(خوێندنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه)
“کورته‌یه‌ک”
بۆنه‌کان له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا شاده‌ماری یادکردنه‌وه‌ی ساتێکی تایبه‌تن، له ڕوخساری ڕووداوێک‌دا خۆیان مانیفێست ده‌که‌ن و دواتر ئه‌م ڕووداوه له به‌ستێنی گۆڕانکارییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌ی مانایی جیاواز په‌یدا ده‌کات نموونه‌ی ئه‌م بۆنه و یادکردنه‌وه‌یه ڕۆژی ڤالانتاینه. به‌ر له‌وه‌ی باسی ئاماده‌یی ئه‌م یادکردنه‌وه بیانییه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا بکه‌م و نموونه‌ی هاوشێوه‌ی له‌م که‌لتووره‌دا باس بکه‌م باشتر وایه پێشینه و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسییه‌کی ئه‌م ڕووداوه بخه‌مه ڕوو، تاکوو هه‌م به‌رچاوڕوونییه‌ک بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانکارییه ده‌لاله‌تی و ماناییه له به‌ستێنی ڕووداوه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوورییه‌کاندا و هه‌میش ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری هۆکاری ئاماده‌بوونی ئه‌م ڕووداوانه و پاڵنه‌ره سایکۆلۆژی و ده‌روونناسانه‌کانی.
“مێژوو و به‌سه‌رهات و فه‌لسه‌فه‌ی ڤالانتاین”
ڕۆژی ڤالانتاین یان ڕۆژی عه‌شق یان عاشقان، که ڕۆژی ڤالا‌نتاینی پیرۆز یان جه‌ژنی ڤالانتاینیشی پێده‌ڵێن، هه‌موو ساڵێک له 14ی مانگی فێڤرییه هاوڕێ له‌گه‌ڵ 25ی ڕێبه‌ندان یاد ده‌کرێته‌وه. ئه‌م یادکردنه‌وه و به‌رزڕاگرتنه وه‌کوو ڕۆژێکی جه‌ژنی مه‌سیحی بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی یه‌ک یان دوو شه‌هیدی یه‌که‌مینی ئایینی مه‌سیحییه‌ت به‌ناوی “قیدیس ڤالینتینا” هاته ئاراوه و دواتر به‌هۆی نه‌ریته جه‌ماوه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی پاش ئه‌و، کرا به جه‌ژنێکی که‌لتووری، ئایینی و بازرگانیی گرینگی عاشقانه له زۆر وڵات و هه‌رێمی دونیادا. چیرۆکگه‌لێکی جیاواز و جۆراوجۆر له‌باره‌ی ئه‌مه‌ی که بۆچی 14ی فێڤرییه وه‌کوو ڕۆژی ڤالانتاین هه‌ڵبژێردراوه هه‌یه. له وڵاتانی ئیسکاندیناڤیا له ناوه‌ڕاستی مانگی فێڤرییه که باڵنده‌کان جووت ده‌بن و دواتر زاوزێ ده‌که‌ن، به‌م هۆیه ئه‌م قۆناغ و سه‌رده‌مه هه‌ر له کۆنه‌وه وه‌کوو سیمبول و ڕه‌مزی عیشق و زاوزێکردن یاد ده‌کرێته‌وه.
