زیاتر لە جارێک ئاماژەت بەوە کردووە بۆ خۆشی دەنووسیت؟
سەمیر قەسیمی:- ڕاستە، بەلایەنی کەمەوە ئەوکاتەی کە وام وتووە ڕاستم کردووە. نووسین زانستێکی وەها ورد نییە، کە هەرکەس بەپێی ئەزموون و توانای خۆی بڵێت وەڵامەکە دەزانم، یان نایزانم. لەڕاستیدا تا زیاتر بچمە تەمەنەوە، هەستەکانم نامۆتر دەبن و گومانی زیاترم لەلا گەڵاڵە دەبن. گومانەکانیشم لەسەر ئەوەی نووسیومە و دەینووسم نییە، بەڵکوو گومانم لە سوودی نووسین و توانای بەردەوام بوونم لەسەر نووسینە. وای بۆ دەچم گومانەکانم پەیوەندی بەو ژینگەیەوەیە کە تیایدا دەژین و دەنووسین. بێگومان ناتوانم بە زمانی کەسانی تر قسەبکەم، بەڵام چیتر بڕوام بە چێژی نووسین نییە. کارێکی تاقەت پڕوکێنە، بەڵکوو بڕوام وایە، بوارێکە بە ئەندازەی ئەوەی نووسەر تیایدا شارەزا و باشە، ئەوەندەش زیاتر لای ڕوون دەبێـتەوە شتێکی نەکردووە کە شایەنی ئەوە بووبێت تەمەنی خۆی لەپێناویدا بەهەدەر بدات. ئێستا پاش چەندین ساڵ و نووسینی دەیان ڕۆمان، دەتوانم بڵێم نانووسم بۆئەوەی بەدوای شتێکدا بگەڕێم، تەنانەت لەڕێگەی ڕۆمانەکانیشمەوە بەدوای خۆمدا ناگەڕێم. ئەقڵم ئەوەندە هەیە گەوج نەبم بڵێم دەتوانم لەڕێگەی نووسینەوە بەدوای خوددا دەگەڕێم. جیالەوەش، لە کۆمەڵگەیەدا کە ڕێگە بە ئازادی و جیاوازای نادەن، دەوێرین بەدوای چ خودێکدا بگەڕێین؟
کەوایە بۆچی دەنووسی؟
سەمیر قەسیمی:- لەوانەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە بە منداڵی بەڵێنم بە دایکم دابوو لە خوشک و براکانم جیاوازتر بم. هەوڵمدا بەرانبەر بە بەڵێنەکەم ئەمەکدار بم، بەڵام دیارە بێشک بەوشێوە جیاواز نەبووم کە بەڵێنم دابوو. بە چەشنێک منداڵیم تاقەت پڕوکێن بوو، کە تەنیا یەک دوو دیمەن و ڕووداوم بیردێتەوە و تەنیا ڕووخساری دایکمی تیادا دەبینم. هێشتا ئەو ڕۆژەم لە یادە کە دەستم دایە قەڵەم و یەکەم ڕۆمانی خۆمم بە ناوی “تصـریح بضیاع” نووسی. لەدوای نووسینی یەکەم دێڕ بڕیارمدا فەزایەکی شایستە بەم ڕووخسارە ببەخشم، بەڵام نەمتوانی. دواتر دیسانەوە لە ڕۆمانی “الحالم” هەوڵمدایەوە، بەڵام دیسانەوە شکستم هێنا؛ هەرکات کە دەستم بە نووسین دەکرد، دوو فیکر تەنگیان پێ هەڵدەچنیم، ئەوانیش مردن و شکست بوون.
