“ئەی هاوڕێی کۆن، ڕات چییە لەسەر ئەمە؟ پەرەسەندن ڕوودەدات و، زانستی مێژووی سرووشتی لاهوتی لە ڕاڤەکردنی بابەتەکەدا شکستی هێنا. دەزانم ئەمە ڕووبەڕووی سەرزەنشتم دەکاتەوە”(1).
ئەمانە چەند وشەیەکی کەم بوون کە چارلز داروین (Charles Darwin) بۆ هاوڕێکەی “لیۆنارد جێنینز”(2) دەری بڕین و ئەوەی لە ناخی دڵیدا بوو ئاشکرای کرد؛ ئەو بیرۆکانەی کە بۆ ساڵانێکی درێژ و زۆر بە لەسەرەخۆیی ڕەگیان داکوتا و گەشەیان کرد، تا وای لێهات لەسەر لاپەڕەکان تۆماری کردن و لە نێوان کتێبێکی دوو بەرگیدا کۆی کردنەوە کە “دەیڤید کوامین” بەوە وەسپی کردووە کە “بە هەموو ڕەسەنایەتی و بوێرییەکەیەوە و بە هەموو هەڵەکانییەوە، گەورەترین و سەرکێشیترین گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا لە ماوەی چوارسەد ساڵی ڕابردوودا دروست کرد”(3). “داروین ئەوەی لەبیرە کە پێش ئەوەی بیرۆکەی گۆڕان و وەرچەرخانی بە خەیاڵدا بێت، وەک هەر گەنجێکیتر پابەند بووە بە ئیمانێکی تەقلیدی. کاتێکیش لەسەر کەشتی بیگڵ (HMS Beaggle) گەشتی دەکرد، بەهۆی خوداناسی و هێنانەوەی بەڵگە لە کتێبی پیرۆزەوە گاڵتەی پێ دەکرا. لە کاتی وێناکردنی فیکریی و تیۆرییەکەیدا لە دەفتەری تێبینییەکانیدا لە کۆتایی سییەکانی سەدەی نۆزدەدا، داروین زۆر بیری لە ئایین دەکردەوە، وەلێ بە تێپەڕبوونی ساڵان و لەگەڵ خوێندنەوەی یاسا جێگیرەکانی سرووشت، باوەڕی بە پەرچوو کەم بووەوە، پاشان وردە وردە گەیشتە بێباوەڕی بە مەسیحییەت وەک سرووشێکی خودایی. هیچ ڕەزامەندییەک یان پەلەکردنێک لە لەدەستدانی و بەجێهێشتنی ئیمانەکەیدا نەبوو؛ بەڵکو ئەوە نزیکەی بەبێ ویستی خۆی ڕوویدا “(4): ” بەم شێوەیە، بێبڕوایی/ناخوداباوەڕیی بە هێواشی و لەسەرەخۆ دزەی کردە ناو ناخمەوە، تا دواجار بە تەواوی جێگیر بوو. ڕاستی پۆلێنکردنی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە کە ئەوەندە بە هێواشی هات کە هەستم بە هیچ دڵەڕاوکێیەک نەکرد”(5).
ئەمە ئەنجامێکی لۆژیکی بوو بۆ شۆکێکی تووند کە بەر ئهقڵە کراوەکان کەوت؛ ئەو ئهقڵانەی ڕوویان کردە ڕۆژهەڵات، واتە بەرەو کورسیی پاپا، بەڵام هیچ شتێکیان دەستنەکەوت کە تینوێتییان بشکێنێت و سەرچڵییەکانیان تێر بکات، بەڵکو کەسانێکیان بینی کە تۆمەتباریان دەکردن بە کفر و لادان لە ئایین (گومڕا)، و بە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و سووتاندن سزایان دەدان، تاوەکو لە ترساندا پاشەکشە بکەن یان بمرن. بەڵام کاتێک ڕوویان کردە ڕۆژئاوای ئەندەلووس، شارستانییەتێکی زانستییان بینی کە بە خێرایی و بەهێزەوە هەنگاوی دەنا، شارستانییەتێک کە گەمەی لە سرووشت و فیترەتیاندا دەکرد و ڕێزی لە ئهقڵیان دەگرت، هاوکات پێویستییەکانیانی دابین دەکرد و تینوێتییانی دەشکان، بەڵام ئەو ژەنگەی لەسەر دڵەکانیان بوو ڕێگر بوو لەوەی بە نووری وەحی خودایی و شەریعەتی دوایین پێغەمبەر محەمەد (د.خ) ڕووناک ببنەوە. بۆیە چاوەکانیان ئەم هێزە زانستی و شارستانییەتە پەرەسەندووەیان دەبینی، بەڵام چاوەکانی دڵیان (بەسیرەت) سەرچاوە ڕاستەقینە و شاراوەکەیانی نەدەبینی. لەگەڵ ئەوەشدا سووربوونیان لەسەر ڕەتکردنەوەی ژیانی ستەم و ترس و تۆقاندن وای لێکردن کە بەخشینی گیانیان لە جەنگی ڕزگاربوون لەم جۆرە کۆیلایەتییە هەڵبژێرن. وەلێ ئەم گیانانە لەپێناو چیدا فەوتان و لەدەست چوون ؟ ئایا دروستیی هۆکار و پاڵنەرەکان مەرجە ببێتە هۆی دروستیی ئەنجام و بڕیارەکان ؟ ئەو ڕێڕەوە (شۆڕشە چاکسازییە)ی کە ئەمان گرتیانەبەر دوو ڕێگەی جیاواز بوون: ڕێگەیەک کە خوازیاری چاکسازی ناوخۆیی و شەڕکردن بوو دژی پاپا گەندەڵەکان(6)، و ڕێگەکەی دیکەش کە خوازیاری ڕزگارکردنی ئهقڵ بوو لە کۆت و زنجیرە تیۆکراتییە(7) نازانستییەکان و ئەو گریمانە هەڵانەی کە هیچ بەڵگەیەک پاڵپشتی نەدەکرد. هزری ڕۆژئاوایی لەم ڕێگەی دووەمدا (سێ گورزی کوشندە)ی بەرکەوت، کە ئەمانەن و بە درێژی باسیان دەکەین تاوەکو دەگەینە مەبەستەکەمان.
“سێ گورزی کوشندە”
فرۆید لە کتێبی “پێشەکییەک بۆ دەروونشیکاری”(8)دا ئاماژە بەوە دەکات کە سرووشتی خۆپەرستی ساویلکانەی مرۆڤ و ئەو بانگەشانەی کە پەیوەستن بە تاقانەیی و دەگمەنی مرۆڤ و ناوەندێتیی ڕەهای مرۆڤ لە گەردووندا هەیبوو، لەلایەن زانستەوە لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا سێ گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە:-
یەکەم:- گورزی یەکەم لەسەر دەستی “نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس” بوو، کاتێک ڕایگەیاند کە زەوی چەقی گەردوون نییە، بەڵکو زەوی بەشێکی زۆر بچووکە لە سیستمی گەردوونیدا.
دووەم:- گورزی دووەم لەسەر دەستی “چارلز داروین” بوو، کاتێک ڕایگەیاند مرۆڤ بە ڕێڕەوی پەرەسەندندا ڕۆیشتووە و لە شانشینی ئاژەڵانەوە هاتووە.
سێیەم:- گورزی سێیەم لەسەر دەستی خودی (فرۆید) بوو، کاتێک (من/ Ego) ڕاگەیاند کە ئەو منە (واتە ئیگۆ) سەروەری ماڵەکە نییە و جڵەوی هۆشیاری لەدەست نییە، بەڵکو دەبێت تەسلیمی کۆمەڵێک زانیاریی لاواز و پەرشوبڵاو بێت دەربارەی ئەوەی لە دەوروبەریدا بە شێوەیەکی ناهۆشیارانە (لاشعور) ڕوودەدات.