ژماره‌یک چیرۆک و گێرانه‌وه‌ی جۆراوجۆر له شه‌هیدبوونی ڤالانتاین له 14 فێڤرییه هه‌ن، له‌وانه چیرۆکێک که گێڕه‌ره‌وه‌ی به‌ندیبوون قه‌شه ڤالنتاینی ڕۆمییه به‌هۆی پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاری به‌و مه‌سیحییانه‌ی که له ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی ئیمپراتۆریی ڕۆم بوون له سه‌ده‌ی سێهه‌می زاینی‌دا. به‌پێی نه‌ریتێکی کۆن و سه‌ره‌تایی ئایینی مه‌سیحییه‌ت، ڤالنتایین بینایی گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ کچه پاسه‌وانه نابیناکه‌ی خۆی له زینداندا، ئه‌و چیرۆکه زۆر و زه‌به‌ندانه‌ی دواتر که زیادکرانه سه‌ر ئه‌م ئه‌فسانه‌یه زیاتر و زۆرتر ڤالانتاین به عیشقه‌وه گرێ ده‌دات: چیرۆکه زۆروزه‌به‌نده‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌می زاینی زیاتر په‌لوپۆ ده‌دات به بابه‌ته‌که و ده‌ربڕی ئه‌مه‌یه که قه‌شه ڤالا‌نتاینی پیرۆز نامه‌یه‌کی بۆ کچه پاسه‌وانه‌که‌ی زیندانه‌که‌ی به واژۆی(ڤالانتاینه‌که‌ت) وه‌کوو دواماڵاوایی پێش له‌سێداره‌دان نووسیوه. گێڕانه‌وه‌یه‌کی دیکه ده‌ڵێت که قه‌شه ڤالا‌نتاینی پیرۆز بۆ ئه‌و سه‌ربازه مه‌سیحییانه‌ی که هاوسه‌رگیرییان له لایه‌ن کڵێسه‌وه قه‌ده‌غه کرابوو، ڕێوڕه‌سمی شایی و زه‌ماوه‌ندی به‌ڕیوه برد.
یه‌که‌مین یادکردنه‌وه‌ی ڕۆژی ڤالانتاین وه‌کوو عیشق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م له ئینگلیز. شوێنێک که باوه‌ڕی باو ئه‌وه بوو که 14 فێڤرییه ڕۆژی جووتبوونی په‌له‌وه‌ره‌کانه.
جه‌ژنی قه‌شه‌ی پیرۆز؛ ڤالانتاین له لایه‌ن پۆپ ژێلاسیۆسی یه‌که‌م له ساڵی 496ی زاینی‌دا داهێنرا. ژێلاسیۆسی یه‌که‌م ئه‌م جه‌ژنه‌ی له 14ی فێڤرییه بۆ ڕێزلێنان و یادکردنه‌وه‌ی قه‌شه‌ی پیرۆز؛ ڤالا‌نتاینی ڕۆمی به‌ڕێوه برد. ئه‌م ڕۆژه له سه‌ده‌کانی 14 و 15دا تێکه‌ڵ به عیشقی ڕۆمانسی بوو، واته کاتێک چه‌مکگه‌لێکی وه‌کوو ئه‌قین و عیشقی شاسواره‌کان بووژایه‌وه، عیشقێک که وادیاربوو له‌گه‌ڵ (مه‌لی ئه‌وین)ی سه‌ره‌تای به‌هار په‌یوه‌ندی هه‌بوو. له جه‌ژنی ڤالانتاین له به‌ریتانیای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، خۆشه‌ویسته‌کان به پێشکه‌شکردنی گوڵ و شیرینی و ناردنی کارت پۆستاڵی پیرۆزبایی ڤالانتاین، خۆشه‌ویستی خۆیان بۆ یه‌کتر ده‌رئه‌بڕی. ڕه‌مزه‌کانی ڕۆژی ڤالانتاین که هه‌نووکه‌ش به‌کار ده‌هێنرێت بریتین له جۆره جیاوازه‌کانی شێوه‌ی دڵ، کۆتر و شێوه‌ی کۆپیدۆی باڵدار(خودای عیشق له ڕۆمی کۆن).