بەڵام ڕۆمانەکانی وەکوو “یوم رائع للموت” بە تەنیا لەسەر مەرگ نییە. لە “تصریح بضیاع” باسی ژیانی نێو زیندان دەکەیت. لە “عشق امرأة عاقر” باسی دەستدرێژی دەکەیت، نەک هەر دەستدرێژیی جەستەیی، بەڵکوو وەکوو دۆخێکی هزری کە کۆمەڵگەیەکی دەستوپێ سپی تیایدا دەژی؟
سەمیر قەسیمی:- حەتمەن دروستە، بەڵام یەک ڕۆمان نابینی منی لە فیکری شکست و مەرگ ڕزگار کردبێت، بەڵکوو کارەکانم زیاتر لە سەربووردە دەچن. بەلایەنی کەمەوە کاتێک کارەکانی پێشووم دەخوێنمەوە تێبینی ئەمە دەکەم. لەوانەیە “حب في خریف مائل” جیاوازتر بێت لە ڕۆمانەکانی ترم؛ ئەم ڕۆمانەم بە ئەندازەی ئەوەی ڕەخنەگرەکان فەرامۆشیان کرد و بە ڕۆمانێکی سێکسـی لە قەڵەمیان دا، ئەوەندەش بەلای ڕەخنەگرەکانی ڕۆژاوا جێگەی بایەخ بوو، کاتێک وەرگێڕدرا بۆ سەر زمانی فەڕەنسـی. ڕەخنەگرەکانی ڕۆژاوا، زیادکردنی بابەتی سێکس لە ڕۆمانەکەدا بەباشی تێگەشتبوون. ئەوەی نامۆ بوو، پاش ئەوەی ڕەخنەگرە عەرەبییەکان پشتگوێیانخست، دیسانەوە هاتنەوە سەری و دەستیانکرد بە پیاهەڵدانی.
باسی ڕۆمانی “حب في خریف مائل”ت کرد. لە ڕۆمانەکەدا باسی خۆشەویستی و سێکس، باوەڕ و بێ باوەڕی، سیاسەت و مێژوو، مردن و فەننا بوون و تەنیایی مرۆڤ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەکەیت. لەڕێگەی ئەم ئاماژانەوە دەتەوێت چ پەیامێک بە خوێنەر بگەیەنیت؟
سەمیر قەسیمی:- هەمان ئەو فیکرەیە، کە دەمانەوێت لە ژیانماندا پەلاماری بدەین و بیگرین. دەتوانی بڵێی ویستێکی گەمژانەیە بۆ ئەو پرسیارەی لەمێژە تەنگی پێ هەڵچنیوین، بەتایبەت لەسەر ئەم زەمینە لە خۆمان دەپرسین و دەڵێین:- باشە ئێمە بۆچی لێرەین؟ هەر بەڕاستی بۆ ئەوەیە خودا تاقیمان بکاتەوە و بیپەرسیتن، یان بۆ ئەوەیە شتێک لە دوای خۆمانەوە بەجێبهێڵین؟ یان بوونمان بێ کەڵکە؟
پەیوەندییت لەگەڵ کام لە بەرهەمەکانت پتەوە؟
سەمیر قەسیمی:- هیچ یەکێکیان، چونکە هەر ئەوەندەی بڵاوبوویەوە پەیوەندییم لەگەڵیاندا دەپچڕێت.
لە ڕۆمانی “الحماقة کما لم یروها أحد”، دەبینین جیهانێکی ڕەشت هێناوەتە بەرباس، لەڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە ڕەخنەیەکی توند لە واقیعی عەرەبی دەگریت. ڕووداوە سیاسی و ئەخلاقییەکان وا لە ڕووناکبیران دەکەن هەڵوێستی ئەخلاقیان هەبێت. بۆیە دەڵێم ئەم ڕۆمانە تا چەند کاریگەری لەسەر واقیع هەبوو؟
سەمیر قەسیمی:- ئەم ڕۆمانەم پڕۆژەیەکی سێینەیە. هەر سێ ڕۆمانەکەش باسی ئەو دۆخە سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییە دەکەن، کە خۆم و جەزائیر و جیهانی عەرەبیش تیایدا ژیاوین و دەژین. بەڵام ڕەخنەگرە عەرەبەکانمان دیسانەوە واقیع بەشێوە خراپەکەی قەبووڵ ناکەن، لە هەمان کاتیشدا واقیعێکی ڕازێنراو و جوانکراویان ناوێت.
لە کاتی نووسیندا هیچ ڕێوڕەسمێکی تایبەتت هەیە؟
سەمیر قەسیمی:- هەمبوو، بەڵام نەمتوانی دەستی پێوە بگرم. ئەستەمە نووسەری جەزائیری تا کۆتایی دەست بە شتێکەوە بگرێت. نە دەست بە کارەکەی، نە بە خێزانەکەی ناگریت. تەنانەت جاری واش هەیە دەست بە هەڵوێست و بنەماکانی خۆیەوە ناگرێت، ئیتر چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکەیت دەست بە ڕێوڕەسمی نووسین بگرێت؟. لەسەر خۆم قسە دەکەم و دەڵێم کاری لەپێشینەم پاراستنی خۆم و منداڵەکەمە، بۆیە گەر دوای مردنم شتە بێماناکان لەدەست بدەم هیچ زیانێکی نییە. وەک وتم دەست بە شتە گرنگەکانەوە دەگرم.
