به‌ڵێ، من تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هاوڕای ئه‌و تێگه‌یشتنه‌م، نه‌ک به‌و مانایەی که ته‌سلیم به‌و تێگه‌یشتنه ببین، به‌ڵکو به‌و مانایەی که ئێمه له چوارچێوه‌ی چه‌ند ده‌وڵه‌تێکداین، من بۆ خۆم له‌و بڕوایه‌دام که پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و هاتنه ئارای ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئیدی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ده‌بێته دامه‌زراوه‌یه‌کی زۆر به‌هێز، زۆر ناوه‌ندگه‌را، کە ژمارەیەک ئامرازی له‌به‌رده‌ستایه که تێگەیشتن و مانا و بەهاکان بۆ مرۆڤ دروست بکات، مرۆڤ لە قاڵب بدات، بیشێوێنێت، ئاراستەی بکات، بیگۆڕێت، ونی بکات هتد. یانی به‌ره‌و ئاقارێکی تایبه‌تیی ببات کە دەوڵەت بۆی دیار دەکات. واوه‌تر تواناکانی کورد له به‌رامبه‌ر ئه‌و دەوڵەتە ناوەندگەرا بەهێزە زۆر لاواز بووه، بۆیه شوناسی دیکه به سه‌ر کورددا سه‌پێندراوه، وەک شوناسی تورکیایی، شوناسی تورکی، شوناسی ئێرانی، شوناسی فارسی، شوناسی عه‌ره‌بی، شوناسی ئێراقی. هه‌موو ئه‌مانه به‌سه‌ر کورددا سه‌پێندراون.
من خۆم پێش ئه‌م گفتوگۆیه باسم کرد که وانه‌ی تیوری بونیادگەریی (کۆنستڕاکتیڤیزم) لە زانکۆ ده‌ڵێمه‌وه، ئه‌م تیورییە پێیوایه که هه‌موو تێگه‌یشتنه‌کانی ئێمه، هه‌موو به‌هاکانی ئێمه، هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی که ئێمه بە ژیانی دەدەین، له پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و مێژوویی‌دا دروست دەکرێن و دروست ده‌بن. تۆ له ناو ده‌وڵه‌تێکدا بژی، بۆ نموونە ده‌وڵه‌تی ئێران، له‌و چوارچێوەیەدا شوناسی دروستکرا و سەپێنراو شوناسی فارسییه، که‌لتوری زاڵ و سەپێنراو که‌لتوری فارسییه، کاتێک که هه‌موو ئه‌مانه به سه‌ر تۆدا دەسەپێنرێن و زاڵ ده‌بن، لە هەمانکاتد تۆ وەک کوردێک دامه‌زراوه‌ت نییه، واتە ئامرازت نیە، که به گژ ئه‌و تەوژم و کاریگه‌رییه‌دا بچیته‌وه، ئه‌و شوناسه هه‌ڵبوه‌شێنیتە‌وه و له جێگه‌ی ئه‌ودا شوناسێکی دیکه جێگیر بکه‌یت، ئیدی هەڵگری ئەو شوناسە دەبیت کە دەوڵەت بەسەر تۆیدا سەپاندووە. بۆ وێنە، له شاری بانه‌دا، شارەکەی ئێوه، خوێندن به کوردی نییه، کاتێک که ئینسان به زمانی دایکیی نه‌خوێنێ، ئیدی پاش ماوه‌یه‌ک ناشتوانێت به گوێره‌ی پێویست کوردانە بیر بکاته‌وه، کوردانە دنیا ببینێ. واته لێره‌دا ناچار ده‌بێت به فارسی بیر بکاته‌وه، چونکه زمان ته‌نیا نوتقێک نییه که ده‌یهێنێ، کەلتورێک لە ته‌ک خۆیدا دێنێت، تێگه‌یشتنێک لەگه‌ڵ خۆیدا دێنێت. جا ئه‌مه وا له ئینسانی کورد ده‌کات که ئازاد نه‌بێت لە دیاریکردنی شوناس و پێناسەکەی.