بێگوێدانە وردبینی زانستی لەم بابەتەدا، ئەم سێ گورز وایان لە مرۆڤی ڕۆژئاوایی کرد ڕابچڵەکێت و جێگیریی خۆی لەدەست بدات؛ ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا وای لێکرد لەو ناوەندێتییە (مەرکز) گەردوونییە و ئەو پلە بەرزەی کە هەمیشە بڕوای پێی هەبوو و لافی پێوە لێدەدا و شانازیی پێوە دەکرد، بێتە خوارەوە. کۆپەرنیکۆس ناوەندێتیی ئەو هەسارەیەی ڕووخاند کە مرۆڤ تێیدا گەورەبوو، ئەو هەسارەیەی کە وەک “کەسی دووەمی خودا”(مەسیح) و ڕزگارکەری مرۆڤایەتی تێیدا بەرجەستە ببوو. ئیتر زەوی چیتر چەقی گەردوون نەما، و خۆر و ئەستێرەکانیش بە دەوریدا نەدەسوڕانەوە، لە کاتێکدا پێشتر وا بڕوا دەکرا “زەوی بۆ هەمیشە جێگیرە و خۆر هەڵدێت و ئاوا دەبێت و بە پەلە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی ئاوا بوو”(9). سەبارەت بە داروین، ئەو ڕێزە گەورەیە و بەخششە خوداییە تایبەتەی لە مرۆڤ سەندەوە کە هەمیشە پێی لە مەخلوقەکانی تر جیا دەکرایەوە، بە دەربڕینێکی تر وەک نیشانەی باڵادەستی بەسەر دروستکراوەکانی دیکەدا دەردەکەوت؛ بەپێی تیۆرییەکەی، مرۆڤی گەڕاندەوە بۆ نێو شانشینی ئاژەڵان و وای نیشاندا کە لە بنەڕەتدا لە نەوەی مەیموونەکانە. وەلێ فرۆید، ئەویش دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵکردنی گەردوونی لە ئهقڵی هۆشیار سەندەوە، بەوەش ئیتر مرۆڤ تەنها بڕیاردەر و خاوەن ڕای ڕەها نەما(10).
“مرۆڤ لە جێگیرییەوە بەرەو گۆڕان”
ئەم سێ گورزە جێگیریی مرۆڤیان هەژاند و لەقیان کرد و وایان لە مرۆڤ کرد بە سەرگەردانی بێت و بچێت. تا گەیشتە سەدەی هەژدەیەم کە تێیدا وەک فڕانکلین باومەر (Franklin L. Baumer) وەسپی دەکات:- “وەرچەرخان لە هەموو شتێکدا ڕوویدا. پاش ئەوەی لاهووت (خوداناسیی) پادشای زانستەکان بوو، بووە پاشکۆیەکی سادە یان ڕەنگە وەک شتێکی بێبایەخ وەرگیرابێت، سەیر کرا”. هەنگاوەکانی مرۆڤ خێراتر بوون تا گەیشتەی دەسەی نۆزدەیەم؛ لە نێو ئەم جەنجاڵییەدا، ئاوازێکی بنەڕەتیمان بیست کە بەرە بەرە خۆی دەسەلماند، ئەویش ئاوازی “گۆڕان – سەیرورە/وەرچەرخان لە شتێکەوه بۆ شتێکی تر” بوو. ئەم دەنگە کە سەرەتا کز بوو، دواتر بە بەرزی دەنگی دایەوە و بە جۆرێک پێداگری تێدا بوو کە دەنگی جێگیریی/وەستاویی نوقم کرد. هەر بۆیە دەکرێت سەدەی نۆزدەیەم بە یەکەمین سەدەی ڕاستەقینەی گۆڕان/وەرچەرخان دابنرێت(11)، چونکە ئەو هاوسەنگییەی تێکدا کە پێشتر لە بەرژەوەندیی (جێگیری و مانەوە) بوو. ئەم گورزانە لە ڕووی هێز و بازنەی کاریگەرییەوە جیاواز بوون، وەلێ فراوانترینیان بازنەی (داروینیزم) بوو، کە لە لاپەڕەکانی دواتردا بە درێژی باسی دەکەین.
“مانەوە بۆ شیاوترین”
باسەکەمان دەربارەی بیردۆزە زانستییەکە و پووچەڵکردنەوەی داروینیزم نابێت، چونکە زۆرێک لە پسپۆڕان و لێکۆڵەران بە درێژی و بە باشی قسەیان لەمەڕ ئەو ڕەهەندە کردووە؛ بەڵکو ئێمە جەخت دەکەینە سەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی بیردۆزەکە، کە مەترسییەکەی لە لایەنە زانستییەکەی کەمتر نییە. “داروین بیرۆکەیەکی گەورەتر لە (هەڵبژاردنی سرووشتی) خستەڕوو، ئەویش بریتییە لەوەی کە گەردوون بە یاسا بەڕێوە دەچێت نەوەک بەو ئارەزووانەی کە دەیدەینە پاڵ خودا. گۆڕانی جۆرەکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سرووشتیەوە تەنیا یەکێک بوو لەو یاسایانە “(12). وەک ئەوەی دەیڤید کوامین لە قسەکانی داروین لە بەشی سێی کتێبی “ڕەچەڵەکی چەشنەکان” لەژێر ناونیشانی “ململانێ لەپێناوی مانەوە”دا هەڵیگۆزیوە، داروین پێی وابوو کە “سیستەمی ڕاستەقینەی سرووشت (ئاشتییانە نییە)، بەڵکو بەربەرەکانێیەکی تووندوتیژە، تەنانەت ئەگەر تووندوتیژییەکە بێدەنگ و ناڕوونیش بێت”(13). هەروەها پێی وابوو کە” ململانێ لەپێناو مانەوەدا، ئەنجامێکی حەتمی ئەو ڕێژە بەرزەی زیادبوونەیە کە هەموو بوونەوەرە ئەندامییەکان مەیلیان بۆی هەیە “(14) .
داروین ئەم دیدگایەی لە گریمانەی ئابووریناسی ئینگلیزی تۆماس مالتوس (Thomas Malthus) وەرگرتووە، سەبارەت بە حەتمییەتی کەمبوونی خۆراک لە بەرابەر زیادبوونی دانیشتوواندا؛ چونکە مالتوس پێی وابوو ژمارەی دانیشتووان بەپێی “زنجیرەیەکی ئەندازەیی” زیاد دەکات، لە کاتێکدا بەرهەمی کشتوکاڵی بەپێی “زنجیرەیەکی ژمارەیی” زیاد دەکات، ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی کەمیی خۆراک و نیشتەجێبوون. داروین بەڵگەی بۆ بیرۆکەی “هەڵبژاردنی سرووشتی” لە ڕێگەی بیرۆکەی (هەڵبژاردنی دەستکرد)ەوە دەهێنایەوە، کە جوتیاران و ئاژەڵداران بۆ دەستکەوتنی باشترین بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی پەیڕەوی دەکەن، ئەویش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی باشترین تۆو و باشترین ئاژەڵ و پاشان زۆرکردنیان لە ڕێگەی پیتاندن یان کوتانەوە… داروین لە چەندین شوێندا ئاماژە بەمە دەکات، لەوانە دەڵێت: ” سەرەڕای ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕەنگە خاو بێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤی لاواز توانیبێتی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دەستکردەوە شتی زۆر بکات، ئەوا من هیچ سنوورێک بۆ بڕی/ڕادەی گۆڕانکاری و جوانی و ئاڵۆزیی گونجاندنە گۆڕاوەکان لە نێوان هەموو بوونەوەرە ئەندامییەکاندا نابینم، چ لەگەڵ یەکتری و چ لەگەڵ بارودۆخی سرووشتی ژیانیاندا، کە دەرەنجامی ماوەیەکی درێژخایەنی توانای سرووشت بووە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش واتە لە ڕێگەی ” مانەوە بۆ شیاوترین”(15). “داروین” زاراوەی “مانەوە بۆ شیاوترین “(Survival of the Fittest)ی لە هێربەرت سپنسەر (Herbert Spencer) وەرگرت و بۆ گوزارشتکردن لە بیردۆزی “هەڵبژاردنی سرووشتی” هەڵیبژارد، چونکە پێی وابوو ئەو دەربڕینەی کە زۆر جاران لەلایەن بەڕێز هێربەرت سپنسەرەوە بەکاردێت ” مانەوە بۆ شیاوترین/گونجاوترین ” زۆر وردترە(16)، واتە ئەم گوزارشتە لەلای سپنسەر زۆر وردتر بەکاردەهێنرا.