وەکوو ڕۆژنامەنووسێک و ڕۆماننوسێک، ڕۆمانی جەزائیری لە ئەدەبی عەرەبیدا چۆن دەبینیت؟
سەمیر قەسیمی:- بەوشێوەیە نییە کە بەدڵمان بێـت، بەڵام هیوادارم بەم زووانە ببێت بەوەی کە چاوەڕێی دەکەین.
عبدالمؤمن حلوفة پاڵەوانی ڕۆمانی “أحذر دائما من الکلاب”ی تۆیە. کەسێکە لەژێر فشار و ئارەزووی تۆڵەکردنەوەیە. تۆڵەکردنەوە لە دەسەڵات، کە تۆمەتباری دەکات بە دزینی خەونەکانی. ئەم فشار و تۆڵەکردنەوەیە بۆچی؟
سەمیر قەسیمی:- پێموایە “عهبدولموئمین” بەرجەستەی ئەو مرۆڤە دەکات کە لەنێو تۆڕی ناپاکیدا گیری خواردووە؛ ناپاکی دەسەڵات و ناپاکی خود. ڕقەکەی بەرانبەر دەسەڵات هەر بە تەنیا هەستکردنی بە ستەم نییە، بەڵکوو ئاکامی بێ ئومێدی و خەمۆکییەکی کەڵەکەبووی درێژە. بەرجەستەی نەوەیەکی تەواو دەکات، کە متمانەیان بە حکوومەت و سیستەمی حووکمڕانی نەماوە. ڕیشەی ڕقی “عهبدولموئمین” دەگەڕێتەوە بۆ درککرنی بەوەی دەسەڵات هەر بەتەنیا هێزێکی ڕەها نییە کە حووکمی چارەنووسی تاکەکان دەکات، بەڵکوو سیستەمێکی ئاڵۆزەو و دەست بۆ هەموو لایەنەکانی تری ژیان دەبات؛ حوکمی فاکتەرە گەورەکان دەکات و هەموو هەوڵێکی یاخی و ڕەخنەگرتن سەرکوت دەکات. بەلای “عهبدولموئمین” دەسەڵات تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕێکخراوێکی فیکری کۆمەڵایەتی سیاسییە کە مێژوویەکی ساختە و گەندەڵ و ترسناکی لەخۆ گرتووە. کەسایەتی “عهبدولموئمین” فەلسەفەیەکی قووڵە، بەرجەستەی جەنگی مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵگە دەکات. کاتێک بۆی دەردەکەوێت باوکی تەڵەکبازێک بووە تووشی شۆک دەبێت، هەر ئەم شۆکەشە وای لێ دەکات درک بەوە بکات دەسەڵات تەنیا سەرچاوەی ڕق نییە، بەڵکوو کارگەی دروستکردنی ئەو وەهمانەیە کە خەڵکی پێ کۆت و بەند دەکەن. بەرجەستەی ناکۆکییەکی قووڵی ناخی مرۆڤ دەکات. لەلایەکەوە دەیەوێت تۆڵە لەو دەسەڵاتە بکاتەوە کە بە سەرچاوەی ئازارەکانی دادەنێت، لەلایەکی تریشەوە ناتوانێت لێی دەرباز ببێت.
سەمیر قەسیمی ڕۆماننوسێکی جەزائیرییە، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا بەدەست هێناوە.
ڕۆمانی “الحالم”ی گەشتووەتە لیستی خەڵاتەکانی شێخ زاید بۆ خولی ساڵی ٢٠١٤. گۆڤاری نیپیاڵ بەشێک لە ڕۆمانەکەی بەناوی “فی عشق امرأة عاقر” وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و بڵاوی کردوەتەوە. لە ساڵی ٢٠١١ ڕۆمانی دووەمی بەناوی “یوم رائع للموت” گەشتە لیستی خەڵاتە جیهانییەکان بۆ ڕۆمانی عەرەبی، بەمەش بە یەکەم ڕۆمانی عەرەبی دادەنرێت کە گەشتبێـتە ئەو ئاستە.
سهرچاوه؛
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد


































