قه‌شه ڤالانتاین به ئه‌گه‌ری زۆر نێزیکه‌ی سالێ 270ی زاینی کوژراوه. له حاڵێکدا که هه‌ندێک له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که ڕۆژی ڤالانتاین، ساڵوه‌گه‌ڕی مه‌رگ یان ئه‌سپه‌رده‌کردنی ڤالانتاینه، ده‌سته‌یه‌کی دیکه وا بیر ده‌که‌نه‌وه کڵێسه‌ی کاتوولیک به مه‌به‌ستی به‌مه‌سیحیکردنی نه‌ریتێکی که‌ونینه و موشریکانه به‌ناوی لووپێرکالیا که له ڕۆمی کۆن باو بووه ئه‌م ڕێکه‌وت و به‌رواره‌ی هه‌ڵبژاردووه. له ساڵی 498ی زاینی، “پۆپ ژێلازیۆسی” یه‌که‌م به‌ڕێوه‌بردنی جه‌ژنی لووپێرکالیای قه‌ده‌غه کرد، ئه‌و، ڕۆژی 14ی فێڤرییه‌ی وه‌کوو ڕۆژی ڤالانتاین ڕاگه‌یاند تاکوو له‌گه‌ڵ کرده‌وه موشریکانه و ئیلحادییه‌کان ڕووبه‌ڕووببێته‌وه. گێڕانه‌وه‌کان له‌باره‌ی ڤالانتاین هێنده جۆراوجۆرن که پێشینه و مێژوویه‌کی ته‌واو و ڕوون له‌به‌رده‌ستدا نییه. هه‌نووکه کڵێسه‌ی کاتوولیک به‌م ئه‌نجامه گه‌یشتووه که لانیکه‌م سێ قه‌شه‌ی پیرۆز به‌ناوی ڤالانتاین یان ڤالینتیوس هه‌بوون که هه‌موویان کوژراون. هه‌ر بۆیه چه‌ندین ئه‌فسانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن مێژووی ئه‌م ئایینه‌مان بۆ بگێڕنه‌وه.
به‌پێی ئه‌فسانه‌یه‌کی به‌ناوبانگ له سه‌ده‌ی سێهه‌می زاینی له ڕۆمی کۆندا و له سه‌رده‌می حوکمڕانیی کلودیوسی دووهه‌م. قه‌شه‌یه‌ک به ناوی ڤالانتاین ده‌ژیا، کۆلۆدیوس باوه‌ڕی وابوو پیاوانی سه‌ڵت و ڕه‌به‌ن له چاوه‌ی ئه‌وانه‌ی که خێزانیان هه‌یه و ژیانی هاوسه‌رایه‌تییان هه‌یه، سه‌ربازانێکی گیانبازتر و جه‌نگاوه‌رترن، هه‌ر بۆیه پێکهێنانی ژیانی خێزانی بۆ پیاوانی سه‌ڵت قه‌ده‌غه کرد. ڤالانتاین باوه‌ڕی وابوو که ئه‌م بڕیاره ناعادیلانه‌یه؛ هه‌ر بۆیه به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی کچانی خۆشه‌ویستی سه‌ربازه ڕۆمییه‌کانی له ئه‌ویندارانیان ماره کرد. کاتێک که کۆلۆدیووس به‌م کاره‌ی ڤالا‌نتاینی زانی بڕیاری کوشتنیدا. ئه‌فسانه‌یه‌کی دیکه ده‌یگێڕێته‌وه که ڕه‌نگه قه‌شه ڤالانتاین به‌بۆنه‌ی ڕزگارکردن و ده‌ربازکردنی مه‌سیحییه‌کان له ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی ڕۆمییه‌کانه‌وه کوژرابێت. به‌پێی ئه‌فسانه‌یه‌کی دیکه، قه‌شه ڤالانتاین خۆی عاشقی کچێکی پاسه‌وانی خۆی بووه له زینداندا و یه‌که‌مین کارتی ڤالا‌نتاینی خۆی پێش مه‌رگی بۆ ئه‌و کچه ناوردووه و له‌سه‌ری نووسرابوو(له‌لایه‌ن ڤالانتاینه‌که‌ت).