هێربەرت سپنسەر فەیلەسوف و کۆمەڵناسێکی ناوداری بەریتانی بوو، ناوبراو ساڵی (1852 – واتە حەوت ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی داروین) بڕوای بە یەکێک لە بیردۆزەکانی پەرەسەندن هەبوو. ناوبراو پسپۆڕی بواری زیندەزانی نەبوو، بەڵکو وەک ڕۆژنامەنووس کاری دەکرد و وەک فەیلەسوفێک کە نووسینەکانی جەماوەری بوون ناوبانگی دەرکردبوو. نووسینەکانی سپنسەر دەربارەی پەرەسەندن جۆرێک لە ناڕوونییان پێوە دیارە و خاڵین لەو وردەکارییە ئەزموونیانەی کە داروین بە زۆری خستنییە ڕوو. بەڵام ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەیەکی پڕ جۆشوخروشی بەخشییە کارەکانی سپنسەر لە بواری فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسیدا. هەندێک لە توێژەران فەزڵەکە (یان سەرزەنشتەکە) دەخەنە ئەستۆی سپنسەر بۆ دەستپێکردنی ئەو بزووتنەوە فیکرییەی کە بە شێوەیەکی چەواشەکارانە بە” داروینیزمی کۆمەڵایەتی “(Social Darwinism) ناسراوە(17). بێگومان ناوبانگی داروین و بڵاوبوونەوەی بیرۆکەکانی و، کەڵەکەبوونیان لەگەڵ بیرۆکەکانی ئەوانەی پێش خۆی (مالتوس و سپنسەر) و ئەوانی تر، بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەشداربوو لە بڵاوکردنەوەی ئەم دیدگا فەلسەفییە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارە و وردە وردە چوونە ناوەوەی بۆ نێو شانە و دەمارەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییەوە، بەتایبەتی بە ئاماژەدان لە کتێبی دووەمیدا (ڕەچەڵەکی مرۆڤ) “بۆ ئەوەی کە لە قۆناغێکی داهاتووی دیاریکراودا – کە بەپێی سەدەکان بێت زۆر دوور نییە – ئەگەری زۆرە نەتەوە و ڕەگەزە مرۆییە شارستانییەکان، ڕەگەزە کێوییەکان(وەحشییەکان) لەناودەبەن و لە سەرتاسەری جیهاندا جێگەیان دەگرنەوە”(18).
لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکانە، کارەساتی مرۆیی گەورە ڕوویاندا؛ چونکە کرانە پاڵنەر و پاساو بۆ کۆمەڵکوژیی زۆرێک لە گەلان، و ناچارکردنی ئەندامەکانی هەندێک تەنەوەی چەوساوە وەک ڕەشپێستەکان و سوورپێستەکان لە ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی نەزۆککردنی زۆرەملێ – ئەگەرچی لە ڕوواڵەتدا وەک نەزۆککردنی ئارەزوومەندانە نیشان دەدرا – هەروەها هزری ئیمپریالیزمیش(19) بۆ پاساودانی فراوانخوازی و باڵادەستیی هێزە زلهێزەکان سوودی لێ وەرگرت، ” جگە لە دەرکەوتنی فەیلەسووفە ئەڵمانییەکان کە جەختیان لەسەر باڵادەستیی ڕەگەزی (ئاری) دەکردەوە، و وردە وردە ڕۆحێکی نەتەوەیی تووندڕەویان دروست کرد کە بووە هۆی سەرهەڵدانی نازیزم وەک ڕەوتێکی ڕەگەزپەرستانە کە تەواوی ئەوروپای بە جەنگێکی جیهانیی ماڵوێرانکەر تێوەگلاند “(20). هیتلەر بە لێهاتووییەوە کۆدی ئەم گوتارە فەلسەفییە ڕۆژئاواییەی کردەوە کاتێک گوتی: ” ئیرادەی خوایی بەزەیی بە نەتەوە لاوازەکاندا نایەتەوە، بەڵکو تەنها دان بە مافی نەتەوە بۆ نەتەوە بەهێز و تەندروستەکاندا دەنێت “(21) .
ئەم کارەساتە مرۆییانە قەیرانێکی ئەخلاقیی تووندیان لە ناخی کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا ئاشکرا کرد: “یان دەبێت ئەخلاقێکی نوێ بۆ سەردەمی زانست هەبێت کە لە خودی زانستەکەدا بدۆزرێتەوە، یان دەبێت هەندێک لە فۆڕمە مێژووییەکانی بەها ئەخلاقییەکان و سزاکان هەبن کە لەم دۆخە نوێیەدا پشتیان پێ ببسترێت. خودی پیاوانی زانستیش ڕووبەڕووی تەڵەیەکی ئەخلاقی بوونەوە؛ زانست ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە لەگەڕان بەدوای زانیندا – پشکنینی بێوچان، ئازادی ئهقڵ، دەستپاکیی ڕەها لە تێبینیدان و ڕاپۆرتکردندا، و هاوکاریی دوولایەنە لە هەوڵی گشتی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ڕاستی – بەڵام پیاوانی زانست بە شێوەیەکی تەقلیدی ئەم بەهایانەیان بەسەر بەکارهێنانی زانستدا نەسەپاند؛ چونکە ئەو بەهایانەی حوکمی ئەم بوارە پراکتیکییەیان دەکرد، بەهای زانست نەبوون، بەڵکو بەهای کۆمەڵگا بوون. پیشەکانی تریش ئەخلاقی خۆیان هەبوو لە بەکارهێنانی زانستی پزیشکیدا بۆ مەبەستی چاکبوونەوە، و پیشەی جەنگیش بۆ مەبەستی وێرانکاری. بەڵام لەگەڵ ئەو توانا ترسناکانەی کە ئازاد کران، پیاوانی زانست دەستیان کرد بە مشتومڕ لەسەر بێلایەنیی خۆیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی زانیارییەکانیان، و پرسیاری ئەوەیان دەکرد ئایا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتیان لەسەرە – لانیکەم لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک و سیاسییەکان – سەبارەت بە ئەنجامە کاریگەرەکانی دۆزینەوەکانیان. ڕێساکانی بەها یان سیستمە بەجێماوەکان کە لە ڕابردوودا ماونەتەوە، لە نێو شانە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو کۆمەڵگایەکدا ڕەگیان داکوتاوە، و ناچار بوونەتە بەشێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە نوێیەکاندا. لەم بارەیەوە دوو بیرۆکە سەبارەت بەم بنەمایانە دەرکەوتن: کام یەک لەم بەهایانە دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و بەکەڵک بێت ؟ و کێ دیاری دەکات کامەیان ببێتە ڕێ نیشاندەر و ئاڕاستەکەر “(22). وەلێ با باسی لێکەوتەکانی ئەم کارەساتە مرۆییانە بۆ بەشی داهاتووی کتێبەکە بەجێبهێڵێن و، لەم بەشەدا پلە بە پلە لەگەڵ گۆڕانی هزری کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا بڕۆین، تاوەکو لە کۆتاییدا دەگەینە ئامانجەکەمان