بێگومان به‌رگریی هه‌رماوه، به‌ڵام دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌ر زۆر زۆر زاڵترن، من له‌م ماوەیەدا لە چەندین سمینار لە هەولێر، لە سلێمانی، لە کلەپ هاوس، له‌سه‌ر ئه‌وه قسەم کردوە و قسە دەکەم و دەڵێم کە که نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌ت له درێژماوه‌دا له‌ناوده‌چێت، ئه‌گه‌ر به‌ره‌نگاریی جیددیش بکات، بێدەوڵەت، یان بێدامەزراوەی وەک دەوڵەت بێت، ئەوە هه‌ر له‌ناوده‌چێت. کاتێ له ڕۆژهه‌ڵاتدا، یان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، زمانی کوردی نه‌بوو به زمانی خوێندن، نه‌بوو به زمانی گفتوگۆ، کاتێ که‌لتوری کوردی له ناوه‌نددا ده‌ور نەگێڕێ، کاتێ تۆ زمانی کارت، زمانی مه‌عریفه‌ت، زمانی په‌روه‌رده‌ت زمانێکی دیکه بێت، ئه‌وکات مه‌حکوم به‌وه ده‌کرێیت پێویستیت به زمانه ناوه‌ندییه‌که بێت، ئەو کات، زمانی فارسی بۆت گرنگ دەبێت، نەک زمانی خۆت و زمانی کوردی. بۆ وێنه، کوردێک له ڕۆژهه‌ڵاتدا ده‌بێ زمانی فارسی بزانێت تا بگات به مه‌عریفه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا کوردی بزانێ، زۆر زه‌حمه‌ته ده‌ستی به مه‌عریفه بگات، خۆ کتێبه‌کان زۆرینه‌یان هه‌ر به فارسین، من ناڵێم که کتێبی کوردی هه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه ئێستا به دوای کتێبە فه‌لسه‌فییەکاندا بگه‌ڕێن، ژماره‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی که به کوردی هه‌ن، هه‌ر زۆر که‌من، کتێبە زانستییەکان لەوانەیە کەمتریش بن.
ئه‌گه‌ر لێره‌دا باسه‌که‌م کورت بکه‌مه‌وه، ده‌وڵه‌ت، بەتایبەتی لە ئێران و لە تورکیا و سوریا، له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا کوردی هاڕیوه، کلتوره‌که‌ی، مێژووه‌که‌ی و زمانه‌که‌ی مت کردووە. ئه‌مانه هه‌مووی ده‌بنه هۆی ئه‌وه که شوناسێکی دیکه له لای تاکی کورد دروست بێت، وەک شوناسی تورکیایی، یان ئێرانیی. سەد ساڵ داگیرکاریی، سەد ساڵ سەپاندنی شوناسی ئەوانی دیکە بەسەر کورددا، سەد ساڵ بێبەشکردنی ئینسانی کورد لە شوناسی خۆی، لە زمانی، لە کەلتوری، لە دابونەریتی، هەمووی بەسەریەکەوە کوردبوون کاڵدەکاتەوە و شوناسی ئەوانی دیکە زاڵ دەکات بەسەر ئینسانی کورد.
با چاوێک تێگەیشتن و له نووسینه‌کانی «ئێدوارد سه‌عید» بکه‌ین، ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌دات که ئیمپڕیالیزم و هێزه کۆلۆنیالیزمه‌کان، داگیرکەرەکان، چۆن وێنای ئینسان و وڵاتی داگیرکراو ده‌که‌ن. سەعید دەڵیت: داگیرکەر خۆی بەرز ڕادەگرێت (سوپیرییەر) و داگیرکراو نزم (ئینفیرییەر) ڕادەگرێت، خۆی بەنرخ و داگیرکراو بێ‌نرخ. به‌ڵام «فڕانز فانن» ده‌ڵێ، کێشه‌که ته‌نیا له‌وه‌دا نییه که داگیرکەر خۆی به به‌رز و داگیرکراو به نزم بزانێ، به‌ڵکو کێشه گەورەکە له‌وه‌دایه، که منی کوردی داگیرکراو خۆم به نزم بزانم و داگیرکه‌ر به به‌رز، کاتێک که من خۆم به نزم ده‌زانم، شوناسه‌که‌شم، زمانه‌که‌شم و که‌لتوره‌که‌شم به نزم ده‌زانم، کاتێ که به‌و ئاسته گه‌یشتین، ئه‌وه خۆ ناساندن به شوناسی داگیرکه‌ر به کارێکی به‌رز و فه‌ڕز ده‌زانین، دەبین بە بەشێک لە پڕۆسەی خۆ ڕزگارکردن لە نزمگەرایی و بێنرخی. پاشان له لام گرینگ بە بەهاتر ده‌بێ کە ئێرانی، ئێراقی و تورکیایی بم، چونکه کوردبوون هێنده لاواز کراوه. بۆ وێنه، کاتێک له تورکیه به کورده‌کان ده‌ڵێن تورکه‌کانی چیا، ئه‌م وته ته‌نیا ئه‌وه ناگه‌یەنێت که کۆمه‌ڵه که‌سێک له چیا ده‌ژین، به‌ڵکو ئەم دیتنی کوردە وه‌ک ڕه‌شه‌وڵاخ، وه‌ک حه‌یوان، وه‌ک کێویی. که ده‌ڵێن، تورکی چیایی یانی له شارستانیه‌تی دابڕاوی، له که‌لتور، له مه‌عریفه و له هه‌موو شتێ دابڕاو. ئەمەیە شوناسی سەپێنرا و کاریگەرییەکانی.