ئه‌وه‌ی که ئێمه ده‌توانین له‌م پێشینه و سه‌ربورده‌یه هه‌ڵیهێنجین ئه‌مه‌یه که ئه‌م بۆنه‌یه یان ئه‌م یادکردنه‌وه‌یه له کۆنتێکستێکی ئایینییه‌وه هه‌ڵقولاوه، که هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی کۆنی مێژووییشه که وه‌کوو نه‌ریتێکی موشریکانه‌ی ڕۆمی ناو ده‌برێت، به‌ڵام باسه‌که ته‌نها ئه‌مه نییه، ئه‌وه‌ی که له کاتی ئێستادا ده‌بێت به ده‌لاله‌تی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕۆژه جۆره ڕێزلێنانێکه له خۆشه‌ویستی! واته ئه‌گه‌ر وێنه‌که تۆزێک ڕوونتر ببینین، ده‌بێت به‌مه‌ی که ئه‌م ڕۆژه ڕه‌مزێکی میتاوفۆریک و خوازه‌ییه که له شکاندنی تابۆکانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات له لایه‌ن ڤالانتاینه‌وه، ئیتر به‌پێی هه‌ر کام له‌و سێ ئه‌فسانه‌یه بێت که هه‌م که‌سه‌که قه‌شه‌یه‌کی ئایینی بووه و هه‌میش ئه‌گه‌ری هه‌ڵگرتنی توخمێکی موشریکانه‌ی له دونیایی ڕۆمی کۆندا تێدایه! که له خزمه‌ت خۆشه‌ویستیدا به‌کار هاتووه، بۆیه ده‌بێت به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین ئاوا ڕه‌مزێک که له کرۆکی خۆیدا جۆره شاردنه‌وه‌یه‌ک بووه له ناو دڵی سیسته‌م و دۆخێکی زاڵدا که به گوناه و تابۆ و بڤه‌یان زانیوه ئێستا بووه به نه‌ریتێکی جیهانی سه‌رده‌م و به‌ڕاشکاوی یادی ده‌کرێته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌مه هه‌موو گۆشه و پاڵه‌کانی ڕووداوه‌که‌یه که ده‌یبینین؟ شتێک که ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گره مانای خۆشه‌ویستی له دوو جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا هاتووته ناو پارادایم و چه‌شنسازییه‌کی نادروست و ناڕه‌سه‌ن. ئێسته ڕۆژی ڤالانتاین له زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا له‌وانه وڵاتانی ئه‌ورووپی و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و ته‌نانه‌ت له وڵاتانی وه‌کوو ئێران، تورکیه، عه‌ره‌بستان، مالیزی، چین، ئازه‌ربایجان(باکوو) و میسر، به‌رازیل و…به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر یاد ده‌کرێته‌وه. جیاواز له‌وه‌ی که له هه‌رکام له‌م وڵاتانه‌دا جۆره ڕێگری و له‌مپه‌رێکی یاسایی بۆ ئه‌م ڕۆژ و یادکردنه‌وه‌یه هه‌یه، به‌ڵام په‌یامی ڤالانتاین و ڕۆژی خۆشه‌ویستی له ڕێگه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و میدیا زه‌به‌لاحه‌کانه‌وه به گوێی زۆربه‌ی دونیا ده‌گات، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری هێز و هه‌ژموونی سیسته‌می پروپاگه‌نده‌ی ڕۆژئاوایه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌شه جیهان حه‌زی له ڕۆژێکی وا هه‌یه و پێویستی به‌و ڕۆژه هه‌یه، به‌ڵام ئایا به‌ڕاستی ڕۆژی خۆشه‌ویستی له وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی چ ماهییه‌ت و دۆخێک و ده‌لاله‌تێکیان هه‌یه؟ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له کوێی ڤالانتایندا یه‌ک ده‌گرنه‌وه؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕۆژه ڕۆژێکی جیهانییه و ڕه‌هه‌نده‌که‌ی یونێڤێرساڵه ئایا ئێسته ئێمه گه‌یشتووین به‌و قۆناغه له گه‌شه‌ی شارستانییه‌تدا که کوڕێکی په‌نابه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتیی خه‌ڵکی ئه‌فغانستان بتوانێت دیارییه‌کی ڕۆژی ڤالانتاین بدات به کچێکی چاو شینی فه‌ره‌نسی و له عیشقه‌که‌یدا ناکام نه‌بێت؟ ئایا کچێکی ئه‌مریکی گه‌یشتووه به‌و ئاسته له گه‌شه و ڕۆحی ئه‌م ڕۆژه که دیارییه‌کی ڤالا‌نتاینی بدات به کوڕه کوردێکی په‌نابه‌ری زاخۆیی؟ ئایا ژن وه‌کوو لایه‌نی جه‌وهه‌ریی ئه‌م ڕۆژه پێگه ڕۆمانسی و به‌رزه‌جێکه‌ی پارێزراوه له ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات؟ ئایا خۆشه‌ویستی هیچ مانایه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی ماوه به ده‌لاله‌ته ئه‌فلاتوونییه‌که‌ی؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره ڕۆژانه ئاوه‌ها جیهانگر و گشتگیرن ئه‌ی ئه‌م هه‌موو ناکامی و تووڕه‌یی و شه‌ڕ و بازرگانی و به‌کاڵاکردنی ژن و خه‌یانه‌ت و…چییه؟ ئایا عیشق ده‌بێت دیسان پێناسه بکرێته‌وه؟… تێڕامانێکی کورت له سه‌ر ئه‌م پرسیارانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن که جیهان ئه‌م شوێنه ئایدیاله نییه که ئه‌م ڕۆژه بتوانێت ته‌عبیر له واقعییه‌تی خۆی بکات و زیاتر یادکردنه‌وه‌یه‌کی نۆستالۆژیکه واته ده‌گه‌ین به‌م ئه‌نجامه که بۆنه ڕه‌مزییه‌کان زیاتر حه‌سره‌ت و ئۆفکێشانێکن بۆ دونیایه‌ک که له کیس چووه و له ئێسته‌دا نییه، ئایا ئه‌م ڕۆژه جۆه غه‌مگینییه‌کی له‌خۆیدا نه‌شاردۆته‌وه، بۆ سه‌رچه‌شن و مانایه‌کی به‌رزی به ناوی خۆشه‌ویستی که ئێسته له کیس چووه و ئێمه له ڕێوڕه‌سمێکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا و به کۆمه‌ڵێک دیاریی جیهانی سه‌رمایه‌داری خه‌ریکی شینگێڕێیه‌کی پۆست مۆدێڕن له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا‌ین؟ ڕۆژی ڤالانتاین ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌نگی غه‌مگینه بۆ ونبوونی خۆشه‌ویستی و لێڵبو‌ونی جه‌سته و سۆز و ڕۆحی ژن و پیاو، ئه‌وه‌نده زایه‌ڵه‌ی ده‌ربڕینی عیشقێکی ئازاد و ناکۆتا و ئه‌فلاتوونی نین، ڕه‌نگه ئه‌مه قه‌ده‌ر و جه‌بر و ده‌بێتێکی جیهانیی ئێمه بێت که کۆمه‌ڵێک به‌ها به‌سه‌رماندا زاڵ بوون که فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوونیش ده‌ره‌قه‌تی ڕاستکردنه‌وه‌ی و ڕوونکردنه‌وه‌ی نییه.