“لەدەستدانی ئامانج و گومڕا بوون”
یەکێک لە کاریگەرییەکانی “سێ گورزەکەی فرۆید” بەگشتی و داروینیزم بەتایبەتی، ئەوە بوو کە پرسیارێکی بوونگەرایی بنەڕەتییان دەربارەی ئامانجداری (غائییەت – Teleology) یان ئامانجی مرۆڤ لەم ژیانەدا وروژاند. دەیڤید کوامین ئاماژە بەوە دەکات ” کە دەرەنجامێکی سرووشتی لەم تیۆرییەوە سەرچاوە دەگرێت کە کێشەیەکی زۆر قووڵتر دەخاتە ڕوو ئەویش ئەوەیە؛ کە ئێمەی مرۆڤ پێگەی تایبەتی خۆمان وەک (هەڵبژێردراوی خودا) لەدەست بدەین. ئایا ئامانجێکی شکۆدار هەیە کە پەرەسەندن مرۆڤی لەپێناودا بەرهەم هێنابێت؟ ئایا مرۆڤ بە هیچ مانایەک خاوەن پێگەیەکی ناوازەیە؟ ئایا ئاسمان پێشبینی هاتنی ئێمەی کردبوو و پاشان ویستی دروستمان بکات؟ ئایا ئێمە تەنیا باشترین جۆری “سەرەتاییەکانین”(Primates) کە لە ڕووی مێشک و گونجاندن لەگەڵ ژینگەدا لە هەموو ئەوانەی پێش خۆمان سەرکەوتووتر بووین؟ لەژێر ڕۆشایی ئەم پرسیارانەدا پرسیارێکی قووڵتر خۆی حەشارداوە دەربارەی ئەو گوڕانکارییانەی کە (هەڵبژاردنی سرووشتی) مرۆڤی ژیری لێ دروست کردووە: سەرچاوەی ئەو گۆڕانکارییە چییە؟”(23). پاشان کوامین خاڵێکی زۆر گرنگ دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “کێشەکە لای داروین کێشەی پەرەسەندن نییە لە بەرانبەر خودا، چونکە تیۆرییەکەی داروین ئاڵنگاری (بوونی) خودا ناکات – چ خودایەکی بەرجەستە بێت یان ئەبستراکت/موجەڕەد، خودایەکی ناوەکی بێت یان دوور-بەڵکو ئەوەی تیۆرییەکەی ئاڵنگاری دەکات، ئەو سیفەتە خوداییەیە کە وا دادەنرێت لە مرۆڤدا هەبێت؛ واتە ئەو باوەڕە/ئیمانەی کە دەڵێت (ئێمە) بە پێچەوانەی هەموو شێوەکانی تری ژیان، لە ڕووی ڕۆحییەوە بەرزین و لەلایەن خوداوە پەسەندکراوین و خاوەن جەوهەرێکی ناماددی نەمرین، کە وامان لێدەکات چاوەڕوانی ئەبەدییەت و پێگەیەکی تایبەتیمان لە لای خودا هەبێت، و لەسەر زەوی خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی تایبەت بین. ئەمە خاڵی پێکدادانی داروینە لەگەڵ (مەسیحییەت، جوو، ئیسلام) و ڕەنگە زۆربەی ئایینەکانی سەر زەوی”(24). وەلێ لە کاتی ئامادەکردنی ئەم دیمەنە کۆمەڵایەتییەدا، “مەحاڵە بتوانرێت چاوپۆشی لەو ماددیگەراییە قووڵەی تێڕوانینەکەی داروین بکرێت؛ لەو سەردەمەی کە (هەڵبژاردنی سرووشتی) داهێنراوێکی شۆکئامێز بوو، بابەتەکە زۆر هەستیار و ڕێگر بوو لە تێگەیشتن. زۆربەی خەڵکی ئێستا درک بەوە ناکەن کە لە کاتی مردنی داروین لە ساڵی (1882) و بە درێژایی دوو نەوە دوای ئەویش، میکانیزمە ڕوونکەرەوەکەی بە گومانێکی زۆر و بەرگرییەوە تووندەوە پێشوازی لێکرا، پاشان بەگشتی ڕەتکرایەوە، لە کاتێکدا پەرەسەندوخوازەکان بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕان کە کەمتر بێزارکەر بێت”(25).
“سەردەمی پشێوی و بێئومێدی”
وەک باومەر لە زاری فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئێرنست ترۆڵتچ)ەوە باسی دەکات، یەکێک لە دیارترین سیماکانی ئەم قوناغە نوێیە ئەوە بوو کە: “ڕەوتێکی زۆر هەمەجۆر و دژبەیەکی لە ناو خۆیدا بەرهەم هێنا”. باومەر درێژەی پێ دەدات و دەڵێت: “سەرباری ئەوەش، پشێوی بۆ یەکەمجار دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد و لە ئهقڵییەتی بلیمەتەکانەوە بۆ ئهقڵی ئاسایی گوازرایەوە و، ئەگەری هەبوو ئەم پشێوییە زیاتریش بڕوات. بەگشتی ئەم دیاردەیە لە پشت گرنگترین گەشەپێدان و پرەنسیپەکانی فیکری سەدەی نۆزدەیەمەوە بوو”(26). وردە وردە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و بەهۆی بێدەسەڵاتی ڕەوتی ئایینی ڕۆژئاوایی لە بەرنگاربوونەوەی ئەم شەپۆلە تووندانە و پاراستنی ئهقڵ و فیترەتی مرۆڤ و، ڕووبەڕووبوونەوە بە بەڵگە بە بەڵگە و پووچەڵکردنەوەی گومانەکانی “میزاجی ئهقڵی و دەروونی مرۆی ئەوروپی مەیلی بۆ بیرۆکەی تێکچوون یان داڕمان چوو – کە تەواو پێچەوانەی بیرۆکەی پەرەسەندن بوو – هۆکارەکەش بێئومێدی بوو لە شارستانییەتەکەی (شارستانییەتی ئەوروپی) کە لای زۆرینە وا دەردەکەوت لە لێواری هەڵوەشاندنەوە و ئاوابووندایە”(27).
دۆخێکی گشتی لە گومان و بێئومێدی تووند بڵاوبووەوە؛ دوای چەندین دەیە لە وەلاوەنانی ئایین و پشتبەستن بە ئەزموون و سەروەرکردنی ئهقڵ ڕەها، مرۆڤی ڕۆژئاوایی بە زانست و ئەزموون و لووتبەرزییەکەیەوە نەیتوانی چرکەساتی (کۆتایی مێژوو) ڕبگەیەنێت، واتە ئەو ساتەی کە تێیدا نەزانراوەکان کەمدەبنەوە و زانراوەکان زیاد دەکەن و مرۆڤ دەبێتە سەروەری هەموو شتێک. بە پێچەوانەوە، ئەو چرکەساتە بوو بە چرکەساتی ڕاگەیاندنی شکستی مرۆڤ لە جڵەوکردنی جیهانی دەوروبەری. ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە کۆمەڵناسی ئینگلیزی (ئەنتۆنی گیدینز) بە گونجاوترین چرکەساتی دەزانێت بۆ ڕاگەیاندنی ئاوابوونی سەردەمی (مۆدێرنیزم) و سەرهەڵدانی سەردەمی (پۆست-مۆدێرنیزم). ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ بە تەواوی لە ناوەندێتی (مەرکەز) هەمیشەیی لادا و خستییە بازنەی گۆڕانی بەردەوام (وەرچەرخانی یەک لە دوای یەک) وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر. ڕەنگە فەیلەسوفی فەرەنسی (ئێرنست ڕینان) یەکەم کەس بووبێت کە درکی بەم گۆڕانە گرنگە کردبێت، وی لە پێشەکی تێزەی دکتۆراکەیدا لە ساڵی (1852) دا نووسیویەتی: “پێشکەوتنی گەورە لە ڕەخنەگرتندا بووە هۆی جێگرتنەوەی چەمکی (بوون – کەینونە) بە چەمکی (گۆڕان – سەیرورە)، ناوبراو دەڵێت: “پێشتر هەموو شتێک وەک (بوونێکی جێگیر – کەینونە) سەیر دەکرا، بۆیە بە زمانێکی ڕەها باسی فەلسەفە، یاسا، سیاسەت، هونەر و شیعرمان دەکرد. بەڵام ئێستا، هەموو شتێک وەک لێشاوێکی گۆڕانکاریی بەردەوام (سەیرورە) سەیر دەکرێت”(28). بەم شێوەیە مرۆڤی ڕۆژئاوایی لە ناو تەمومژ و گێژاوی سەرگەردانیدا مایەوە و نازانێت چۆن دەربازی بێت، بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە ئەم واقیعە ڕەشەی بۆ تێکبشکێنێت و لەم عەدەم و پووچگەراییە ڕزگاری بکات. ئایا هیچ ڕێگەیەک بۆ چوونە دەرەوە لەم گێژاوە هەبووە؟
“مرۆڤی باڵا سوپەرمان – Superman”
لە نێو ئەم کەشومودە ڕەشبین و تەمومژاوییەدا و، بە پێچەوانەی هاوتەمەنەکانی خۆی، (فەیلەسوفی هێز) فریدریک نیچە دەرکەوت؛ ئەو ئازادیخوازە ئەڵمانییەی کە لە پشتی قەشەیەکی لۆتەرییەوە هاتبووە دنیاوە، وی خۆی لە نێو لاهوتییەکان (پیاوانی ئایینی) بینییەوە کە دەستەوەستان بوون لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی مێشکیانی سەرقاڵ کردبوو. نیچە بە بوێرییەکی بێوێنەوە ڕایگەیاند: ” ئایین بۆ خەڵکی نزمن (هەرچی و پەرچی)، من هەست بە پێویستی شتنی دەستەکانم دەکەم دوای بەرکەوتنم لەگەڵ ئایینپەروەران. من باوەڕدارم ناوێت، و پێم وایە من لەوە خراپترم کە بتوانم بڕوا بە خۆم بهێنم”(29). نیچە پێی وابوو: “مرۆڤ دەگاتە پلەیەکی زۆر بەرزی شارستانییەت کاتێک بەسەر ترسەکانی و بیرۆکە خورافی و ئایینییەکاندا سەردەکەوێت، بۆ نموونە کاتێک واز لە باوەڕهێنان بە فریشتەی پارێزەر و گوناهی ڕەسەن (گوناهی سەرەتا/گوناهی ئادەم و حەوا) دەهێنێت و، کاتێک چیتر ناتوانێت تەنانەت باس لە ڕزگاربوونی ڕۆحەکانیش بکات؛ کاتێک دەگاتە ئەم قۆناغەی ئازادی، پێویستە ئەوپەڕی توانای بیرکردنەوەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بەسەر میتافیزیکدا سەربکەوێت “(30). نیچە تەنیا وەک ڕەخنەگرێکی ئایین خۆی نەناساند، بەڵکو وەک ڕەخنەگرێکی خودی “مۆدێرنە”ش هاتە پێشەوە، چونکە لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەم تێمایە کردووە وەک دەڵێت: “لە جەوهەری خۆیدا کتێبی ئەمەیە مرۆڤ (Ecco Homo) ڕەخنەیە لە مۆدێرنە”(31).
کەواتە بە گوێرەی دیدگای نیچە، دەبێت مرۆڤ چی بکات؟ ئایا بکەوێتە نێو بیری بێئومێدی و ڕەشبینی و وەک ئاژەڵ بژی، وەک ئەوەی کەسانی دیکە بانگەشەیان بۆ دەکرد؟ وەڵام: نەخێر، نیچە ڕایەکی تەواو پێچەوانەی هەبوو، ئەو هەستا بۆ ئەوەی مژدەی مرۆڤێکی نوێ بدات، مرۆڤی باڵا (Superman/ Übermensch/ Overman)، ئەو مرۆڤە باڵا و سەرکەوتووەی کە توانای هەیە بە زیندوێتی و هێزەوە لەم زەلکاوە هەستێتەوە و، ڕابردووی دێرینی شارستانییەتی ئەوروپی کە پڕە لە دەستکەوت و پاڵەوانێتی بگێڕێتەوە. نیچە دەڵێت: “من مژدەی مرۆڤی باڵاتان پێ دەدەم، مرۆڤی ئاسایی تەنیا بوونەوەرێکە کە دەبێت تێی پەڕێنین و لێی باڵاتر بین، ئەی ئێوە چیتان ئامادە کردووە بۆ تێپەڕاندنی؟ هەموو بوونەوەرێک شتێکی لە خۆی باڵاتری دروست کردووە، کەچی ئێوە دەتانەوێت ببنە دوورگەیەک کە ڕێگری لە شەپۆلە گەورەکە بکەن، بەڵکو ئێوە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاژەڵی هەڵدەبژێرن لەبری ئەوەی بەرەو تێپەڕاندنی مرۆڤ هەنگاو بنێن. ئایا مەیموون بۆ مرۆڤ چییە جگە لە گاڵتەجاڕی و شەرمەزاری؟ ئێوە لەسەر ڕێگایەک ڕۆیشتن کە سەرەتاکەی کرم بوو و کۆتاییەکەی مرۆڤ، بەڵام زۆربەی سیفەتەکانی کرمی زەویتان تێدا ماوەتەوە. ئێوە پێشتر لە ڕەگەزی مەیموون بوون، لێ مرۆڤ تا ئەمڕۆش لە مەیموون مەیموونترە. داناترینتان تەنها بوونەوەرێکی شێواوە کە هیچ ڕەسەنایەتییەکی نییە، ئەو تێکەڵەیەکە لە ڕووەک و تارمایی، منیش داوا لە مرۆڤ ناکەم ببێتە تارمایی یان ڕووەک. من مژەی مرۆڤی باڵاتان بۆ دەهێنم. ئەوە بۆ زەوی وەک مانایە بۆ بینا، با ئیرادەی ئێوە ڕووەو ئەوە بێت مرۆڤی باڵا بکەنە مانا و ڕۆحی ئەم زەوییە”(32). نیچە بەو جۆرەی ویستوویەتی، وەک وێژەوانی لوبنانی (فلیکس فارس) وەسفی دەکات “دەیەوێت مرۆڤی باڵا دروست بکات، کە وەک شەمشون (Samson) بەهێز، وەک داود شاعیر و، وەک سولەیمان دانا بێت، ئەو ئەرکێک دەخاتە سەر شانی سرووشت کە لە توانایدا نییە”(33).
“خودا مرد (Gott ist tot)”
بان مرۆڤ (سوپەرمان)ێکی لەم جۆرە کە لە هەموو کۆت و بەندەکان ڕزگاری بوو، مەرامەکەی بەدی نایەت مەگەر بە “مردنی خودا”(پەنا بەخودا) نەبێت. هەر بۆیە نیچە هیچ شەرمێکی نەکرد لەوەی بە ئاشکرا ڕایبگەیەنێت: “خودا مرد”(34)، پاشان بە هەموو هێزییەوە هەوڵیدا هەر شوێنەوارێک کە خودا لەسەر زەوی دوای مردنی جێیهێشتووە بیسڕێتەوە، بەمەش ئەو پیشە دڵخوازەی خۆی ئەنجامدا کە خۆی پێ وەسپ دەکرد “تێکشکاندنی بتەکان (کە مەبەستم لێی نموونە باڵاکانە) پیشەی منە”(35).
