ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کێشەی دۆلار، یان دابەزینی نرخی دینار، لە ڕاستیدا دەست نیشانکردنێکی هەڵەیە بۆ کێشەکە. کرۆکی پرسەکە دراو و نرخەکەی نیە، بەڵکو سیستەمێکە کە جوڵەی دۆلار لە دونیادا ڕێکدەخات و ئێراق هێشتا بەشێک نیە لەو سیستەمە. بەم پێیە هۆکاری سەرەکی هەڵبەز و دابەزی نرخی دراو ئابووری نییە، بەڵکو پرۆسەی کۆنترۆڵ و بەدەستهێنانی زانیاری و سەفەری دراوێکی وەک دۆلارە. ئەم سیستەمە بە کۆدی سویفت ناسراوە.SWIFT “Society for World Interbank Financial Telecommunication”. سویفت کورتکراوەی کۆمەڵەی ئەو بانکانەیە کە لە بواری داراییدا پێکەوە گرێدراون لە ڕێگای تێلی-کۆمیونیکەشنەوە. ئەم کۆمەڵەیە پەنجا ساڵ لەمەو پێش لە برۆکسل دامەزرا، بە مەبەستی ئاسانکاریی گواستەوەی دراو لە دونیادا.
بە گشتی ئەم کۆدە ١١ ژمارەیە. چوار ژمارەی یەکەم، بانکەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی وڵاتەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی تر بۆ ناسینەوەی بانکەکەیە. سێ ژمارەی کۆتایی لقی بانقەکەیە. بەم شێوەیە هەر پارەیەک کە لە ڕێگای بانقەوە دەگوێزرێتەوە وڵات و بانق و کەس و شوێنەکەی دەناسرێتەوە. ئێراق هەتا ئێستا لە دەرەوەی ئەم سیستەمەیە. بەو مانایە کاتێک دۆلار لە ئێراقدا هاتوچۆی پێدەکرێت، نە کەس، نە بانق، نە وڵات، نا ناسرێتەوە.
ئەم نەبونی زانیارییە ئێراقی کردووەتە ئەو جێگایەی کە وڵاتانی تر بیانەوێت دەستیان بە دۆلار بگات، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو دۆلارە لە کوێوە هاتووە، پەنا بۆ ئێراق بەرن. وڵاتانی وەک ئێران و سوریا کە لە ژێر ئابلۆقەدا پەنا بۆ ئێراق دەبەن بۆ بە دەستهێنانی دۆلار، کە ناتوانن لە ڕێگای سیستەمی سویفتەوە بە دەستی بهێنن. بەڵام فاکتەری سەرەکی قەیرانەکە دزینی دۆلارە. وەک دەبیستن لە ڕێگای وەسڵی ساختەوە دۆلار وەردەگیرێت و دەبرێتە دەرەوە و جارێکی تر وڵات نابینێتەوە.
دیارە بردنی پارە بۆ دەرەوە تەنها لە ڕێگای بانقەوە نییە، بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی تر دەکرێتە کۆڵە پشتەوە و حیمایەی بۆ دابین دەکرێت و ئاودیو دەکرێت. یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک ئێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا، تەنها پێویستی بە سی، چل ملیۆن دۆلارە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەبەر بردنە دەرەوە زیاتر لە دوو سەد ملیۆن دەخاتە بازاڕەوە. لە کاتێکدا ئەو دۆلارانە پێداویستی ڕاستەقینە نین، بەڵام کەمکردنەوەیان دەبێتە مایەی زیادبونی خواست و گرانبونی بەهای دۆلار.