ڕۆژی ڤالانتاین به‌هۆی به‌کارهێنه‌رێ و به‌رخۆریی زۆر به (جه‌ژنێکی سه‌رمایه‌دارانه)ش لێک دراوه‌ته‌وه و وه‌کوو هۆکاریک بۆ ده‌رهێنانی پووڵ و پاره پێناسه کراوه. تێچووی دیارییه‌کانی ڕۆژی ڤالانتاین له سالی 2019ی زاینی له ئه‌مریکادا نێزیکه‌ی 20 ملیار دۆلار بوو. له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران‌دا ڤالانتاین زیاتر ڕه‌مزێکه بۆ به‌رخۆرێتی و ئه‌شرافییه‌ت. ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ وڵات‌دا جۆره بۆنه و ڕۆژێکی ڕه‌مزی له که‌لتووری نه‌ته‌وه‌ییدا زه‌ق کراوه‌ته‌وه و ده‌لاله‌ته‌کانی وه‌کوو ڕۆژی ڤالانتاینه به گشتی به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ڕۆژی ڤالانتاینه که وه‌کوو ناوێک و ڕه‌مزێک له‌و یادکردنه‌وه و مانایه له ڕێگه‌ی میدیا و ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌کانی وه‌کوو هۆلیڤووده‌وه له به‌شێک له یاده‌وه‌ری خه‌ڵکی دونیادا چه‌سپیوه. له وڵاتی چین ڕۆژیکی هاوتای ڤالانتاین هه‌یه که له ژێر ناوی(شه‌وی حه‌وته‌مه‌کان) ده‌ناسرێت. له ئێرانی کۆنیش شتێک به ناوی سێپه‌ندارمه‌زگان هه‌بووه. له ژاپۆنیش له ژێر ناوی شه‌وانی حه‌وته‌م نێزیک له‌وه‌ی چین یاد ده‌کرێته‌وه و هه‌روه‌ها له وڵاتی ئازه‌ربایخان له ژێر ناوی “سونای گه‌نجه سی” و له ئیسرائیلیش به “ئیسرائیل توباو” ناو ده‌برێت و له که‌لتووری کوردیش‌دا سێوی مێخه‌کڕێژ ده‌لاله‌تی تایبه‌تی خۆی بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌یه.
“سێوی مێخه‌کڕێژ و که‌لتووری خۆشه‌ویستی”
بۆ دیاریکردنی ده‌لاله‌تی هه‌ر چه‌مک و میتافۆڕ و ده‌سته‌واژه‌یه‌ک، بێگومان زه‌مینه و پێکهاتی که‌لتووری دیاریکه‌ری سه‌ره‌کین، یانی ئێمه ده‌شێت بۆ نموونه له وڵاتێک‌دا به‌رگری له ئازادی بکه‌ین که ئه‌م چه‌مک و مانایه هێشتا له دایک نه‌بووه و خه‌ریکین شه‌ڕی بۆ ده‌که‌ین و ده‌شێتیش له وڵاتێکی وه‌کوو فه‌ره‌نسه‌دا هه‌ر به‌رگری له ئازادی بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووهه‌میان قۆناغ و پله‌ی دیکه‌یه له ئازادی و ئاسۆ و چاوه‌ڕوانییه‌کان، مێژوو و که‌لتوور و سیسته‌م و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م دوو وڵاته دیاری ده‌که‌ن. له‌باره‌ی سێوی مێخه‌کڕێژه‌وه ئه‌گه‌رچی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی وردی مێژوویی به‌رده‌ست نییه و حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌یه‌کی پته‌و و یه‌کانگیریش به‌رده‌ست نییه به‌ڵام له هه‌ندی گۆرانی فۆلکلۆردا هاتووه و له سه‌ر زاری خه‌ڵک و ئه‌ده‌بی زاره‌کیشدا گێڕانه‌وه‌ی جۆراوجۆره‌ی له‌سه‌ره به‌ڵام تێکڕای ئه‌و ده‌لاله‌تانه که له گێڕانه‌وه‌کان به‌ده‌ست دێن سێوی مێخه‌کڕێژ هێمایه بۆ خۆشه‌ویستی و ئاشتی.