“ژینالۆژیا؛ لەودیو چاکە و خراپەوە”
کاتێک نیچە تێڕامانی لەو نموونە باڵا و ئەخلاقە باوانەی کە لە کۆمەڵگادا سەروەرن کرد، بۆی دەرکەوت کە ئەمانە بۆ بەکارهێنانی “مرۆڤی باڵا/سۆپەرمان” گونجاو نین و پلە و پێگەی ئەو زۆر دادەبەزێنن. بۆیە لە ڕێڕەوی چاکسازیی خاو و بێسوود دوورکەوتەوە ڕێگای شۆڕشگێڕانەی گشگیری هەڵبژارد، تاوەکو ئەوەی لە ئەخلاق و بەها باوە ناسراوەکان – ئاشناکان – ماوەتەوە لە ڕەگەوە هەڵبکێشێت و لە بەرابەردا ئەخلاقێکی نوێی گونجاو دابهێنێت. نیچە بەم شێوەیە خۆی بە خەڵک ناساند” وەک کەسێکی دژە-ئەخلاق (ناڕەوشتگەر) و ڕاوچییەکی سەرەڕۆ، تاوەکو دژی ئەخلاق، لە دەرەوەی ئەخلاق و لەودیو چاکە و خراپەوە بدوێم”(36). ئەو بە تەنیا وەستا و بەدوای ئەو بنەچەیەدا گەڕا کە دەبێت بیرۆکەکانمان دەربارەی چاکە و خراپە بۆی بگەڕێنینەوە و پرسیاری کرد: “ئایا ناکرێت هەموو بەهاکان سەرەوژێر بکرێن؟ ئایا ناکرێت ئەوەی (چاکە)یە هەر خودی (خراپە) بێت؟ ئایا خودا تەنها داهێنراو و فێڵێکی شەیتانی نییە؟ ئایا ئەگەری ئەوە نییە هەموو شتێک هەڵە بێت؟”(37). بۆ ئەم مەبەستە نیچە پەنای بۆ زانستی ڕەچەڵەکناسیی (ژینالۆژیا- Genealogy)(38) برد بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی بڕیارە ئەخلاقییەکان و چۆنیەتی دیاریکردنی مانای (چاکە و خراپە). لە کتێبی (ژینالۆژیای ئەخلاق)دا وەک پێشەکییەک دەڵێت: “بیرۆکەکانم دەربارەی سەرچاوەی پێشوەختە ئەخلاقییەکانمانن”(39).
“ئەخلاقی سەروەرەکان و ئەخلاقی کۆیلەکان”
نیچە وای دانا کە دەکرێت ئەخلاق بۆ دوو شێوازی بنەڕەتی بگێڕدرێتەوە کە جیاوازییەکی جەوهەرییان لە نێواندا هەیە؛ ئەوانیش “ئەخلاقی سەروەرەکان” و “ئەخلاقی کۆیلەکان”ن. لە کتێبی “لەودیو چاکە و خراپەوە” لەژێر ناونیشانی “تیۆری ئەخلاقی ئەخلاقی سەروەرەکان و ئەخلاقی کۆیلەکان” دەڵێت: “لە کاتی گەڕانمدا بەنێو چەندان شێوازی ئەخلاقدا، چ نەرم و چ زبر، کە تا ئێستا لەسەر زەوی باو بوون و هێشتاش ماون، گەیشتمە هەندێک تایبەتمەندی دیاریکراو کە پێکەوە گرێ درابوون و بە شێوەیهکی ڕێکوپێک پاتە دەبوونەوە، تاوەکو لە کۆتاییدا دوو شێوازی بنەڕەتیم بۆ دەرکەوت کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوانیاندا هەبوو. ئەخلاقێک بۆ سەروەرەکان و ئەخلاقێک بۆ کۆیلەکان هەیە. خێرا ئەوەش زیاد دەکەم کە سەرنجدان لە شارستانییەتە باڵا و تێکەڵەکان نیشانی دەدات کە هەندێک جار هەوڵ دراوە لە نێوان ئەم دوو جۆرە ئەخلاقەدا ڕێککەوتن بکرێت و، زۆر جار تێکەڵبوون و تێنەگەیشتنێکی دوولایەنەیان تێدا دەبینرێت، بگرە هەندێکجار بە شێوەیەکی تووند و دژوار لە یەکتری جیا دەبنەوە، تەنانەت لەناو یەک مرۆڤ و لە قووڵایی یەک دەروونیشدا، جیاوازی لە نێوان بەها ئەخلاقییەکاندا یان لەناو ڕەگەزێکی باڵادەست [سەروەرەکان] دروست بووە کە بەچێژەوە هەستی بە جیاوازی خۆی کردووە لە ڕەگەزی ژێردەستە، یانیش لەناو خودی (ژێردەستەکان، کۆیلەکان، شوێنکەوتووەکان)دا لە پلە و ئاستە جیاوازەکاندا دروست بووە”(40). لە بەرانبەریشدا نیچە پێی وایە کە ” خوڵقاندنی بەهاکان بە مانای ڕاستەقینە، تەنیا مافی سەروەرەکانە”(41).
“ویستی هێز (Will of Power)”
کەواتە؛ ئەم مرۆڤی باڵایە/سۆپەرمانە یاخی و بوێرە، کە توانی بە دەنگی بەرز مەرگی خودا ڕابگەیەنێت و، بەها و ئەخلاقی تایبەت بە خۆی دابهێنێت، دەبێت خاوەنی هێزێکی بێئەندازە دڕندانە بێت تا بتوانێت پایەکانی تەختی نوێی خۆی لە گەردووندا دابمەزرێنێت و جڵەوی بکات، هەروەها بۆ تێکشکاندنی بتە ماوەکان و سەپاندنی هەژموون بە ئەخلاقی خۆی بەسەر ئەوانەی لە خوار خۆیەتی؛ چونکە “هەرچی زیندووە – زیندەوەر – بەر لە هەر شتێک دەیەوێت هێزی خۆی دەربخات، ژیان خۆی بریتییە لە ویستی هێز”(42). بە گوێرەی دیدگای نیچە، (ویستی هێز) بنەمایە، “بریتییە لە کرۆکی ژیان و لە ڕێگەی ئەوەوە دەکرێت هەموو دیاردەکانی بوون لێکبدرێنەوە. ژیان هیچ نییە جگە لە ململانێ و جەنگ و خوێن، ویستی هێزیش ئەو بزوێنەرەیە کە (تاکەکان، مێژوو، ململانێ سەربەزییەکان، وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی ئابوورییەکان، شۆڕشە ئەخلاقی و جوانگەراییەکان، پەیوەندی نێوان تاکەکان – تەنانەت تایبەترین و گەرموگوڕترینیشیان) دەجوڵێنێت. ئەمانە هەمووی ململانێن و تەنیا لە چوارچێوەی ئەم ململانێ بێکۆتاییەی نێوان ویستە جیاوازەکان هەڵدەقوڵێن، کە شێوازە جیاوازەکانی هەژموونی لێ دەکەوێتەوە. بەمەش ویستی هێز بووە کۆڵەکەی سەرەکیی فەلسەفەی نیچە، بووە بنەوان (مەرجەع)ی کۆتایی و بنەمای بوونناسی (ئۆنتۆڵۆجی) و ئەخلاقیی نەگۆڕ/جێگیر بۆ سیستمێکی فەلسەفی کە نکۆڵی لە جێگیربوون دەکات و بەهای گۆڕان (سیرورە – وەرچەرخان) بەرز دەنرخێنێت و وەک تاقە ڕاستی دەیناسێنێت، واتە هێز لای نیچە میتافیزیکایەکی شاراوە و خاڵێکی جێگیرە کە جێگەی بوون (وجود) یان ئهقڵ دەگرێتەوە لە فەلسەفە تەقلیدییەکاندا “(43).
ئەمە نیچەیە، (فەیلەسوفی هێز)، ئەمەش کورتەی فەلسەفە ئەخلاقییەکەیەتی، بەرجەستەکردنی تەواوی داروینیزمە (مانەوە بۆ شیاوترینە/بەهێزترینە). گەرچی نیچە لەم تۆمەتە بێزار بوو و سکاڵای لە خراپ تێگەیشتن یان خراپ جێبەجێکردنی بیرۆکەکانی دەکرد و دەیگوت: “کار گەیشتە ئەوەی هەندێک لە (ئاژەڵە قۆچدارەکان) بەهۆی دەستەواژە (مرۆڤی باڵا)وە تۆمەتباری داروینیزمم بکەن”(44).
