنرا بەتۆمەتی گاڵتەکردن بەئاین !!!، پرۆتستانتەکانی لەندەن هۆکاری کارەساتەکەیان بۆ ئاشکراکردنی تاوانی کاسۆلیکەکان دژ بە مرۆڤایەتی بەستەوە ، بەڵام لە 19ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ ، کاتژمێر 4:30 خولەکی پێشنیوەڕۆ، لە 18ی تشرینی دووەمی 1755 بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەی نیو ئینگلاندی ،بۆستۆن لە ماساچوستس کە بەپایتەختی پروتستانتی ئەمەریکی ناسراوە بوو ، ئەو شارەی هەژاند و زیاتر لە خولەکێک بەردەوام بوو، لەپاش ئەو بوومەلەرزەیە کاربەدەستەکانی خزمەتگوزاری نوێژەکانیان ئەنجامداو بەرپرسانی حکومەتیش، ڕاگەیاند و فشار وتوڕیە خودا ئەم بوومەلەرزەیەی بۆستۆن هێنا. بوومەلەرزەکە کە لە ماڵی پرۆتستانتەکان بوو، پازدە هەزار ماڵی وێران کرد، کە پێشتر پرۆتستانتەکان ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژیەکەی لشبۆنە “تیشکی خستە سەر گەورەیی خودا لە باشترین شێوەدا….
یانی سەیروسەمەر لەوە نەبوو کە کاسۆلیک و پرۆتستانت و موسڵمانەکان ئەو قسانە بەیەک بڵێن تەنانەت وای لێهات گەورە بیرمەندان و زانایان و فەیلەسوفەکان ئەو بیروباوەڕەیان لا گەڵاڵەبوو ، فەیلەسوفی فەڕەنسی جان جاک ڕۆسۆ خاوەنی کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتی کەسەردەمانێک کتێبەکەی بە ئنجیلی شۆڕش ناسرابوو کەدەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو ، ئێستاش لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگە ، ڕۆسۆ نامەیەکی درێژی بۆ ڤۆلتێر، نارد سەبارەت بە بومەلەرزەکەی شاری لشبوونە ، تێیدا ڕوونی کردەوە کە هەموو ئەو ناخۆشی و خراپەی کە مرۆڤایەتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت دەرئەنجامی هەڵەی مرۆڤە و بوومەلەرزەی لیسبۆن سزایەکی دادپەروەرانەیە بۆ مرۆڤ بۆ وازهێنان لە ژیانی سروشتی .
قەسیدەکەی ڤۆڵتێر
ئاه، ئەی دروستکراوە فانی بوونی بێ نەوایان .
ئەی خاکە خەمبارەکە
ئەی قەرەباڵغییەکی سامناک
لە مرۆڤەکان
ئەی جێگیری هەتاهەتایی هەمووی
کارەساتەکانی نەزۆک وتراژیدی ،
ئەی دانای گەمژەکان کە بە دەنگی بەرز بانگ دەکەن،
کە هەموو شتێ چاکە ..( لەم دێڕە مەبەستی لەیەکێ لە فەیلەسوفە فەڕەنسیەکانە کەباسی لە گەشبینی دەکرد)
وەرە و بیر لەو هەموو وێرانە ترسناکانە بکەنەوە
ئەم پاشماوانە، ئەندامەکانی جەستە و خۆڵەمێشی تۆن،
وەرن سەیری ئەو ژن و منداڵانە بکەن مردن بەکۆمەڵ دروێنەیانی کرد
ئەو ئەندامانەی لەژێر کۆڵەکە شکاوەکاندا بڵاو بوونەوە.
زەوی سەد هەزار بەدبەختی قوت دا
خوێنیان ڕژا و پارچەپارچەبوون و بەزیندویی لەژێر ئەو بنمیچانەی بەسەریان ڕوخا
هەتا دەگاتە کۆتایی دێڕی قەسیدەکە بەم دێڕە دەهێنێت
ئایا ئێوە دەڵێن ئەم قوربانیە کەڵەکە بوانە خودا تۆڵەی لێکردنەوە ؟
وە مەرگیان پاداشتی کردەوەکانیانە ؟
ڤۆڵتر تەنها بەم قەسیدەیە نەوەستا بەڵکو دواتر دەستی کرد بە نووسینەوەی ڕۆمانێک کارەساتی بومەلەرزەکەی لەشبۆنا لە ڕۆمانەکەیدا ڕەنگدانەوەی بەخۆیەوە بینی بوو نەک تەنها لای ڤۆڵتێر بەڵکو لای زۆربەی فەیلەسوفانی جیهان ئارگۆمێنتی قۆڵتر کرایەوە لەسەر مرۆڤ باشە و خراپە سەری ، هەروەها لە ئەوروپا و ئەمەریکا زانستی بومەلەرزە سەری هەڵدا هەر بەلێکدانەوە لاهوتی و فەلسەفیەکان نەوەستان بەڵکو ئینجا بەزانست کاریان لەسەر بومەلەرزە کرد .
ئەوەی ویستم لەم وتارەدا باسی بکەم ئەوەی ئێستا لە عەقڵیەت و بۆچونی دەربڕینی میدیا و نوسین و ئاڕاستە و دەربڕینی حزبەکانی کوردستان کە مرۆڤی کوردستانی لایان تەنها ئامرازێکە بۆ خۆدەوڵەمەند کردن خۆبەهێزکردن و خۆسەپاندن جا وەرە بیربکەرەوە ڕوداوێکی لەو شێوەیە بەتەهۆی هەزارەها لێکدانەوەو لێکۆڵینەوە لەبارەی کراوە لەسەدەی هەژدەدا ، کەچی ئێمە لەسەدەی بیست و یەکین ئەو هەموو تەکنەلۆجیایە زانستی پێشکەوتو عەقڵیەتی پێشکەوتو سەردەمی پێشکەوتوو باسی بورج و فاڵگرتنەوە دەکەن یاخود مەلاکان لەسەر میمبەرەوە دەڵێن ئەمە غەزەبی خودایە.