سێ‌و به بێ مێخه‌ک بۆ سه‌وقات نابێ
به ماچێ دووان قیامه‌ت نابێ
هه‌م سێ‌و و هه‌م مێخه‌ک له رووی نیشانه‌ناسییه‌وه ڕه‌مزی دونیای ژنانه‌ن و بۆ په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی و ئاشتییانه له‌گه‌ڵ پیاودا دانراون، پاش ئه‌وه‌ی که سێوه‌که به مێخه‌ک ڕێژرا، بیست بۆ سی ڕۆژ ده‌بێ بوه‌ستی تا هیشک ده‌بێته‌وه، سێوی مێخه‌کڕێژ به‌پێی ئه‌و سێوانه‌ی به‌رده‌ست که‌وتوون و ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی هه‌نه نێزیکه‌ی سه‌د ساڵ زیاتر ته‌مه‌ن ده‌کات و خراپ نابێت و و ئێسته وه‌کوو ڕه‌مزێکی که‌لتووریی کۆنی کورد ورده‌ورده خه‌ریکه بناسرێت و وه‌کوو بره‌ندێکیش له لایه‌ن وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیی هه‌رێمی کوردستان دراوه به کۆمپانیای “vinsev” و له لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شت و گوزاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌کوو ڕه‌مز و سیموبول و دیاریی کوردی ناسراوه.
1-ئه‌م سێوه له لایه‌ن خۆشه‌ویسته‌وه که مێیه ده‌درێته دڵداره‌که‌ی که پیاوه و ده‌لاله‌ت له خۆشه‌ویستی ده‌کات.
2-هه‌روه‌ها له لایه‌ن دایکیشه‌وه وه‌کوو سۆز و خۆشه‌ویستی دایکانه ده‌ردرێت به کوڕ.
هیچ گومانێک له به‌رزی و ماناداریی ئه‌م ڕه‌مزه مه‌زنه‌ی کورد نییه. لێره باسی هه‌ره گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سێوی مێخه‌کڕێژ هێمایه‌ک و ڕه‌مزێکی کۆنی ژنانه بێت له جیهانی کوردی‌دا، بۆ دروستکردنی و خستنه‌ڕووی ئاشتی و خۆشه‌ویستی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا، خۆیان چه‌نده ئه‌م ئاشتی و خۆشه‌ویستییه‌یان به‌رکه‌وتووه؟ ئایا خۆشه‌ویستی به بێ ئازادیی هه‌ڵبژاردن مانایه‌کی هه‌یه؟ فه‌لسه‌فه و تێڕوانینی ژنی کورد له قه‌واره‌ی ئه‌م سێوه‌دا کاری کردووته سه‌ر کۆمه‌ڵگا؟ ئایا قه‌تڵه نامووسییه‌کان له سه‌رده‌شته‌وه تا سلێمانی و هه‌ولێر که‌میان کردووه؟ ئایا هاوسه‌رگیریی زۆره‌ملی کۆتایی پێ هاتووه؟ ئایا کچ یان ژنێک که به دڵی خۆی پۆشاکی له‌به‌ر کردووه له تانه و ته‌شه‌ری و ته‌علیق و گێچه‌ڵی سیکسی ئه‌منییه‌تی په‌یدا کردووه؟ من پێم وایه تاکوو وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ئاسۆیه‌کی گه‌ش و ڕوونمان به دیاری بۆ نه‌هێنن چ ڤالانتاین و چ سێوی مێخه‌کڕێژ و هه‌ر بۆنه‌یه‌کی دیکه له چین بێت یان ئه‌مریکا جگه له بۆنه‌یه‌کی سه‌رقاڵکه‌ری بێناوه‌رۆک که ده‌که‌وێته خزمه‌ت بازاڕی سه‌رمایه و هاوکات کایه‌ی میدیایی و خۆراکی کایه‌که‌یان هیچی دیکه نییه، ئه‌و سێوه ده‌بێت به دڵی ئه‌و ژن و کچانه‌ی که به بزماری مێخه‌ک دڵی خۆیان کون‌کون ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌وین و سۆز و خۆشه‌ویستی و زامه‌کانیان ده‌شارنه‌وه.
سێوی مێخه‌کڕێژ ده‌شێت چ ماناگه‌لێکی ڕه‌مزی و نهێنیی دیکه‌ی هه‌بێت که نه‌ماندرکاندوون و مێخه‌کپۆشمان کردوون؟.