ئێمەش دەڵێن: ئەمە تۆمەتبارەکەیە و فیکر و تێڕوانینیشی لەبەردەمتانایە.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە: ئایا کارەکان لە سنووری نیچەدا وەستان؟
“دینامیت”
ژیانی نیچە بە شێتبوون و مانەوە لە نەخۆشخانەی دەروونی کۆتایی هات و، بەدەست چەندین نەخۆشیی جەستەیی سەختەوە دەیناڵاند تا لە ساڵی (1900) کۆچی دوایی کرد. بیرۆکەکانی لە سەروەختی ژیانیدا و بەو هێزەی دوای مردنی دەرنەکەوتن، وی خۆی ڕۆژێک پێشبینی ئەمەی کردبوو و گوتبووی: “قەدەری خۆم دەناسم. ڕۆژێک دێت ناوی من بە یادی شتێکی گەورە و تۆقێنەرەوە دەبەسترێتەوە، بە قەیرانێک کە وێنەی لەسەر زەوی نەبووە، بە قووڵترین هەژانی هۆشیاری، بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دژی هەرچییەک کە تا ئێستا وەک بیروباوەڕ و ئەرک و پیرۆزی سەیر کراوە. من مرۆڤ نیم، بەڵکو پارچەیەک دینامیتم”(45). سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس نیچە بە (باوەمیری پۆست-مۆدێرنیزم) دادەنێن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە تێگەیشتن لە چەمکە بنەڕەتییەکانی پۆست-مۆدێرنیزمدا قورسە؛ چونکە هیچ تیۆرییەکی گشتی بوونی نییە، هۆکارەکەیش ئەوەیە کە پۆست-مۆدێرنیزم خۆی دژی داڕشتنی تیۆرییە گشتییەکانە. ئەو (واتە پۆست-مۆدێرنیزم) – وەک پێشتر ڕوونکراوەتەوە – حاڵەتێکە لە ونکردنی ناوەندێتی (مەرکەزییەت) لە پەرشوبڵاوی و بڵادەستیی ڕێژەییبوونی مەعریفی و ئەخلاقی و نادیاریکراوی.
پەراوێزەکان؛
- دافيد كوامن: داروين مترددا، ص 92، مكتبة الٲسرة، ط 2013. David Quammen: The Reluctant Mr. Darwin .
- قەشە و زانای مێژووی سرووشتی، هاوڕێی سەردەمی خوێندنی .
- هـ. س. پ. لا 206 بە کورتی .
- هـ. س. پ. لا 276 .
- The Autobiography of Charles Darwin, p 87, darwin-online.org.uk.
لە شوێنی خۆیدا لە وەشانە چاپکراوەکەی یاداشتەکاندا لە لاپەڕە 53 نەمدۆزییەوە، و بۆم دەرکەوت کە لەسەر داوای هاوسەرەکەی سڕاوەتەوە. see, the online biography, p87, footnote.
- (جیرۆلامۆ ساڤۆنارۆلا – Girolamo Savonarola) و (مارتن لۆسەر – Martin Luther)، و ئەوانی تر، سەرکردایەتی ئەم بزوتنەوەیەیان دەکرد .
- تیۆکراتی: ئەو حکومەتە ئایینییەیە کە خۆی بە سێبەری خودا لەسەر زەوی دادەنێت .
- See, Sigmund Freud: Introductory Lectures Psychoanalysis, Lecture XVIII .
- سفر الجامعة 1: 4_5 .
- دوای ئەو، خزمە نەمسایی – ئەمریکییەکەی ئێدوارد بێرنایز (Edward Bernays) کە گۆڤاری (لایف – Life)ی ئەمریکی وەک یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستەمدا ناوی هێناوە، و لە هەمان کاتدا فرۆید خاڵ و مێردی پووری بووە، خەریکی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی دەروونشیکاری بوو، بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ دەستەمۆکردنی ئەم ئهقڵە نائاگایە و ڕاهێنانی بۆ قبوڵکردنی هەندێک بیرۆکەی ئاڕاستەکراو، یان ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بەرەو هەندێک پرس، یان ساغکردنەوەی هەندێک کاڵا و کردنیان بە پێویستییەکی سەرەکی کە کڕیار ناتوانێت دەستبەرداری بێت، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمپانیا پیشەسازییە زەبەلاحەکان بکات کە کاری بۆ دەکردن، و خزمەت بە ئاڕاستەکانی حکومەتی ئەمریکا بکات. بۆ ئەم مەبەستەش زانستی پڕوپاگەندە (Propaganda)ی گەشەپێدا (کە ئەویش بە کورتی بڵاوکردنەوەی زانیارییە بە شێوەیەکی ئاڕاستەکراو و لە یەک ڕوانگەوە و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵێک پەیامی چڕ بە ئامانجی کاریگەری دانان لەسەر بیروڕا یان ڕەفتاری زۆرترین ژمارەی خەڵک)، کە دواتر ناوی نرا زانستی پەیوەندییە گشتییەکان (PR – Public Relations)، ئەمەش بە وتەی بێرنایز خۆی – بەهۆی ئەوەی وشەی پڕوپاگەندە ناوبانگێکی خراپی لە ناو مێشکدا پەیدا کردبوو و بە جەنگی دەروونی و هاوشێوەکانییەوە بەسترابووەوە. [چیرۆکەکە بە درێژی لە وتاری ” لاکی سترایک ” لەژێر ناوی (ئەو جگەرەیەی مەشخاڵی ئازادی داگیرساند) بخوێنەرەوە. عەمر کامل عومەر. ماڵپەڕی (ساساپۆست – www.sasapost.com). ڕێکەوتی (11/ 9/ 2016) .
- بەردەوامیی و نەوەستان .
- دافيد كوامن: داروين مترددا، ص 70 .
- هـ. س. پ. لا 212 .
- داروين: ٲصل الٲنواع، ص 139، المجلس الٲعلی للثقافة، ط الٲولی، 2004. Charles Darwin: On the Origin of Species .
- هـ. س. پ. لا 196 .
- هـ. س. پ. لا 137 .
- دافيد وامن: داروين مترددا، ص (248 – 249). دکتۆر (عەبدولوەهاب مسیری) ئەم بزوتنەوەیە بە کورتی وەک دیدگایەک بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکات لە ڕێگەی مۆدێلێکەوە کە ئەو بەهایانەی گوایە داروین لە جیهانی سرووشتدا دۆزیویەتییەوە، دەگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. [المسيري: موسوعة اليهود و اليهودية و الصهيونية (2/ الصور الٳدراكية النمطية المعادية لليهود منذ القرن الثامن عشر)] .
- Charles Darwin: The Descent of Man and Selection in Relation to Sex, p. 201, Princeton University Press, 1981 .
- ئیمپریالیزم (Imperialism): واتە داگیرکری (یان وێرانکاری وەک دەربڕینێکی ڕاستتر)، لە زاراوەی سیاسیدا بە واتای فراوانکردنی جڵەو یان دەسەڵات بەسەر بوونی دەرەکیدا دێت، کە بە واتای بەدەستهێنان و پاراستنی ئیمپڕاتۆریەتەکانە .
20 . صلاح سالم: الداروينية كنزعة فلسفية، من تفاٶل كليفورد و سبنسر ٳلی تشاٶم نيتشة و شبنجلر، جريدة الٲهرام (10/ 12/ 2013) .
- Adolf Hitler, in a recorded radio address, 24 February 1945 .
- اللجنة الدولية بٳشراف منظمة اليونسكو: تاريخ البشرية (المجلد السادس – القرن العشرون، التطور العلمي و الثقافي، الجزء الثاني: التعبير)، ص (209 – 210)، مكتبة الٲسرة، ط. 2013 .
- دافيد كوامن: داروين مترددا، ص 235 .
- هـ. س. پ. لا 237 .
- هـ. س. پ. لا 239 .
- فرانكلين باومر: الفكر الٲوروبي الحديث (3/ 10) .
- صلاح سالم: الداروينية كنزعة فلسفية، من تفاٶل كليفورد و سبنسر ٳلی تشاٶم نيتشة و شبنجلر، جريدة الٲهرام، 10 ديسمبر 2013 .