لە وڵاتێکدا کە دۆلار دراوی سیقە پێکراوە، دینار کە دراوی فەرمیە وەک دراوی دووەمی ڕۆڵ دەبینێت، ئەوا بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری دەبێت، نەک تەنها لە سەر نرخ بەڵکو لە سەر باری دەروونی و دۆخی بازاڕ و دروستبونی ترس. باری دەرونی کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر هەڵبەز و دابەزی نرخ، دیارە ڕەهەندی تر بونیان هەیە لەم پرۆسەیەدا، بۆ نمونە، بوونی دۆلار بە دراوی خەزێنەیی لە دونیادا، وەها دەکات وڵاتان بۆ پشتگیریی دراوە ناوخۆییەکەیان و کڕینی شمەکی هاوردە، پێویستی بە دراوی قورسی وەک دۆلار بێت. بەڵام کاتێک ناتوانن ڕاستەوخۆ بە دەستی بهێنن ئەوا پەنا بۆ وڵاتێکی وەک ئێراق دەبەن، کە هێشتا کونێکی ڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
ئەمریکاییەکان دەمێکە دەیانەوێت ئەم کونە ڕەشە دابخەن. داوایان لە حکومەتەکەی کازمی کرد، بەڵام توانای نەبوو هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە بنێت. دیارە ڕەنگە ئەمریکاییەکان نەیانویست بێت فشاری زیاتر بخەنە سەر کازمی بەوە وەها دەردەکەوت یان دەبینرا، کە زیاتر مەیلی ڕۆژئاوایی هەیە. بەڵام حکومەتەکەی سودانی، حکومەتی چوارچێوە خۆیەتی و خودی سودانی بەڕێوبەرێکی گشتییە لای برادەرانی ئیتار، ئەم رەهەندە هەرێمییە قەیرانەکە وەهایکردووە کە ئێراق نە بیەوێت و نە لە توانایدا هەبێت بە هەنگاوێکی وەها هەستێت کە بە خێرایی بەبێ هیچ گیز و گازێک ببێت بە ئەندامی سیستەمی سویفت. بەڵکو زۆر لایەن و کەسایەتی و هێز هەن کە سودیان لە مانەوەی ئێراقە لە دەرەوەی سیستەمەکە. لێرەوە دێینە سەر کەرتی بانکی ئێراق. لە ئێراقدا؛ سیستەمی بانکی بە مۆدێلی کۆنە. ئەم کەرتە یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام داوا دەکرێت کە دەبێت چاکسازی تیادا بکرێت بۆ ئەوەی ئابووری ئێراق ببوژێتەوە. بەڵام وەک چۆن بوون بە ئەندامی سویف رێگری هەیە، هەروەها چاکسازی بانکیش.
کەرتی بانکی لە ئێراقدا کەرتێکی دەسەڵاتییە. زۆربەی زۆری بانکەکان لە لایەن کەسێکی دەسەڵاتدارەوە خاوەندارێتی دەکرێن. کاری هەرە سەرەکی ئەم بانکانە، کاری بانکی نیە کە لە دونیادا هەیە، وەک ئاسانکاری گواستنەوە، یان دابینکردنی قەرز یان بون بە بەشێک لە سیستەمی بازاڕ و ئەم جۆرە کارانە، بەڵکو زیاتر مەزادی دراو و پارە حەواڵەکردن و پارە سپی کردنەوەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە ئێراقدا زۆرترین بانکی ئیسلامی بوونی هەیە، کە هەموی وەک ڕووپۆشێک بەکار دێت بۆ سپیکردنەوەی پارە. تەنانەت کەسێکی وەک نور زوهێر، کە دزێکی گەورەی بەڕێزە، خاوەن بانکێکی ئیسلامیە.