- فرانكلين باومر: الفكر الٲوروبي الحديث (3/ 14 – 15). بەڵام مرۆڤ – بە گوێرەی ئەم چەمکە نوێیە – لە (ماددیگەرایی) دانەبڕا کە مۆدێرنە و بیرمەندە سەرەتاییەکانی دروستیان کردبوو، لێ خودی چەمکی ماددیگەرایی گۆڕانگارییەکی گەورە و بنەڕەتیتری بەراورد بەوەی پێشوو بەسەردا هات، و ململانێکە لە نێوان لایەنگرانی ماددیگەرایی کۆن و نوێدا سەریهەڵدا؛ بەو پێیەی ماددیگەرا نوێیەکان (لایەنگرانی ڕێبازی بزوتنەوەی گۆڕان – سەیرورە) هەڤدژییەکی ڕوونیان لە چەمکە کۆنەکاندا دۆزییەوە؛ چۆن دەبێت مرۆڤی مۆدێرن کە بانگەشەی ڕزگاری و تێپەڕاندنی هەموو کۆت و بەندەکانی (میتافیزیک) و خودایی دەکات، خۆی بکەوێتە ناو هەمان ئەو کۆت و بەندانەوە ؟ ماددیگەرا نوێیەکان پێیان وایە ئەم دۆخە هیچ پەیوەندییەکی بە ماددیگەراییەوە نییە، تێکڕای ماددی جێگیر و یەکگرتوو و تێپەڕێنەر کە خاوەن مەبەست بێت، ئەویش وەهمێکی ماددییە. مەسیری دەڵێت: ” چۆن دەکرێت ” گشت ” ماددی بێت لە کاتێکدا ماددە لە پارچە پێکهاتووە ؟ چۆن دەکرێت جێگیر بێت لە کاتێکدا ماددە لە دۆخی جوڵە و گۆڕاندایە ؟ چۆن دەکرێت تێپەڕێنەر (متجاوز) بێت لە کاتێکدا ماددە تێپەڕاندن ناناسێت ؟ چۆن دەکرێت خاوەن ئامانج بێت و ملکەچی هۆکارگەلێکی ڕەق بێت، لە کاتێکدا ماددە جووڵەیەکی بێ ئامانج و بێ مەبەستە ؟ ئهقڵانییەتی ماددی لە ئەندێشەی ئەواندا شێوازێکە لە شێوازەکانی بنەوانی (مەرجەعییەتی) تێپەڕێنەری ماددی، ئەمەش هەڤدژییەکی تەواوە. بگرە هەر قسەیەک لەسەر تێپەڕاندن و جێگیری، کەوتنە ناو میتافیزیکی تێپەڕاندنە سەرەڕای ماددیگەرایی ڕاگەیەندراو، بەڵکو ئاماژیە بۆ بنەچەی خودایی گەردوون، چونکە هیچ تێپەڕاندنێکی گۆڕان (سەیرورە) مومکین نییە مەگەر بە پشت بەستن بە خاڵێکی دەرەوەی گۆڕان، دەرەوەی سیستمی سرووشتی. واتە میتافیزیکی ماددی شکست دەهێنێت و دەبێتە میتافیزیکێکی ئیمانی بیەوێت یان نەیەوێت، هەر بۆیە ئەم ماددیگەرا نوێیانە (خاوەنی ئەوەی پێی دەڵێین ڕێباری ماددیگەرایی نوێ) پێداگری لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە هەر تێپەڕاندن یان جێگیرییەک و ملکەچبوونی تەواو بۆ ماددیگەرایی ڕاستەقینە، واتە بۆ (گۆڕانی بەردەوام). ئەم ملکەچبوونە بە تەواوی هەڵوەشاندنەوەی دووانەییەکان و هەموو سنوورە گشتگیرەکان و جێگیرەکان و هۆکارێتی، و هەر شێوەیەک لە شێوەکانی ڕەقی دێت، هەروەها بە واتای نکۆڵیکردن لە بنەچەی خوداییش دێت، بە مەرجێک مرۆڤ لە چنگی گۆڕانی بەردەوامدا بمێنێتەوە و ببێتە چەق و ناوەندی جیهان (بە شێوەیەک تێیدا نوقم بێت کە هیچ تێپەڕاندنێکی نەبێت، کەواتە ئەو چیتر چەق و ناوەند نییە، و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندێتی واتە هەڵوەشاندنەوەی دوانەییەکان: دوانەیی خود و بابەت، ئاماژە و ئاماژەپێکراو (دال و مەدلول)، شێوە و ناوەرۆک، چاکە و خراپە، ئامڕاز و ئامانج، مرۆڤ و سرووشت، پیرۆز و ناپیرۆز، ئەزەلی و کاتی(زەمەنی)) هیچی نامێنێتەوە جگە لەو ماددەیەی کە دەگۆڕێت و دەجوڵێت، کە نە گشتگیرە، نە جێگیرە، نە تێپەڕێنەرە، و نە ئاڕاستە و مانای هەیە … ماددیگەریی نوێ تەنها شۆڕشێک نییە دژی میتافیزیکی ئیمانی، بەڵکو دژی میتافیزیکی ماددیشە، بە هەموو باوەڕەکەی بە جێگیری و تێپەڕاندن و مرۆڤایەتی و توانای ئهقڵ بۆ تێگەیشتن لە واقیع و دەرکێشانی یاساکانی لێیەوە، بەو مانایەی کە شۆڕشە لە دژی خودی ئهقڵانییەتی ماددی “[المسيري: الفلسفة المادية و تفكيك الانسان، ص (30 – 33) باختصار، دار الفكر، ط. الرابعة 2010].
میتافیریک (Metaphysics): لقێکی فەلسەفەیە کە لە هەقیقەتی یەکەمی/سەرەتایی بوون دەکۆڵێتەوە، ئەرستۆ ناوی نابوو (فەلسەفەی یەکەم)، بابەتەکەشی بریتییە لەوەی لە سەرووی ئەزموونەوەیە، هاوکات لە چییەتی خودا و جیهان و مرۆڤ و لەوەی ئەودیوی سرووشت و هەستەوەیە دەکۆڵێتەوە .
- نيتشه: هذا هو الانسان: ص 153، منشورات الجمل. Ecce Homo: Wie Man wird, was man ist .
- نيتشه: ٳنسان مفرط في ٳنسانيته، ص 29، دار ٲفريقا الشرق، ط. 2002.
Menschliches, Allzumenschliches, Ein Buch für freie Geister .
- نيتشه: هذا هو الانسان، ص 131 .
- نيتشه: هكذا تكلم زرادشت، ص 6، مطبعة جريدة البصير، الٳسكندرية، 1938.
sprach Zarathustra: Ein Buch für Alle und Keinen
- فليكس فارس: تمهيد ترجمته لكتاب: هكذا تكلم زرادشت، انظر ص: ح .
- نيتشه: هكذا تكلم زرادشت، ص 5 .
- نيتشه: هذا هو الانسان: ص 8 .
- نيتشه: انسان مفرط في انسانيته: ص 10 .
- هـ. س. پ. لا 12 .
- ژینالۆژیا (Genealogy): لێکۆڵینەوەیە لە بنەچە و پێکهاتە، بۆ سەلماندنی ڕەچەڵەک و وەستان لەسەر بنەچە .
- نيتشه: في جينالوجيا الٲخلاق، ص 32، دار سيناترا، المركز الوطني للترجمة، تونس، ط. الٲولی 2010.
zur Genealogie der Moral: Eine Streitschrift .
- نيتشه: ما وراء الخير و الشر، ص 247، دار الفارابي.
Jenseits von Gut und Böse: Vorspiel einer Philosophie der Zukunft .
- هـ. س. پ. لا 252 .
- هـ. س. پ. لا 37 .
- المسيري: نيتشه فيلسوف العلمانية الٲكبر، بحث منشور ضمن مباحث كتاب: نيتشه و جذور ما بعد الحداثة، للدكتور ٲحمد عبدالحليم عطية، انظر ص (178 – 179)، دار الفارابي، ط. الٲولی 2010 .
- نيتشه: هذا هو الانسان: ص 68 .
- هـ. س. پ. لا 153 .
نووسینی؛ عەمرو کامیل عومەر
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە: تریفە یابەحری







































