لە ئێراقدا ئەم پرسە کەمتر وەک پرۆسەیەکی دراویی یان ئابووری دەبینرێت بەڵکو زیاتر وەها دەبینرێت کە کارێکی سیاسی و جیوپۆلەتیکییە. پرسی دۆلار وەک چەکێک دەبینرێت لە دەستی ئەمریکادا بۆ فشار خستنە سەر حکومەتەکان. بەشی زۆری تێگەیشتن لە ئێراقدا تیورەی پیلانگێڕییە. بۆ نمونە زۆرینەی خەڵک وەها بیردەکەنەوە کە ئەمریکا سزای عادل عەبدولمەهدی دا لە بەر پەیوەندی لە گەڵ چیندا. تەنانهت ڕەنگە عادل خۆشی وەها بیر بکاتەوە کە ئەمریکاییەکان لاینبرد بۆیە ئێستا وەها دەنوسێت. لە کاتێکدا جگە لە کازمی هەموو سەرۆک وەزیرانێکی ئێراقی سەردانی چینی کردوەو گرێبەستی لەیەکگەیشتنی لە گەڵ چیندا واژۆکردوە. بێگومان ئەمریکا کاتێک دەیەوێت ئێران لە ژێر ئابلۆقەدابێت، ئەوا ئەگەر ڕێگە بدات وڵاتێک بە هەموو شێوەیەک ئەو ئابلۆقەیە بشکێنێت، ئەوا ئابلۆقەدانەکەی پوچ دەبێتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئامانجی ئەمریکا هەرچییەک بێت، دۆلار چەکێکی بەهێزە، لە سەردەمێکدا کە چەکی سەربازی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی گۆڕاوە. ئامانجێکی تری ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە ئەو پارە گەندەڵییەی کە دەدزرێت لە ناو ئێراقدا ساغبکرێتەوە، هەرکاتێک حکومەتێکی بەهێز دروست بوو، بتوانێت بیانگێڕێتەوە. ئەمە بەشێکی لەو شانۆگەرییە بێ تامەدا دەبینین کە لە گەڵ دزی سەدەدا دەکرێت.
پارەی گەندەڵی و دزراوی زۆری ئێراق یەکێک بووە لە سەرچاوەکانی دروستبونی سیستەمێکی ئابووری تایبەت لە ناوچەکەدا. ئەمە تەنها تایبەت نیە بە ئێراقەوە، وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئێران، پاکستان و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەموو سەرچاوە پارە بردنن. وڵاتانی تری ناوچەکە هەوڵدەدەن لەم پارە دزراوانە سودمەندبن، بۆیە لەم پێناوەدا کۆمەڵێک کارئاسانیان سازاندوە. بۆ نمونە، کڕینی خانوو لە تورکیا و ئوردون و ئیمارات، یەکێک لە ڕێگا باوەکان. هەرچەندە خانوو ڕەنگە بڕەکەی کەم بێت بەڵام رێژەکەی زۆرە، بۆیە لە ئەنجامدا کەڵەکە دەبێت. ئەم دیاردەیە نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانێک کە سەقامگیرتن لە ئێراق دەیانەوێت سەرمایەگوزاری بکەن لە سەر داهاتی زۆری ئێراق، لەبەر نەبوونی سەقامگیری و بنەماکانی تری ژیانی ئاسایی. ئەم دۆخە لە ئێراقدا خراپتر دەبێت بە خراپتربوونی ژینگەی سروشتی و ژینگەی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی.
هەموو ئەمەی ڕودەدات لە کاتێکدایە کە توێژێکی کەم سودمەندی دۆلارە، بەڵام توێژێکی ئێجگار بەرفراوان زەرەرمەندە.
لە هەمانکاتدا دۆخی دۆلار ئەوە دەردەخات کە وەهمی ئەوەی کە لە دەرەوەی دونیا بژیت یان خاوەن سەروەری بیت، وەهمێکە خۆشە. ئێستا ئێراق لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردەدایە، یەکەم، درێژکردنەوەی دۆخی ئێستا. دووەم، دەستپێکردنی پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاو، سێیەم، سوربون لە سەر ناچارکردنی ئێراق بە بونی بە ئەندامی سویفت. لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتن. ئەو وڵاتەی کە دەتوانێت دەستی هەبێت لە سەر چۆنێتی بڕیاردان ئێرانە، ئەمریکاش ئامانجی ئەوە. ئایا دراو و درۆن ناوچەکە بەرەو کوێ دەبەن؟